بنەماکانی کارکردن

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-16-23:02:00 - کۆدی بابەت: 11300
بنەماکانی کارکردن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بنەماکانی کارکردن (بە عەرەبی: مبادئ العمل، بە ئینگلیزی: Principles of working) هەر شتێک لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەنجام دەدرێت بنەما و ڕێسای خۆی هەیە بە گوێرەی لایەنەکان، کارکردنیش کۆمەڵێک بنەمای گشتی هەیە کە پێویستە هەر کەسێک بەر لە ئەنجامدانی کارەکە ئەم بنەمایانە بزانێت و وەکو خۆی جێبەجێی بکات تاوەکو لە ڕووی بەرهەمدارییەوە لە ئاستێکی پێوانەییدا بێت و گەشەکردنی خێرا بە خۆیەوە ببینێت.

بنەماکانی کارکردن 

زانینخوازی 

یەکەم بنەمای کارکردن لە هەموو جێگەیەک پێش هەر شتێک ئەوەیە ئەو کەسەی کاردەکات خولیای فێربوون و زانینخوازی هەبێت. بەشێوەیەکی قووڵ هەوڵی فێربوون بدات و تەنها بیری لای موچەکەی نەبێت کە لە کۆتایی مانگ وەریدەگرێت و بیری لای کات بە فیڕۆدان نەبێت، بەڵکو یەکەم شت دەبێت بیری لای فێربوون بێت تا ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی خۆی بەرەو پێش ببات و ببێتە پێشەنگ لە شوێنی کارەکەی. جگە لەوە کە شتێکی نەزانی نەڵێت دەیزانم هیچ شەرمێکی تێدانییە کەسی فەرمانبەر لە کارەکەی نەزانی دەتوانێت پرسیار بکات و ڕوونکردنەوەی زیاتر وەرگرێت بۆ ئەوەی بە هەڵە کارەکە نەکات. 

بیرکردنەوەی ڕەخنە گرانە 

دووەم بنەما ئەوەیە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی تێدابێت، ئەمەش سوودی ئەوەیە کە فەرمانبەر بتوانێت شرۆڤە و هەڵسەنگاندن بۆ زانیارییەکان بکات کە دێتە بەر دەستی، هەندێک جار ئامارەکان بەهۆی ژمارەیەکی هەڵە ئەنجامی هەڵە دەدات بەدەستەوە بۆیە لەم حاڵەتەدا فەرمانبەر دەبێت ئەم بنەمایەی تێدا بەرجەستە بێت بتوانێت لەناو ڕێژەیەکی زۆر لە ژمارە و ئامار هەڵەکە بدۆزێتەوە و ڕاستی بکاتەوە. چونکە هەموو بەرپرسیارێتییەک هی بەڕێوەبەر نییە بەڵکو فەرمانبەرانیش بەشێکن لە پڕۆسەی کارکردن و لە قازانج و زیاندا هاوبەشن. 

کاردانەوە 

ئەم بنەمایە لە بازرگانیدا بە واتای ئەوە دێت کاتێک ئەرکێک دەدرێتە فەرمانبەر چەند کاتی دەوێت بۆ تەواو کردنی ئەرکەکە و لە ماوەی ئەرکەکەدا لایەنی دەروونی فەرمانبەر چۆن دەبێت بەتایبەتی لە ڕوانگەی ئاگایی خودی و بەکارهێنانی هەموو ئەو تەکنیک و ئامڕازانەی فەرمانبەر دەیزانێت و فێریبووە لە ئەنجامدانی ئەرکەکەدا. بۆ نموونە لە پڕۆگرامەکانی شرۆڤەی داتا و زانیاریدا پیت و وشە هەژمار ناکرێت بۆ نموونە بڵێیت (ڕەگەزی نێر ٦٠ و ڕەگەزی مێ ٤٠) بەڵکو تەنها ژمارە وەردەگرێت بۆ ئەمەش دەبێت ئەو کەسەی بە وەرگرتنی داتاکان هەڵدەستێت ڕەگەزی نێر بکاتە ژمارە بۆ نموونە ژمارە ١ لە بری ڕەگەزی نێر دادەنێت و ژمارە ٢ لە بری دەستەواژەی ڕەگەزی مێ و ژمارە ٣ ئەگەر کەسانێک ڕەگەزیان نەنووسیبێت. دواتر کە هەموو ئەمانەی تۆمار کرد لایەنی کاردانەوە ئەوەیە چۆن دەتوانێت ڕێژەکە وەربگرێت بە ژمارەی سەدی ئەگەر ژمارەکان ئاسان نەبن بۆ نموونە ڕەنگە ٥٠٠٠ کەس فۆڕمەکەی پڕ کردبێتەوە، ئایا ڕێژەی بەشداربووان چەندە؟ بەم جۆرە دەبێت ئەو فەرمانبەرە هەموو ئەو ڕێگایانەی دەیزانێت ئاسانترینیان و خێراترینیان هەڵبژێرێت تا ئەرکەکه تەواو بکات. 

ئارامی 

فەرمانبەر هەمیشە دەبێت ئارام بێت لە کاتی کارکردندا هەر تێبینییەکی لەسەر تۆمار بکرێت لەلایەن خاوەن کارەکەیەوه نابێت بە لایەنی خودی و کەسی وەریبگرێت بەڵکو دەبێت وێنای ئەوە بکات بۆ باشتر بوونی ئەوە نەوەکو شکاندی کەسایەتی. چونکە ئەگەر دان بەخۆتدا نەگریت و ئارامیت نەبێت کارەکەت لە دەست دەدەیت، ڕەنگە کەسەکە وا بیربکاتەوە بڵێت کارەکەم لە دەست دەم باشترە وەک لەوەی ڕەخنەم لێ بگیرێت، ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە چونکە کاتێک CV دەبەیت بۆ شوێنێکی نوێ دەبێت ئاماژە بەوە بدەیت کارت کردووە لە شوێنێک بۆ ماوەیەک دواتر دەپرسن بۆچی وازت هێناوە؟ چونکە خاوەن کارەکان زانیارییان لەسەر شوێنی کاری یەکتر هەیە و یەکتری دەناسن، ئەگەر بڵێی دەرکراوم ئەوا ئەوانیش وابیردەکەنەوە کە کێشەکە لە تۆیە بۆیە ڕەتت دەکەنەوە. 

هاوکاری کردنی یەکتری 

بنەمای پێنجەم کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووەتە سمبولێکی دیاری بازرگانی نوێ و بە ڕێگایەکی کاریگەر دەزانرێت ئەویش کارکردن بە شێوەی گرووپە. فەرمانبەر دەبێت گیانی هاوکاری تێدابێت کاتێک دەچێتە گرووپێکەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک تەمبەڵی نەکات و کارەکان بۆ هاو گرووپەکانی جێنەهێڵێت بەڵکو کاتیان بۆ تەرخان بکات و کارەکان بەیەکەوە تەواو بکەن.

هاوسۆزی 

بۆ هەر فەرمانبەرێک لە شوێنی کارەکەی دەبێت لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوسۆزی یەکتربن، کاتێک ڕووداوێک تووشیان دەبێت، نابێ بە داڕووخانی هەستی کارمەند و فەرمانبەر و بەڕێوبەران دڵخۆشبێت بەڵکو دەبێت لە خۆشی و ناخۆشیدا دەست لەناو دەست بن.

نەرم و نیانی 

ئەم بنەمایە بۆ هەردوو لایەنی فەرمانبەر و خاوەن کارە، لە کاتی کارکردندا نابێت توند و دەمارگر بیت دەبێت بە شێوازێکی ئاسایی کارەکان ڕایی بکەیت بەتایبەتی ئەو کارمەندانەی لە بەشی پرسگە و وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکانی تەلەفۆن و ئیمێڵن نابێ زمانێکی زبر بەکاربهێنن، هەروەها نابێت کێشە و گرفتە خێزانییەکان بهێنرێتە شوێنی کار، یاخود لە میانەی چوونت بۆ کارەکەت تووشی ڕووداوێک بووبیت یان کەسێک قسەیەکی ناخۆشی پێ گوتبیت وات لێبکات لە شوێنی کار ببیتە کەسێکی دەمارگر و توڕە. 

داهێنان و بیرۆکەی داهێنەرانە 

فەرمانبەر دەبێت بیرۆکەی داهێنەرانەی هەبێت و ئامڕاز و تەکنیکی نوێ بەکاربهێنێت یاخود هەموو ئامڕازە نوێیەکانی بۆ دابین بکرێت تا بیرۆکەی داهێنەرانە ئەنجام بدات. بۆ نموونە ئەو کۆمپیوتەرەی لەبەر دەستی فەرمانبەر دادەنرێت نوێترین ویندۆز بێت. یان ئەو پڕۆگرامانەی ئەدۆب کە بۆ دیزاینی وێنە و چاککردنی ڤیدیۆ بەکاردێن نوێترین وەشانیان بێت تا ئاسانتر و خێراتر کارەکانی پێ ڕایی بکرێت. جگە لەمانە فەرمانبەر دەبێت ڕۆژانە هەوڵی فێربوونی بابەتی نوێ بدات چ بە کتێب یاخود ڕاپۆرت و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بیرۆکەی نوێ فێربێت و داهێنان بکات لە کارەکەیدا. 

پاراستن 

ئەم بنەمایە لە زانستی بازرگانی بە واتای ئەوە دێت دەروونی خۆت بپارێزیت و زیاتر بچیتە قووڵایی کێشەکان هەر بە شێوەی ڕووکەش بڕیار نەدەیت. بەڵکو هەوڵ بدەیت لە هەموو لایەنەکان بکۆڵیتەوە کە هۆکارن بۆ کێشەکە. هەندێک جار تاقەت پڕوکێنە بەڵام دەبێت بەهەند وەربگیرێن. پاراستنی دەروون بە واتای ئەوە دێت وەکو لێکۆڵەرێکی کەیسی تاوانەکان کە لەسەر بۆردێک هەموو گریمانەکان و سەرەداوەکان تۆمار دەکات فەرمانبەریش کە ئەرکێکی وای پێ دەسپێردێت بۆ چارەسەری کێشەیەک هەموو ئەو پرسیارانەی هەن و ڕێگاکانی چارەسەر بخاتە سەر بۆردێک تا زیاتر بەرچاو ڕوون بێت و ڕێگاکان بەیەکتر ببەستێتەوە نەوەکو بەپەلە و خێرا و پڕ لە هەڵە کێشەکە چارەسەر بکات. 

ئاکارناسی 

بنەمای دەیەم کە گرنگی خۆی هەیە ئاکارناسی یاخود ئیتیک یان ڕەوشتی کارکردنە. لایەنەکانی مۆڕاڵ و نەیت و یاساکانن تایبەت بە شوێنی کار، یاخود پۆشینی جلوبەرگ و لایەنی ئەتەکێتە. فەرمانبەر دەبێت ئەم نەریتانە وەکو خۆی جێبەجێ بکات و لێی لانەدات. ئاکارناسی سنوور لە نێوان یەکتری دادەنێت کە ڕێگە نادات سنووری یەکتر ببەزێنرێت. شێوازی پۆشینی جلوبەرگ بۆ ئەوە نەبێت موچەکەت یان پلەت بەرز بکرێتەوە پێی یان زیاتر گرنگیت پێ بدرێت و چاو زیاتر لەسەر تۆ بێت. ئیتیک یاخود ئاکارناسی ڕێبەری هەموو ئەندامانی شوێنی کار دەکات کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و دوور لە بەزاندنی سنووری یەکتر کاربکەن تا بەشێوەیەکی بەرهەمدارانە کاربکەن.

پوختە 

بنەماکانی کارکردن گرنگی خۆیان هەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت کار بکات، چونکە ئەم بنەمایانە ڕێکخستن و لێک تێگەیشتنی زیاتر دروست دەکات لە نێوان بەڕێوەبەر و فەرمانبەراندا. بنەماکانی کارکردن سوودیان هەیە بۆ ئەوەی فەرمانبەر گەشەی زیاتر بەخۆی بدات و ئەو لایەنانەی دەزانێت تێیدا وەکو پێویست نییە باشیان بکات تا ئاستی بەرهەمیان زیاد بکات. 


سەرچاوەکان



1971 بینین