چۆنیەتی ڕیکلام کردنی سەرکەوتوو

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-15-23:41:00 - کۆدی بابەت: 11294
چۆنیەتی ڕیکلام کردنی سەرکەوتوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چۆنیەتی ڕیکلام کردنی سەرکەوتوو (بە عەرەبی: كيف تعلن بنجاح، بە ئینگلیزی: How to advertise successfully) ڕیکلام کردن یاخود بانگەشەکردن بریتییە لە لقێک لە لقەکانی ساغکردنەوە یان ئاڵوێرکردن و ئەویش لقێکە لە لقەکانی زانستی بەبازاڕکردن. گشت دامەزراوەکان بۆ ئەوەی بگەنە ڕێژەیەکی زۆری بەکاربەر و بەکارهێنەری کۆتایی لە ڕێگەی ساغکردنەوەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە حەوت ڕێگە هەوڵ دەدەن بگەنە ئامانجە دیاریکراوەکانیان کە پێیان دەگوترێت Promotion mix strategy بە کوردی "ستراتیجییەکانی ساغکردنەوە" کە گرنگترینیان "پەیوەندییە گشتییەکان، فرۆشتنی ڕاستەوخۆ، بەبازاڕکردنی ئۆنڵاین، ڕیکلام کردن".  بۆ ئەوەی دەزگایەک بە باشترین شێوە فرۆشی زیاد بکات دەبێت ئاگاداری ئەم خاڵانە بێت. 

گرنگترین لایەنەکانی هۆشیاری ڕیکلام کردن

  • ئەو کاڵایە یان خزمەتگوزارییە کە ڕیکلام یان بانگەشەی بۆ دەکرێت خاڵی جیاکەرەوەی چییە لەگەڵ بەرهەمە ڕکابەرەکان؟ 
  • ئەو کاڵایە تایبەتە بە چ وەرزێک؟ لە چ کاتێکدا خواست لەسەری زۆر دەبێت؟ 
  • بەکارهێنەرانی کاڵاکە کێن؟ منداڵ یان گەنج یان گەورە یاخود پیر کام لەم تەمەنانە ئامانجی تۆن؟ هەروەها ڕەگەز. 
  • کاتی ڕیکلام کردن، چ کاتێک گونجاوە بۆ ئەوەی کاڵاکەت بناسێنیت؟ 
  • میدیای بەکارهاتوو، ئایا ڕیکلامەکەت لە میدیای نووسراو، بینراو یان بیستراو بڵاو دەکەیتەوە؟ 

ڕێگا هەڵەکانی ڕیکلام کردن

  • کاتێک ڕیکلام دەکرێت دەبێت ئەو میدیایە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکەتدا بکات کە وا تەنها کاڵاکانی تۆ پەخش دەکات، نابێت لە کاتەکانی ڕیکلام کردندا سەرلێتێکدان دروست بێت بەوەی دوو بەرهەمی دوو براندی جیاواز ڕیکلامیان بۆ بکرێت. 
  • بەکارهێنانی دروشمی ناڕاست و چەواشییانە، بۆ نموونە براندێک لە ڕیکلامەکەیدا گەر خواردن بێت بڵێت "بەچێژترین تام" یان "نایابترین برنج" یان "بەتامترین زەیت" یان "یەکەمی بێڕکابەر" و چەندین دەستەواژەی تر. بە گشتی نابێت هیچ براندێک لە ڕیکلامەکانی دەستەواژەی باشترین و بێڕکابەر یان هاو واتاکانی بەکاربهێنێت، چونکە ئەوە تۆ نیت بڕیار بدەیت باشترینی یان خراپترین بەڵکو بەکاربەر لە کاتی ئەزموون کردندا بۆی دەردەکەوێت کاڵاکەت تا چەند جێگەی بایەخە. 
  • ئەو خواردنانەی خاڵی جیاوازیان تێدا نییە هەڵەیە ڕیکلامیان بۆ بکرێت، نموونە برنج هی هەر براندێک بێت بە هەمان ڕێگا برنجەکە دەچێنرێت و ئامادە دەکرێت بۆ گواستنەوەی بۆ بازاڕ و دوو جۆر برنج هەیە دەنک خڕ یاخود درێژ، ئەمەش بۆ هەموو جۆرە برنجێک وەکو یەکە و ناتوانیت کڕیار ڕازی بکەیت بەوەی تەنها بەرهەمەکەی تۆ بکڕێت. ئەم قسەیە بۆ هەموو دانەوێڵەکان و بەرهەمەکانی دروستکراو لە شیر هەروەها چا ڕاستە. 
  • ڕێگایەکی زۆر هەڵەی ڕیکلام کردن گوتنی گۆرانی و ژەنینی ئاوازی مۆسیقایە لە کاتی ڕیکلام کردن کە کڕیار نازانێت تیشک بخاتە سەر بەرهەمەکە یاخود گۆرانی و مۆسیقاکە، ئەم بابەتە لە ڕیکلامەکانی خواردندا باوە، لە زۆرێک لە وڵاتەکانی جیهان کاتێک ڕیکلام بۆ خواردن دەکرێت تەنها دیمەنی سینەماتیکە و بێ گوتنی هیچ وشەیەک چونکە خاوەن براندەکە دەزانێت بینەران ئاشنان بەم خواردنە بۆ نموونە برنج، ڕۆن، شیرەمەنییەکان، دانەوێڵەکان و چا، بینەران دەزانن ئامادەی بکەن بۆیە پێویست ناکات قسەی تێدا بکرێت تەنها وەکو دیمەنی Promo دەکرێت نیشان بدرێن. 

ئەنجامدانی ڕیکلامی سەرکەوتوو 

گەر کۆمپانیایەک بیەوێت دووربێت لە هەڵە دەبێت زۆر وریایانە ڕیکلام بکات. گرنگترین بابەتیش ئەوەیە بە شێوەی ئۆفەر ڕیکلام بکەیت نەوەکو ڕیکلامی دووبارە و بێزارکەر بەهەمان شێوازی براندەکانی تر. بۆ نموونە لە بواری خزمەتگوزاری هێڵی ئینتەرنێت یان پەیوەندی کردن دەکرێت ئۆفەرێک بکەیت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە چەند خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکەیت بە نرخێکی کەم کە زۆرترین "سیم" یان ئامێر بفرۆشیت هەروەها لە پەیوەندیدابیت لەگەڵ کڕیارەکانت و لە کاتی پڕکردنەوەی هێڵەکانیان ئۆفەری تریان پێشکەش بکرێت تا زیاتر وابەستەی براندەکەت ببن.

ڕیکلامی سەرکەوتوو لە ڕێگەی دیاریکردنی تەکنیکی جیاواز و بەرفراوان ئەنجام دەدرێت، دەکرێت ئەو ڕیکلامە تەنها وێنەیەک بێت بێ نووسین و گوتنی هیچ دەستەواژەیەک، بۆ نموونە لە بواری یاری ڤیدیۆیی کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمس ساڵی ٢٠١٦ هەڵمەتی ڕیکلامکردنی بۆ یاری Red dead redemption 2 تەنها لە ڕێگەی پۆستەرێکی ڕەنگ سوور بوو کە ژمارەیەک کاوبۆی بەشێوەی ڕەنگی ڕەش و سێبەر دەرکوتوون کە گوزارشت بوو لە یارییەکی ژانەری ڕۆژاوایی.

لە ڕیکلامی سەرکەوتوودا تۆ نابێت قسە بکەیت و وەسفی خۆت بکەیت، بەڵکو دەبێت کڕیار قسەت لەسەر بکات و بە شێوەی زارەکی لە ناو هاوڕێ و کەسە نزیکەکانت ئەزموونی خۆت لەگەڵ بەرهەمەکە باس بکەیت. پسپۆڕانی بازاڕگەری هاوبەشن لەم بۆچوونەدا کە ڕاکێشانی کڕیاری نوێ لە ڕێگەی پارە خەرجکردن تێچووی زیاترە وەک لەوەی کەسێک ئەزموونی خۆییت بۆ باس بکات. بۆ نموونە فیلمێک دەبینیت لە پەڕە و پێگەی سینەمایەک سپۆنسەر کراوە و کورتەی چیرۆکەکەی دانراوە بەڵام هێشتا نازانیت بڕۆیت سەیری بکەیت یاخود نا. بەڵام کاتێک هاوڕێیەکت کە زانیاری لەسەر وردەکاری فیلمەکە هەیە دەتوانێت ساغت بکاتەوە کە بچیت سەیری بکەیت، تۆش دوای سەیرکردن و چێژ وەرگرتن لێی دەکرێت ژمارەیەکی تر لە خەڵک هان بدەیت تا سەیری بکەن بەم جۆرە تەنها لە ڕێگەی زارەکی و ئەزموون کردن وادەکەیت ڕێژەیەکی زۆر کەس هان بدەیت بچنە سینەما بێ ئەوەی  پۆستە سپۆنسەرەکەیان بینیبێت. 

باشترین میدیای ڕیکلام کردن چییە؟ 

بەهۆی ئەوەی هەموو میدیاکان لە ئامێرە زیرەکەکاندا کۆکراونەتەوە کە دەتوانیت ڕۆژنامە و گۆڤار بە ئەلکترۆنی بخوێنیتەوە یان لە مۆبایلەکەتدا گوێ لە ڕادیۆ بگریت و بەهەمان شێوە ئەپلیکەیشن هەیە کەناڵە ناوخۆیی و بینانییەکانی تێدایە بە شێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ، بۆیە بە بۆچوونی شارەزایان باشترین میدیای ڕیکلامکردن بە شێوەی ئۆنڵاین یان دیجیتاڵییە لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆەڵایەتییەکان. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک دەتەوێت لە پەڕەکەی خۆتەوە ڕیکلام بکەیت چەندین بژاردەت هەیە وەکو (تەمەن و ڕەگەز، شوێنی ڕیکلام، واتا شار و شارۆچکەکان، چەند جار دووبارە ببێتەوە) بەم جۆرە ئەم خاڵانە وادەکات ئامانجە دیاریکراوەکان پۆستەکە ببینن، بەڵام لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ ناتوانیت دیاری بکەیت کێ بابەتەکەت ببینێ یان ببیستێت. 


سەرچاوەکان



868 بینین