ژان لوک گۆدار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-20-20:53:00 - کۆدی بابەت: 11345
ژان لوک گۆدار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژان لوک گۆدار (بە ئینگلیزی: Jean-Luc Godard، بە فەڕەنسی: Jean-luc godard، بە عەرەبی: جان لوک غودار)، دەرهێنەرێکی فەڕەنسییە و یەکێکە لە دیارترین ئەندامەکانی بزوتنەوەی شەپۆلی نوێی سینەمایی، لە ساڵی ١٩٣٠ لە پاریس لەدایکبووە لە دایک و باوکێکی فەڕەنسی و سویسرایی، لە زانکۆی سوربون هەر لە پاریس خوێندوویەتی، لە کاتی خوێندندا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی بەپەرۆشەکانی سینەما، کە چەندین کەسایەتی گرنگی تێدابووە، هەروەها یەکێک بووە لە یەکەمین نووسەرەکانی ڕۆژنامەی نامیلکەی سینەما.

کاری دەرهێنەری کۆمەڵە فیلمێکی کردووە کە ڕکابەری فیلمەکانی هۆڵیوود و فەڕەنسای ئەوکاتەبووە، ناوەڕۆکی فیلمەکانیشی ڕەنگدانەوەی بۆچوونی سیاسی ژان لوک خۆی بووە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کە دەربارەی مێژوو هەیبووە، بە گشتی بۆ دروستکردنی فیلمەکانیشی پشتی بە دوو فەلسەفە بەستووە کە بریتیبوون لە مارکسی و ڕیاڵیزم یاخود ڕاستەقینەیی.

سەرەتای دەسپێکردنی

دەستپێکی ئاشنابوونی ژان لوک بە سینەما لە ڕێگەی ڕەخنەی هونەرییەوە بووە، کە نووسینەکانی لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە بڵاودەکردەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٥٣ کرێکاری دەکرد لە دروستکردنی بەنداوێکدا لەوێ فیلمێکی بەڵگەنامەیی لەسەر جێگەکە دروست کرد و بڵاویکردەوە، ساڵەکانی دواتریش چەند کورتە فیلمێکی دروست دەکرد و بڵاوی دەکردنەوە، هەتاکوو کۆتا دانەیان کە لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاویکردەوە بە ناونیشانی چارلۆت و جولی منداڵی بووە هۆی بەناوبانگبوونی.

پاشان بەردەوامبوو لە نووسینی ڕەخنەی هونەری و یەکێکبوو لە چالاکترین ئەندامەکان، دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ یەکەم فیلمی درێژی دروستکرد بە ناونیشانی هەتا بڕانی کۆتا هەناسە، فیلمەکە بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی بینەران و ڕەخنەگرانی فەڕەنسا و وڵاتەکانی تری جیهان، بەجۆرێک بوو کە ئاماژەی دەکرد بە شێوازی شەپۆلی نوێی سینەمایی، تێیدا چەندین تەکنیکی نوێی دەرهێنان و مۆنتاژکردنی بەکارهێنابوو.

ژیانی تایبەتی

ئەم دەرهێنەرە سێ جار هاوسەرگیری ئەنجامداوە، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٦١ بووە، کە لەگەڵ نواندنکارێکی دانیمارکی بوو بە ناوی ئانا کاترینا، لەساڵی ١٩٦٤ پێکەوە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی فیلمیان دروستکرد، بەڵام لە هەمان ساڵدا ژنەکەی تەڵاقداوە و جیابوونەتەوە، دواتر لەساڵی ١٩٦٧ کاتێک فیلمی چینییەکانی بەرهەمدەهێنا، هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێک لە ئەستێرەکانی فیلمەکە کردووە کە ناوی ئانا فیازمسکی بوو.

بەڵام دواتر لە خێزانی دووەمیشی جیابووەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٧١ هاوسەرگیری لەگەڵ ئان ماری میڤیل کردووە و تاکوو ٢٠٢٢ پێکەوە بەردەوام بوون، بە درێژایی ژیانی ژمارەیەکی زۆر خەڵاتی جیاواز و بەنرخی وەرگرتووە و لەناویشیاندا خەڵاتی ئۆسکار، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا و لە مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٢ کۆچی دوایی کرد.

بەرهەمەکانی

ناوەڕۆک و پەیامی زۆرینەی فیلمەکانی دەربارەی سیاسەت و بۆچوونی سیاسی خۆی بووە، هەتاکوو ساڵانی کۆتایی شەستەکان بەوشێوەیە بەردەوام بووە، بەڵام لە کۆتایی شەستەکانەوە گرنگیداوە بە بیرۆکەی نوێتر و جیاوازتر، هەرچەندە دواتر گەڕاوەتەوە سەر بیرۆکەی سیاسی و شێوازی فیلمە کۆنەکان، ئەمەش نموونەی ژمارەیەک لە بەرهەمەکانییەتی:

  • چارلۆت و جوولی منداڵی (١٩٥٨)
  • هەتاکوو بڕانی هەناسەکان (١٩٦٠)
  • با ژیانی بژی (١٩٦٢)
  • خێزانی کرابنیرەکان (١٩٦٣)
  • پیرۆتی شێت (١٩٦٤)
  • سەرکێشییەکی سەیر لە لیمی وریا (١٩٦٤)
  • سەربازی بچووک
  • پیاوانە، ژنانە (١٩٦٦)
  • دروستکراوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (١٩٦٦)
  • چینییەکان (١٩٦٧)
  • کۆتایی هەفتە (١٩٦٧)
  • هەموو کەسێک بۆخۆی (١٩٨٠)

 هەندێک لە وتەکانی

  • پێویستە چیرۆک سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەبێت، بەڵام مەرجنییە بە ڕیزبەندیبێت.
  • هەموو ئەوەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی فیلم ئافرەت و دەمانچەیە.
  • تۆ فیلم دروستناکەیت، بەڵکو فیلم تۆ دروستدەکات.
  • سینەما جوانترین فێڵە لە جیهاندا.
  • لەلای منەوە بیرکردنەوە لە فیلم و دروستکردنی هەمان شتن.


سەرچاوەکان



602 بینین