کۆمسیۆنی بازرگانی فیدڕاڵی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-05-12:19:00 - کۆدی بابەت: 11222
کۆمسیۆنی بازرگانی فیدڕاڵی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمسیۆنی بازرگانی فیدڕاڵی (بە عەرەبی: لجنة التجارة الفیدرالیة، بە ئینگلیزی: Federal Trade Commission) کۆمسیۆنی بازرگانی فیدڕاڵی ناسراوە بە FTC دامەزراوەیەکی بازرگانی و یاسایی سەربەخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە خوێندنەوەی بازرگانی و یاسایی بۆ پەڕاوە داراییەکان و لایەنی یاسایی کڕین و فرۆشتنی پشک و کۆمپانیاکان دەکات. دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە گەر کڕینەوەیەک زیان بگەیەنێت بە بەکاربەران و بازنەی کێبڕکێ ئەوا تانەی لێ بگرن و کەیسەکە بنێرنە دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا و لە دادگا کۆتایی بێنن بە دەستەوارەکە و کڕینەوەکە دابخەن. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی دامەزراوە کۆمسیۆنی بازرگانی فیدڕاڵی 
بەرواری دامەزراندن ٢٦ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩١٤ 
بارەگای سەرەکی شاری واشنتۆن، ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ژمارەی فەرمانبەر ١١٢٣ فەرمانبەر (ئاماری ساڵی ٢٠٢١)
بودجەی ساڵانە ٣١١ ملیار دۆلار (ساڵی ٢٠١٩)
سەرۆک لینا خان 

ناوەڕۆک

دامەزراوەی FTC لە ساڵی ١٩١٤ دامەزرا وەکو دامەزراوەیەکی حکومی بۆ ڕێگری کردن لە کەیسەکانی قۆرخکاری لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە لە ماوەیەکی کەمدا بازرگانەکان دەبوونە خاوەنی سەرمایەی زۆر لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی پشک و پەڕاوی بازرگانی (بۆند) کە قازانجەکەی ملیۆنان دۆلار بوو، ئەمەش ناهاوسەنگی لە بازاڕەکانی ئەمریکادا دروست کردبوو کە بە ئاسانی دەتوانرا قۆرخکاری بکرێت و کاری ساختەکاری ئەنجام بدرێت. هەندێک بازرگان لە دەستەوارەکانی کڕین و فرۆشتندا هەڵدەستان بە نووسینی نرخێکی کەم بە نموونە دەوترا بازرگانێک بە ڕێژەی ٥٪ پشکی کڕیوە لە کۆمپانیای A لە پەڕاوەکانیشدا نووسرابوو ٥٪ بەڵام لە ڕاستیدا بە ڕێژەی ٣٠٪ زیاتری کڕیبوو بەپێی ڕێکەوتنی نهێنی کڕیار و فرۆشیار کە خۆیان ڕێکەوتنەکانیان تەواو دەکرد و خاوەنداری دەگوازرایەوه ئینجا دەچوونە دادگا وەکو بابەتێکی ڕووکەشی تا یاسایی دەربکەوێت کارەکانیان تەواو دەکرد. 

ئەم سەردەمەی ئەمریکا بێ یاسایی باڵی کێشابوو بەسەر ویلایەتەکاندا هەر بۆیە حکوومەتی ئەمریکا وەکو چاکسازییەک لە بەرواری ٢٦ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩١٤ کۆمسیۆنی بازرگانی فیدڕاڵی ئەمریکای دامەزراند وەکو چاودێر بەسەر بازرگانەکان تاوەکو مامەڵەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا بێت و ڕێکەوتنی نهێنی لە خۆ نەگرێت و هەموو مامەڵەکان ڕوون و ئاشکرابن و یاسایی بن، و یاسای بازرگانی خاوێنیش خرایە بواری جێبەجێ کردن. 

گرنگترین کەیسەکانی FTC

کۆمسیۆنی بازرگانی فێدڕاڵی ساڵانە چەندین کەیس دەباتە دادگا دژی کۆمپانیاکانی ئەمریکا، لە زۆر کاتدا کەیسەکان دەباتەوە بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ ساڵێکی دژوار بوو بۆ کۆمسیۆنەکە چونکە تا بەرواری ١٩ـی تەممووزی ٢٠٢٣ هیچ کەیسێکی نەبردووەتەوە. 

یەکەم: گرنگترین کەیس کڕینەوەی کۆمپانیای ئەکتیڤشن بلیزارد بوو لەلایەن مایکرۆسۆفت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە بڕی ٦٨ ملیار دۆلار کە ڕاستەوخۆ بلۆکیان کرد و ناردیانە دادگا. بەڵام کەیسەکەیان لە سەرەتا مانگی تەممووزی ٢٠٢٣ دوای پێنج دانیشتنی دادگا دۆڕاند. 

دووەم: ساڵی ٢٠١٨ کەیسێکیان بردەوە دژی قومارکردن لە یارییە ڤیدیۆییەکان یاخود بەرهەم هێنانی یاری ڤیدیۆیی تایبەت بە قومارکردن و وێب سایتی گرەوکردن کە بە شێوەی ڕیکلام لە پەڕەی وێب سایتەکان دەردەکەون.

سێیەم: یاسایەکیان دەرکرد بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان لە ساڵی ٢٠١٣ و بۆرسەی تایبەتیان بۆ کردەوە کە تیایدا هاوڵاتیان بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵە بکەن بە دراوی ئەلکترۆنی یان دیجیتاڵی. 

چوارەم: ساڵی ٢٠١٦ تانەیان لە دەزگایەکی ئەکادیمی گرت کە جۆرناڵێکی تایبەت بوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و توێژینەوەی زانستی بەناوی "ئۆمیکس" جۆرناڵەکە پارەی لە بەشداربوان وەردەگرت بۆ دروستکردنی هەژماری تایبەت کە لە کاتێدا نووسرابوو بەکارهێنانی خۆڕاییە. لە کەیسەکەشدا سەرکەوتوو بوون. 

پێنجەم: لە ساڵی ٢٠٢٣ دا سێ کەیسیان دۆڕاندووە جگە لە مایکرۆسۆفت، ئەوانیش کۆمپانیاکانی مێتا و گووگل و ئەمازۆن بوون کەیسەکە لە بارەی فراوان کردنی یەکەی بازرگانی بوو کە دەچووە خانەی دەرچوون لە یاسای بازرگانی خاوێن بەڵام لە هەموویدا شکستیان هێنا.


سەرچاوەکان



271 بینین