زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-11-22:33:00 - کۆدی بابەت: 11277
زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان (بە ئینگلیزی: Prokaryotes، بە عەرەبی: بدائيات النوى) زیندەوەرێکن کە ناوکی ڕاستەقینەی بە پەردە دەورەدراویان نییە. زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان ئاماژە بە هەر یەکێک لە کۆمەڵە زیندەوەرە زیندووەکان دەکەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە نەبوونی ناوکی ڕاستەقینە و ئەندامۆچکە بە پەردە دەورەدراوەکانی دیکە ناسراون، وەک مایتۆکۆندریا و کلۆرۆپلاست، هەروەها ناسراون بە بوونی یەک بازنەی کرۆمۆسۆمی جێگیری دی ئێن ئەی لە ناوچەی ناوکیۆید و پێکهاتەکانی سایتۆپلازمی، وەک پەردەی پلازما، بۆشاییەکان، سایتۆسکیلێتۆنی سەرەتایی و ڕایبۆسۆم. نموونەی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان بەکتریا و ئارکیایە.

زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان لەجیاتی ناوک ناوچەیەکی ناوکیان هەیە کە ماددە بۆماوەییەکانی تێدایە و دەکەوێتە سایتۆپلازمی خانەکەوە. زاراوەی ناوک سەرەتایی لە وشەی لاتینی پرۆوە هاتووە، کە بە واتای "لە بەرژەوەندی" یان "لە جیاتی" و (káry) دێت، بە واتای "نۆت"، "ناوک" دێت. وشەی ناوک سەرەتایی وشەیەکی وەرگیراوە و بەکاردێت بۆ ئاماژەکردن بە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان.

تایبەتمەندیەکانی خانەی زیندەوەری ناوک سەرەتایی

ئەمانە دەگرێتەوە:

خانەیی

زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان زیندەوەرێکی یەکخانەیین کە ناوکی پێناسەکراوی باشیان نییە. ئەوان لەجیاتی ئەوە ناوچەیەکی ناوکیان هەیە لە سایتۆپلازمی خۆیان کە ماددە بۆماوەییەکانیان تێدا داناوە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وەک یەک گەردی بازنەیی دی ئێن ئەی یاخود ناوکە ترشی ڕایبۆزی کەم ئۆکسجین دەرەکەوێت. هەرچەندە بەزۆری یەک خانەییە، بەڵام هەندێک لە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان توانای پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی کۆکراوەی جێگیریان هەیە، بۆ نموومە ئەو بەکتریایانەی کۆڵۆنی دووانی یاخود فرە کۆڵۆنی دروست دەکەن.

زۆربوون

زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان بە شێوەیەکی گشتی بە شێوەیەکی ناتوخمانە زۆردەبن، کە لە ڕێگەی دوو کەرتبوونەوە یان لە ڕێگەی گۆپکەکردنەوە دەبێت.
جووتبوون (Conjugation) هاوتای توخمە زۆربوونە لە زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکاندا، چونکە تێیدا دوو خانە ماددەی بۆماوەیی لە نێوان ئاڵوگۆڕ دەکەن لە ڕێگەی بۆرییەکی کۆنجێشن و بەیەکگەیاندنەوە. کە بەشێک لە بەکتریاکان توانای ئەم جۆرە زۆربوونەیان هەیە بەهۆی بوونی پێکهاتەی پێویستەوە وەکو ڕیشوو و گەندەمووەوە.

ئەندامۆچکەکانی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان

هەرچەندە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان ناوکیان نییە، مایتۆکۆندریا، و ئەندامۆچکە بە پەردە دەورەدراوەکانی دیش تەنها لە خانەی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکاندا دەدۆزرێنەوە، بەڵام پێکهایەی تایبەتی ناوخانەیان هەیە کە بە ئەندامۆچکەی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان ناودەبرێت.

ئەندامۆچکەی دەورەدراو بە چینە چەورییەکان

سایلاکۆیدەکان (Thylakoids): هەندێک لە بەکتریاکان پێکهاتەی تایبەتی ناو خانەیان هەیە، وەک سایلاکۆیدەکان. ڕووەکیش سایلاکۆیدی هەیە، بەڵام لە ڕووەکدا لەناو کلۆرۆپلاست دەدۆزرێنەوە. لەو بەکتریایایانەی ڕۆشنەپێکهاتن دەکەن وەک سیانۆبەکتریا، سایلاکۆیدەکان دەکەونە ناو سایتۆپلازم. سایلاکۆیدەکان پێویستن بۆ وەرگرتنی وزەی ڕووناکی و ئەنجامدانی کرداری ڕۆشنەپێکهاتن. سایلاکۆیدەکانی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان وەک پەردەکانی پلازما نیشان دەدرێن.

ماگناتۆسەم (Magnetosomes): ئەمانە پێکهاتەی ناوخانەن بۆ بەموگناتیس ڕاکێشاندن، بەتایبەتی لە بەکتریای موگناتیسی. ئەوان کریستالی کانزای موگناتیسییان تێدایە ئۆکسیدی ئاسن (Fe3O4) یان گۆگردیدی ئاسن (Fe3S4) کە یارمەتی ئاڕاستەکردنی بەکتریای موگناتیسی دەدات بۆ هێڵەکانی بواری موگناتیسی زەوی.

ئەنامۆکسۆسۆم، پاریفۆپلازما و ڕایبۆپلاسم: ئەنامۆکسۆسۆم (Anammoxosomes) گەورەترین بەشی پەردەی دوولای چەورییە کە لە بەکتریای ئەنامۆکسدا دەدۆزرێتەوە. ئەو دووانەی تریش کە بریتین لە پاریفۆپلازم (Paryphoplasm) و ڕایبۆپلاسم (Riboplasm) بە هەمان شێوە. ئەنامۆکسۆسۆمەکان بەتایبەتی بۆ زیندەچالاکی وزە بەکاردەهێنرێن، بۆیە دەکرێت هاوشێوەی مایتۆکۆندریا بێت لە زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکاندا.

ئەندامۆچکەی دەورەدراو بە یەک چین چەوری

ئەو پێکهاتانەی خانە کە بە پەردەی یەک چینی چەوری دەورەدراون بریتین لە:

بۆشاییەکان: هەندێک لە بەکتریاکان ڤاکوڵ یاخود بۆشاییان هەیە، کە پڕن لە شلە. ئەو ئەندامۆچکانەی بە یەک ڕیزە پەردە دەورەدراون لە مەودایەکی فراوان لە ئایۆن و پاشەڕۆ و ماددەی دیکە پێکدێن. تێبینی: هەروەها دەزگای چەوری و بۆشاییەکان لە خانە جیاوازەکانی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکاندا دەدۆزرێنەوە.

ئەندامۆچکەی دەورەدراو بە بەرگی پڕۆتینی

ئەم پێکهاتە ناوەکییانەی دەورەدراو بە پڕۆتین بەشدارن لە جێگیرکردنی کاربۆن لە هەندێک بەکتریادا. نموونەی ئەم ئەندامۆچکانە:

پێکهاتەی لە ناوک چوو: ئەم پێکهاتەیە هاوشێوەی ناوکی زیندەوەرە ناکو ڕاستەقینەکانە. زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان ناوک و پەردەی ناوکیان نییە. لەگەڵ زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان، هەندێک لە بەکتریاکان پێکهاتەیەکی تەواو هاوشێوەی ناوکی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکانیان هەیە. بەکتریای خێرا گەشە کردووی وەک  بەکتریای ئی کۆلای، بە شێوەیەکی بەرچاو پێکهاتەی وەک ناوکییان هەیە لەسەر ڕووی ناوچەی ناوکی لە سایتۆپلازمدا. پێکهاتەی لە ناوک چوو وەک کارگەی وەرگێڕان (ڕایبۆسۆمی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان) خزمەت دەکات بۆ دروستکردنی ناوکە ترشی ڕایبۆزی یان ئاڕ ئێن ئەیی ڕایبۆسۆمی و بۆهێڵەکانی ڕایبۆسۆمی لە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان.

کلۆرۆسۆمەکان. ئەم تەنە گۆییانە بەستراونەتەوە بە بەشی ناوەوەی پەردەی خانەی بەکتریای گۆگرد و زیندەوەری ناوک سەرەتایی ناهەواییەکانی دیکە. ئەوان پێکهاتەی ئاڵۆزی کۆکەرەوەی ڕووناکین. ئەمانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کۆکراوەی Bacteriochlorophyll c، d، یان e پێکهاتوون.

پێکهاتەکانی تری خانە

دیواری خانە. هەندێک لە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان دیواری خانەیان هەیە کە دەوری پەردەی خانە دەدات. دیوارەکانی خانەی بەکتریا بە شێوەیەکی سەرەکی پێک هاتوون لە پێپتیدۆگلیکان. ئەستوورییەکەی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا خانە بەکتریاییەکان گرام ئەرێنین (بە شێوەیەکی بنەڕەتی، ئەوانەی دیواری خانەی ئەستوورتریان هەیە گرام ئەرێنین) یان گرام نەرێنین (لەگەڵ دیواری خانەی تەنکتر دەبنە گرام نەرێنی). هەروەها دیواری خانەی ئارکیاکان پێکهاتووە لە شەکرە پڕۆتینی ڕیزەکانی ئێس S-layers، pseudopeptidoglycan، یان polysaccharides لەجیاتی پێپتۆگلایکان peptidoglycan (جگە لە کۆمەڵەی مێثانۆجینەکان).

قامچی: هەندێک لە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان قامچییان هەیە. قامچی بەکتریا پێکھاتەیەکە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ جووڵە و بە کیمیایی ڕاکێشاندن یان کیمۆتاکسس، وەڵامدانەوەیەکی بنچینەیی خانەیە. پڕۆتینی دەزوولەیی قامچی پڕۆتینێکی ناو پەیکەرە خانە کە پاڵپشتی پێکهاتەیی دەبەخشێت بە بەکتریای قامچیدار. هەروەها یەکێکە لە گرنگترین پڕۆتینەکانی پەیکەرە خانە بەهۆی بوونی ڕۆڵی لە ڕاکێشانی کیمیاییدا.

دەزگا تێکئاڵاوەکان یاخود ئینکڵوژن بەدیس: ئەو پێکهاتەیەی سایتۆپلازمییە کە کۆکراوەی پڕۆتینی نەتواوەیە لە زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکاندا. هەروەها لە زۆرێک لە خانەکانی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکاندا ئەم پێکهاتانە هەن.

نموونەی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان

نموونەی زیندەوەرانی ئەم کۆمەڵەیە بریتین لە شانشینی بەکتریا ڕاستەقینەکان و شانشینی بەکتریای کۆن. بەم شێوەیە، نموونەکانی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان بەکتریا، ئارکیا، و سیانۆبەکتریا (قەزە سەوزە شین باوەکان) دەگرێتەوە.

بەکتریا

بەکتریاکان زیندەوەرێکی تاک خانەیی مایکرۆسکۆپین کە سەر بە شانشینی ئیوباکتێریا (بەکتریای ڕاستەقینەکان)ن. خانەکانیان ناوکی ڕاستەقینە و بەشەکانی تری خانەیییان نییە وەک مایتۆکۆندریا، ناوەندە پلازمە تۆڕ و دەزگای گۆڵجی. دی ئێن ئەیەکەیان لە ناوچەیەکی سایتۆپلازم (ناوچەی لە ناوک چوو) دەدۆزرێتەوە نەک لەناو ناوکی ناوەندی خانەکە. بەم شێوەیە، لەبەرگرتنەوەی دی ئێن ئەی لە سایتۆپلازمی خانەکەدا ڕوودەدات. بەکتریاکان لە ڕێگەی دوو کەرتبوونەوەوە زاوزێ دەکەن یان بە دروستکردنی سپۆر، واتا ناتوخمانە زۆردەبن. هەروەها دەتوانن لە هەموو جۆرە ژینگەیەکدا نیشتەجێ بن، وەک لە خاک، سەرچاوە گەرمەکانی ترشی، پاشەڕۆی تیشکدانەوە، ئاوی دەریا هەروەها لە قووڵایی توێکڵی زەویدا، لە بەرگەهەوا و تەنانەت لە لەشی زیندەوەرەکانی تردا دەژین. بەکتریاکان بریتین لە بەکتریا شؽوە چیلکەییەکان، بەکتریا شؽوە گۆییەکان، بەکتریا لوولپێچییەکان، و بەکتریا شێوە کۆماکان (یاخود چیلکەی کورت).

ئارکیا

ئارکیا یاخود ئارچیا Archaea (شانشینی بەکتریای کۆن) موڵکی ناوچەی ئارکیایە. ئەو میکرۆبانەی کە لە ڕووی بۆماوەییەوە جیاوازن لە بەکتریا و زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان. هەروەک زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان، ناوک و ئەندامۆچکەکانی تری بە پەردە دەورەدراویان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆهێڵەکانی ئارکیا یاخود بەکتریای کۆن زیاتر لە هی زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان دەچن.

هەردووکیان هەندێک ئەنزیم بەرهەم دەهێنن کە بەکاردێن بۆ لەبەرگرتنەوە، وەرگێڕان، و کردارەکانی تری زیندەچالاکی. ژمارەیەکی زۆر لە بەکتریای کۆن لە ژینگەیەکی تونددا گەشە دەکەن. بەکتریا کۆنەکان بریتیین لە هالۆفیلەکان (ئەوانەی لە ژینگەیەکی زۆر سوێردا نیشتەجێن) ، مێثانۆجنەکان (جۆرە کۆنەکانی بەکتریا کە میسان بەرهەمدەهێن)، و سێرمۆفیلەکان (ئەوانەی دەتوانن گەشە بکەن لە نشینگە زۆر گەرمەکاندا).

قەوزە سەوزە شین باوەکان

قەوزە سەوزە شین باوەکان یان سیانۆبەکتریا (Cyanobacteria) ئەو میکرۆبانەن کە پێشتر بە پارێزەر دادەنران بەهۆی ئەوەی کە تاک خانەن و ڕۆشنەپێکهاتن ئەنجامدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان ئێستا سەر بە گرووپێکن لەو بەکتریایانەی ڕۆشنە پێکهاتن دەکەن و لە ژینگەی ئاوی و خاکی شێداردا نیشتەجێن.

سیانۆبەکتریا لە ڕووی ژینگەییەوە گرنگە چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە ئۆکسجینی هەوا لە چالاکی ڕۆشنەپێکهاتنەوە بەرهەم دێنێت. لەوانەیە ناوکیان نەبێت، بەڵام پێکهاتە بچووکەکانیان هەیە (بۆ نموونە سایلاکۆیدەکان و کاربۆکسیسۆمەکان)

هەروەها بۆیەی ڕۆشنەپێکهاتنیشیان هەیە (بە تایبەتی phycobiliproteins) کە ڕەنگی سەوز و شینی بە خانەکانیان دەبەخشێت. جۆرەکانی سیانۆبەکتریا بریتین لە چرۆکۆکالێس (Chroococcales)، پلیرۆکاپسەلێس (Pleurocapsales)، ئۆسکیلایاتۆرەکان (Oscillatoriales)، نۆستۆکالێس (Nostocales) و
ستیگۆنماتێلیس (Stigonematales).

جیاوازییە گشتییەکانی نێوان زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان لەگەڵ زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان

زیندەوەرە ناوک ڕاستەقینەکان

بەزۆری تاکخانەن، دەکرێت شێوەی کۆڵۆنی و کۆڵۆنی دووانی دروستبکەن.

هەنێکیان تاکخانەن بەڵام زۆربەیان فرەخانەن.

ناوکیان نییە، تەنها ناوچەیەکیان لە سایتۆپلازمی خانەکە هەیە کە بۆهێڵ و جینۆمی زیندەوەرەکەی تێدایە.

ناوکیان هەیە کە کرۆمۆسۆم و ناوکۆکەی هەیە و بە پەردەی ناوک دەورەدراوە.

زۆربەی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکان پێکهاتەی ناوکییان نییە، کە بوونی ئەم پێکهاتەیە تاڕاددەیەک هاوشێوەی ناوک ڕاستەقینەکان ئاڵۆزییان دەکات.

پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی ناوەکییەکان هەیە کە ئەندامۆچکەکانی سایتۆپلازم دەگرنەوە، بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە: ناوک، مایتۆکۆندریا، ناوەندە پلازمە تۆڕ و دەزگای گۆڵجی.

ڕایبۆسۆمەکەیان حەفتا ئێسە.

ڕایبۆسۆمەکەیان هەشتا ئێسە.

ناتوخمانە زۆردەبن، بە زۆری بەهۆی دەزووە دابەشبوونەوە (دووکەرتبوونی بەکتریاکان)، هەنێک بەکتریاش چەند پێکهاتەیەکیان هەیە کە دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ جووتبوون و یەکگرتن لەگەڵ بەکتریای تر و بەمەش ئاڵۆگۆڕی بۆماوە ماددە لەکاتی زۆربووندا ڕوودەدات.

هەنێکیان ناتوخمانە زۆردەبن بەڵام زۆربەیان توخمانە زۆردەبن، وە هەندێک زیندەوەری ناوک ڕاستەقینە هەیە کە دەتوانن بە هەردوو شێوەی توخمانە و ناتوخمانە زۆرببن.

زۆربەیان دیواری خانەیان هەیە جگە لە ژمارەیەکی کەمیان وەک مایۆپلازمەکان.

بەشێک لە ناوک ڕاستەقینەکان دیواری خانەیان هەیە. دیواری خانەی ڕووەکەکان لە سیلیسۆز پێکهاتووە. دیواری خانەی کەڕووەکان لە کایتین و گلوکان پێکهاتووە. دیواری خانەی قەوزەکان لە شەکرە پڕۆتین و پۆلیسەکەرایدەکان پێکهاتووە. هەروەها ئاژەڵەکان دیواری خانەیان نییە.

نموونەیان: خانەکانی بەکتریا

نموونەیان: خانەکانی ئاژەڵان


سەرچاوەکان



1254 بینین