مایسۆفۆبیا (ترس لە پیسی)

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-20-14:12:00 - کۆدی بابەت: 11341
مایسۆفۆبیا (ترس لە پیسی)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مایسۆفۆبیا یان ترس لە پیسی (بە ئینگلیزی: Mysophobia or fear of dirt، بە عەرەبی: ميسوفوبيا او الخوف من الأوساخ) بریتییە لە ترس بەرامبەر پاکی هەموو شتەکانی دەوروبەر بۆ نموونە دەستدان لە درگا و پەنجەرە و کەلوپەلەکانی ناو ماڵ. هەرچەندە کەسانێک هەن گرنگی بە پاک و خاوێنی نادەن و سڵ لە پیسی ناکەنەوە، پاکوخاوێنی شتێکی کردارییە کە دەبێت هەمووان لە مامەڵە ڕۆژانەکانیان ڕەچاوی بکەن. چونکە پیسی شێواوی دروست دەکات، و میکرۆبەکانیش نەخۆشی دەخەنەوە. 

مایسۆفۆبیا چییە؟

لەوانەیە پێشتر دەستەواژەی جێرمۆفۆبیات بیستبێت، بەڵام ئەمە بە تەواوی ئەو ترسانە ناگرێتەوە کە مایسۆفۆبیا دەتوانێت دروستی بکات. ئەو کەسانەی کە مایسۆفۆبیایان هەیە ترسی نەخۆشییان هەیە لە ڕێی پیسبوون و بەرکەوتنیان بە میکرۆب. ئەمەش وردەزیندەوەرەکان دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی پیسبوون و نەخۆشی لەوانە: بەکتریا و ڤایرۆسەکان یان دڵەڕاوکێ و دوودڵی لە گرتنی نەخۆشی لە ئاژەڵ یان لە ڕێگەی بەرکەوتنی جەستەییەوە. 

بۆ ئەوەی مایسۆفۆبیا دەستنیشان بکرێت، دەبێت نیشانەکانی و ئەم ترسانە ماوەی شەش مانگ یان زیاتر بخایەنێت. مایسۆفۆبیا دەتوانێت ببێتە هۆی گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و دەکرێت ببێتە هۆی خەمۆکی ئەگەر چارەسەر نەکرێت.

هەروەها مایسۆفۆبیا لەوانەیە ئەم جۆرانەی تری فۆبیا لە خۆبگرێت، واتا ئەو کەسانەی مایسۆفۆبیایان هەیە لەگەڵیدا ئەمانەشیان هەبێت:

  • ئاتاکسۆفۆبیا Ataxophobia: ترس لە شپرزەیی
  • مایکرۆفۆبیا Microphobia: ترس لە شتە بچووکەکان
  • نۆسۆفۆبیا Nosophobia: ترس لە نەخۆشی
  • ساناتۆفۆبیا Thanatophobia: ترس لە مردن
  • زووفۆبیا Zoophobia: ترس لە ئاژەڵ

ناوەکانی تری مایسۆفۆبیا

  • جێرمۆفۆبیا Germophobia
  • جێرمافۆبیا Germaphobia
  • فێرمینۆفۆبیا Verminophobia
  • بەسیلۆفۆبیا Bacillophobia
  • بەکتریۆفۆبیا Bacteriophobia

مایسۆفۆبیا و ڕاڕایی

توێژەران پێیان وایە کە مایسۆفۆبیا پەیوەندی هەیە بە نەخۆشی ڕاڕایەوە (OCD). کەسێک دەتوانێت مایسۆفۆبیای هەبێت بەبێ ڕاڕایی و قەلەقی یان هەردووکیانی لە هەمان کاتدا هەبێت.

ئەو کەسانەی کە هەردووکیانیان هەیە نیگەرانن لە پیسبوونی شاراوە (وەک خۆدوورگرتن لەو خواردنانەی کە لەوانەیە تێکبچن) یان ڕاڕان لە ڕێگاکانی پاککردنەوە، وەک دووبارەکردنەوەی دەست شوشتن یان بەکارهێنانی زۆری پاککەرەوەی دەست.

هۆکارەکانی مایسۆفۆبیا

بۆماوەیی و ژینگە مەترسی فۆبیای دیاریکراوی وەک مایسۆفۆبیا زیاد دەکەن.

  • بۆماوەیی: مێژووی خێزانی بۆ بوونی نەخۆشی دڵەڕاوکێ ئەگەری تووشبوون بە فۆبیا زیاد دەکات. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە شێواوییەکی زۆر لە خێزانەکاندا هەبێت. بەڵام هەبوونی مێژووی خێزان هەمیشە مانای ئەوە نییە کە ئەم کێشانە کاریگەرییان لەسەر هەموو تاکەکانی خێزانەکە دەبێت.
  • ژینگە: تراوما و کارەساتی هەستی پەیوەندیدار بە میکرۆبەکان یان پیساییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی میاسۆفۆبیا. لەوانەیە لە کەسێکی خۆشەویستەوە سەرچاوەی گرتبێت کە نەخۆش کەوتبێت یان بەهۆی ژینگەیەکی پیسەوە مردبێت.

نیشانەکانی مایسۆفۆبیا

فۆبیا دیاریکراوەکان (ترس لە شتە تایبەتەکان) نیشانەی هاوشێوەیان هەیە تەنها هۆکارەکانیان جیاوازە، واتا هۆکاری جیاواز وایان لێدەکات ئەو نیشانانە دروست بکەن. بۆ نموونە ترس لە ئاو، بینینی ئاو و بیستنی ناوی ئاو هۆکاری دروستبوونی نیشانەکانە یاخود ترس لە پیاوان کە بینین و بیستنی ناو و تایبەتمەندی پیاوان دەبێتە هۆکاری دروستبوونی نیشانەکانی ترس.

ئەو کەسانەی کە مایسۆفۆبیایان هەیە زۆر هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە میکرۆبەکان و ئەزموونی زۆر ناخۆشی دەکەن دەربارەی ئەوە. نیشانە باوەکانی مایسۆفۆبیا دەکرێت بە دوو بەشە نیشانە ڕەفتارییەکان و نیشانە جەستەییەکان.
نیشانە ڕەفتارییەکانیان بریتین لە:

  • ترس لە میکرۆب یان پیسبوون.
  • نیگەرانی دەربارەی ئەوەی کە میکرۆبەکان دەبنە هۆی نەخۆشی.
  • زاڵبوونی ترس لەو بارودۆخانەی کە هەستدەکەن میکرۆبی تێدایە.
  • زانینی ئەوەی کە ترسەکەیان زۆرە، بەڵام هەستکردن بە بێ توانایی بۆ وەستان یان کۆنترۆڵکردنی.
  • ناتوانن بیر لە شتی تر بکەنەوە جگە لە میکرۆب.

هەروەها تاکەکان لەوانەیە ڕەفتاری ناچاری پیشان بدەن لەوانە:

  • خۆ بەدوورگرتن یان زیاد لە پێویست ئامادەکاری بۆ ئەو حاڵەتانەی کە میکرۆبی تێدا دەبێت.
  • دووبارە ئەنجامدانەوەی کردارەکانی وەک دەست شوشتن تەنانەت کاتێک دەستێوەردان لە کارکردن یان ژیانی ڕۆژانە دەکات.
    نیشانە جەستەییەکانیان بریتین لە:
  • ئاڵۆزی مێشک
  • زۆرجار گریان
  • هەستیاری
  • سەرئێشە
  • لێدانی خێرای دڵ 
  • نائارامی
  • لەرزین
  • ئارەق کردن

دەستنیشانکردنی مایسۆفۆبیا

دابینکەرانی چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی ئاسایی فۆبیایەکی دیاریکراو دەستنیشان دەکەن وەک مایسۆفۆبیا بە دانیشتنێک لەگەڵ کەسی تووشبوو. لەم جۆرە نەخۆشییانەدا پشکنین پێویست نییە. لەجیاتی ئەوە، دابینکەرانی چاودێری تەندروستی پرسیار دەکەن دەربارەی نیشانەکان و گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتەکان. لەوانەیە پرسیارەکان بریتین لە:

  • چەنێک بیر لە میکرۆبەکان دەکەیتەوە؟
  • ئایا ڕووداوێکی ئازاربەخشت بینیوە کە پەیوەندی بە میکرۆبەکانەوە هەیە؟
  • میکرۆبەکان وات لێدەکەن هەست بە چی بکەیت؟
  • ئایا ئەو ترسەی دەربارەی پاکوخاوێنی شتەکان هەتە چەنێک دەبێتە هۆی گۆڕان لە هەڵسوکەوتت کە کاریگەری لەسەر دڵخۆشی و ڕۆتینی ڕۆژانە هەیە؟
  • ئایا مێژوویەکی تایبەتی خێزانیت هەیە بۆ مایسۆفۆبیا وجۆرەکانی تری فۆبیا یاخود گرفتە دەروونیەکان؟
  • ئایا لە کەسەکان و شوێنەکان دووردەکەویتەوە بە هۆی بوونی ترس لە پیسییەوە؟
    لە ڕێی ئەم پرسیارانەوە پزیشک دەتوانێت دۆخی کەسەکە هەڵبسەنگێنێت و بزانێت کە ئایا کەسەکە تووشبووی مایسۆفۆبیایە یاخود نا.

ئاڵۆزییەکان

لە سەرووی هەموو شتێکی دیکەوە، فۆبیا زۆرجار کاریگەری لەسەر چۆنیەتی کارکردنی خەڵک لە بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا هەیە. فۆبیای میکرۆبەکان پەیوەندییان هەیە بە حاڵەتی خەمۆکی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە زیاتر لە فۆبیا باوەکانی تر، وەک ترس لە جاڵجاڵۆکەکان.

چارەسەری مایسۆفۆبیا

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونی بە گشتی تێکەڵەیەک لە چارەسەرکردن و دەرمان بەکاردەهێنرێت.

چارەسەری بەرکەوتن: هێشتا یەکەم هێڵی چارەسەرە بۆ فۆبیا دیاریکراوەکان وەک مایسۆفۆبیا. لە ماوەی ئەم جۆرە چارەسەری دەروونییەدا، کەسێک کە فۆبیای هەیە هەنگاو بە هەنگاو و بە بەردەوامی بەو شتە دەناسێنرێت کە لێی دەترسێت هەتا ئەو کاتەی چیتر وەڵامی ترسی بەرامبەر دروست ناکات. بەرکەوتنەکە دەکرێت ڕاستەقینە بێت یان خەیاڵی بێت و بەکارهێنانی شتەکان وەک واقیعی دەتوانێت بەشێک بێت لە پرۆسەی چارەسەرییەکە.
زۆرێک لە پسپۆڕان بەرکەوتن لەگەڵ چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی تێکەڵ دەکەن، کە تێیدا نەخۆشەکان فێری تەکنیکەکانی پشوودان دەکەن، وەک کۆنترۆڵی هەناسەدان و هۆشیاری کاتێک دووچاری ترسەکەیان دەبنەوە.
دواتر نەخۆشەکان ئەو ئامرازانە بەکاردەهێنن کاتێک چارەسەرکەرەکەیان بەرە بەرە دەیانخاتە بەردەم فۆبیاکەیان، بە شێوەیەکی گشتی بە شتێک دەست پێدەکات کە تەنها دەبێتە هۆی کەمێک فشار. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی چارەسەرییەکە، بارودۆخەکان یان ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێیەکی زۆر گەورەتر پێشکەش دەکرێن و خەڵک فێردەبن کە مامەڵە لەگەڵ هەستە پەیوەندیدارەکانیاندا بکەن. واتا بە گشتی لەم چارەسەرییەدا کەسەکە ڕووبەڕووی هۆکاری ترسەکەی دەکرێتەوە بەرە بەرە تا ئەو کاتەی بە تەواوی دەتوانێت ڕووبەڕووی هۆکاری ترسەکەی ببێتەوە و بەمەش چیتر لە کاتی بەرکەوتنیدا ئەو وڵامدانەوە گەورەیەی ترس دروستناکات.

دەرمان: ئەگەر کەسێک تووشی هێرشی ترس ببێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فۆبیاکەی، دەکرێت دەرمان و چارەسەری بەیەکەوە بۆ پێشنیار بکرێت. دەرمانەکانی بڵۆکەری بێتا Beta-blockers و بێنزۆدیازەپاینەکان benzodiazepines باون و لەوانەیە یارمەتیدەر بن لە کاتی چارەسەرکردن کاتێک کەسێک ڕووبەڕووی ترس دەبێتەوە. ئەم دەرمانانە نیشانەکانی ترس کەم دەکەنەوە وەک بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ، زیادبوونی تێکڕای هەناسەدان، لەرزین دەستەکان و جەستە و نیشانەکانی تر.

هەروەها دابینکەری چاودێری تەندروستی لەوانەیە ڕێگری گەڕاندنەوەی سرۆتۆنین (SSRI) ی هەڵبژێردراو بنووسێت ئەگەر مایسۆفۆبیاکە پەیوەندی بە OCD هەبوو. هەروەها ئەم دەرمانانە بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، بەڵام ژەمی زیاتر لەوانەیە بەکاربهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی کە OCDیان هەیە.

لەوانەیە گەڕان بەدوای یارمەتی بۆ چارەسەرکردنی فۆبیاکەت ترسناک بێت، بەڵام شایەنی ئەوەیە. ئەو فۆبیایانەی کە چارەسەر نەکراون پەیوەندییان هەیە بە کێشە دەروونییەکانی تر، وەک دڵەڕاوکێ و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر. چارەسەرکردنی زووی فۆبیا دەتوانێت سوودی ئەرێنی هەبێت بۆ تەندروستی دەروونی تووشبووەکەیان.


سەرچاوەکان



1004 بینین