شەش ناودارترین پرد لە تورکیا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-18-22:42:00 - کۆدی بابەت: 11327
شەش ناودارترین پرد لە تورکیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

شەش ناودارترین پرد لە تورکیا (بە عەرەبی: أشهر ستة جسور في تركيا، بە ئینگلیزی: Six most famous bridges in Turkey) کۆماری تورکیا وڵاتێکە بە بوونی پڕۆژەی ستراتیجی وەک پرد، تونێل، ڕێگای خێرا و هێڵی ئاسنین و بەنداو و فڕۆکەخانەی گەورە ناسراوە کە هەر پڕۆژەیەک لەمانە کرابێتەوە لەو ساڵەدا پێوانەی زۆری شکاندووە وەک لە سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران و زۆری بەکارهێنانی پڕۆژەکە لەلایەن هاوڵاتیان بۆ کار ئاسانی ژیانی ڕۆژانەیان. هەندێک لەم پڕۆژانە بوونەتە سیمبولی شارەکان و وڵاتەکە بە گشتی. 

شەش بەناوبانگترین پرد لە تورکیا 

پردی بوسفۆر 

پردی بوسفۆر دەکەوێتە شاری ئیستەنبوڵ کە لە دوای کودەتاکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ ناوی گۆڕدرا بۆ "شەهیدانی ١٥ی تەمموز" پردەکە هەردوو بەشی ئاسیا و ئەورووپای ئیستەنبوڵ بەیەکتر دەبەستێتەوە و بووە بە سیمایەکی دیاری شارەکە و لە زۆرینەی فیلم و دراما تورکییەکاندا وەکو دیمەنێکی سەرنجڕاکێش نیشان دەدرێت. پردی بوسفۆر بە پلەی ٢٥ دێت لە درێژترین پردە هەڵواسراوەکانی جیهان. دەستپێکی پردەکە لە بەشی ئاسیا لە ناوچەی بیلەربێی دەست پێدەکات و  یلە ئۆرتاکۆی لە بەشی ئەورووپی کۆتایی دێت بە پێچەوانەشەوه ڕاستە. درێژی پردەکە ١٥٦٠ مەترە. بەرزی ١٦٣ مەتر. لە بەرواری ٣٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٣ کراوەتەوە. 

پردی سوڵتان محەمەد فاتیح (فاتیح) 

ناوی پردەکە بریتییە لە ناوی سوڵتان محەمەد فاتیح ئەو کەسەی شارەکەی فەتح کرد و کردی بە پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی. بە پلەی ٢٤ دێت لە درێژترین پردە هەڵواسراوەکانی جیهان و سێیەم پردی تورکیایە کە بەشی ئاسیا و ئەورووپا بە یەکتر بگەیەنێت. پردەکە دەکەوێتە ئەنادۆڵ ناوچەی بەیکۆز. درێژییەکەی ١٥١٠ مەترە و بەرزی ١٦٩ مەتر. ساڵی ١٩٨٨ کراوەتەوە. 

عوسمان غازی 

چوارەم گەورەترین پردی هەڵواسراوی جیهانە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییە گرنگەکانی تورکیا کە کارئاسانی زۆری بۆ هاوڵاتیان کردووە لە هاتوچۆکردندا، پردەکە لەسەر دەریای مەرمەرە دروستکراوە، پردەکە بە ناوی عوسمان غازی دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی کراوە. پردەکە لە ساڵی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوە و ساڵی ٢٠١٦ کرایەوە بە ڕووی هاوڵاتیان. پردەکە شارەکانی ئیزمیر و بۆرسە بە ئیستەمبوڵ دەبەستێتەوە. درێژی پردەکە ٢٦٨٢ مەترە. 

پردی ڤەردە ڤیادکت 

ڤەردا کۆپروسو پردێکی تایبەت بە هێڵی ئاسنینە و بە یەکێک لە پڕۆژە ناوبانگەکانی تورکیا دادەنرێت کە لە ناوچەیەکی شاخاویدا دروست کراوە و لەنێوان شاری قەیسەری و ئەدەنە دروست کراوە و درێژی ١٧٢ مەترە و بەرزی ٩٨ مەتر و ساڵی ١٩١٦ کراوەتەوە و تا ئەم سەردەمه بەکاردێت. 

پردی سوڵتان یاوز سەلیم 

لە سێ ناودارترین پردە هەڵواسراوەکانی تورکیا دادەنرێت بەناوی سوڵتان یاوز سەلیم یان سوڵتان سەلیمی یەکەم ناونراوە کە دژی سەفەوییەکان جەنگاوە. پردەکە لەسەر گەرووی بوسفۆر دروستکراوە و تایبەتە بە هێڵی ئاسنین و ماتۆڕ و بایسکیل. ساڵی ٢٠١٣ بەردی بناغەی دانراوە و ساڵی ٢٠١٦ تەواو بووە. لە بەرواری ٢٦ی ئابی ٢٠١٦ بە شێوەیەکی گشتی کراوەتەوە. پردەکە لەلایەن ئەندازیاری بەناوبانگی سویسری "جان فرانچۆیس کلێن" و ئەندازیاری فەڕەنسی " میشێل ڤیرلۆگیوکس" دیزاین کراوە. درێژی ٢١٦٤ مەترە، بەرزی ٢٦ مەتر. بەرواری کرانەوە ٢٦ی ئابی ساڵی ٢٠١٦. 

پردی بەردین 

پردەکە هی سەردەمی بێزەنتییەکانە لە سەدەی دووەمی زایینی دروستکراوە لەسەر نەخشەسازی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمی ڕۆژاوا. بە هەمان تەکنیک و ئەندازیاری. پردەکە لەسەر دەریای ناوەڕاست دروستکراوە و درێژ دەبێتەوە بۆ ئەنادۆڵ. یەکێک بووە لەو پردانەی لە کۆندا بە مەبەستی بازرگانی بەکارهاتووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە پردەکە تەنها بۆ پیادە بەکاردێت و ئۆتۆمبیل بەسەریدا ناڕوات. چونکە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری. شوێنی پردەکە دەکەوێتە ناوچەی سینان پاشا لە ئەدەنە، درێژییەکەی ٣١٠ مەترە.


سەرچاوەکان



2113 بینین