پێویستمان بە چەند جووت پێڵاو هەیە؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-09-10-21:39:00 - کۆدی بابەت: 11267
پێویستمان بە چەند جووت پێڵاو هەیە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێویستمان بە چەند جووت پێڵاو هەیە؟ (بە عەرەبی: كم حذاءا نحتاج، بە ئینگلیزی: How many shoes do we need) ژمارەی بوونی پێڵاو لەلای کەسەکان دیاریکراو نییە و بەندە بە کەسایەتی و شێوازی ژیانکردنی کەسەکەوە، ژمارەی ئەو پێڵاوانەی مرۆڤ پێویستی پێیەتی بەپێی چالاکی و پێداویستییەکانی ڕۆژانە و شێوازی پیشەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت.  بۆیە ژمارەی ئەو پێڵاوانەی کە پێویستمانە بەندە بە پێداویستی کەسی و بارودۆخی تاکەکەسی و شێوازی ژیانکردنمانەوە.

پێویستە چەند جووت پێڵاومان هەبێت؟

ناتوانرێت لە یەک کاتدا ژمارەی وردی پێڵاوەکان دیاری بکەین کە پێویستمانە، چونکە چەند هۆکارێکی تایبەتی ژمارەی پێڵاو و کڕینی پێڵاو دیاری دەکەن و ئەو هۆکارانەش بریتین لە:

  • پێداویستی تایبەتی خۆت و شێوازی ژیانت
    واتا ئەگەر تۆ کەسێکی چالاکی و دەرچوونت زۆرە، گرنگی بە ستایل و گونجاندنی پێڵاوەکانت دەدەیت لەگەڵ جلەکانت، ئەوە پێویستە لە هەر جۆرە پێڵاوێک جووتێک بەردەست بخەیت.
  • بۆنە و ئاهەنگەکان
    بۆنە و ئاهەنگەکان پێڵاوی تایبەتی و فەرمیان پێویستە، نموونەی ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە فەرمیەکان و بۆنە تایبەتەکان و جەژنەکان، چونکە زۆرکات لە بۆنە و ئاهەنگەکان جلوبەرگی فەرمی یان جلوبەرگی تایبەت بە ئاهەنگەکان دەپۆشرێت، بۆیە پێویستە پێڵاوێک بەکاربهێنرێت کە لەگەڵ بۆنەکە و لەگەڵ جلەکان گونجاو بێت.
  • گۆڕانکاری لە قەبارەی پێدا
    دەکرێت قەبارەی پێت بۆ پێڵاوەکانت بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت و بە جێگیری نەمێنێتەوە، دابەزینی کێش یان گەرەبوون و گەشەکردن، زیادبوونی کێش، هاوکات ماوەی دووگیانی لە خانماندا لەو هۆکارانەن کە کاریگەری دەکەنە سەر قەبارەی پێ، بۆیە لەو کاتانەدا دەکرێت پێویستت بە پێڵاوی نوێ بێت.
  • ڕەگەز
    خواستی ژنان و پیاوان بۆ جۆر و ڕەنگی پێڵاوەکان جیاوازە، پێڵاوی ژنانە هەمەجۆرترە و ڕەنگ و جۆر و ستایلی زیاترە بە بەراورد بە پێڵاوی پیاوانە، بۆیە زۆرکات ژنان ژمارەی پێڵاوەکانیان لە پیاوان زیاترە.
  • جۆری پێڵاو
    لە سەردەمی هاوچەرخدا جۆر و ستایل و ڕەنگی پێڵاو هەمەجۆر و زۆرن، لەگەڵ پۆشینی هەر جلێک یان بۆ هەر دەرچوونێک پێڵاوێکی دیاریکراو هەیە، پێڵاوی وەرزشی جیاوازە لەو پێڵاوەی کە ڕۆژانە لەپێ دەکرێت، پێڵاوێک کە لەگەڵ جلێکی فەرمی بەکاربهێنرێت جیاوازە لە پێڵاوێکی وەرزشی کە لە کاتی وەرزشکردن لە پێ دەکرێت، پێڵاوی پاژنەبەرز و یەک تەڵی خانمان جیاوازە لە پێڵاوی تەندروست و پاژنەنزم.

چۆنیەتی هەڵبژاردنی پێڵاوێکی گونجاو

بۆ هەڵبژاردنی پێڵاوێکی گونجاو و تەندروست، دەتوانیت ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکەیت:

  • پێوانەکردنی پێیەکانت: پێش کڕینی هەر پێڵاوێک، پێیەکانت بە دروستی پێوانە بکە درێژی و پانییەکەی بپێوە بۆ ئەوەی ڕەهەندی دروست بۆ پێیەکانت بزانیت، هەروەها پێویستە بزانیت چی ژمارەیەکی ستاندارد بۆ پێیەکانی تۆ گونجاوە.
  • شێواز و جۆری پێت بزانە: ئایا پێیەکانت تەختە، یان کەوانەییەکی ڕوونزمە یاخود کەوانەییەکی ڕووبەرزە؟  ئەم هەنگاوە یارمەتیت دەدات پێڵاوی گونجاوی ئاسوودە بۆ پێیەکانت هەڵبژێریت.
  • ئامانج لە کڕینی پێڵاوەکە: ئایا بەدوای پێڵاوێکدا دەگەڕێیت بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە یان بۆ وەرزشێکی دیاریکراو؟ یان پێڵاوێک کە لەگەڵ جلێکی ئاهەنگدا بیگونجێنیت، دڵنیابە لە هەڵبژاردنی پێڵاوێکی گونجاو بۆ مەبەستی دڵخواز بۆ ئەوەی ئاسوودە بێت و گونجاو بێت بۆ ئەو چالاکییەی کە ئەنجامی دەدەیت.
  • هەڵبژاردنی ماددەی گونجاو: گرنگی بدە بەو ماددەیەی کە بۆ دروستکردنی پێڵاوەکە بەکارهاتووە، پێویستە پێڵاوێک هەڵبژێریت کە لە کەرەستەی کوالێتی بەرز  دروستکراو بێت بۆ ئەوەی ئاسوودەیی بە پێیەکانت ببەخشێت.
  • تاقیکردنەوە: پێویستە پێش کڕینی پێڵاو لە شوێنەکە تاقی بکەیتەوە و دڵنیابە کە بە باشی بۆ پێت دەگونجێت، ئەگەر پێویستت بە گۆرەوی بوو لەگەڵ لەپێکردنی گۆرەوی پێڵاوەکە تاقی بکەرەوە، کە تاقیت کردەوە بۆ ماوەیەک ڕێ بکە بزانە هیچ ناڕەحەتی و ئازارێک بۆ پێیەکانت دروست دەکات یان نا، پاشان دوای ئەوە بڕیاری کڕینی بدە.
  • نرخ و بودجە: بودجەی خۆت دیاری بکە و لێکۆڵینەوە لە مەودای نرخە بەردەستەکان بکە. ئامادەی کڕینی پێڵاوێکی نرخ گران مەبە کە مەرجەکانی کوالیتییەکی باش و بەکارهێنانی درێژخایەن و ئاسوودەییت بۆ دەستەبەر و فەراهەم ناکات.


سەرچاوەکان



310 بینین