مامۆستا و سایکۆلۆجیای پەروەردەیی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-04-19:22:00 - کۆدی بابەت: 11207
مامۆستا و سایکۆلۆجیای پەروەردەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

مامۆستا و سایکۆلۆجیای پەروەردەیی (بە ئینگلیزی: Teacher and psychology, بە عەرەبی: المعلم وعلم النفس)، سایکۆلۆجیای پەروەردەیی یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە دەبێت هەموو مامۆستا و کارمەندێک کە لە بواری پەروەردە و فێرکردندایە کات بکات، شارەزای هەبێت و زانیاری دەربارەی هەبێت، لەبەر ئەوە شارەزایی نەبوون لە سایکۆلۆجیای پەروەردەییدا دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی مامۆستا. 

مامۆستا شارەزایی نەبوو دەربارەی سایکۆلۆجیای پەروەردەیی ئەوە پەنا بۆ ئەم ڕێگایانە دەبات

١- هەوڵ دەدات وەک چۆن لە کۆندا وانە وتراوەتەوە، ئەویش وەکو ئەوانەی پێش خۆی وانە بڵێتەوە پشت بەو سەرچاوە و زانیاری و بۆچوونە کۆنانە ببەستێت کە نەوە لە دوای نەوە پەنایان بۆ بردووە، کە ئەمەش مەترسی و کاریگەری زۆر خراپی لەسەر پڕۆسەی فێربوون و فێرکردن دەبێت، لەبەر ئەوە زۆر لەو تیۆر و سەرچاوە کلاسیکی و کۆنانە ڕاست نین و زیان بە فێرخواز دەگەیەنن. 
٢- مامۆستا هەوڵ دەدات لاسایی هاوڕێ و مامۆستاکانی هاوپیشەی خۆی بکاتەوە و وەکو ئەوان وانە بڵێتەوە و لە ڕێگەی پرسیار لێکردن و سەرنج دانیانەوە شارەزای شێواز و ڕێگاکانی وانە وتنەوە و چۆنیەتی بە ئەنجام گەیاندنی تاقیکردنەوە ئەزموونەکان ببێت، کە لەم حاڵەتەشدا دوور نییە بکەوێتە هەڵەی گەورەوە، لەبەر ئەوەی زۆر لەو مامۆستایانەی هاوەڵ و هاوپیشەی خۆیان باش ئامادە نەکراون و شارەزایی و زانیاری پێویستیان دەربارەی پیشەیی مامۆستایی و پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن نییە. 
٣- مامۆستا پشت بە هەوڵدان و هەڵەکردن دەبەستێت، واتا بە شێواز و ڕێگایەک وانە دەڵێتەوە یان مامەڵە لەگەڵ فێرخوازەکان دەکات یان تاقیان دەکاتەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوا لەسەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر سەرکەوتووش نەبوو ئەوا واز لەو شێواز و ڕێگایە دەهێنێت و پەنا بۆ شێواز و ڕێگایەکی تر دەبات، بەم جۆرە فێرخواز دەکات بە گۆڕەپان و خۆی بە ئەوان فێری چۆنیەتی وانە وتنەوە و مامەڵەی دروست دەکات، بەم شێوەیەش کات و ماندوو بوونێکی زۆر بە فیڕۆ دەچێت و فێرخوازیش زیانێکی زۆری پێدەگات و مامۆستاش نابێتە ئەو مامۆستایەیی کە پێویستە. 

کۆتایی 

لەبەر ئەوە تەنها ڕێگە چارە ئەوەیە خولی تایبەت بۆ ئەو مامۆستایانە بکرێتەوە و لە ڕێگەی ئەو خولانەوە بۆ پیشەی مامۆستایەتی ئامادەبکرێن و بابەتەکانی سایکۆلۆجیای پەروەردەیی (پێوانە و هەڵسەنگاندن، ڕێگا و شێوازەکانی وانەوتنەوە، مامەڵەی دروست لەگەڵ فێرخوازان، بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ڕوون کردنەوە، دانانی پلانی وانەوتنەوە، دیاریکردنی ئامانجە گشتی و تایبەتی و ڕەفتارییەکان و چۆنیەتی هاندانی فێرخواز و بەشداری پێکردنی لە ناو پۆلدا و بەکارهێنانی دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و مامەڵەی نادروست)، فێربکرێن و وایان لێبکرێت کە شارەزایی تیۆری و پراکتیکی پێویستیان دەربارەی پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون هەبێت. 


سەرچاوەکان



699 بینین