مۆشی دایان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-10-14-21:42:00 - کۆدی بابەت: 11421
مۆشی دایان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مۆشی دایان (بە عەرەبی: موشي دایان، بە ئینگلیزی: Moshe Dayan) فەرماندە و سەرۆک ئەرکان و وەزیری بەرگری پێشووتری ئیسڕائیلە. بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسڕائیل دادەنرێت بەهۆی بەشدارییەکانی لە جەنگی هێڵی پێشەوەی قودس لە ١٩٤٨ کە بە جەنگی عەرەب - ئیسڕائیل ناسراوە، قەیرانی سوێس لە ١٩٥٦ و ئەوەی زۆر پێی ناسراوە سەرکەوتنیەتی لە جەنگی شەش ڕۆژە لە ساڵی ١٩٦٧ و دوای ئەم جەنگە مۆشی دایان وەک سیمبولی بەرگری لەلایەن جولەکەکان دەستنیشان کرا.

زانیارییە گشتییەکان

ناو مۆشی دایان
بەرواری لەدایکبوون ٢٠ی ئایاری ١٩١٥
شوێنی لەدایکبوون کیبوتزی دجانیا - ناهال - فەڵەستین
مردن ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٨١
شوێنی مردن تلئەبیب
پۆست: پلەی سەربازی سەرۆک ئەرکان ١٩٥٣-١٩٥٨، وەزیری کشتوکاڵ ١٩٥٩-١٩٦٤وەزیری بەرگری ١٩٦٨-١٩٧٤ و وەزیری دەرەوە ١٩٧٧-١٩٧٩.
ئەرکەکانی وەک فەرماندە  سەرۆکی گشتی سوپای بەرەی باکوور و باشوور
جەنگەکان جەنگی عەرەب لە فەڵەستین، جەنگی جیهانیی دووەم، جەنگی عەرەب-ئیسڕئیل ١٩٤٨، جەنگی قەیرانی سوێس، جەنگی شەش ڕۆژە، جەنگی ئیسنتزاف، جەنگی یۆم کیپور.
ڕێزلێنان مەدالیای شەرەف 

سەرەتای ژیان

مۆشی دایان دەڵێت: ئەم ناوە لە کەشێکی سارد و کەساسدا لە دایک بووە چونکە ناوی مۆشی لە ناوی گۆڕێکەوە لە من نراوە، گۆڕەکە دەکەوتە نزیک ئەشکەوتی هەڵگرتنی ڕۆنی کیبوتزی دجانیا لە هەرێمی ناهال لە فەڵەستین.

لە ڕۆژی ٢٠ی ئایاری ١٩١٥ لە کیبوتزی دجانیا لە دایکبووە. وەکو خۆی باسی لێ دەکات سەرەتای ژیانی دژوار بووە، بەهۆی ئەوەی خاکی فەڵەستین لە ژێر فەرمانڕەوایی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بووە و لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم هێزەکانی بەڕیتانیا خاکی فەڵەستینیان داگیرکرد و چەند جەنگێک لە نێوان عوسمانی و بەڕیتانییەکاندا ڕوودەدات کە دەبنە هۆی ماڵوێرانی بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە چ بۆ موسڵمانان و چ بۆ دانیشتوانی کیبوتزەکان کە جولەکە بوون.

مۆشی سێیەم منداڵی شاموێل و دیڤورە دایان بوو کە لە بنەڕەتدا جولەکەی ئۆکرانی بوون و کۆچیان کردبوو بۆ فەڵەستین و لە کیبوتزی دجانیا نیشتەجێ ببوون. 

مۆشی دووەم منداڵ بوو کە لە کیبوتزەکە لەدایکببێت، مۆشی بەناوی یەکەم جولەکەی ئەو کیبوتزە ناونراوە کە لە هێرشێکی عەرەبەکاندا کوژرا و ناوی "موشێ بارسکی" بوو.

کاتێک دایک و باوکی مۆشی ماڵەکەیان بۆ ناهال دەگوزانەوە مۆشی لەوێ لە قوتابخانەی کشتوکاڵ دەست بە خوێندن دەکات لە بەشی کێڵان. مۆشێ زمانەکانی عیبری، عەرەبی، ئینگلیزی بە باشی زانیوە.

مۆشێ سەبارەت بە باوەڕی ئایینی خۆی دەڵێت: هەرگیز پابەندی بیروباوەڕی تایبەت نەبووم ڕاستە جولەکەم بە شێوەی نەژادی بەڵام باوەڕم بە بۆچوونێکی دیاریکراو نییە.

سەربازی

مۆشی دایان لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا پەیوەندی کرد بە هێزی بەرگری جولەکە بەناوی "هاگانا" و ساڵی ١٩٣٨یش پەیوەندی کرد بەهێزەکانی سەرپەرشتیکردنی بەڕیتانیا و سەرپەرشتی هێزێکی پێدرا بەناوی MAN. لەلایەن "ئۆردی وینگەیت" بریکاری هەواڵگری ئینگلیزەکان نازناوی پاڵەوانی زایۆنییەکانی پێدرابوو بەهۆی چالاکییەکانی شەوانەی. لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٩ کرا بە وانەبێژی سەبازی لە فێرگەی هاگانا. 

لە ڕووداوێکدا ٤٣ سەربازی وادی بیرا لەلایەن ١٢-١٥ چەکداری ئەردەنی دەست بەسەر دەکرێن و فەرماندەی هاگانا داوای دوورخستەوەی کەمپەکە دەکات، مۆشی دایان دوای حەوت مانگ مانەوەی لە زیندانی چەکدارەکان بە ڕێکەوتنێک ئازاد کرا.

دوای ئەم ڕووداوە مۆشێ پەیوەندی بە یەکەیەکی هێرشبەری هاوپەیمان لە بەرەی ئوسترالی بۆ هێرشکردنە سەر سوریا و لوبنان کرد.

لەدەستدانی چاوێکی

لە بەرواری ٧ی حوزەیرانی ١٩٤١ لە شەوی پێش هێرشەکەیان بۆ سەر سوریا و لوبنان، یەکەکەی دایان سنووریان بڕی و دوو پردیان لەسەر ڕووباری لاتینی کۆنتڕڕۆڵ کرد. لەو کاتەدا دایان لە ژێر فەرماندەیی فەرماندەیەکی بەڕیتانی بوو بەناوی "هێنری مەیتلاند ویلسۆن" کاتژمێر چواری بەرەبەیان لە ڕۆژی ٨ی حوزەیران فەرمانی هێرشیان پێدرا لەسەر ڕاسپاردەی خۆیان و توانیان بنکەیەکی پۆلیس بەناوی ڤیکی دەست بەسەردا بگرن. دوای ماوەیەک لە گرتنی شوێنەکە مۆشی دایان لە سەربانی بنکەکە بە دووربینەکەی دەستی دەوروبەری دەپشکنی تا شوێنی فەڕەنسییەکان لەوبەری ڕووبارەکەوە دیاریبکات، لەناکاو تەقە لە دووربینەکەی دەکرێت و بەهۆیەوە چاوێکی لە دەست دەدات. لە بارەی ئەم ڕووداوە دایان دەڵێت " ڕەنگ بوو دەست بەجێ بمردبام ئەگەر بێرنارد دۆڤ پرۆتەر هاوکاری و چارەسەری برینەکەمی نەکردبایە". 

هەوڵدرا چاوێکی شوشەی بۆ دابنرێت بەڵام شوێنی برینەکە هێندە خراپ بوو نەتوانرا چاوی شوشەی بۆ دابنرێت لە بری ئەوە بە پارچە قوماشێکی ڕەش چاوی داپۆشی و ئەوەش بووە سیمبول لای جولەکەکان و کاتێک ناوی مۆشی دایان دەهێنرا بەو سیما نوێیەی دەناسرایەوە.

ساڵی ١٩٤٧ لە پاریس نەشتەرکارییەکی بۆ کرا کە چاوی بۆ دابنرێتەوە دوای نەشتەرکارییەکە دەرئەنجامی نەرێنی لەسەر دەرکەوت کە نیشانەی ئەوە بوون لەشی قبووڵی ئەو چاوە ناکات بۆیە بڕیاری دا تا کۆتایی ژیانی بیر لە نەشتەرکاری تر نەکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بینایی بۆ چاوی چەپی.

پلە و پۆستی سەربازی

ساڵی ١٩٤٧ دایان کرا بە فەرماندەی سوپا بۆ خۆ ئامادەکردنی جەنگ دژی عەرەبەکانی فەڵەستین و دایان دەستی کرد بە دامەزراندنی ئەفسەری نوێ بۆ سوپا. لە ڕۆی ١٤ی نیسانی ١٩٤٨ زۆریکی برای لە شەڕدا کوژرا و لە ڕۆژی ٢٢ی هەمان مانگدا دایان چووە جێگەی و پێشڕەوی بە سوپاکەی کرد بەرەو "حەیفا".

باتالیۆنی ٨٩

لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، بووە فەرماندەی یەکەمی سوپا لە باتالیۆنی ٨٩ کە بەشێک بوون لە هێزی زرێپۆشی سادیح لە جۆلان. پلانی دایان ئەوە بوو خۆبەخشەکان بهێنێتە سوپاوە بۆ داگیرکردنی فەڵەستین. ئەوەبوو لە کیراتی و جۆلان چەند جەنگێکیان کرد بەڵام وەک پێویست نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن و عەرەبەکان بەهێزتر شەڕیان دەکرد.

قودس

لە بەرواری ٢٣ی تەممووز ١٩٤٨ دەیڤد بێنگۆریۆن فەرمانیدا بە مۆشی دایان تاوەکو فەرماندەیەتی سوپای جولەکە بکات بۆ داگیرکردنی شاری قودس، دایان دوو یەکەی لەم سوپایە دروست کرد یەکیان بۆ ڕۆژ و ئەویتر بۆ پێشڕەوی شەوانە هەردوو یەکەکە دووچاری شکست هاتن. لە بەرواری ١٧ی ئابی هەمان ساڵدا دوو سوپای تری دروست کردەوە ئەوانیش دووبارە شکستیان هێنا. لە بەرواری ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٨ ئۆپراسیۆنێک کرایە سەر بەیت لەحم و بەیت جەلا. لە شەش لای سەرەکییەوە و توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێن. بەر لەم ڕووداوەش لە ١٧ی ئەیلوول بە نزیکەی ٢٠ کاتژمێر هێزی جولەکە توانیان یەکەیەکی عەرەبی دەستبەسەر بکەن لە ناوچەی لەهی تونێلیان لێ دابوو تا چەک بگەیەننە هێزی سەرەکی عەرەب لە ناوچەکانی تر.

ئەوەی مۆشی دەیویست بیکات ئەوەبوو سەربازی دڵسۆز بێنێتە ڕیزی هێزی یەکەم کە لە تلئەبیبەوە هێنرابوون تا بتوانن هەردوو بەشی قودس داگیربکەن.

لە پایزی ١٩٤٨  هەوڵی ڕێکەوتنیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئەل تەل دا کە فەرماندەی سوپای ئەردەن بوو لە ڕۆژهەڵاتی قودس کە بڕیاریاندا ئاگربەست بکەن و جەنگ ڕاگرن، ساڵی ١٩٤٩ کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵیان لەگەڵ ئەردەن ساز کرد کە تیایدا شا عەبدوڵڵا لە ئەنجامی ئەم ڕێکەوتنە پلەی سەربازی مۆشێ دایان نزم کرایەوە. ساڵی ١٩٤٩ دایان داوای لە دەیڤد بێنگۆریۆن کرد کە بۆ گەیشتنیان بە قودس پێویستە بگەنە کەناری ڕۆژاوا و چیای سکۆپۆس.

بوون بە سەرۆک ئەرکان

دوای سەرکەوتنەکانی لە بەشی باشووری وڵات، لە ساڵی ١٩٥٢ قەیرانی ئابووری ڕووی لە ئیسڕائیل کرد. ٢٠٪ بودجەی وڵات کەمی کرد. یاگیل یادین سەرۆک سەرکانی سوپا لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ دەستی لە کارکێشایەوە و مەردۆخی ماکلیف جێی گرتەوە لە هەمان کاتیشدا مۆشی دایان پلەی بەرزکرایەوە بۆ فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنەکان لقی G. ئەرکی دایان ئەوە بوو ئاسایشی کەناڵی ئەردەن بپارێزێت کە ڕووبارێک زەوییەکانی جیا دەکردەوە. ئەم ئەرکەی لە ئەیلوولی ١٩٥٣ وەرگرت.

دایان بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی هەبوو لە بەهێزکردنی سوپای ئیسڕائیل و یەکخستنەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل لە ژێر ناوی هێزی بەرگری ئیسڕائیل هەر زوو بڕیاردرا بکرێتە سەرۆک ئەرکان و بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی سوپا و جەنگەکان.  

دایان پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد بەناوی چاکسازی سوپا کە ئەم خاڵانە گرنگترین بەشی پڕۆژەکە بوون.

  • بەهێزکردنی توانای هێزە شەڕکەرەکان و کەم کردنەوەی خەریجی سوپا.
  • گرنگیدان بەهەواڵگری سوپا و بڵاوکردنەوەیان بەناو ژووری ئۆپڕاسیۆن و لقەکانی سوپای ئیسڕائیل.
  • ڕێگری کردن لە هەر چالاکییەکی سەربازی دژی قەوارەی جولەکە و ئیسڕائیل، لە کاتی هەڕەشە بۆ سەر قەوارەی جولەکە سوپا بتوانێت بەرگری بکات بێ گوێدانە هەر مەبەست و بیروباوەڕێک.
  • کردنەوەی فێرگە و قوتابخانەی سەربازی بۆ پەروەردەکردنی سەربازەکان و پێدانی پلە و پۆستی سەربازی بە لاوەکان.
  • کارکردن لەسەر سیستمی موشەک و زرێپۆش و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش کراو و تانک و فڕۆکەی جەنگی.
  • گەشەێدانی GADNA ئەکادیمیای لاوان بۆ ڕاهێنانی سەربازی. 

کاری سیاسی

ساڵی ١٩٥٩ لە هێزی IDF خانەنشین کرا و تا ساڵی ١٩٦٤ کرا بە وەزیری کشتوکاڵ. دایان لە کابینەکەی دەیڤد بێنگۆریۆن ڕۆڵی گرنگی گێڕا لەلایەنی سیاسی و سەربازیدا و لە کاری حزبیشدا کەسایەتییەکی دیاری حزبەکەی دەیڤد بێنگۆریۆن بوو لە کێنێستی ئیسڕائیل. ساڵی ١٩٦٨-١٩٧٤ وەکو وەزیری بەرگری کاری کردووە لە دوو کابینەی جیادا بەهۆی کەسایەتی گرنگ و بەدەست هێنانی ڕای گشتی جەماوەر کرا بە وەزیری بەرگری.

گرنگترین دوو ڕووداو لەماوەی پۆستی وەزیری بەرگریدا جەنگی شەش ڕۆژە و دەرئەنجامەکانی بوو، هەروەها جەنگی یۆم کیپور کە تۆڵەی عەرەبەکان بوو لە شکستی جەنگی ئۆکتۆبەر یان شەش ڕۆژە و لەم جەنگەدا گەرچی ئیسڕائیل زیانێکی زۆری بەرکەوت بەڵام بەهۆی مۆشی دایان میسڕ و سوریا نەیان توانی بێنە خاکی ئیسڕائیل و هێرشەکانیان ڕاگیرا. بەڵام لایەنی براوەی ئەم جەنگە هەر عەرەبەکان بوون وەک لە ئیسڕائیل.

وەزیری دەرەوە

ساڵی ١٩٧٧-١٩٧٩ دایان وەکو وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل کاری دەکرد ئەم پۆستە دوایین پۆست بوو وەریبگرێت لە ژیانی پیشەییدا. بەڵام بەهۆی ئەوەی حکوومەتی نوێ دژایەتی بۆچوونەکانی دایانیان دەکرد بەتایبەتی لە بارەی خاکی فەڵەستین و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٩ دەستی لەکارکێشایەوە و خانەنشین بوو.

ژیانی تایبەت

مۆشی دایان دوو جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە لەگەڵ هاوژینی یەکەمی لە ١٩٧٣ جیابوونەوە دوای ٣٦ ساڵ تەمەن بەیەکەوە. دوای دوو ساڵ هاوسەرگیری کردەوە. لە هاوژینی یەکەمی دوو کچی هەبوو. بەڵام کاتێک هاوسەرگیری دووەمی کرد هیچ کام لە کچەکانی ئامادە نەبوون بۆیە ئەویش ئەو سامان و موڵکانەی هەیبوو لە دوای مردنی بۆ خێزانی دووەمی جێهێشت.

مردن

٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨١ بەنەخۆشی شێرپەنجەی قۆڵۆن گیانی لەدەستدا ماوەیەک بەر لە تێکچوونی دۆخی تەندوستی کێنێست دووبارە هەڵیان بژاردبوو تا پۆستێکی گرنگی پێ بدەن بەڵام ڕەتی کردبووەوە. لە شاری تلئەبیب گیانی لەدەستدا و لە هەرێمی ناهال بەخاک سپێردرا.

یەکێک لە کچەکانی دایان ڕۆماننووسی دیاری ئیسڕائیلە کتێبێکی نووسیوە بەناوی My father and his doughter باسی ژیانی تایبەتی مۆشی و خۆی دەکات.

مۆشی دایان لە کتێبی یاداشتی ژیانیدا بەناوی "چیرۆکی ژیانم" دەڵێت: سەرەنجام کاتێک لە باڵەخانەی وەزارەت دەهاتمە دەرەوە کەسانێک هەبوون پێیانم دەگوتم بکوژ، تاوانبار، ئەمەش وەکو نوکی خەنجەر وابوو بەر دڵم دەکەوت، چونکە لە ژیانمدا فەرمانم بە چالاکییەکی سەربازی نەکردووە خۆم تێیدا بەشدار نەبووبم. 


سەرچاوەکان



425 بینین