چۆن پارێزگاری لە دروستی دەروونی خۆت دەکەیت؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-08-22:38:00 - کۆدی بابەت: 11243
چۆن پارێزگاری لە دروستی دەروونی خۆت دەکەیت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

چۆن پارێزگاری لە دروستی دەروونی خۆت دەکەیت؟ (بە ئینگلیزی: How to protect your psychological health، بە عەرەبی: كيف تحمي صحتك النفسية)، هەر مرۆڤێک ئەگەر بیەوێت کەسایەتییەکی سەرکەوتووی هەبێت و دوور بێت لە نەخۆشی و گرفتی دەروونی  و کۆمەڵایەتی، ئەوا زۆر گرنگە ڕەچاوی کۆمەڵێک خاڵ بکات. 

ئەو خاڵانەی پێویستە ڕەچاوی بکەیت بۆ پارێزگاری لە دروستی دەروونت

١- خۆت بناسە
یەکەم بناغە و کۆڵەکەی دروستی دەروونی و دوور بوون لە گرفت و نەخۆشی دەروونی خۆ ناسینە، واتە هەموو کەسێک دەبێت پێش ئەوەی ببێت بە برادەر و دۆستی کەسانی تر ببێت بە هاوەڵ و دۆستی خۆی و بە ناخ و دڵ و دەروونی خۆیدا بچێتە خوارەوە، لەبەر ئەوەی نەزانینی خود و پشت گوێ خستنی و شارەزا نەبوونی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی، مرۆڤ بەرەو هەڵدێر و کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبات. 
کەواتە زۆر پێویست و گرنگە کە هەر یەکێک لە ئێمە لایەنە بەهێز و ئەرێنی و لاواز و نەرێنییەکانی خۆی بزانێ و شارەزایی و زانیاری پێویستی دەربارەی ئاستی حەز و ئارەزوو و ویستە ڕاستەقینەکانی هەبێت و لە ئەنجامی خەیاڵی و ناڕاستەقینە دوور بکەوێتەوە، لە هەمان کاتیشدا دەبێت هەوڵی زانینی ئەو پاڵنەر و پێداویستییانە بدات کە پاڵی پێوە دەنێین و ئاڕاستە و شێوەی ڕەفتارەکانی دیاری دەکەن، چونکە ناشارەزایی مرۆڤ دەربارەی پاڵنەر و پێداویستییەکانی، دەبنە هۆی دروستکردنی چەندەها کێشە و گیر و گرفت بۆ خودی مرۆڤەکە، لە لایەکی دیکەشەوە زۆر گرنگ و پێویستە کە مرۆڤ هەوڵی زانینی ئەو میکانیزمە بەرگرییە دەروونییانە بدات کە پەنای بۆ دەبات و ئازار  وگرفتەکانی خۆی پێ کەم دەکاتەوە. میکانیزمە بەرگرییە دەروونییەکان زۆرن، لەوانە کپکردن، هۆ هێنانەوە، خۆ خستنە شوێن. زۆر پەنا بردن بۆیان و  بەکارهێنان بەردەوامیان، زەرەر و زیانی گەورە بە کەسایەتی و دروستی دەروونی دەگەینێت و مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینە دوور دەخاتەوە. 

٢- خۆت هەڵمەخەڵەتێنە 
ترسناکترین شت کە زیانی گەورە بە دروستی دەروونی دەگەیەنێت، خۆ چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی خودە، کەسی سەرکەوتوو و بەختەوەر ئەوەیە کەم و کورتی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆی بزانێت و دانیان پێدا بنێت، واتا تۆوی شەڕخوازی و خۆپەرستی و ڕەزیلی و شەر و دەمارگیری و ترس و هەست کردن و بڕوا بەخۆ نەبوون، غیرە)، لە ناخی هەموو مرۆڤێکدا هەیە و دوور نییە لە ئەنجامی پەروەردەی هەڵە و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و نالەبارەوە لە ناخی زۆربەماندا سەوز ببن و لە ڕەفتار و بیرکردنەوە و هەڵسوکەتی ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە. 
کەواتە بەوپەڕی بوێری و ئازایانە دیارییان بکە و نکۆڵییان لێ مەکە و پشت گوێیان مەخە، چونکە کپکردنی ئەو خاسیەت و ڕەفتار و بیرکردنەوە نائاسایی و پڕ لە ئازارانە دەبنە هۆی دوورخستنەوەی مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینە و هەڵخەڵەتاندنی خود و چەواشەکردنی. 
٣- بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بکە
حەز و ئارەزووی کۆمەڵایەتی و تێکەڵاو بوونی کۆمەڵایەتی بەشێکی گرنگی ژیانی مرۆڤە هیچ کەس ناتوانێت بە تەنیا بژی و لە کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی دوور بکەوێتەوە هەر لەبەر ئەوەشە هەندێک لە زاناکان لەو بڕوایەدان کە تێکەڵاو بوونی کۆمەڵایەتی و چوونە ناو کۆمەڵ و پێداویستی و پاڵنەرێکی بۆماوەییە و لەلای هەموو کەسێک هەیە، بەهەر حاڵ ئەو حەز و ئارەزووە بۆماوەیی بێت یان وەرگیراو، هیچ مرۆڤێک بەبێ کۆمەڵ ناژی. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەموو کەسێک هەوڵی بونیادنانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی بدات و بچێتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە وسەردانی کەس و کار و هاوڕێ و دۆست و برادەرەکانی بکات، چونکە مرۆڤ لە ڕێگەی کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی فێری زۆر شت دەبێت و زانیاری دەربارەی کۆمەڵ و داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرێت و زۆر لە پێداویستییەکانی لە ناو کۆمەڵدا تێر دەکات. 

مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە کەسانی تر هەیە و بۆ ئەوەی سوود لە ڕاو و بۆچوون و زانیاری و ئامۆژگارییەکانیان وەربگرێت و لە کاتی پێویستدا بۆ چارەسەرکردنی گیر و گرفتەکانی ڕاوێژیان لەگەڵ بکات، لە لایەکی تریشەوە کاتێک مرۆڤ کێشە و گیر و گرفتی دەبێت، پێویستی بە کەسانی تر هەیە تا ئەوەی لە ناو دڵ و دەروونی هەیە بۆیانی باس بکات، بەڵام ئەگەر کەسی دەست نەکەوێت ئەوا دەبێت لە ناوەوەی خۆی بیان هێڵێتەوە، کە ئەوەش بە زیانی تەواو دەبێت، بۆیە بەردەوام مرۆڤ پێویستی بە کەسانی تر هەیە تا لە ڕێگەیانەوە کەمێک کە ئازار و خەم و خەفەتەکانی کەم بکاتەوە. هەروەها لە گرنگترین پێداویستییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی مرۆڤ ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی و ڕێزگرتن و چوونە ناو کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی، کە ئەوانەش هیچیان بەبێ کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی نایەتەدی، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەموومان هاوکاری یەکتری بکەین و هەوڵ بدەین پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بەهێز بکەین و لە گۆشەگیری و دوورە پەرێزی دوور بکەوینەوە و لە کاتی پێویستدا بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بکەین.

٤- فێربوونی ڕێگای زانستی بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان 
ژیان بریتییە لە زنجیرەیەک هەستان و کەوتن و تاڵ و شیرینی و ڕووداوی خۆش و ناخۆش، کەسی سەرکەوتوو و دەروون دروست ئەوەیە کە بە شێوازی زانستی و دوور لە هەڵەشەیی چارەسەری گرفتەکانی بکات، ئەویش لە ڕێگەی دەستنیشانکردنی گیر و گرفتەکە و کۆکردنەوەی زانیاری و دانانی گریمان و هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی گریمانەکان و دۆزینەوەی باشترین و ڕاسترین گریمان بۆ چارەسەرکردنی گیر و گرفتەکە. 
٥- دەستڕەنگینی و باش جێبەجێکردنی کار و چالاکییەکان
مرۆڤ کارێک نەکات، یان ئەگەر کردی بە سەرکەوتووانە و بەباشی بیکات، چونکە چی هێز و توانای هەیە بەسەر ئەو چالاکییانەدا دابەش دەبێت و ناتوانێت بە باشی و بە سەرکەوتووانە هیچ یەکێک لەو کارانە جێبەجێ بکات، بەڵام ئەگەر لە یەک کاتدا یەک کاری بە دڵسۆزی و بە کارامەیی کرد، ئەو کات هەموو توانا و هێز و گوڕی ئاڕاستەی ئەو کارە دەکرێت و بە سەرکەوتووانە جێبەجێی دەکات، واتە جۆر و چۆنیەتی بە ئەنجام گەیاندنی کارەکان زۆر باشترە لە چەندێتی و زۆری کارەکان. 
ڕاپەڕاندنی کارەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە دەبێتە هۆی کامەرانی و هەستکردن بە سەرکەوتن و بڕوا بەخۆبوون، کە ئەمەش دەبێت بە بنەمایەکی پتەو بۆ دروستی دەروونی و سەرکەوتن لە ژیان، بەڵام جێبەجێ نەکردنی کار و چالاکییەکانی ڕۆژانەمان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، هۆکارێکی خراپە بۆ هەسگ کردن بە کەمی و بڕوا بەخۆ نەبوون، کە ئەوەش مرۆڤ بەرەو گرفت و نەخۆشی دەروونی دەبات. 

٦- گرنگی بدە بە ئێستات
ئەگەر بمانەوێت کەسایەتیمان سەرکەوتوو بێت و خاوەنی دەروونێکی ئاسایی و دروست بین، ئەوا دەبێت گرنگی بە ئێستامان بدەین و لە ڕابردوو و کارەساتەکانی دوور بکەوینەوە، چونکە ژیان لە ڕابردوو خەفەت خواردن بۆ سەرنەکەوتنەکان، زیانی گەورە بەباری دەروونی دەگەیەنێت، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە جەخت بکەینە سەر ژیانی ڕاستەقینەمان و کەمتر خەم و خەفەت بۆ ڕابردوومان بخۆین بۆ ئەوەی بە سەرکەوتووانە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین و هێز و گڕوتینمان بە فیڕۆ نەدەین. 
بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە هیچ گرنگی بە ڕابردوو نەدەین، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە تیایفا نقووم نەبین و بەهۆیەوە خۆمان تووشی دڵەڕاوکێ و ترس نەکەین، بۆ ئەوەی ئێستامان لە دەست نەدەین. 
٧- دروستی جەستەیی 
مرۆڤ پێکهاتەیەکی دەروونه و جەستەییە و هەر یەکەیان کاریگەری لەسەر ئەوی تریان هەیە، واتە ئەگەر مرۆڤ لە لایەنی دەروونییەوە کێشە و گیر و گرفتی هەبێت، ئەوا ئەو کێشە و گیر و گرفتە دەروونییە ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر جەستەی دەبێت و بەهەمان شێوەش لایەنی جەستەییەوە کەم و کورتی و کێشەی گیر و گرفتی هەبێت، ئەوا بێ گومان ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر باری دەروونی دەبێت. 


سەرچاوەکان



512 بینین