جیاوازی نێوان بەهرە و کارامەیی چییە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-03-21:48:00 - کۆدی بابەت: 11191
جیاوازی نێوان بەهرە و کارامەیی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان بەهرە و کارامەیی چییە؟ (بە عەرەبی: ما هو الفرق بين الموهبة و المهارة؟، بە ئینگلیزی: ?What is the difference between talent and skillزۆر کەس پێیان وایە کە بەهرە و کارامەیی دوو وشەن هەمان واتا دەگەیەنن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دوو زاراوەیە دوو تایبەتمەندی جیاوازی تاک دەردەخەن.

 کارامەیی چییە؟

کارامەیی ئاماژەیە بۆ توانا و ئەزموونی کەسێک لە ئەنجامدانی ئەرکێکی دیاریکراودا، ئەم توانایە لە ڕێگەی فێربوون، ڕاهێنان و مەشقی بەردەوامەوە دێت. بە واتایەکی تر دەرئەنجامی کۆڵنەدان و هەوڵدانە بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندن لە بوارێکی دیاریکراودا. کارامەیی بوارە جیاوازەکانی ژیان دەگرێتەوە، چی لە  ڕووی ئەکادیمی، پیشەیی یان ژیاندا بێت کە تێیدا کارامەیی لە نووسین، گوێگرتن, تێگەیشتن، پەیوەندیکردن، توانای کارکردن لە تیمێکدا و کارامەیی سەرکردایەتیکردن و چەندانی تر دەگرێتەوە. کەواتا توانای ئەنجامدانی هەر شتێک بە تەواوی لە خێراترین کات و بە کەمترین هەوڵ کارامەییەکی بەدەست هێنراوە. بەهۆی فراوانی بوارەکانی و نەبوونی هیچ پێوەر و مەرجێک بۆ خاوەندارێتی، دەتوانرێت لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەبێ جیاوازی بەدەستبهێنرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێویستی بە ماندووبوون و کاتێکی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی.

بەهرە چییە؟

بەهرە واتا هەبوونی توانایەکی تایبەت بۆ ئەنجامدانی کارێک کە تاک هەر لە زگماکەوە خاوەنییەتی بەبێ هیچ ڕاهێنانێک. شتێکە بەبێ ماندووبوون و هەوڵدانێکی زۆر دەتوانیت بیکەیت. بەهرە لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک دەبێت، زۆرجاریش شاراوەیە و دەبێت لە کاتی خۆیدا بدۆزرێتەوە و بناسرێتەوە، چونکە زیاتر لە ماددەیەکی خاو دەچێت کە پێویستی بە چارەسەر و چاودێری هەیە بۆ ئەوەی گەشە بکات و پەرەبسێنێت. هەر یەکێک لە ئێمە بە بەهرەیەکی تایبەتەوە لەدایکبووین، بەهرەکەش تەنیا لە بوارە ئەکادیمییەکاندا سنووردار نەکراوە، دەکرێت مرۆڤ بەهرەی گۆرانی وتن، وێنەکێشان، چێشت لێنان، نواندن یان بوارەکانی تری هەبێت. بۆ دۆزینەوەی بەهرەی کەسێک (بەتایبەت منداڵان)، تەنها پێویستە سەیری بکەیت لەکاتێکدا بەتەنیایە، چونکە ڕاستەوخۆ پەنا دەباتە بەر ئەو کارەی کە لێی سەرکەوتووە و چێژێکی زۆری لێ وەردەگرێت، زۆرجاریش ئەوە بەهرە شاراوەکەیەتی.

 جیاوازی نێوان بەهرە و کارامەیی

 کۆمەڵێک جیاوازی گرنگ هەیە کە کارامەیی لە بەهرە جیا دەکەنەوە، لەوانە:

بەهرە تایبەتمەندییەکی زگماکییە کە  لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک دەبێت و توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو. لە کاتێکدا، کارامەیی ئەزموونێکی بەدەست هێنراوە کە تاک لە ڕێگەی فێربوون و ڕاهێنانەوە بەدەستی دەهێنێت. ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی توانای دۆزینەوەی بەهرەکانیان هەیە، چونکە ڕێژەیەکی زۆریان شکست دەهێنن لە دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکانیان. لە کاتێکدا ڕەنگە ئەو کارامەییە لەلایەن هەر کەسێکەوە بەدەستبهێنرێت ئەگەر ویست و توانا  هەروەها سەرچاوەی فێربوونی گونجاوی هەبێت. بەهرە بەخششێکی خوداییە کە بەدەستهێنانی لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نییە، لە کاتێکدا کارامەیی تواناییەکە کە پێویستی بە کات و ماندووبوون هەیە بۆ پەرەپێدانی.

بەڵام بەهرە هەمیشە شاراوەیە، بۆیە دەبێت بدۆزرێتەوە، بناسرێتەوە و خزمەت بکرێت بۆ ئەوەی گەشە بکات و پەرەبسێنيت. بە پێچەوانەی کارامەیی کە شاراوە نییە و تەنیا پێویستی بە پەرەپێدان و ڕاهێنانی بەردەوام هەیە بۆ گەشەکردن. مەشق و ڕاهێنان ڕۆڵێکی کەمیان لە پەرەپێدانی بەهرەدا هەیە، لە کاتێکدا، بنچینەی بەدەستهێنان و پەرەپێدانی کارامەییە.


سەرچاوەکان



1528 بینین