پرسیارەکانی هەڵبژاردن لە کاتی دانانی پرسیاردا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-08-22:06:00 - کۆدی بابەت: 11241
پرسیارەکانی هەڵبژاردن لە کاتی دانانی پرسیاردا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پرسیارەکانی هەڵبژاردن لە کاتی دانانی پرسیاردا (بە ئینگلیزی: The question of choice when asking the question, بە عەرەبی: السؤال الأختيار عند الوضع أسئلة)، بڕگەکانی ئەم جۆرە پرسیارانە تایبەتن بە گرفتێک کە لە ڕێگەی ڕستەیەکەوە یان زیاتر لە ڕستەیەک دەخرێنە ڕوو کە پێی دەڵێن بناغەی بڕگەکە، دواتر لە بەرانبەر یان لە ژێر ئەو گرفتە ژمارەیەک وەڵام و ڕێگە چارە دادەنرێت، ئینجا داوا لە فێرخواز دەکرێت کە ڕاسترین وەڵام یان ڕێگا چارەی گونجاو بۆ ئەو گرفتە هەڵبژێرێت. بە وەڵامەکان دەوترێت جێگرەکان کە بە شێوەیەکی گشتی ژمارەیان لە نێوان ٣ ــ ٥ دانەیە، بناغە و بڕگەی سەرەکی بە شێوەی پرسیار یان لەسەر شێوەی بڕگەیەکی ناتەواو دادەڕێژرێت. 

بوارەکانی پرسیاری هەڵبژاردن 

ئەم جۆرە پرسیارانە باشترین جۆری پرسیارەکانی بابەتین، هەر لەبەر ئەوەشە کە زۆربەی زیرەکی پێوە جیهانییەکان واتا تاقیکردنەوە و ئەزموونە گشتییەکان لەم جۆرە پرسیارانەن و بە زۆری بەکاردەهێنرێن، لە توانای ئەم جۆرە پرسیارانەدا هەیە کە پێوانی توانستە عەقڵییەکانی پۆلێنەکانی بلوم (یادکردنەوە، زانیارییەکان، تێگەیشتن، پراکتیزەکردنی پرەنسیپ و گشتاندنەکان و تەنانەت شیتەڵکردنەوەی زانیارییەکانیش) بکات. 

باشییەکانی پرسیارەکانی هەڵبژاردن 

  • ئەم جۆرە پرسیارانە پێوانی زۆر توانستی عەقڵی دەکەن لە کاتێکدا کە پرسیارەکانی ڕاست و هەڵە و بەیەک گەیاندن، ناتوانن پێوانەی بکەن. 
  • بابەتیانە و ڕاستگۆیانە هەڵچنی وەڵامەکان دەکات. 
  • ئەم جۆرە پرسیارانە کەمتر لە ڕاست و هەڵە بوار و چانسی خەمڵاندنیان هەیە. 

کەم و کورتییەکانی پرسیارەکانی هەڵبژاردن

  • دانان و ئامادەکردنی ئەم جۆرە پرسیارانە زەحمەتترە لە دانان و ئامادەکردنی پرسیاری ڕاست و هەڵە و بەیەک گەیاندن. 
  • ئەگەر بەراورد بکرێت بە پرسیارەکانی ڕاست و هەڵە، کاتێکی زۆرتری دەوێت بۆ خوێندنەوە و وەڵامدانەوەیان. 
  • ئەگەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت، فێرخواز دەتوانێت خەمڵاندن بکات و هەندێک نمرە کە مافی خۆی نییە دەستی بکەوێت. 

بنەماکانی ئامادەکردنی پرسیارەکانی هەڵبژاردن

بنەماکانی تایبەت بە بڕگەی سەرەکی 

١- پێویستە بڕگەی سەرەکی لە یەک گرفت و کێشە پێک بێت و فێرخواز بە ئاسانی لێی تێبگات. 
٢- پێویستە بڕگەی سەرەکی پوخت و کورت بێی و زیادەڕۆیی تێدا نەبێت. 
٣- ئەگەر پێویستی کرد وشەیەک یان زیاتر لە وشەیەک لە سەرەتای هەر وەڵامێک دووبارە ببێتەوە، ئەوا دەبێت ئەو وشانە بۆ بڕگەی سەرەکی بگوازرێتەوە. 
٤- باشترە کە نەرێ لەم جۆرە پرسیارانەدا نەبێت، ئەگەر تیایدا بوو ئەوا دەبێت هێڵێکی بەژێردا بهێنرێت، بۆ ئەوەی فێرخواز بە ئاگا بێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک نەرێی تێدا بێت چونکە دەبێتە هۆی سەرلێشێواندنی فێرخواز بە تایبەتیش زیرەکەکان. 
٥- دەبێت ئاگاداری لایەنی ڕێزمانی بین، واتا نابێت لە کاتی دانانی پرسیارەکان وشەیەکی تێدا بێت کە ئاماژە بۆ کۆ بێت، کە هەمان کاتدا وەڵامەکان تەنها یەک دانانی بە شێوەی کۆ هەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فێرخواز یەکسەر وەڵامی ڕاست بزانێت لە لایەکی ترەوە ڕاناوی کەسی یەکەم لە هەردوولا هەبێت (پێشەکی و وەڵامەکان).

بنەماکانی تایبەت بە وەڵامەکان

١- پێویستە وەڵامەکان بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە یەک وەڵامیان ڕاست بێت یان لە هەموویان ڕاستتر و گونجاوتر بێت. 
٢- پێویستە کە هەموو وەڵامەکان نزیک بن لە یەکتری و تەواوکەری یەکتر بن هەر هەموویان تایبەت بن بە هەمان بوار و گرفت، بۆ نموونە هەر هەموویان تایبەت بن بە یەک قۆناغی مێژوویی یان ڕووداو یان یەک بواری زانستی یان یەک ناوچەی جوگرافی. 
٣- پێویستە وەڵامەکان بە جۆرێک دابڕێژرێن، کە فێرخواز وابزانێت هەر هەموویان ڕاستن و سەرنجی فێرخوازەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشێت. 
٤- پێویستە ئەو وشە و زاراوانەی کە لە وەڵامە هەڵەکاندا بەکاردەهێنرێن، ناسراو بن و فێرخواز پێیان ئاشنا بێت و نزیک بن لە ئەو وشە و زاراوانەی کە لە وەڵامە ڕاستەکاندا بەکاردەهێنرێن. 


سەرچاوەکان



401 بینین