ڕێگاکانی دیالۆگ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-17-01:15:00 - کۆدی بابەت: 11306
ڕێگاکانی دیالۆگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێگاکانی دیالۆگ (بە ئینگلیزی: Methods of dialog، بە عەرەبی: طرق الحوار)، ئەم ڕێگایە بە ڕێگای سوکراتی دەناسرێت لەسەر بنەمای ئاڕاستەکردنی پرسیار لەلایەن مامۆستا بۆ خوێندکار و بە پێچەوانەوە بنیات نراوە، بە مەبەستی ورووژاندنی بیری فێرخواز و بە ئاگابوونی بەردەوامی لە وانەکە بەڕێوە دەچێت، بە واتایەکی تر مەبەستی سوکرات لە بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە دەرخستنی بێ ئاگایی بەرانبەرە لەو زانیاری و مەعریفە هەڵانەی هەڵگریەتی و بە ئاگا هێنانەوەیەتی لە ڕێگای پێدانی زانیاری دروست و ئاڕاستەکردنی پرسیار گەلێک. 

ڕێگای دیالۆگ بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت 

قۆناغی دڵنیایی

لەم قۆناغەدا مەبەست دەرخستنی ناڕاستێتی زانیارییەکانی بەرانبەرە سەبارەت بەو باس و بابەتەی مەبەستە بەپێچەوانەی ئەوەی باوەڕی پێی هەبووە. 

قۆناغی گومان

تیایدا پرسیارەکان ئاڕاستە دەکرێت و وەڵامدەدرێتەوە لە پێناو باوەڕپێهێنانی بەرانبەر بەوەی ئەوەی کە دەیزانی ڕاست نییە یاخود بەشێکە لە ڕاستی. 

قۆناغی دڵنیایی پاش گومان

لەم قۆناغەدا گەڕان و لێکۆڵینەوە لە باس و بابەتەکە دەست پێ دەکات لەلایەن بەرانبەرەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستی نوێ. 

مەبەستەکانی بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە

  • تاقیکردنەوەی زانیاری خوێندکار لە بابەتێکی دیاریکراو. 
  • ڕاهێنان و پێداچوونەوەی بە مەبەستی چەسپاندنی هەندێ بیری بنەڕەت لە بیری خوێندکاردا. 
  • وا لە خوێندکار بکرێت کە بەدوای زانیاریدا بگەڕێت. 
  • نەشونماکردنی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن لای خوێندکار. 

ئەو خاڵانەی پێویستە لە پرسیارکردن ڕەچاوبکرێت

١- پێویستە ئەو پرسیارەی کە مامۆستا ئاڕاستەی خوێندکاری دەکات کورت و ڕوون و دروست بێت. 
٢- پێویستە پرسیارەکە ئاڕاستەی سەرجەم خوێندکارەکان بکرێت و مامۆستا لە ناوهێنان و دیاریکردنی خوێندکار دوور بکەوێتەوە.
٣- پێویستە مامۆستا دوور بکەوێتەوە لە بەکارهێنانی شێوەیەکی تایبەتی پرسیارکردن لە خوێندکارەکانی وەک لیستی ناو و دانیشتنی پۆل. 
٤- کاتێکی سنووردار بە قوتابی بدرێت بح بیرکردنەوە و وەڵامدانەوە. 
٥- هەڵەیە جەختکردنەوە لەسەر خوێندکارێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێک کە نایزانێت، چونکە کات بەفیڕۆ دەدات، بۆیە پێویستە پرسیارەکە ئاڕاستەی قوتابیەکی تر بکرێت یان لە کۆتایدا مامۆستاکە خۆی وەڵامەکە ئاشکرا بکات. 
٦- لە پرسیارکردندا ڕەچاوی ئاستی قوتابی و بابەتی تیادا بکرێت، پرسیارەکان بۆ قوتابیە ئاست بەرز و مام ناوەند و ئاساییەکانیش بگونجێت. 
٧- پرسیارەکە لە ئامانجی پەروەردەیی و زانستی بەدەر نەبێت. 
٨- پێویستە کەشێکی لەبار لە نێو پۆلدا بەدیبهێنرێت، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی پۆل بکرێت.
٩- پرسیارێک ئاڕاستە مەکە لە یەک کاتدا دوو پرسیار لە خۆبگرێت، چونکە بیری قوتابی بەلای دوو بابەت و وەڵامدا پەرتەوازە دەبێت. 
١٠- پێویستە مامۆستا دووربکەوێتەوە لو ئاڕاستەکردنی پرسیاری گشتگیر و بەربڵاو. 

ئەو میکانیزمانەی مامۆستای سەرکەوتوو دەیگرێتە بەر

  • خوێندکارەکانت ڕابهێنە بەشێوەیەک وەڵام بدەنەوە هەموو هاوڕێکانی گوێیان لێ ببێت. 
  • ڕێگە مەدە قوتابیەکانت چەند پرسیارێک لە یەک کاتدا ئاڕاستە بکەن. 
  • پێویستە یەک قوتابی وەڵامی پرسیارێک بداتەوە، چونکە وەڵامی بە کۆمەڵ یاسای ناو پۆل دەشێوێنێت. 
  • پێویستە گرنگی بە قوتابیە شەرمن و گۆشەگیرەکان بدرێت لەلایەن مامۆستاوە. 
  • پێویستە مامۆستا وەڵامی پرسیارە گرنگەکان دووبارە بکاتەوە. 


سەرچاوەکان



451 بینین