تێراتۆجین

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-09-04-18:33:00 - کۆدی بابەت: 11205
تێراتۆجین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تێراتۆجین (بە ئینگلیزی: Teratogen، بە عەرەبی: التشوه). بریتییە لە هەر شتێک کە ببێتە هۆی کەموکوڕی لە کۆرپەلەدا یان لەدایکبوونی کۆرپەلە بە شێوازێکی نائاسای، بە بەرکەوتنی کاتێک لە سکی دایکیدایە. تێراتۆجینەکان زۆر شت دەگرنەوە لەوانە: هەندێک جۆری دەرمان، بەرهەمەکانی تووتن، ماددە کیمیاییەکان، کحول، هەندێک هەوکردن و لە هەندێک حاڵەتدا کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشی شەکرەی کۆنترۆڵنەکراو لە کەسانی دووگیاندا. بەرکەوتن بە ماددەیەکی تێراتۆجین دەکرێت لە ڕێگەی خواردن یان بەرکەوتنی ژینگەییەوە لە کاتی دووگیانیدا ڕووبدات. تێراتۆجینەکان هەر لە ١٠ بۆ ١٤ ڕۆژ دوای دووگیانی کاریگەرییان دەبێت لەسەر کۆرپەی گەشەسەندوو. هەروەها تێراتۆجینەکان دەتوانن مەترسی لەبارچوون، منداڵبوونی پێشوەختە یان لەدایکبوونی کۆرپەلە بە مردووی زیاد بکەن.

ئەم هۆکارانەی دیاری دەکەن کە بەرکەوتن بە تێراتۆجین لە کاتی دووگیانیدا تاکو چەندێک مەترسیدارە

  • دەرمان، ماددە یان جۆری ژەهرەکە.
  • ماوەی بەرکەوتنی کەسی دووگیان بە ماددە تێراتۆجینەکە.
  • بڕی بەرکەوتن (بڕی ژەمە دەرمان).
  • تەمەنی دووگیانی بە کۆرپەلەکەوە (هەفتەکانی دووگیانی) لە کاتی بەرکەوتن.
  • هۆکارە بۆماوەییەکان کە دەتوانن مەترسی لەسەر کۆرپەلە زیاد بکەن.

نموونەی تێراتۆجینەکان چین؟

کحول و جگەرە و ماددە هۆشبەرەکان

کحول کاریگەری لەسەر سیستەمی دەماری ناوەندی کۆرپەلە هەیە، خواردنەوەی کحول لە کاتی دووگیانیدا مەترسییەکانی کۆرپەلە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی کحولی کۆرپەلە زیاد دەکات، نەخۆشی کحولی کۆرپەلە نەخۆشییەکە کە دەبێتە هۆی نائاسایی لە سیما و ڕوخسار، بچووکی سەر و مێشک و هەروەها کەمئەندامی جەستەی.
جگەرەکێشان پەیوەندی بە سنووردارکردنی گەشەی کۆرپەلە و لەدایکبوونی پێشوەختە و لەبارچوونەوە هەیە، هەروەها جگەرەکێشان کاریگەری لەسەر شانە هەستیارەکانی سییەکان و مێشکی کۆرپەلە هەیە.

دەرمانەکان

هەندێک جۆری دەرمان کایگەری لەسەر گەشەی کۆرپەلە هەیە، لەبەرئەوە ئافرەتی دووگیان نابێت بەکاری بهێنێت لەوانە:

  • thalidomide
  • the blood-thinning drug warfarin
  • the hormone diethylstilbestrol (DES)
  • Antiepileptic drugs (AEDs)
  • Some Antimicrobials

پێویستە پزیشک لایەنە باش و خراپەکانی بەکارهێنانی دەرمان بۆ نەخۆش ڕوون بکاتەوە بۆ ئەوەی بزانن چی مەترسی کەمتر بۆ دووگیانی دروست دەکات، بۆ نموونە فینیتۆین دەرمانێکە بۆ پەرکەم بەکاردێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆرپەلە هەیە بەڵام لەوانەیە لە ڕووی پزیشکییەوە پێویست بێت بۆ ئەو کەسەی کە دووگیانە.

هەوکردن و ڤایرۆسەکان

هەندێک جۆری هەوکردن، ڤایرۆس، مشەخۆر و نەخۆشییە بەکتریاکانی تر مەترسی گەورە لەسەر کەسی دووگیان و کۆرپەلە دروست دەکەن لەوانە:

  • دەردە پشیلە
  • هەوکردن بە بەکتریاکانی: group B streptococcus, listeria, candida and sexually transmitted infections (STIs).
  • ڕوبێلا
  • ڤایرۆسی تامیسک
  • ڤایرۆسی دڕکەو مێکوتە
  • سیفیلس
  • ئێچ ئای ڤی
  • ئاوسانی جگەری جۆری بی و ئاوسانی جگەری جۆری سی و هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی تر.

ژەهری ژینگەیی، ماددە کیمیاییەکان یان ماددە فیزیاییەکانی تر

هەندێک نموونەی ژەهر یان ماددە کیمیاییەکان بریتین لە:

  • بەرکەوتنی تیشک (تیشکی ئێکس) یان چارەسەری کیمیایی.
  • گەرماو، ساونا یان سەرچاوەی گەرمی تر کە پلەی گەرمی جەستەت بەرز دەکاتەوە.
  • جیوە (لە هەندێک جۆری ماسیدا هەیە).
  • قورقوشم (بە شێوەیەکی گشتی لە بۆیاخ و بۆریدا لە ماڵە کۆنەکاندا دەبینرێت)
  • ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان یان کانزا قورسەکان کە لە کارگەکان یان دامەزراوەی بەرهەمهێناندا دەبینرێن.

بارودۆخی تەندروستی دایکەکە

هەندێک نەخۆشی درێژخایەن دەتوانن مەترسی تووشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشییە زگماکییەکان زیاد بکەن.  نموونەی ئەو نەخۆشییە درێژخایەنانە بریتین لە: نەخۆشی شەکرە، حاڵەتەکانی غودەی دەرەقی و نەخۆشییە بەرگرییە خۆکارەکان وەکو گوورگەسوورە یان هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی.

کەی بەرکەوتنی تێراتۆجین لە کاتی دووگیانیدا کاریگەری دەبێت؟

بەرکەوتن بە تێراتۆجینەکان زیانبەخشە گرنگ نییە لە چ کاتێکی  دووگیانیدابێت، بەڵام لە ماوەی هەشت هەفتەی یەکەمی دووگیانی مەترسی زیاترە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زۆرێک لە ئەندامەکان و سیستەمەکان لە گەشەکردندان، ئەمەش وا دەکات کۆرپەلە زیاتر هەستیار بێت بەرامبەر بە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی تێراتۆجینەکان

کەموکوڕیەکانی لەدایکبوون بەهۆی تێراتۆجینەکانەوە تا چەند باون؟

بەرکەوتنی کۆرپەلە بە تێراتۆجینەکان نزیکەی ٤% بۆ ٥%ی تێکچوونە زگماکییەکان پێکدەهێنێت.  هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەرکەوتن بە تێراتۆجینەکان تەنها کاریگەری لەسەر گەشەکردنی جەستەیی نییە بەڵکو کاریگەری لەسەر گەشەکردنی ئەقڵی و مەعریفی  هەیە لە داهاتووی کۆرپەلەدا.


سەرچاوەکان



445 بینین