لە ڕۆژانی پشوودا چی بکەم؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-09-17-15:02:00 - کۆدی بابەت: 11314
لە ڕۆژانی پشوودا چی بکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە ڕۆژانی پشوودا چی بکەم؟ (بە عەرەبی: ماذا اعمل في ايام عطلتي، بە ئینگلیزی: What should I do on my days off) بۆ زۆرێک لە خەڵکی کۆتایی هەفتە و ڕۆژانی پشووی دوای کار و پیشەکانیانە، زۆرێک ڕۆژانی پشوویان بە نەکردنی هیچ شتێک بەسەر دەبەن، هەندێکیش بێزار دەبن و دەیانەوێت زوو کۆتایی بە پشووەکانیان بێت تاکوو زوو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

لە ڕۆژانی پشوودا بۆ ئەوەی لە ماڵ بێزار نەبیت چالاکی زۆر و هەمەجۆر هەیە کە دەتوانیت بیکەیت و سوودیان لێ ببینیت و چێژ لە ڕۆژە پشووەکانت وەرگریت. دەتوانیت بەپێی ئارەزووەکانت هەریەکێک لەم چالاکییانە هەڵبژێریت یان تێکەڵەیەکیان تاقی بکەیتەوە و دڵنیادەبیت لەوەی کە لە ڕۆژانی پشوودا کاتێکی خۆش بەسەر دەبەیت و ئارام دەبیتەوە.

چەند چالاکییەکی گونجاو بۆ ڕۆژە پشووەکان

ئارامبوونەوە و نەکردنی هیچ شتێکی گرنگ

ڕۆژە پشووەکان بۆ ئارامبوونەوەی مێشکت و حەوانەوای جەستە و دەروونت بەکاربهێنە، دەکرێت ڕۆژی پشووەکەت بەسەربەریت بێ ئەوەی هیچ شتێکی دیاریکراو ئەنجام بدەیت، کاتی نووستنت زیاتر بکە و درەنگ لە خەو ڕابێ و لە ڕۆژە پشووەکانت زەنگی بێدارکردنەوەی کاتژمێر بۆ بێداربوونەوەت بەکارمەهێنە، وەرزشەکانی ئارامبوونەوە نموونەی تێڕامانی قووڵ یان یۆگا بکە، یان چەند لاپەڕەیەک لە کتێبێکی باش بخوێنەرەوە، گوێ لە مۆسیقایەکی ئارام ڕابگرە یان سەیری فیلمێکی چێژبەخش بکە، یان گەرماوێکی گەرم بکە، ئەم شتانە زۆر سادەن و دەکرێت لە ڕۆژە پشووەکانت زۆر چێژبەخش و ئاسوودەبەخش بن.

گەشت و سەیران و گەڕان بۆ شوێنە نوێیەکان

ئەگەر ماوەی پشووەکەت زۆر بوو، دەتوانیت سوودی لێ ببینیت بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی سنووری جوگرافی خۆت، شوێنی نوێ و جیاواز بدۆزەرەوە یان شوێنێکی گەشتیاری ناوازە هەڵبژێرە و پلانی سەردانیکردنی لە ڕۆژە پشووەکەت دابنێ.

ئەنجامدانی خولیاکانت

دەکرێت خولیایەکت هەبێت کە حەزت لێیە لە ڕۆژە پشووەکانت پراکتیزەی بکەیت، وەک وێنەکێشان و بۆیەردن، نووسین و جۆڕناڵینگ، شیرینی و خواردن دروستکردن، پاسکیلسواری، فۆتۆگرافی و وێنەگرتن، ئەسپسواری، یارییە وەرزشییەکان، کتێب خوێندنەوە، سێرکردنی فیلم، بازاڕکردن و کڕینی شتی نوێ، چنین و دروستکردنی شتومەی کاری دەستی لەگەڵ چەندان خولیای تر، ڕۆژە پشووەکانت دەرفەتێکی زۆر لەبارن بۆ ئەوەی کات بۆ ئەنجامدانی خولیاکانت تەرخان بکەیت و لەو ڕێیەوە چێژ لە ڕۆژانی پشووت ببینیت.

فێربوونی شتێکی نوێ

ڕۆژانی پشوو دەتوانێت دەرفەتێکی زۆرباش بێت بۆ پەرەپێدانی کارامەیی نوێ و فێربوونی شتی نوێ، نموونەی فێربوونی زمانێکی نوێ یان فێربوونی درومان و دیزاینکردنی جلوبەرگ، چنین و فێربوونی کاری دەست، یان فێربوونی وێنەکێشان، لەو بوارەی کە حەزت لێیە خولی ئۆنلاین بدۆزەرەوە یان بەشداری یانەیەکی پەروەردەیی یاخود گرووپێکی ئەو بوارە بکە، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن کە لە ڕۆژانی پشووتدا فێربوی شتی نوێ ببیت.

کاری خۆبەخشی و خێرخوازی

لەوانەیە بتەوێت کاتی پشووەکانت بە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و یارمەتیدانی کەسانی تر بەسەر بەریت، بۆیە بەدوای دەرفەت و کاری خێرخوازی و خۆبەخشی بگەڕێ یان بەشدار بە لە کار و چالاکی ناو ڕێکخراوە خێرخوازییەکان.

گەڕان و دەرچوون بۆ شوێنە نزیکەکان

زۆرجار ڕۆژانی پشووەکان کەمن و ناتوانی سەردانی دەرەوەی شارەکەت بکەیت یان گەشتی دەرەوەی سنووری جوگرافی خۆت بکەیت، بۆیە دەکرێت لە شار و ناوچەکەی خۆت سەردانی ئەو شوێنانە بکەیت کە چێژبەخش و سوودبەخشن، نموونەی سەردانی مۆزەخانە ناوخۆییەکان، سەردانی گەلەرییە هونەرییەکان، سەردانی شانۆ، سەردانی پارک و ڕووبەرە سەوزاییەکان، سەرداری فێستیڤاڵ و بۆنە کولتوورییەکان، سەردانی بازاڕە کولتووری و میلییەکان، هەموو ئەمانە دەکرێت لەگەڵ خێزان و هاوڕێ ئەنجام بدرێت، چێژبەخشە و دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم چالاکیانەوە ڕۆژە پشووەکانت بە خۆشی بەسەربیەریت.

دروستکردنی خواردن و شیرینی

تاقیکردنەوە و دروستکردنی خواردن و شیرینی نوێ یان دروستکردنی ژەمێک لە خواردنی تەندروست یەکێکە لەو چالاکیانەی کە لە ڕۆژانی پشوودا ئەنجام دەدرێت و هەست و چێژی خۆشی بە کەسەکە دەبەخشێت، دەکرێت لە ڕۆژە پشووەکانت سوود لەم چالاکییە ببینیت.

سەردانی هاوڕێ و کەسی نزیک

ڕۆژانی پشوو دەرفەتێکی زۆر لەبارە بۆ سەردانیکردنی کەسی نزیک و دۆست و هاوڕێکانت، لەم ڕێیەوە دەکرێت زیاتر کۆمەڵایەتی تر بیت و لە هەستی تەنیایی ڕزگارت ببێت، لەڕێگەی گفتوگۆ و قسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانت دەکرێت پەیوەندییەکەتان پتەوتر بێت و خۆشەویستی نێوانتان زیاتر بێت.

کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان

لە ڕۆژانی کارکردن بەهۆی نەبوونی کات و ماندوویەتی زۆرجار لە خێزان و کەسە نزیکەکانمان دائەبڕێین و کاتی پێویستمان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیان نییە، دەکرێت ڕۆژە پشووەکان بکەین بە دەرفەت بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی نێوانمان لەگەڵ کەسە نزیکەکانمان، بە گفتوگۆکردن بێت یان بە دەربڕینی هەست و سۆز بۆ یەکتری بێت، کۆبوونەوە لەسەر خوان و خواردنی ژەمێکی سەرەکی پێکەوە، یاخود بە چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی خێزانەکە بێت، ئەمانە دەکرێت لە ڕۆژانی پشوو بکرێت و یارمەتیدەرە بۆ بەهێزبوون و پتەوبوونی پەیوەندی نێوان ئەندامانی خێزان.

باخداری و گرنگیدان بە سەوزایی ماڵ

باخداری یان ناشتنی گوڵ و نەمام لە ماڵەوە کارێکی چێژبەخشە و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕاڕایی، گرنگیدان بە باخچەی ماڵ و پاککردنەوەی، ئاودان و پەرچکردنی، ناشتنی نەمام و گوڵ و شەتڵی نوێ و تازە، هەموو ئەمانە هەستی ئارامی و ئاسوودەیی دەبەخشن و دەکرێت لە ڕۆژە پشووەکانت بۆ تۆ ببێتە چالاکییەکی زۆر چێژبەخش.


سەرچاوەکان



332 بینین