جیاوازی نێوان یاری بێ بەرانبەر و خزمەتگوزاری و دیسک چییە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-10-08-23:08:00 - کۆدی بابەت: 11417
جیاوازی نێوان یاری بێ بەرانبەر و خزمەتگوزاری و دیسک چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاوازی نێوان یاری بێ بەرانبەر و خزمەتگوزاری و دیسک چییە؟ (بە عەرەبی: ما الفرق بين الألعاب المجانية و المتوفرة في الخدمة و الأقراص؟، بە ئینگلیزی: What are the differences between free to play games, on-service games and disc games? لە پیشەسازی یاری ڤیدیۆییدا سێ جۆر یاری هەیە ئەوانیش یاری بەرجەستە یان دیسک، یاری بێ بەرانبەر و یاری سەر خزمەتگوزاری یان پێشیان دەگوترێت یاری دیجیتاڵی.

یاری دیسک یان CD

ئەم یارییانە لە فرۆشگاکانی فرۆشتنی کەلوپەلی یاری بەردەستن، دوای بڵاوکردنەوەی یارییەکە لە فرۆشگاکان بەردەست دەبێت بۆ کڕیاران. ئەم یارییانە گەرچی لە ڕووی نرخ بەهۆی ئەوەی کۆپی ڕەسەنن نرخیان زۆرە کاتێک بڵاودەکرێنەوە کە بە گشتی لە ٤٠-٧٠ دۆلارە جۆری ئاساییەکەی.

سوودی یاری دیسک چییە؟

یاری دیسک بڕیاردەدات ئەم یارییە چەندێک فرۆشی دەبێت و کێبڕکێ دەکات بۆ پڕ فرۆشی، کە لە ئاماردا سێ ڕۆژ تا هەفتەی یەکەم بڕیاردەدات یارییەکە فرۆشی چەندە، کەواتە دەکرێت بگوترێت یارییە بەرجەستەکان یاخود دیسکەکان هەر چەندە گران بن ئەوا تاکە ڕێگەی چوونە لیستی پڕفرۆشییە.

یارییە F2P یان بێ بەرانبەرەکان

ئەم یارییانە زۆر جار یاری نوێن یان ئەو یارییانەن کە گەیمەران نەیانتانیوە ئەزموونی بکەن بە شێوەی دیسک یان دیجیتاڵی، ستۆدیۆ دێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی یارییەکە فراوان بکات و هەموو ڕەنگ و کولتوورە جیاوازەکان کۆبکەنەوە دێن لەسەر ئامێرە جیاوازەکان یارییەکە بڵاودەکەنەوە جا بۆ مۆبایل، کونسوڵ یان کۆمپیوتەر. بەشێوەی بێ بەرانبەر دەیداتە گەیمەران!

سوودی یارییە بێ بەرانبەرەکان چییە؟

ڕەنگە بگوترێت ستۆدیۆیەک دوای ئەو هەموو ماندوو بوونە چۆن یارییەک بە بێ بەرانبەر دەداتە گەیمەر، چۆن قازانجی لێ دەکات؟ سوودی یارییە بێ بەرانبەرەکان بۆ فراوانکردنی کۆمەڵگەی یارییەکەیە بۆ نموونە یارییەکی وەک Call of duty ملیۆنان گەیمەری هەیە بەڵام ڕەنگە هەموو کەس ئۆنڵاینەکەی نەکردبێت، تۆ وەک گەیمەرێکی یارییە ئۆنڵاینەکان دەتوانی بە مۆبایلەکەت یاری Call of duty mobile بکەیت کە هەمان نەخشەکانی یارییەکانی Call of dutyییە لەسەر کونسوڵ بە هێڵێکی خاوی ئینتەرنێتیش بێت کار دەکات. ئەمەش وادەکات ئەوانەی هێڵی ئینتەرنێتی خێرایان نییە ڕوو لە یارییەکە بکەن لەسەر مۆبایل. هەروەها دەبێت ئاگاداری ئەوەش بین ئەم یارییانە تەنها داگرتنیان کردنیان بێ بەرانبەرە، ئەگەرنا لەناو یارییەکەدا in game-purchase هەیە واتا بۆ بەهێزکردنی خۆت دەبێت پارە خەرج بکەیت هەندێ جار چەکێکی تایبەت دێت بۆ بۆنەیەکی گرنگ لە ساڵەکەدا وەک هالۆوین، سەری ساڵ و بۆنەکانی تر، دەبێت بە پارەی ڕاستی یان بەشداری کردن لە باتڵ پاس بۆت دەکرێتەوە، یان سکین لە یارییە تەقەکردنەکاندا سکینی کارەکتەر بۆ جوانی نییە بەڵکو توانست و کارامەیی خۆیان هەیە وەک هەیانە خوێنی زیاترە یان بەرگرییەکەی بەهێزترە یان هێزێکی جیاوازی هەیە که لەسکینی بێ بەرانبەردا نییە. بەم ڕێگایە وادەکەن پارە خەرج بکەیت و بەم ڕێگەیەش پارە پەیدا دەکەن.

یارییەکانی خزمەتگوزاری

ئەم یارییانە بە بەشداری مانگانە و ساڵانەیە گەیمەر سوودمەند دەبێت لە بەردەست بوونی نوێترین یارییەکان یان یارییە ناوبانگەکان لە ڕێگەی پێدانی پارە بەشێوەی پاکێج و پلان. ئەم یارییانە کە دەخرێنە خزمەتگوزاری مانگانە ئامانج لێیان تێبینی کردنی گەیمەرانە بۆ کاردنەوەیان بەرانبەر یارییەکە و دانانی پلانی داهاتوو. ڕوونتر، کاتێک یارییەک یەکەم ڕۆژ خراوەتە خزمەتگوزاری بۆنموونە یەک ملیۆن کەس دایگرتووە لای ستۆدیۆکە کاتژمێرەکانی یاریکردن تۆمار دەکرێت، بە تێکڕا بۆ هەرکەسێک ١٠ کاتژمێر یاری کردووە ئەمە بڕیاردەدات کە ستۆدیۆکە بەشی نوێ بڵاوبکاتەوە یان لە هێنانی وەشانی نوێ بەردەوام بێت.

لە ڕووی سوود و زیان بۆ گەیمەر کامیان باشترە؟

گەیمەر بەر لەوەی یارییەک بکڕێت دەبێت بیر لە داهاتی خۆی بکاتەوە، لە وڵاتێکی وەکو کوردستان نرخی یاری بە دیسک یان CD گرانە. ڕەنگە تۆ تەنها چیرۆکی یارییەکە بکەیت کڕینی یارییەک بە ٥٠-٧٠ دۆلار و بۆ یەک جار تەواو کردن مایەی زیانە. گەیمەر وا پێناسە دەکرێت بەردەوام یاری نوێ دەکات و لەسەر یەک یاری نامێنێتەوە بۆ هەر یارییەک ٥٠-٧٠ دۆلار ئەمە زیانێکی ئابووری و خودی گەورەیە. بەڵام یارییەکانی سەر خزمەتگوزاری تۆ مانگانە پاکێجێک دەکڕیت یان بۆ ساڵانە پاکێجێک دەکڕیت کە ژمارەیەکی زۆر یاری چیرۆکی لە خۆ دەگرێت و لە هەمان کاتیشدا تۆ پارەی کردنی یارییەکان لە پاکێجەکەوە دەیدەیت نەوەکو بۆ هەر یارییەک پارە بدەیت، تا ماوەی پاکێجەکەت تەواو دەبێت دەتوانی یارییەکان بکەیت و یاری جیاواز تاقیبکەیتەوە. ئەمەش سوودێکی زۆرت پێ دەگەیەنێت لەڕووی ئابووری.

یارییە بێ بەرانبەرەکان داگرتنیان بێ بەرانبەرە بەڵام ناچارت دەکات بۆ بەهێزکردنی خۆت پارەی ڕاستی خەرج بکەیت تا سوودمەند بیت لە کۆمەڵێک بابەت وەک (چەک، سکین، سکیڵ، چەندین بابەتی تر) لێرەشدا ئەگەر پارە خەرج نەکەیت ناتوانیت لەگەڵ گەیشتنت بە پلەی بەرز لە ڕووی ئاست بەرانبەر یاریزانەکانی تر یاریبکەیت چونکە ئەوان پارە خەرج دەکەن و سوودمەند بوون لە ئۆفەرەکانی یارییەکە.

لە ڕووی سوود بۆ گەشەپێدەران کامیان باشترە؟

یارییە بەرجەستەکان "دیسک" باشترن بۆ قازانج و سوود بۆ گەشەپێدەران. چونکە داهاتەکەی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ستۆدیۆیەکە. بەڵام یارییەکانی خزمەتگوزاری بەشێوەی هاوبەشییە لەگەڵ لایەنی یەکەم کە خاوەن پاکێج و پلانی خزمەتگوزارییەکەیە لە جیهاندا گرنگترین خزمەتگوزاری پلەیستێشن پڵەس کە هی کۆمپانیای Sony و گەیم پاس هی کۆمپانیای XBOX کە لە کۆی گشتی بەشێکی داهات دەگەڕێتەوە بۆ ستۆدیۆی لایەنی سێیەم کە ئەوانیش ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنەری یارییە ڤیدیۆییەکانن کە بە سەربەخۆیی کار دەکەن. کە ئەمەش زۆرجار داهاتێکی زۆر نییە و ناتوانن تێچووی بەرهەم هێنان بەدەست بهێننەوە.

یارییە بێ بەرانبەرەکان ڕێژەیەکی زۆر یاریزان لەخۆدەگرن بەڵام زۆرکەس هەیە ئامادە نییە پارە بدات. خاڵێکی تریش دەکرێت باس بکرێت یارییە دیجیتاڵییەکان دەکرێت بە چەند کەسێکەوە بکڕدرێن بۆ نموونە یارییەک بە ٥٠ دۆلار بێت بە چوار کەس بیکڕن یەکی ١٢٫٥ دۆلاریان بەردەکەوێت و دەتوانن لە ئەکاونتەکە لای خۆیان دایبگرن و بە نۆرە بیکەن. ئەمەش تا ڕادەیەک زیانە بۆ ستۆدیۆکە چونکە چوار کەس یاری دەکەن کە بە هەر چواریان ٥٠ دۆلاریان داوە. بەڵام یاری دیسک گەر بە چەند کەسێکیش بکڕدرێت لەناو خۆیاندا بە زەحمەت دەتوانن بیکەن چونکە تا یەکێک تەواوی نەکات ئەوانی تر ناتوانن یارییەکە وەربگرن و بیکەن. لە کۆتاییدا دەکرێت بگوترێت یارییە بەرجەستەکان کە پێیان دەگوترێت دیسک یان CD کاریگەرتن بۆ بەدەست هێنانی قازانج بۆ ستۆدیۆکان و لە یارییەکانی سەر خزمەتگوزاری باشترن لە هەمان کاتدا لە یارییە بێ بەرانبەرەکانیش باشترن بەپێی بۆچوونی شارەزایان چونکە تێبینی کراوە گەیمەران زۆر لەسەر یارییە بێ بەرانبەرەکان نامێننەوە.


سەرچاوەکان



248 بینین