ترایپانۆفۆبیا (ترس لە دەرزی)

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-20-14:37:00 - کۆدی بابەت: 11342
ترایپانۆفۆبیا (ترس لە دەرزی)

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ترایپانۆفۆبیا یان ترس لە دەرزی (بە ئینگلیزی: Trypanophobia or fear of needl، بە عەرەبی: رهاب المثقبيات او الخوف من الإبرة) ترایپانۆفۆبیا ترسێکی زۆرە بەرامبەر دەرزی. بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە ترایپانۆفۆبیایان هەیە لە دەرزی پزیشکی دەترسن. ئەو کەسانە لەوانەیە خۆیان بەدووربگرن لە وەرگرتنی ڤاکسین، ڕاکێشانی خوێن یان وەرگرتنی دەرمان لە ڕێگەی خوێنهێنەرەکانەوە (IV). هەرچەندە فۆبیای دەرزی باوە، بەڵام لەوانەیە کاریگەری خراپی هەبێت ئەگەر ببێتە هۆی ئەوەی کەسە خۆی بەدووربگرێت یان چاودێری پزیشکی دوابخات. لەم حاڵەتەدا چارەسەر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

ترایپانۆفۆبیا چییە؟

ترایپانۆفۆبیا ترسێکی زۆرە و فۆبیای دەرزی جۆرێکە لە فۆبیای تایبەت. زۆربوونی ترس دەبێتە هۆی تێکدانی ژیانی کەسەکە و ترسێکی گەورە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە چاوپێکەوتنی پزیشک لە دەست بدات یان بەدوای چارەسەری ڕەچەتەکراودا بگەڕێت.

کێن ئەوانەی دەکرێت تووشی ترایپانۆفۆبیا ببن؟

چەند هۆکارێک دەتوانن مەترسی تووشبوون بە ترایپانۆفۆبیا زیاد بکەن ئەمانە بریتین لە:

  • مێژووی ئەزموونی نەرێنی یان تراوما و کارەسات لەگەڵ دەرزی.
  • مێژووی خێزانی بۆ فۆبیای دەرزی.
  • ترسەکانی تر کە پەیوەندییان بە نەخۆشی یان دەرمانەوە هەیە، وەک هایپۆکۆندریا یان جێرمۆفۆبیا (مایسۆفۆبیا واتا ئەو فۆبیایەی بریتییە لە ترسان بەرامبەر پیسی).
  • نەخۆشییەکانی تری دڵەڕاوکێ، وەک نەخۆشی ڕاڕایی (OCD) یان نەخۆشی دڵەڕاوکێی گشتگیر (GAD).

ترایپانۆفۆبیا تا چەنێک باوە؟

لە منداڵاندا زۆرتر باوە. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە لە هەر سێ منداڵدا دوو منداڵ لە دەرزی دەترسن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە دوای گەورەبوون کەسەکان ترسیان بەرامبەر دەرزی نامێنێت. بەڵام هێشتا ئەگەری هەیە کەسانێک لە دوای گەورەبوونیش ترسیان بەرامبەر دەرزی هەر هەبێت.

بەپێی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان، نزیکەی لە سەدا شانزەی گەورەکان خۆیان بەدوور دەگرن لە وەرگرتنی ڤاکسین لەبەر ئەوەی لە دەرزییەکان دەترسن. توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە کە لە هەر دە کەسێکی پێگەیشتوودا یەک کەس تووشی فۆبیای دەرزی دەبن.

نیشانە و هۆکارەکان

هۆکاری ترایپانۆفۆبیا چییە؟

پسپۆڕان هەمیشە یەک هۆکاری ترایپانۆفۆبیا دیاریناکەن. لەوانەیە خەڵکی بە هۆکاری جیاواز لە دەرزی بترسن. لەوانەیە کەسەکان:

  • زۆر هەستیاری بۆ ئازار (hyperalgesia).
  • ترس لە بەستنەوە (merinthophobia) بەتایبەت لە منداڵاندا ئەم حاڵەتە هەیە، کاتێک بۆ دەرزیلێدان یان وەرگرتنی خوێن داوا لە هاوەڵی منداڵەکە دەکەن توند بیگرن. ئەمە وادەکات منداڵەکە زیاتر ترسی بۆ دروست ببێت.
  • یادەوەرییە نەرێنییەکان یان کارەساتاوییەکان کە بە بینینی دەرزی دروست دەبێت.
  • کاردانەوەی جەستەیی وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، خێرا لێدانی دڵ و بوورانە کە لە کاتی بینین یان دەست لێدانی دەرزی دروستدەبن، هەموو ئەم نیشانانە وادەکەن کەسەکە زیاتر هەست بە ترس بکات.

نیشانەکانی ترایپانۆفۆبیا چین؟

ئەو کەسانەی کە تریپانۆفۆبیایان هەیە دڵەڕاوکێیەکی زۆریان هەیە لە کاتی بینین یان بیرکردنەوە لە کردارێک کە دەرزی تێدا بەکاردەهێنرێت. هەندێک جار ئەم دڵەڕاوکێیە ئەوەندە بەهێزە کە کەسەکان لاواز دەبن و ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی هێرشی ترس (شەپۆلێکی لەناکاوی دڵەڕاوکێ کە دەبێتە هۆی نیشانەی جەستەیی
. نیشانەکانی تری ترایپانۆفۆبیا لەوانەیە ئەمانەی تێدا بێت:

  • بورانەوە، سەرسوڕان و سەرگێژخوارن
  • خێرا لێدانی دڵ 
  • بێخەوی
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە.
  • شێوەیەکی کاتی پەستانی خوێن زیاد دەکات.

دەستنیشانکردن و پشکنین

چۆن ترایپانۆفۆبیا دەستنیشاندەکرێت؟
کارمەندانی چاودێری تەندروستی کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی (APA) دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM) بەکاردەهێنن. فۆبیای دەرزی جۆرێکە لە نەخۆشی فۆبی دیاریکراو، لە جۆری فۆبیای برینی دەرزی خوێن. کارمەندێک لەوانەیە نەخۆشی تریپانۆفۆبیا دەستنیشان بکات ئەگەر ترس یان دڵەڕاوکێیەکی توندت هەبێت کاتێک دەرزییەک دەبینیت یان پێویستت بە دەرزیە.

  • ئایا چەند لە دەرزیەکان دەترسیت؟
  • ئەو نیشانانە چین کە دەیبینیت کاتێک دەرزییەک دەبینیت؟
  • نیشانەکانت چەند درێژە دەخایەنن؟
  • ئایا ترس لە دەرزیەکان دەستوەردەداتە کارەکانت و کۆنترۆڵکردنی لە توانای کەسەکەیا نەبێت؟

بەڕێوەبردن و چارەسەر

چۆن ترسی دەرزی چارەسەردەکرێت؟

هیچ ڕێگایەک نییە بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی و یەکجاری ترایپۆنۆفۆبیا واتا ترس لە دەرزی. بەڵام لەوانەیە پێویست بە چەندین ستراتیجی بکات بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی تریپانۆفۆبیا. لەوانەیە کارمەندی تەندروستی پێشنیار ئەم چارەسەرییانە بکات:

  • چارەسەری بەرکەوتن بە هێواشی هۆکاری ترسەکە دەخاتە ناو ژیانی کەسەکەوە. پزیشکی چارەسەرکار لەوانەیە وێنەی دەرزییەک نیشانی کەسەکە بدات، یا لە نزیک دەرزییەک ڕابوەستێت، یانیش داوای لێ بکات کە دەرزییەکە بگرێت. ئامانج لەم چارەسەرییە ئەوەیە وەڵامی جەستەیی و دەروونی کەسەکە بگۆڕیت بەرامبەر بینینی دەرزی.
  • چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی (CBT)، کە زۆرجار پێی دەوترێت چارەسەری قسەکردن، بریتییە لە قسەکردن دەربارەی ترس لەگەڵ چارەسەرکەر. بریتی دەبێت لە فێربوونی تەکنیکی نوێی مامەڵەکردن و ڕێگای جیاواز بۆ بیرکردنەوە دەربارەی دەرزی. سی بی تی یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیاتر کۆنترۆڵی نیشانەکان.
  • دەرمان لەوانەیە یارمەتیدەر بێت ئەگەر پاش هەردوو چارەسەری قسەکردن و بەرکەوتن هێشتا کەسەکە هەست بە فشارێکی زۆر بکات کاتێک لە دەوروبەری دەرزیەکانە یان تەمانەت گوێبیستی ناوی دەرزی دەبێت. 

چۆن کەسەکان دەتوانن بەسەر ترایپانۆفۆبیادا زاڵ بن؟

بۆ زۆرێک لە خەڵک، ترایپانۆفۆبیا هەرگیز بە تەواوی لەناوناچێت و چارە ناکرێت. بەڵام کەسەکان دەتوانن دەتوانیت فێری بەکارهێنانی ستراتیجیەتی مامەڵەکردن ببن و نیشانەکانی ترس کەم بکەنەوە. ستراتیجییەکان بریتین لە:

  • خۆت بەدوور گرتن لە سەیرکردنی دەرزی لێدان یان سەیرکردنی خودی دەرزیەکە.
  • بردنی کەسێکی هاوەڵ، وەک هاوسەر، هاوڕێیەک یان ئەندامێکی خێزان، بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی.
  • خۆ سەرقاڵ کردن بە گۆڕینی پەنجەکانن، یان بە وردی سەیری شێوازێک بکە لەسەر دیوارەکە یان بە قسەکردن لەگەڵ کەسێک لە کاتی دەرزییەکە.
  • پاڵکەوە پێش ئەوەی دەست بە لێدانی دەرزییەک بکەیت، بە تایبەتی ئەگەر لە ڕابردوودا هەستت بە سەرسوڕان یان بورانەوە کردووە.
  • تەکنیکەکانی هەناسەدانی قووڵ تاقیبکەوە بۆ کۆنیرۆڵکردنی هەناسەدان و لێدانی دڵت.
  • بەو کەسەی کە دەرزی یان ڕاکێشانی خوێنت بۆ دەکات بڵێ کە ترست هەیە لە دەرزی.

خۆپاراستن

ئایا هەلومەرجی دیکە هەیە کە مەترسی زیاتر لەسەر تووشبوون بە ترایپانۆفۆبیا دروست بکات؟

لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە فۆبیای دەرزی زیاتر هەبێت ئەگەر دەستنیشانکردنێکی تری تەندروستی دەروونیت هەبێت، وەک:

  • جێرمۆفۆبیا
  • هایپۆکۆندریا
  • شێواوی و راڕایی (OCD)
  • نەخۆشی فشاری دەروونی دوای تراوما (PTSD)

کاریگەری ترایپانۆفۆبیا لەسەر ژیانی ڕۆژانە

ئەو کەسانەی تووشی ترایپانۆفۆبیا بوون پێویستە بە زوویی چارەسەری پزیشکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ترسەکەیان وەربگرن، ئەگەر چی ئەم چارەسەرییە بە تەواوی ترسەکەیان لە ناو نابات، بەڵام هۆکارێک دەبێت بۆ بەردەوامبوونی کردارە پزیشکییەکان و زاڵ بوون بەسەر ترسەکەیان.
چونکە ئەو کەسانەی ترسیان بەرامبەر دەرزی هەیە ڕێگە نادەن بە ئاسانی کردارە پزیشکییەکانی وەک وەرگرتنی خوێن، دەرزی یان دوورینەوەیان بۆ ئەنجامبدرێت. کە ئەمەش بۆ ئەو کەسانەی تووشبووی نەخۆشین زیانی زۆری دەبێت و تەنانەت لەوانەیە بگاتە ڕادەی مردنیان بە هۆی نەخۆشییەوە.


سەرچاوەکان



802 بینین