نەخۆشی گرژە ماسولکەی درێژخایەن (فایبرۆمایەڵجیا) چییە؟

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-09-10-20:33:00 - کۆدی بابەت: 11265
نەخۆشی گرژە ماسولکەی درێژخایەن (فایبرۆمایەڵجیا) چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فایبرۆمایەڵجیا یان گرژە ماسولکەی درێژخایەن (بە ئینگلیزی: Fibromyalgia، بە عەرەبی: الألمُ العضلي الليفي) نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە دەبێتە هۆی ئازار و ناسک بوونەوە لە هەموو جەستەدا، هەروەها ماندوێتی و کێشەی خەوتن بۆ نەخۆشەکە، زاناکان بە تەواوی هۆکاری ئەم نەخۆشییەیان دەستنیشان نەکردووە بەڵام ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون هەستیارییان بەرامبەر بە ئازار زۆر زیاد دەکات و زۆر بە ئاسانی توشی ئازار دەبن لە جەستەیاندا. ئەم نەخۆشیە چارەسەری نییە بەڵام پزیشکان و دابینکەرانی چاودێری تەندروستی دەتوانن چارەسەر بۆ نیشانەکانی دابنێن. 

هۆکارەکانی توشبوون

زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە دووبارەبوونەوەی ئاگادارکەرەوە دەمارییەکان دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە مێشک و بڕبڕەی پشتی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، ئەم گۆڕانکارییەش بریتییە لە زیادبوونی نائاسایی ئاستی هەندێک مادەی کیمیایی لە مێشکدا کە ئاماژەن بۆ ئازار. جگە لەوەش پێدەچێت وەرگرەکانی ئازار لە مێشکدا جۆرێک لە یادەوەری ئازارەکە پەرەپێبدەن و هەستیار دەبن، واتە دەتوانن کاردانەوەی زۆریان هەبێت بەرامبەر بە ئاگادارکەرەوە ئازاربەخشەکان و تەنانەت ئەو ئاگادارکەرەوانەشی کە ئازاربەش نین. زۆر هۆکار هەن کە دەبنە هۆی ئەم گۆڕانکاریانە، لەوانە:

  • جینات: لەبەر ئەوەی نەخۆشی گرژە ماسولکەی درێژخایەن زیاتر لە باوانەوە دەمێنێتەوە، لەوانەیە هەندێک گۆڕانکاری بۆماوەیی هەبن کە ڕەنگە زیاتر هۆکاربن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە.
  • هەوکردنەکان: پێدەچێت هەندێک هەوکردن و نەخۆشی ببنە هۆی نەخۆشی گرژە ماسولکەی درێژخایەن یان بەهێزتری بکەن.
  • ڕووداوە جەستەییەکان یان سۆزداری: هەندێک جار نەخۆشییەکە بەهۆی ڕووداوێکەوە سەرهەڵدەدات وەک ڕووداوی ئۆتۆمبێل، هەروەها ڕەنگە فشاری دەروونی درێژخایەن حاڵەتەکە دەستپێبکات.

کێ تووشی نەخۆشی گرژە ماسولکەی درێژخایەن دەبێت دەبێت؟

هەموو کەسێک لە هەر تەمەنێکدا ئەگەری تووشبوونی هەیە، بەڵام ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی دەبن و بەزۆری لە ناوەڕاستی تەمەنیانەوە دەست پێدەکات، لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاد دەکات. ئەگەر کەسەکە نەخۆشی تری هەبوو وەک: نەخۆشی ڕۆماتیزم، تێکچوونی باری دەروونی، هەوکردنی ئێسک و جومگەکان یان نەخۆشی گورگە سوورە ئەگەری تووشبوونی زیاتر دەبێت.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە 

باوترین نیشانەکانی بریتین لە:

  • ئازار و ڕەقبوونی هەموو جەستە
  • ماندوێتی
  • خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
  • کێشەی خەوتن
  • کێشەی بیرکردنەوە و یادەوەری و تەرکیز
  • سەرئێشە
  • بێهێزی لە دەست و قاچدا
  • ئازار لە دەم و چاو یان چەناگەدا، لەوانەش تێکچوونی چەناگە.
  • کێشەکانی کۆئەندامی هەرس، وەک ئازاری سک، ئاوسانی سک، قەبزی، تەنانەت نیشانەکانی نەخۆشی هەستیاری ڕیخۆڵە (IBS).

دەستنیشانکردنی نەخۆشی گرژە ماسولکەی درێژخایەن

بەزۆری پزیشکان بە بەکارهێنانی مێژوو و پێشینەی نەخۆشەکە، پشکنینی جەستەیی، تیشکی ئێکس و هەندێک شیکاری خوێن نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکەن.

چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە

لەبەرئەوەتاکو ئێستە چارەسەرێکی تەواو نەدۆزراوەتەوە، بۆیە پزیشکانی پسپۆڕ بەم بوارە کە ڕۆماتۆلۆجیستەکانن بەپێی نیشانەکان چارەسەر دەنووسن بۆ نەخۆشەکە بۆ کەم کردنەوە و نەمانی نیشانەکانیان و هەروەها ئەو چارەسەرانەی کە بۆ هەندێک نەخۆش کاردەکەن مەرج نییە بۆ هەندێکی تر کاربکات و سودی هەبێت.
هەندێک لەو چارەسەرانە:

  • دەرمانەکان، لەوانە ئازارشکێنەکان و دژە خەمۆکییەکان.
  • وەرزش لە هەوای کراوەدا و وەرزشی بەهێزکردنی ماسولکەکان.
  • پۆلەکانی پەروەردەی نەخۆش، بەزۆری لە چاودێری سەرەتایی یان شوێنەکانی کۆمەڵایەتی.
  • تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی فشار: وەکو مێدیتەیشن و یۆگا.
  • ڕێکخستنی کاتی خەوتن، باشترکردنی کوالێتی خەوتن. 
  • چارەسەرکردنی خەمۆکی بنەڕەتی، CBT جۆرێکە لە چارەسەری قسەکردن کە مەبەست لێی گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردن یان بیرکردنەوەی خەڵکە.


سەرچاوەکان



517 بینین