پزیشکی دادوەری چۆن کاتی مردنی کەسێک دەزانێت؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-15-17:08:00 - کۆدی بابەت: 11290
پزیشکی دادوەری چۆن کاتی مردنی کەسێک دەزانێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پزیشکی دادوەری چۆن کاتی مردنی کەسێک دەزانێت؟ (بە عەرەبی: كيف يعرف الطبيب الشرعى وقت الوفاة؟، بە ئینگلیزی: ?How does the coroner know the time of death)، شارەزایانی پزیشکی دادوەری هەوڵی دانانی بنەمایەکی زانستی دەدەن بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ورد، شیکردنەوەی نهێنی و کەیسەکان بۆ گەیشتن بە ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە یان دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی ڕوودانی تاوانەکە، هەر وەک لێکۆڵەران و پۆلیسەکانی پسپۆڕییە جیاوازەکان ڕاپرسییەکی گشتگیر لە شوێنی تاوانەکە ئەنجام دەدەن بۆ گەڕان بەدوای بەڵگە و شوێنەوار کە لە تاوانبارەکە یان قوربانییەکەوە بەجێماون. لە بەهێزترین و گرنگترین بەڵگە لە تاوانەکانی کوشتندا تەرمی قوربانییەکەیە. تەرمی مردووەکە تیشک دەخاتە سەر  زۆرێک لە وردەکارییە پەیوەندیدارەکان بە تاوانەکەوە، دەکرێت جۆرەها شوێنەواری پێوە بێت، جا لە سەرچاوەیەکی مرۆییەوە بێت، وەک شلەی جەستە، یان لە ماددەی تر بێت وەکوو دەزووی جل و بەرگی تاوانبار لە کاتی بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام دیاریکردنی کاتی مردنەکە پشت بە چەند پشکنینێکی تر دەبەستێت.

پشکنینی تەرم

پشکنینی تەرم گرنگییەکی زۆری هەیە لە دیاریکردنی کاتی مردن، ئەگەر هۆکاری مردنەکە زانراو بوو پێی دەوترێت پشکنینی کلینیکی، یان نادیار و گوماناوی پێی دەوترێت پشکنینی پزیشکی یاسایی. پشکنینی جۆری یەکەم پێویستی بە ڕەزامەندی نزیکترین کەسی قوربانییەکەوە هەیە، لەکاتێکدا جۆری دووەم ناچارییە و تەنها لەلایەن ئەو پزیشکانەوە ئەنجام دەدرێت کە بە تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە ڕاهێنراون، بە پێچەوانەی جۆری یەکەمەوە، کە لەلایەن هەر پزیشکێکەوە ئەنجام دەدرێت کە ئامادە بێت لە دوای پشکنینی گشتی و سەیرکردنی تەرمەکە بۆ دیاریکردنی ڕەگەز و بەکارهێنانی پێوانە سەرەتاییەکانی کێش و باڵا، لە کاتێکدا پزیشکی پاثۆلۆجی - پسپۆڕی نەخۆشییەکان - دەست دەکات بە بەکارهێنانی تەکنیکە جیاوازەکان و دیاریکردنی کاتی مردن تەنانەت زۆر جار پێش ئەوەی هۆکاری مردنەکەش دیاری بکرێت.

ئەو هۆکارانەی کە پزیشکی دادوەری پشتی پێدەبەستێت بۆ دیاریکردنی کاتی مردنی کەسێک

پلەی گەرمی تەرمەکە

کاتێک پۆلیس دەگاتە شوێنی تاوانەکە، پێویستە بە پشتبەستن بە پلەی گەرمی و ڕەقیی جەستەکەوە بزانن چەنێک کات بەسەر مردنی کەسەکەدا تێپەڕیوە، هەڵسەنگاندنی ورد لەلایەن پزیشکی توێکارەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێویستە پۆلیس پلەی گەرمی جەستە و کاتی وەرگرتنی پلەی گەرمییەکە تۆمار بکات.

ڕەقبوونی تەرمەکە

ڕەقبوونی تەرمەکە لە ماوەی ٣٠ خوولەک بۆ سێ کاتژمێر دوای مردن ڕوودەدات، ئەم ڕەقبوونە لە ئەنجامی کەمی ڕۆیشتنی خوێن و ئۆکسجین بۆ جەستەوە ڕوودەدات، ڕەقبوونەوەکە لە پێڵوی چاوەوە دەست پێدەکات پاشان بۆ شەویلگە، دواتر بڵاودەبێتەوە بۆ بەشەکانی تری تەرمەکە، ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەی (شەش بۆ ١٢) کاتژمێر بەردەوام دەبێت پێش ئەوەی لە (شەش بۆ ١٢) کاتژمێری داهاتوو تەرمەکە دەست بە نەرمبوونەوە بکات.

چاوی مردووەکە

هەروەها دەکرێت لە ڕێگەی چاوی مردووەکەدا کاتەکەی دیاریبکرێت، لە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی سێ کاتژمێری دوای مردن بەسەر چاوەی مردووەکەدا دێت، هەروەها چاوەکان نەرمتر دەبن بەهۆی نەبوونی پەستانی شلە لە پشت چاوەکانەوە.

ڕەنگی پێست

ڕەنگی تەرمەکە یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی کاتی مردنەکە، ٤٨ کاتژمێر دوای مردن بەکتریا دەست دەکات بە زۆربوون لەسەر پێست و ڕەنگێکی سەوزی پێدەبەخشێت، ئەمەش لە بنی گەدەوە دەست پێدەکات و دواتر بڵاودەبێتەوە تا لە کۆتاییدا کاریگەری لەسەر دەست و قاچی مردووەکە دەبێت، نزیکەی چوار بۆ حەوت ڕۆژ لە دوای مردنەوە پێست ڕواڵەتێکی وەک مەڕمەڕ وەردەگرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی و خوێنبەرەکان لە ڕووی پێستەوە کە بە ئاسانی دەبینرێن.

نیشتنی خوێن

نیشتنی خوێن لە خوارەوەی تەرمەکە، بەپێی ئەو شێوەیەی کە تەرمەکە دانراوە، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ کاتی مردنەکەی، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی تەرمی مردووەکە، پەمەیی بوونی ئەو شوێنەی کە خوێنەکەی لێ کۆبووەتەوە، لە ماوەی شەش کاتژمێر دوای مردن بە تەواوی دەردەکەوێت.

کۆئەندامی هەرس

بەهۆی کۆئەندامی هەرس و ئەو خواردنانەی لە ناو گەدەی قوربانییەکەدا هەیە دەتوانرێت زۆر شت سەبارەت بە کاتی مردنەکە دیاری بکرێت.

بۆچی ڕەقبوونی تەرم بە ڕێگایەکی ورد دانانرێت لە دیاریکردنی کاتی مردن؟

ماسولکەکانی جەستەی مرۆڤ ڕاستەوخۆ دوای مردن خاو دەبنەوە، دواتر ڕەق دەبنەوە بەهۆی ئەو کارلێکانەی کە بەسەر پرۆتینەکانی ماسولکەدا دێت، ئەم ڕەقبوونە دوای دوو بۆ چوار کاتژمێر ڕوودادات و بەردەوام دەبێت هەتا نزیکەی ٢٤-٣٦ کاتژمێر، ماسولکەکان دیسانەوە خاو دەبنەوە بەهۆی تێکشکاندنی پرۆتینەکان لەلایەن ئەنزیمەکانەوە، ئەم ڕێگایە بە یەکێک لە ڕێگا وردەکانی دیاریکردنی کاتی مردن دانانرێت، چونکە هۆکارەکانی دەوروبەری تەرمەکە کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر تەرمەکە هەیە، بۆنموونە پلەی گەرمی بەرز دەبێتە هۆی خێرا ڕەقبوون و نەرمبوونەوەی، لە کاتێکدا کەش و هەوای سارد کاریگەری پێچەوانەی هەیە.


سەرچاوەکان



1457 بینین