چی کۆمپیوتەرێک بۆ گرافیک دیزاین بکڕم؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-22-15:32:00 - کۆدی بابەت: 11353
چی کۆمپیوتەرێک بۆ گرافیک دیزاین بکڕم؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چی کۆمپیوتەرێک بۆ گرافیک دیزاین بکڕم؟ (بە ئینگلیزی: What do I need to buy a computer for graphic design، بە عەرەبی: ما الذي أحتاجه لشراء جهاز كمبيوتر للتصميم الجرافيكي؟)، کلیلی چوونە نێو جیهانی دیجتاڵ بە گشتی و گرافیک دیزاین بە تایبەتی بریتیە لە بوونی کۆمپیوتەرێکی باش، لە جیهانی خێرای ئەمڕۆدا کە سەرجەم پیشەکان ڕکابەرێتییەکی گەورەیان تێدایە و لە نێویشیاندا گرافیک دیزاین، بوونی کۆمپیوتەرێکی خێرا گرنگە بۆ بەردەوام بوون و بەجێنەمان لەنێو ئەو جیهانە خێرایەی ئەگەر لە ساتەوەختێکدا لە پێشکەوتن بوەستێت بەجێ دەمێنێت.

پێویستە لە کاتی کڕینی کۆمپیوتەر ڕەچاوی چەند خاڵێک بکرێت

  • پڕۆسیسەر CPU
  • ڕام Ram
  • کارتی شاشە Graphic card
  • عەمبارکردن Storage
  • مۆنیتەر monitor
  • ماک یان وێندۆز؟
  • لاپتۆپ یان دیسکتۆپ؟

پڕۆسێسەر CPU

گرنگترین بەشی کۆمپیوتەرە و بە عەقڵی کۆمپیوتەر ناسراوە هەموو هاوکێشەکانی کۆمپیوتەر ئەنجام دەدات وەک: گۆڕینی ڕەنگ، کێشانی هێڵ، دانانی نوسین، کردنەوەی لیستەکان. هەموو ئەمانە بەهۆی پڕۆسیسەرەوە کار دەکەن، یاخود بتەوێت نەرمەکاڵان بە زوویی بکرێنەوە پێویستت بە پڕۆسیسەرێکی باش دەبێت، دوو کۆمپانیای سەرەکی هەن بۆ دروستکردنی پڕۆسیسەر ئەویش AMD) ،intel)، بە گشتی پڕۆسیسەرەکانی AMD لە بازاڕی ئێستای جیهاندا پێشەنگن و خێراییان زیاترە، بەڵام لە کوردستان پڕۆسیسەرەکانیIntel، بەکارهێنانی زیاترە، پڕۆسیسەرەکانی AMD بەوە ناسراون کە ژمارەی ناوکەکانی زیاترە و لە بەرامبەردا پڕۆسیسەرەکانی  Intel، خێزای کاتژمێر Clock speedی بەرزترە.

پڕۆسیسەرەکانی Intel نەوە دوای نەوە خێراتر دەبن بۆ نموونە پڕۆسیسەری نەوەی هەشتەم %٥٠ خێراترە لە نەوەی حەوتەم، نەوەی هەشتەم ئەم مۆدێلانەی هەیە: (core i3, i5, i9)، جگە لە پڕۆسیسەری جۆری Core کۆمپانیای Intel، لە جیلەکانی پێشووتردا چەندین مۆدێلی تریش هەبووە، مۆدێلەکانی Core i5 و Core i7، چەند جۆرێکی هەیە کە کۆتایی هاتووە بە پاشگر و باوترینیان U, H, HQ, HK. پڕۆسیسەری U لە ٢ تا ٤ ناوک پێکهاتووە وزەیەکی کەمتر سەرف دەکات و خێراییەکەی کەمترە لە چاو جۆری  کە وزەیەکی زیاتر و خێراییەکی زیاتری هەیە و لە ٤ تا ٦ ناوک پێکهاتووە، بەم هۆکارەش جۆری H بۆ دیزاین باشترە.

K: ئاماژەیە بەوەی پڕۆسیسەرەکە دانەخراوە و دەتوانرێت لەرەلەری ئیشپێکردن Overclockingی دەستکاری بکرێت بە مەبەستی زیاتر خێراکردنی کۆمپیوتەر و کارکردنی هەندێک پڕۆگرام و لە بەرامبەردا گەرمییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت.

Q: ئاماژەیە بەوەی پڕۆسیسەرەکە چوار ناوکی هەیە لە جێنەرەیشنی ٧ بەرەو خوار بوونی هەیە.

ڕام (Ram)

ڕام ئاماژەیە بە کەناڵێک لە نێوان (CPU و GPU) و پڕۆگرامەکان ڕێگەدەدات بۆ گواستنەوە و ڕۆشتنی داتاکان لە نێوانیاندا، ڕام نموونەی ترافیکێکە لە ڕێگایەکی خێرادا، ئەگەر ئەم ترافیکە بوەستێت قەرەباڵغی و وەستان ڕوودەدات، کەواتە ئەگەر بتەوێت لە هەمان کاتدا چەند پڕۆگرامێک بکەیتەوە یان کار لەسەر فایلێکی زۆر گەورە بکەیت، یان چەند کردارێک لە یەک کاتدا ئەنجام بدەیت، بۆ نموونە کردنەوەی فۆتۆشۆپ، ئیلیستێر، ئافتەرئیفێکت لە یەک کاتدا بۆ هاوبەشیکردنی فایلێک لە نێوانیاندا ئەو کات پێویستت بە ڕامی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەخێرایی کار لەسەر هەرکامێکیان ئەنجامبدەیت، ڕام بەشێوەیەکی کاتی هەموو ئەو داتایە هەڵدەگیرێت کە لە کاتی کارکردنی پڕۆسیسەردا دروست دەبن بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کارکردنت لەسەر نەرمەکاڵاکانت بە ‌هێندەی قەبارەی ڕام بێت، ئەگەرنا خێرای سیستەم دەوەستێت و فایلی کارکردنەکان دەچنە ناو هارد دیسکەوە لە شێوەی فایلی کاتی و زۆر خاوە بەبەراورد بە ڕام.

کارتی شاشە (Graphic card)

گرافیک کارت بەرپرسە لە بەرهەم هێنانی هەر شتێک و ئامادەکردنی بۆ پیشاندان لە شاشەی هەر ئامێرێک، ئەگەر تۆ وێنەیەک لە فۆتۆشۆپدا بجوڵێنیت ئەوا گرافیک کارت گرنگی دەدات بە چۆنیەتی پیشاندان، هەروەها کێشانی هێڵ، نوێکردنەوەی دەرچەی پیشاندان، گەڕان بە ناو وێبسایتدا، پیشاندانی ڤیدیۆ و وێنە یاری، دەستکاری ڤیدیۆ، کاری 3D، ئەنیمەیشن و ڕێندەر. هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە گرافیک کارتەوە هەیە، دوو کۆمپانیانی سەرەکی هەن بۆ بەرهەمهێنانی گرافیک کارت ئەوانیش: Nvidia, AMD.

لە ئێستادا گرافیک کارتەکانی نڤیدیا پێشەنگی بازاڕیان گرتووە و لە کوردستانیشدا زیاتر بەکاردەهێنرێت و خواست لەسەری زیاترە. گرافیک کارتی نڤیدیا لە ئێستادا دوو جۆری باوی هەیە ئەوانیش RTX و GTX کە جۆری RTX خێرای زیاتر و باشترە بۆ دیزاین و گرافیک. RTX دوو جۆری هەیە: Geforce, Quadro. کە جۆری کوادرۆ زیاتر بۆ ئەوتۆکاد، پڕۆگرامی سریدیەکان، ڕێندەری ڤیدیۆی بەرزی، دەستکاری وێنە، هەرکارێکی گرافیک گونجاوترە و جیفۆرس بۆ ئیشپێکردنی یاری گونجاوترە. گرافیک کارتیش مۆدێل لە دوای مۆدێل خێراتر دەبێت بۆ نموونە: گرافیک کارتی نڤیدیای جۆری geforce1060، کە ڤیدیۆی ڕامی ٣ گێگای هەبێت خێراترە لە گرافیک کارتی geforce1060، ئەگەر ٤گێگا ڤیدیۆ ڕامیشی هەبێت، ئەویش بەهۆی ژمارەی ناوکەکانی دوو هێندەیە.

Vram ڤیدیۆ ڕام بەشێکی گرنگی کارتی شاشەیە و داتا گرافیکەکان لە خۆدەگرێت و گرنگە بۆ خێرای لە پیشاندانی ڤیدیۆ و وێنەی کوالیتی بەرز، هەتا زاکیرەی ڤیدیۆ ڕام بەرزتر بێت دەتوانین ئاسانتر کار لەسەر وێنە و ڤیدیۆی کوالیتی بەرز بکەین بۆ نموونە ئەگەر ڤیدیۆیەکی کوالێتی 1080 دەستکاری بکەین پێویستمان بە ٨ گێگا یاخود زیاتر دەبێت، بەڵام هێشتا ئەگەر زاکیرەی ڕام زیاتر بێت باشتر و خێراتر کار لەسەر ڤیدیۆکە دەکرێت. ڤیدیۆ رام هاوشێوەی ڕام بە گوێرەی خێرایی گواستنەوەی داتا چەندین جۆری هەیە وەک: GDDR4, GDDR5, GDDR5X, GDDR6, HBM, HBM2، پێشگری پیتی G لە وشەی GDDR5، ئاماژەیە بە وشەی گرافیک.

عەمبارکردن (Storage)

پاشەکەوتکردنی ئەو فایلانەی کە کاریان لەسەر دەکەین بۆ نموونە: ئێمە کار لەسەر دیزاینێکی ئاڵۆز دەکەین، کتێبێکی سەدان لاپەڕەیی، ڤیدیۆیەکی چەند کاتژمێری، وێنەیەکی ٢٥ مەتری، ئەو کات پێویستمان بە بۆشایی زیاتر دەبێت لە درایڤدا بۆ پاشەکەوتکردنی خودی فایلەکە و ئەو فایلە کاتیانەی لە کاتی کارکردندا دروست دەبن کە پێیان دەوترێت: Temporary files، هەروەها دوو جۆر درایڤی پاشەکەوتکردنمان هەیە:

HDD: ئەم جۆرە خێراییەکی کەم و بەفیڕۆدانی وزەیەکی زۆر و نرخێکی کەمی هەیە، ئەگەری تێکچوونی بە زەبر و کەوتنە خوارەوە زیاترە.

SDD: ئەم جۆرە خێراییەکی زۆر و وزەیەکی کەم و نرخێکی گرانی هەیە.

بۆ گرافیک دیزاین درایڤی جۆری SDD باشترە و دەتوانیت بە شێوەیەکی خێراتر کار لەسەر سیستەم و گواستنەوەی فایلەکانی دیزاین بکەیت، بۆ ئەم مەبەستە درایڤێکی ٢٥٦ گێگا یان ٥١٢ گێگا، یاخود دەتوانیت هەردوو جۆری هاردی HDD و SDD پێکەوە بەکاربهێنیت بە جۆرێک درایڤی SDD لەسەر سیستەمی ویندۆز دابنێیت تاوەکو هەڵکردنی سیستەم، کردنەوەی پڕۆگرامەکان، کارکردن لەسەریان، خێرا بێت، هەروەها هاردی HDD بۆ هەڵگرتنی وێنە و فایلە بەکارهاتووەکانی ڕۆژانەی دیزاین دابنرێت. دوو جۆر هاردی SDD هەیە: (NVMe SDD و SATA SDD، کە جۆریNVMe SDD پێنج هێندە خێرای زیاترە لە هاردی جۆری SATA SDD ئاسایی).

مۆنیتەر (Monitor)

بەهۆی ئەوەی گرافیک دیزاین ناوەندێکی پیشاندانە، ئەو کات پێویستت بە مۆنیتەرێکی پیشاندان دەبێت بە کوالێتی فوول ئێچ دی، ئەگەر توانات هەبوو ئەوا 4k زۆر گونجاوە بۆ گرافیک دیزاین بە جۆرێک دەتوانیت بە شێوازێکی وردتر و ڕاستەقینەتر وێنە و ڤیدیۆ و رەنگەکان ببینیت چونکە مۆنیتەری HD، تەنها دەتوانێت لە ٪٧٥ ی ڕەنگەکان Adobe RGB پیشان بدات کە لە بنەڕەتدا بۆ ٪١٠٠ی sRGB دروستکراوە بەڵام مۆنیتەری 4K زۆربەی دەتوانێت لە ٪١٠٠ی ڕەنگی Adobe RGB  پیشان بدات، سێبەری ڕەنگی زیاتر.

هەروەها شاشەی جۆری Retina کە بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای ئەپڵە دەتوانێت بەهۆی ڕیسۆلوشنێکی بەرز بوونی پیکسڵی زیاتر لە ئنچێکی دیاریکراودا وێنە بە کوالێتییەکی بەرزتر پیشان بدات و بژاردەیەکی باشە بۆ ئەوانەی سیستەمی ماک بەکاردەهێنن. لە ڕووی قەبارەی مۆنیتەری ١٣ ئینچ زۆر بچوکە بۆ گرافیک دیزاین و لە کاری ورد و ئاڵۆزدا لەوانەیە ببێتە هۆی بێتاقەتی و خاو ڕۆشتنی دیزاین، وا باشە قەبارەکەی بە لایەنی کەم ١٥.٦ ئنچ یان ١٧.٣ ئنچ بێت باشترە. زۆربەی مۆنیتەرەکان تەنها ٨ بت ڕەنگ پیشان دەدەن بەڵام هەندێک مۆنیتەر هەن ١٠ بت زیاتر پیشان دەدەن بەوەش ڕەنگەکان بە شێوازێکی ڕاستەقینەتر و مەدایەکی فراوانتر دەردەکەون.

لاپتۆپ یان دێسکتۆپ؟

بە شێوەیەکی گشتی دێسکتۆپ بۆ گرافیک دیزاین گونجاوترە، لاپتۆپ زووتر گەرم دەبێت بەم هۆکارەش تاوەکو گەرمییەکی زۆرتر بەرهەم بێت خاوتر کاردەکات، پڕۆسیسەری لاپتۆپ توانای لە ٪٥٠ - ٪٦٠ ی کارەکانی دێسکتۆپی هەیە، دێسکتۆپ توانای لە خۆگرتنی ڕامی زیاتری هەیە بە بوونی دەرچەی زیاتر، گرافیک کارتی لاپتۆپ خێراییەکەی ٪٧٠- ٪٨٠ی دێسکتۆپە و کوالێتی نزمترە، دێسکتۆپ ماوە درێژترە و پارچەکانی بە ئاسانی دەگۆڕێت لە کاتێکدا لاپتۆپ زۆربەی پارچەکانی پێوە بەستراوە و بە ئاسانی ناگۆڕدرێت بۆ نموونە: مۆنیتەر، کارتی شاشە، تەنها لایەنی باشی لاپتۆپ هەڵگرتن و گواستنەوەیەتی و لە هەموو شوێنێکدا دەتوانیت دیزاینی پێبکەیت.

ماک یان ویندۆز؟

هەریەک لە سیسیتەمی ماک و ویندۆز تایبەتمەندی خۆیان هەیە، خاڵی بەهێز و لاوازیان هەیە، بە شێوەیەکی گشتی ماک لە جیهانی گرافیک دیزایندا زاڵە و زۆربەی گرافیک دیزاینەرە جیهانییەکان سیستەمی ماک بەکاردەهێنن، ئەویش بە هۆکاری پیشاندانێکی باشتر و ڕاستەقینەتری ڕەنگەکان و کوالێتی بەرز تەنانەت نەرمەکاڵای فۆتۆشۆپ لە سەرەتادا بۆ سیستەمی ماک دروستکرا، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی وێندۆز بۆ گرافیک دیزاین بێ کێشەیە و بۆ ئاستی سەرەتا باشترە. لەوانەیە لایەنێکی زۆر بەکارهێنانی وێندۆز لای هەندێک گرافیک دیزاینەران ئەوە بێت زۆربەی کراکی پڕۆگەامەکان بە ئاسانی و بۆ وێندۆز بەردەستن، یاخود کۆمپیوتەری ماک نرخی گرانترە لەو کۆمۆپیوتەرانەی سیستمی وێندۆزی تێدایە.

دەرئەنجام

کڕینی کۆمپیوتەرێکی باش تەنها لەسەر ئەو بڕیارە بەند نییە کە لە گیرفانتدایە، هەروەها تەنها لەسەر ئەو پڕۆگرامانەش بەند نییە کە ئێستا دەتەوێت کاری لەسەر بکەیت، بەڵکو لەسەر ئەوە بەندە ئایا تا چ ڕادەیەک دەتەوێت کارەکانت بە خێرایی ئەنجام بدەیت؟ یاخود تا چ سنوورێک دەتەوێت بەردەوام بیت؟ ئایا پێت باشترە ٢٠٠ دۆلار زیاتر بدەیت بە کۆمپیوتەرێک؟ یاخود ئەوەی چەندین کاتژمێر لە ئەنجامدانی دیزاینەکانت دوابکەویت ئەویش بەهۆی خاوی کۆمپیوتەرەکەت؟ ئەو کاتەی دڵنیا بوویتەوە لەوەی کە دەتەوێت فێری گرافیک دیزاین ببیت و بە ئارەزوو و ئامانجێکی باشەوە دەستپێکردووە، لە کاتی کڕینی هەر کۆمپیوتەرێک وا باشە ڕەچاوی ئەوە بکەیت، کە بۆ چەند مانگێک یاخود یەنها ساڵێک نەیکڕیت، بەڵکو بۆ چەند ساڵێک، تەنها بۆ یەک پڕۆژەی دیزاینیش نایکڕیت بەڵکو بۆ زۆر پڕۆژە بەهۆیەوە دەتوانیت ئەو بڕە پارەیەی خەرجتکردووە زۆر بە زیادەوە پەیدای بکەیتەوە.

لەوانەیە لە ئێستادا تەنها کۆمپیوتەرەکەت بۆ دیزاینی سۆشیال میدیا بوێت و پێت وابێت پێویستت بە کۆمپیوتەرێکی باش نابێت، یاخود پێت وابێت تەنها بۆ بەکارهێنانی سەرەتایی فۆتۆشۆپ گونجاو بێت، ئەویش ئەو کاتەی ئاستت زیاتر بەرەو پێش دەچێت و کاری دیزاینی پێشکەوتووتر ئەنجامدەدەیت، ناکرێت لە هەر حاڵەتێکی وەهادا دەست بکەیت بە کڕینی کۆمیوتەرێکی نوێ و پارەیەکی زۆر لە چەند کۆمپیوتەرێکدا خەرج بکەیت. دەتوانیت یەک کۆمپیوتەر بکڕیت بۆ ماوەیەکی زۆر و دڵنیاببیتەوە لەوەی دیزاینەکانت دواناخات و لە کارکردن خاوت ناکاتەوە.


سەرچاوەکان



969 بینین