١٠ خوو بە هێواشی کاردەکەنە سەر جوانیت

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-29-20:24:00 - کۆدی بابەت: 11387
١٠ خوو بە هێواشی کاردەکەنە سەر جوانیت

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

١٠ خوو بە هێواشی کاردەکەنە سەر جوانیت (بە ئینگلیزی: Ten habits that slowly effect your beauty، بە عەرەبی: عشر عادات تعمل ببطء على جمالك) چەندین خووی خراپ هەیە کە ئێمە بەگوێرەی شێوازی ژیانمان گەشەی پێدەدەین، بێ ئاگا لەوەی ئەو خووانە چ کاریگەرییەکیان لە سەر ژیانمان هەیە، لە ڕووی تەندروستی، دەرووندروستی و لە ڕووی ڕووخسار و جوانیشمانەوە. کاتێک شێوازی ژیانێکی سەرقاڵمان هەیە کە تێیدا سەرقاڵین بە ڕۆتینی کارەکەمان، خواردنی خراپ دەخۆین، جگەرە دەکێشین و درەنگ دەخەوین هەموو ئەمانە دەتوانن کاریگەری خراپ لە سەر شێوازی ژیان و ڕووخسارمان جێبهێڵن.

ئەمە بە تایبەتی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە لە خێزانەکانیان دوور دەکەونەوە بۆ ئەوەی پارە بەدەست بهێنن یاخود بۆ مەبەستی خوێندن دووردەکەونەوە. لەم کاتەدا و لە دووری خێزان گرنگییەکی کەمتر دەدەن بە شێوازی دروستی ژیانکردن بە تایبەت خەوتن و خواردن.

ئێمە حەز بکەین یان نا، بەڵام هەندێک خووی خراپمان لە خۆماندا گەشە پێداوە کە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونیمان هەیە. ئێمە ڕاستەوخۆ لەوە تێناگەین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم نەریتانە وا دەکەن ناشرین دەربکەوین. بۆیە پێویستە ئێمە هۆشیارتربین و تا زووترە ئەم نەریتە خراپانە بوەستێنین و ژیانمان بەختەوەر و تەندروست بکەین.

ئەو خووانەی کاردەکەنە سەر جوانیت

جگەرەکێشان

جگەرەکێشان هەمیشە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت ئەگەر تەنها هەنێک کات جگەرە بکێشیت یان جگەرەکێشی بەردەوام بیت. سەرەکیترین کاریگەری جگەرە کێشان ئەوەیە کە دەبێتە هۆی زەردبوونی ددانەکان و هەروەها وادەکات کەمتر سەرنجڕاکێش بیت.
ئەمە نەک تەنها زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی تایبەتی هەبێت بە کەمکردنەوەی ڕۆمانسییەت. بێگومان ئەوە ئاشکرایە جگەرە کێشان زیانێکی زۆری تەندروستی هەیە و دەکرێت ببێتە هۆی شێرپەنجەی دەم و سییەکان و جگەر. هەوڵبدە ژمارەی ئەو جگەرانە کەم بکەیتەوە کە ڕۆژانە دەیکێشیت، پاشان درەنگ درەنگ بیکێشە و تا وای لێبێت تەرکی بکەیت.

وەرزشنەکردن

وەرزشکردن دەبێت بەشێک بێت لە ژیانی ڕۆژانەمان. چونکە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی وزە و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و چاککردنەوەی تەندروستی و چالاکی جەستە. وەرزشکردنی ڕۆژانە پێست ڕووناک و شێدار دەکات. ژەهرەکان لادەبات و سووڕی خوێن لە لەشدا زیاد دەکات. جگە لەمە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکان کەم دەکاتەوە و وادەکات گەنجتر دەربکەویت.
لەگەڵ ئەم هەموو سوودانە، چۆن دەتوانیت ڕۆژانە وەرزش نەکەیت؟ گرنگییەکی زیاتر بدە بەو چالاکییانەی سوودی تەندروستی و جەستەییان هەیە و هەوڵبدە هەنگاو بە هەنگاو خۆت ڕابهێنیت لە ئەنجامدانی وەرزش و تا ئەو کاتەی دەیکەیتە بەشێک لە چالاکییە ڕۆژانەییەکانت.

کەمخەوی

خەوێکی تەندروست جەستە تەندروست و ئاسوودە دەکات. لەم ماوانەدا زۆربەی خەڵک ڕاهاتوون بە درەنگ خەوتن لە شەودا، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش. کەمخەوی تەمەن کەم دەکاتەوە و ئەگەری چەندین نەخۆشیش زیاد دەکات. هەروەها کەمخەوی کاریگەری لەسەر پێست و دەرکەوتنی ڕووخساریش دەبێت. خەوێکی باش پێستێکی گەش و تازەت پێدەبەخشێت. بۆیە گرنگی بەوە بدە ڕۆژانە ٦ بۆ ٧ کاتژمێر بخەویت تا هەم گەنجتر دەربکەویت و کەمخەوی کاریگەری لەسەر ڕووخسارت دروست نەکات هەروەها بۆ ئەوەی لە کێشە تەندروستییەکان دووربکەویتەوە.

زۆر خواردنەوەی قاوە

کوپێک قاوە لەوانەیە یارمەتی جەستە بدات تا چالاک بمێنێتەوە و بەس بێت بۆ هێورکردنەوەی دەمارەکانی جەستە، بەڵام کاریگەری لاوەکی زۆری هەیە. زۆر خواردنەوەی قاوە پێست وشک دەکاتەوە و دەبێتە هۆی بازنەی تاریک و وادەکات پیرتر دەردەکەویت. هەروەها کۆمەڵێک زیانی تری تەندروستیشی هەیە لەوانە زیان گەیاندن بە گورچیلەکان. بۆ خۆ بەدوورگرتن لە زیانەکانی خواردنەوەی قاوە هەوڵبدە بڕی قاوە کەم بکەیتەوە و پێستت بە شێداری بهێڵیتەوە.

بەکارهێنانی خواردنی دەرەوە

خواردنی دەرەوە بووە بە بەشێک لە شێوازی ژیانی زۆربەمان. ئەمەش بەهۆی شێوازی ژیانی سەرقاڵ و ئاهەنگی بەردەوام لەگەڵ هاوڕێکان لە کۆتایی هەفتەدا. هەروەها زۆرێک لەو کەسانەی بەهۆی کارەکانیانەوە لە خێزانەکانیان دوور دەکەونەوە لەم کاتە ئەوان پشت بە خۆراکەکانی دەرەوە دەبەستن. خواردنی دەرەوە چەورە و ڕێژەیەکی بەرزی شەکری تێدایە کە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە هۆی ئەوەی کەسێک خوو بداتە خواردنی دەرەوە. ئەم خووە نەک هەر قەڵەوی دەکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی هەیە. هەروەها ئەم خۆراکە چەورە کاریگەرییەکی دیار لەسەر پێست دروست دەکات و بە هێواشی دەبێتە هۆی ناشرینکردنی پێست. واتا هەم هۆکارێکە بۆ قەڵەوی و ناڕێک بوونی جەستە هەمیش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێست هۆکارێک دەبێت بۆ ناشرینبوونی پێست.

فەرامۆشکردنی نانی بەیانی

خواردنی نانی بەیانی یەکێکە لە نەریتە باوەکان کە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان هەیە. زۆرکەس لەبەر چەند هۆکارێکی جیاواز نانی بەیانی بەجێدەهێڵن، وەک درەنگ هەڵسان بۆ کار یاخود درەنگ لەخەو هەستان لە کۆتایی هەفتەدا، هتد. نانی بەیانی بەشێکی پێویست لە خواردنەکەت دروست دەکات کە بەشداری دەکات لە وزەی پێویست بۆ ڕۆژ. 
نەخواردنی نانی بەیانی بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر زیندەچالاکی جەستە دەبێت کە لە کۆتاییدا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی. هەروەها خراپبوونی تەندروستیت کاریگەری لەسەر جوانی و سەرنجڕاکێشی دروست دەکات. کەواتە نانی بەیانی تەندروست بخۆ، کە تێکەڵەیەکە لە پڕۆتین و کاربۆهیدرات و چەوری.

نزیکبوون لە کەسانی نەرێنی

نزیکبوون لە کۆمەڵگایەک لەگەڵ کەسانی نەرێنیدا سەرچاوەیەکی دیکەی فشارە لە ژیاندا. هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەمیشە نائومێدی دروست بکەن هەروەها کاردانەوەی نەرێنیت پێ دەدەن. کەسانی نەرێنی وادەکەن متمانەت لەدەست بدەیت و ڕێگەت پێ نادەن گەشە بکەیت و بەرەوپێش بچیت. لە ئەنجامدا ژیانت دەکەوێتە ژێر فشار و نەرێنیبوونەوە. فشاری دەروونی لە ژیاندا کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستی پێست و بەرگری گشتی، بەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر جوانیت دروستبکات. بۆیە لەو کەسانە دووربکەونەوە کە لە نزیکیان هەست بە ئاسودەیی و ئارامی دەروون ناکەیت و لە زیان و نائومێدی بەولاوە هیچ کاریگەرییەکی دیکەیان لەسەر ژیانت نییە.

فشار

شێوازی ژیانی سەرقاڵ و پێشبڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و پارە فشارێکی زۆرت بۆ دروستدەکەن. کارکردن بۆ ماوەیەکی درێژ لە نووسینگە، شەڕکردن بۆ پلە بەرزکردنەوە و بەرزکردنەوەی مووچە هەندێک لەو نەریتانەن کە کاردەکەنە سەر جوانیت. ئەم نەریتانە فشار دەخاتە سەر ژیان کە کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە، لەگەڵ کاتدا، فشارەکە کاریگەری لەسەر جەستە دروست دەکات. ئەم کاریگەرییە لە شێوەی خۆڵەمێشیبوونی قژ و ماندووبوونی پێست و هیلاکی دەروون دەبینرێت. هەموو ئەمانە بەیەکەوە وا لە تۆ دەکەن کە ناشرین دەربکەویت چونکە ئەو کەسانەی بەردەوام فشاریان لەسەرە سەرنجڕاکێش دەرناکەون.

خواردنەوە کحولییەکان

کەسانێکی زۆر کحول بەکاردەهێنین بۆ پشوودان و چێژ وەرگرتن، لە بۆنە و ئاهەنگەکانیان خواردنەوەی کهولی دائەن، بەڵام کەسانێک تر هەن ڕاهاتوون و ڕۆژانە بەکاری دەهێنن. کە لێرەدا ئەم کەسانە زیانێکی زیاتریان تووش دەبێت بەهۆی خواردنەوەی بەردەوامی کهولەوە.
بەکارهێنانی کحول زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت و چەندین کێشەی تەندروستی دروست دەکات. لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە. هەروەها دەتوانێت کاریگەرییەکی خراپ لە سەر گەنجی و جوانی کەسەکان دروست بکات. ئەوانەی ئاڵوودەی بوون ئەم ئاڵوودە بوونە وایان لێ ئەکات نەتوانن چێژ لە ژیان و خۆشییەکانی ببینن و ئەمەش کاریگەری لەسەر گەنجی و جوانیان دروست دەکات. ئەوانەی زۆر ئاڵوودەی خواردنەوە کهولییەکانن دەتوانن وردە وردە کەمی بکەنەوە هەنگاو بە هەنگاو تا ئەوەی بەتەواوی وازی لێبهێنن.

نەگۆڕینی ئامێری چاککردنی ڕیش

زۆر جار نەگۆڕینی ئامێری ڕیشتاشین نەریتێکی دیکەی خراپی پیاوانە. ئەمە لە سەرەتادا زیانەکانی دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری درێژخایەنی دەبێت. بەکارهێنانی هەمان چەقۆ بۆ ماوەیەکی زۆر بێ کاریگەری نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەبێتە هۆی مەترسی هەوکردن و سوتان و گەشەنەکردنی قژ. بۆیە هەفتانە نەریتێک دروست بکە بۆ گۆڕینی دەمی ئامێری ڕیشتاشینەکە، کە ئەمە هۆکارێک دەبێت بۆ پاراستنی تەندروستی هەروەها وا دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنجڕاکێشیت بهێڵیتەوە.

لەکۆتاییدا

تۆی مرۆڤی تێگەشتوو کارێک مەکە کە زیان بە تەندروستی و جەستە بگەیەنێت. هەمیشە گرنگی بە تەندروستی و جەستەت بدە. ئەمانەی باسکران هەندێک خووی خراپ بوون کە زەحمەتە بەتەواوی بەرەنگاری ببیتەوە. بەڵام بە ڕەچاوکردنی تەندروستی گشتی، پێویستە ئەمانە لاببرێن. ئەگەر هەر یەکێک لەم خووانەت هەبێت دەتوانیت هەنگاو بە هەنگاو لێیان دووربکەویتەوە و خۆت لە زیانەکانیان بپارێزیت لە پێناوی ئەوەی ژیانێکی ئاسوودە و تەندروستتر بژیت و گەنجتر بمێنیتەوە.


سەرچاوەکان



748 بینین