بیبەری ڕەش

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-09-03-21:51:00 - کۆدی بابەت: 11192
بیبەری ڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بیبەری ڕەش یان بیبەری کوتراو یاخو بەهاراتی بیبەری ڕەش (بە عەرەبی: الفلفل الأسود، بە ئینگلیزی: Black pepper، ناوی زانستی: Piper nigrum) ڕووەکێکی سەر بە خێزانی بیبەرە و لە جۆری ڕووەکە خۆهەڵواسەرەکانە، ڕووەکێکی گوڵدارە و بەر دەگرێت و تۆوەکەی وشک دەکرێتەوە وەکوو بەهارات لە خواردنەکاندا بەکاردێت.
بیبەری ڕەش بەو بەهاراتانەی جیهان دادەنرێت کە زۆرترین بەکارهێنانی لە خواردنەکاندا هەیە و تامێکی تفت و توون و تیژ و دیار بە خواردنەکان دەبەخشێت و ڕەنگەکەی ڕەشە و جۆری ڕەنگی سپیشی هەیە.

مێژووەکەی

بیبەری ڕەشی وشککراوە لە سەردەمە کۆن و دێرینەکانەوە بۆ تامخۆشی خواردن و لە پزیشکی کولتووری بەکارهاتووە. ناوچەکانی باشووری وڵاتی هیندستان بە تایبەتی ویلایەتی کارناتاکا لە جیهاندا بە سەرچاوە و ناوەندێکی سروشتی بەرهەمهێنانی بیبەری ڕەش دادەنرێن. هاوکات وڵاتی ڤێتنام لە جیهاندا بە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری بیبەری ڕەش دادەنرێت. مێژووی بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی هیندستان و لە ڕابردوودا بەرهەمەکە بە خواردنێکی گرانبەها دادەنرا و تایبەت بووە بە خێزانە دەوڵەمەندەکان.

پێکهاتەی خۆراکی

بیبەری ڕەش تامێکی تیژ و تفتی هەیە، ماددەیەکی گرنگی تێدایە کە بە پیپیرین (Piperine) ناسراوە، ئەم ماددەیە هۆکارە لە پێدانی تامی تفتی و تیژی لە بیبەری ڕەش، زۆرێک لە سوودە گرنگەکانی بیبەری ڕەش لەم ماددەیەدا هەیە. بڕی یەک کەوچکی بچووک لە بیبەری ڕەش پێکهاتووە لە:

سوودە تەندروستییەکانی 

  • بیبەری ڕەش یارمەتی کرداری هەرس دەدات، هاوکارە لە دەردانی ترشی هایدرۆلیکی گەدە و ئەمەش یارمەتیدەرە لە ئاسانکردنی کرداری هەرس.
  • یارمەتی کەمکردنەوەی کێش دەدات و کالۆری کەمە و تامی خواردن تیژ دەکات.
  • کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر کرداری مێتابۆلیزم لە لەشد و خێرای دەکات.
  • بیبەری ڕەش بەهۆی پێکهاتەکانییەوە یارمەتی باشتربوونی تەندروستی دڵ دەدات.
  • بەهۆی بوونی ماددەی (Piperine) لە پێکهاکەیدا بیبەری ڕەش تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە.
  • لەکاتی بەکارهێنان و تێکەڵکردنی بیبەری ڕەش لەگەڵ بەهاراتی تری نموونەی زەردەچەوە و زیرە و زەنجەفیل سوودەکانی زیاتر دەبێت و یارمەتی هەڵمژینی چەند ماددەیەکی گرنگ دەدات لە لەشدا.

زیانە تەندروستییەکانی 

بیبەری ڕەش سوودبەخشە و بەکارهێنانی بە بڕی گونجاو و پێویست زیانی نییە، بەڵام زیادەڕۆیی کردن لە بەکارهێنانی زیان و لێکەوتەی تەندروستی هەیە، بەکارهێنانی بە بڕێکی زۆر لە خواردندا تامی خواردنەکە تیژ و توون و تاڵ دەکات. ئەو کەسانەی کێشەی هەرس و گەدەیان هەیە نموونەی سووتانەوەی گەدە یان برینی گەدە پێویستە لە بەکارهێنانی بیبەری ڕەش دووربکەونەوە. هەندێک جار بیبەری ڕەش لەگەڵ چەند جۆرێکی دەرمان کارلێک دەکات و ڕیگری لە هەمژینیان دەکات نموونەی دەرمانی دژەهستامینەکنن. بەکارهێنانی بیبەری ڕەش زۆرجار کەسەکه تووشی پژمین و سووربوونەوەی پێست دەکات و نیشانەکانی هەستیاری بە ڕێژەیەکی کەم لەسەر کەسەکە دەردەکەوێت، بەڵام ئەو کەسانەی هەستیارییان هەیە ئەم نیشانانەیان توندتر لەسەر دەردەکەوێت.

بەکارهێنانی لە خواردندا

بیبەری ڕەش وەکوو بەهارات لە خواردنەکاندا بەکاردەهێنرێت، تامێکی تفت و تیژ دەبەخشێتە خواردنەکان و لەگەڵ خۆی و بەهاراتی تریش تێکەڵ دەکرێت و لە زۆرێک لە خواردنەکانی جیهان وەکوو بەخشەری بۆن و تام بەکاردەهێنرێت. بڕی بەکارهێنان پەیوەستە بە حەز و ئارەزووی کەسەکە و بەکارهێنانی بڕێکی زۆر تامی خواردنەکه تیژ و تفت دەکات و زیان بە گەدە دەگەیەنێت.
بیبەری ڕەش بە شێوەی کوتراو و دەنک بەردەستە، بە شێوەی کوتراو تامەکەی تیژتر و زیاترە، ڕەنگی سپی و ڕەشی هەیە. پێویستە لە قوتویەکی باندار هەڵبگیرێت و نابێت هەوای بەرکەوێت یان لە شوێنی تەڕ و گەرم کۆگا بکرێت یان بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەووە چونکە بۆن و تامەکەی نامێنن و کەم دەبنەوە.


سەرچاوەکان



377 بینین