چۆن بەکارهێنانی بڕی خوێ لە خواردنەکان دیاری بکەم؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-09-17-14:46:00 - کۆدی بابەت: 11313
چۆن بەکارهێنانی بڕی خوێ لە خواردنەکان دیاری بکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بەکارهێنانی بڕی گونجاوی خوێ لە خواردنەکان دیاری بکەم؟ (بە عەرەبی: كيف احدد استخدام كمية الملح المناسبة للطبخة، بە ئینگلیزی: How do you determine the salt content of food) خوێ پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە خواردنەکان بۆیە بەکارهێنانی لە زۆر خواردن دروستکردندا سەرەکییە، بەکارهێنانی بڕێکی زۆری خوێ تامی شۆری دەبەخشێت و زیانی تەندروستی دروست دەکات و بەکارهێنانی بڕێکی کەمیش بێ تامی دەبەخشێتە خواردنەکان.

زۆرێک لە شێف و ئەو کەسانەی بە بەردەوامی خواردن دروستدەکەن دەستیان ڕاهاتووە و دەزانن ڕێژە و بڕی دیاریکراوی خوێ لە خواردنەکان چەندە، لە ڕێگەی دووبارەبوونەوە و ڕاهاتن چاو و دەستیان ڕاهاتووە و خواردنەکانیان بە دەگمەن شۆرە یان بێ خوێیە، بەڵام ئەو کەسانەی کە لە خواردن دروستکردندا ئاستیان سەرەتایە بە تەواوی نازانن بڕی خوێ لە خواردنەکان دیاری بکەن.

چەند هەنگاوێک بۆ دیاریکردنی بڕی خوێ لە خواردن دروست کردندا

بۆ دیاریکردنی ڕێژە و بڕی بەکارهێنانی خوێ لە خواردن دروستکردندا دەتوانیت ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکەیت:

  1. کەوچکێکی پێوانە بەکاربهێنە بۆ پێوانەکردنی بڕی خوێی بەکارهێنراو، هەروەها دڵنیابە کە ئەو کەوچکەی بەکاری دەهێنێت کەوچکێکی پاکە، نابێت ڕووەکەی تەڕ بێت یاخود چەور بێت، هاوکات قەبارەی کەوچکەکە کە بەکاریدەهێنیت دیاری بکە ئایا کەوچکی گەورەی چێشت بێت یان کەوچکی مامناوەندی زەڵاتە بێت یاخود کەوچکی بچووکی چا بێت.
  2. لەکاتی دروستکردنی خواردنێکی نوێ یان لە بابەتی هەویرکاری و شیرینی و خوانە سەرەکییەکان ڕێنماییەکانی دروستکردنی خواردنەکە بە وردی بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی بزانیت بڕی پێشنیارکراوی خوێ بۆ ژەمە تایبەتەکە چەندە.
  3. دەکرێت بتەوێت ڕێژەی خوێ لە خواردنەکان کەم بکەیتەوە یان بڕەکەی سنووردار بکەیت، لەم حاڵەتەدا دەتوانیت کەمتر خوێ بەکاربهێنیت یان جێگرەوەیەکی تەندروستتر بەکاربهێنیت وەک بەهاراتی بیبەری ڕەش، یان بەکارهێنانی سیر و پیاز.
  4. لە کاتی بەکارهێنانی ئاو و شلەی مریشک یان ئاوی گۆشتی کوڵاو کە ئامادەیە و پێشتر خوێی تێکراوە لە دروستکردنی خواردنەکان بڕێکی کەمتر خوێ بەکاربهێنە.
  5. لە کاتی بەکارهێنانی ماجی لە خواردنەکان بڕێکی کەمتر خوێ بەکاربهێنە، چونکە هەندێک جۆری ماجی بڕ و ڕێژەی خوێ لە پێکهاتەکەیدا بەرزە و تامی شۆری بە خواردن دەبەخشێت.
  6. دوای بەکارهێنانی خوێ تامی خواردنەکە بکە و کاتێک تامی خواردنەکەت لەلا پەسەند بوو و تامی ساردی نەدا ئەوە بڕ و ڕێژەی خوێیەکە لە ئاستێکی گونجاودایە.
  7. وریابە لەکاتی بەکارهێنانی خواردنی لەقوتوونراو و خواردنی ئامادەکراو بڕێکی کەم خوێ بەکاربهێنە، چونکە ئەم جۆرە خۆراکانە بە زۆری بڕێکی زۆر خوێیان تێدایە.
  8. بڕی ئەو خواردنەی ئامادەی دەکەیت دیاریبکە، چونکە هەندێک کات ڕێژەی بەکارهێنانی خوێ لە خواردنەکەدا بەندە بە بڕی ئەو خواردنەی دەتەوێت ئامادەی بکەیت، ئەگەر بڕی خواردنەکەت زۆر بوو ئەوە بێگومان بڕێکی زیاتر خوێت پێویستە و ئەگەریش بڕی خواردنەکەت کەم بوو بڕێکی کەمتر خوێت پێویستە.
  9. هەندێک جۆری خواردن نموونەی گۆشتی وشککراوە، گۆشتی ئامادەکراوی بازرگانی، گۆشتی لەقوتوونراو، خواردن و سەوزەواتە شۆرکراوەکان نموونەی خەیار و گێزەر و پیاز و سیر و لەهانە، هەندێک جۆری ئاوتەماتە، هەندێک جۆری بەهارات کە لەگەڵ خوێ تێکەڵ کراون، هەندێک جۆری ماجی، هەندێک سەوزەی وشککراوە، هەموو ئەمانە بڕ و ئاستی خوێ تیایاندا تا ڕادەیەک بەرزە بۆیە لەکاتی بەکارهێنانی ئەو خواردنانە لە خواردنەکەتدا پێویستە بڕی بەکارهێنانی خوێ سنووردار بکەیت.
  10. کاتێک خوێ دەکرێتە خواردنەوە بە تایبەتی گۆشت و سەوزەوات، بڕ و قەبارەی خواردنەکە زیاد دەکات چونکە خوێ هاوکاری زیادبوونی شێی خواردن دەدات، بۆیە ڕاستەوخۆ بە چاو دەزانیت بڕی خواردنەکە کەمێک زیاتر بووە، لەم حاڵەتەدا دەزانیت خواردنەکە بڕی خوێی پێویستی تێکراوە و پێویستی بە خوێی زیاتر نییە.
  11. ئەو پێکهاتانەی کە شۆرن یان تیژن و لە خواردنەکەدا بەکارتهێناوە یان بەهاراتی تیژ و تونت بەکارهێناوە، زۆرجار ئەمە بڕی شۆری زیاد دەکات و پێویستە نیوەی ئەو بڕە خوێیە بەکار بهێنێت کە بۆ خواردنەکە دیاریت کردووە.
  12. کاتی تێکردنی خوێ لە خواردنێکەوە بۆ خواردنێکی تر دەگۆڕێت، ئەو خواردنانەی بڕی نیشاستە و کاربۆهیدرات لە پێکهاتەکانیان زۆرە نموونەی برنج و پاستا و مەعکەرۆنی پێویستە لە سەرەتای ئامادەکردن و کوڵاندنی خوێی بۆ زیاد بکرێت، بەڵام ئەو خواردنانەی پێکهاتەی پرۆتین تیایاندا بەرزە نموونەی گۆشت بەهەموو جۆرەکانییەوە نابێت لە سەرەتای ئامادەکردنی خوێی بۆ زیاد بکرێت چونکە تامەکەیان دەگۆڕێت و ئەستوور و جیڕ دەبنەوە. بۆ خۆشەکردنی گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە لە سەرەتایا بەهارات و سۆسەکانی پێوەبکە پاشان پێش برژاندن یان سوورکردنەوەی ڕاستەوخۆ خوێی پێدا بکە.

دیاریکردنی بڕی خۆی لە ڕێگەی بیرکارییەوە

تیۆری و یاسایەکی بیرکاری هەیە کە بریتییە لەوەی بڕی خوێ لە کۆی گشتی خواردنەکان بە ڕێژەی ١٪ـە. واتا ئەگەر شۆربایەکی ٢٥٠ گرامی ئامادە بکەیت ئەوە ٢٫٥ گرام خوێت پێویستە کە دەکاتە یەک کەوچکی بچووک خوێ. هەروەها بۆ ئامادەکردنی یەک کووپ برنج پێویستت بە بەکارهێنانی چارەگە کەوچکێکی گەورە خوێ هەیە، واتا یەک کەوچکی گەورە خوێ بەو مەرجەی کەوچکەکە پڕ نەبێت، چونکە یەک کووپ برنج دەکاتە نزیکەی ١٠٠ بۆ ٢٠٠ گرام.


سەرچاوەکان



652 بینین