لە کاتی نامە گۆرینەوە چۆن بزانین کەسێک درۆمان لەگەڵدا دەکات؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-10-15-01:42:00 - کۆدی بابەت: 11442
لە کاتی نامە گۆرینەوە چۆن بزانین کەسێک درۆمان لەگەڵدا دەکات؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە کاتی نامە گۆرینەوە چۆن بزانین کەسێک درۆمان لەگەڵدا دەکات؟ (بە عەرەبی: كيف نكشف إذا كان شخص ما يكذب علينا من خلال المراسلات؟، بە ئینگلیزی: ?How do we detect if someone is lying to us through correspondenceلەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسی بەرانبەر بە هۆی هەندێ ئاماژە و زمانی جەستەوە دەتوانین بزانین ئایا ڕاستییەکان دەڵێت یان نا، بەڵام چی ئەگەر لە ڕێگەی ئیمەیڵ یان نامە ناردن لە ڕێگەی بەرنامەکانی تۆری کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ کەسێک قسەت کرد؟ چۆن دەتوانیت لەم حاڵەتەدا ڕاستیەکان ئاشکرا بکەیت؟

ئاشکراکردنی درۆی کەسێک لە رێگەی نامەوە تەنها پێویستە ئاگاداری ئەم نیشانانە بیت

ڕستەی دوور و درێژ

لە کاتی پەیوەندی ڕووبەروودا ئەگەر کەسێک بییەوێت ڕاستییەکان بشارێتەوە ئەوا درێژە بە بابەتەکە دەدات و هەوڵدەدات لەناو وردەکارییە ناگرنگەکاندا بیشارێتەوە، بەهەمان شێوە لە کاتی نامە گۆرینەوەدا ڕەنگە کەسەکە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان لە نێو دێڕەکانی نامەکەیدا بدات و هەوڵی درۆکردن بدات. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لە زانکۆی کۆرنێل ئەنجامدراوە، بەزۆری ڕستەی  ڕاست و دروست کورتتر و سادەترە لە ڕستەیەکی درۆ و نادروست.

قسەی ناڕوون

کەسانی درۆزن لە گەیاندنی پەیامەکانیاندا ئارەزووی بەکارهێنانی وشە و ڕستەی ناڕوون دەکەن، کە گوزارشت لە گومان و ئەگەرەکان دەکەن. ئەوان نایانەوێت ڕستەی ڕوون ئاشکرا بەکاربهێنن، لەلایەکەوە ڕەنگە نەیانەوێت ئازاری کەسی بەرانبەر بدەن، لەلایەکی ترەوە نایانەوێت وەڵامێکی ڕاستیش بدەنەوە. لەوانەیە ئەم جۆرە کەسانە وشەی وەک: "ڕەنگە"، "هەوڵ دەدەم" یان "پێموایە"...چەندانی تر بەکاربهێنن.

دووبارەکردنەوەی زانیارییەکان

کاتێک کەسێک درۆ دەکات و هەوڵدەدات لە ڕێگەی نامەوە ڕازیت بکات، ڕەنگە چەند جارێک ڕستە یان لێدوانەکەی (بە واتایەکی تر درۆکەی) دووبارە بکاتەوە بۆ ئەوەی باوەڕی پێبکەیت، لە ناخی دڵەوە باوەریان بەم وتەیە هەیە کە دەڵێت: "هەزار جار درۆکە دووبارە بکەرەوە، ئەوا دەبێتە ڕاستی!". گرنگی بە ڕستەکانی ئەو کەسانە بدە کە نامەیان لەگەڵدا دەگۆڕیتەوە، هەروەها تێبینی بکە ئەگەر لە نامەکانیاندا دووبارەبوونەوەی ناڕەوا هەبوو.

درەنگ وەڵامدانەوە

ئەگەر نامەت بۆ کەسێک نارد و پرسیارێکت لێکرد، بەڵام درەنگ وەڵامی نامەکەی دایەوە، لەوانەیە سەرقاڵ بێت، یان لەوانەیە نامەکەی نەبینیبێت. بەڵام ڕەنگە بە واتای درۆکردنیش بێت. چونکە پێویستی بە هەندێک کات هەیە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە دەبێت چی بڵێت و چۆن وەڵام بداتەوە. هەندێکیان بۆ ساتێک دەوەستن و بیردەکەنەوە لەوەی کە ئایا دەبێ درۆ بکەن یان نا. گومانەکان زیاد دەبن، کاتێک گفتوگۆی نێوانتان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و ئەم کەسە بە خێرایی وەڵامت دەداتەوە، بەڵام لە پڕ دوادەکەوێت تەنها دوای ئەوەی کە پرسیارێکت لێکرد.

کاتێکی زۆری پێدەچێت لە نوسین

بێگومان کەسانێک هەن کە لە کاتی نامە ناردن لە ڕێگەی بەرنامە جیاوازەکانی تۆری کۆمەڵایەتیەوە خاون لە نوسین (تایپکردن). بەڵام ئەگەر سروشتی کەسەکە وانەبێت و خێرا بێت لە نووسین وەڵامدانەوەی نامە، لەناکاو کاتێکی زۆری پێبچێت تا وەڵامێک بۆ پرسیارەکەت بنووسێتەوە، بەجۆرێک وەڵامەکە تەنها یەک و دوو وشە بێت، لێرەدا بابەتەکە دەبێتە جێگای گومان، ئەگەری درۆکردنی زیاترە.

بەهیچ شێوەیەک وەڵام ناداتەوە

شاردنەوەی ڕاستییەکان جۆرێکە لە درۆکردن، بەتایبەتی لە کاتی نامە گۆرینەوەدا  زۆر ئاسانە. کەواتە ئەگەر کەسێک هەوڵی خۆدزینەوە لە وەڵامدانەوەی پرسیارێک بدات، بە گۆڕینی لەناکاوی بابەتەکە، پرسیارێکی تر دەکات، یان تەنانەت پشتگوێخستنی نامەکە و وەڵامنەدانەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر ئەوەی کە شتێک دەشارێتەوە.

یاریکردن بە هەستی کەسی بەرانبەر

مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر ناسکە. زۆرجار درۆزنەکان ئەم خاڵە لە قازانجی خۆیان بەکاردەهێنن و یاری بە هەستی کەسانی دیکە دەکەن و هەوڵدەدەن هەستی تاوانباری لا دروست بکەن. ئەگەر لەناکاو هەستت بە تاوانباری کرد لەبەر ئەوەی پرسیارت لە کەسێک کردووە، ئەویش بە جۆرێک وەڵامی دایەوە کە ئاماژە بەوە دەکات کە ماندوو و نەخۆشە، یان باسی ڕووداوێکی بەدبەختی بۆ کردیت کە بەسەریدا هاتووە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە درۆ دەکات، کاتی ئەوە هاتووە  واز لەو هەستە بهێنیت کە گوایە تۆ کەسە خراپەکەی چیرۆکەکەیت.

تۆمەتبارکردن

ڕێگەیەکی ترە بۆ یاریکردن بە هەستی کەسی بەرانبەر. لەم حاڵەتەدا درۆزنەکە کۆنتڕۆڵی خۆی دەکات و لەبری ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بداتەوە دەست دەکات بە پرسیارکردن. لەوانەیە ئەم پرسیارانە بۆ تۆ ئازاربەخش بن، وا بکەن هەست بەوە بکەیت کە پێویستە ڕوونکردنەوە بدەیت و پاساو بۆ هەڵوێست و ڕەفتارەکانت بهێنیتەوە، ئەمە ڕەفتارەی وات لێدەکات ئەو پرسیارەت لە بیربچێتەوە کە لێت کردووە. ڕێگەیەکی ژیرانەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە وەڵامدانەوەی پرسیارە شەرمەزارکەرەکان، بەڵام نیشانەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی ئەو کەسە درۆت لەگەڵ دەکات و نایەوێت ڕاستییەکان بزانیت.

تاقیکردنەوەی کاردانەوەت

تا ئێستا لە کەسێکت پرسیوە کە ئایا  بۆچی ئەو کارەی کردووە، ئەویش لە وەڵامدا پێی وتوی "چی ئەگەر پێت بڵێم کە کردوومە؟" زۆرێک لەو کەسانەی کە درۆ دەکەن پەنا بۆ ئەم شێوازە دەبەن بۆ ئەوەی کاردانەوەت بزانن و دڵنییا ببنەوە لەوەی کە ئایا توڕە دەبیت یان نا؟ لەوانەیە واز لە درۆکردن بهێنن ئەگەر کاردانەوەی ئاشتیانەیان نیشان بدەیت دڵنیا ببنەوە لەوەی کە زیانیان پێ ناگەیەنیت، بەڵام هەرگیز ڕاستیت پێ ناڵێن ئەگەر نیشانیان بدەیت کە توڕەیت یان شۆک بوویت بەو کارەی کە کردوویانە. نابێت ببنە نێچیری تەڵەکەیان، ڕێگە مەدەن بابەتەکە بگۆڕن، دڵنیابەرەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی دۆخەکە.

گلەیی کردن

ڕەنگە هەندێک جار بە مناڵی وا خۆت نیشان دابێت کە نەخۆشیت بۆ ئەوەی نەچیتە قوتابخانە. لە ڕاستیدا ئەم فێڵە تەنانەت لە نێو گەورەکانیشدا هێشتا باوە، دەست دەکەن بە گلەیی و بیانوو بۆ ئەوەی ڕاستییەکان نەڵێن. دەکرێت تۆ و هاوڕێکەت بە شێوەیەکی ئاسایی قسە بکەن، دواتر پرسیاری شتێکی لێ بکەیت، لەناکاو هەڵسووکەوتی دەگۆڕێت و پێت دەڵێت کە نەخۆشە یان زۆر خەوی دێت، یان بەڕێوبەرەکەی داوای لێکردووە کارێکی بەپەلە ئەنجام بدات...چەندین بیانووی تر دەهێنێت. ئەم جۆرە وەڵامانە بەڵگەی بەهێزن کە ئەم کەسە درۆت لەگەڵ دەکات، هەوڵدەدات خۆی لە وتنی ڕاستییەکان بشارێتەوە، ڕێگە مەدە بەم فێڵانە فریوت بدەن.

ژیری ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا کەسێک درۆت لەگەڵ دەکات یان نا؟ ئەمە بەو واتایە نایەت کە بە خراپ بیر لە هەموو کەسێک بکەیتەوە، بەڵکوو ئەگەر لەگەڵ کەسێک ڕاهاتوویت ئاشنای کەسایەتیت، لە پڕێکدا بینیت بە شێوەیەکی سەیر ڕەفتار دەکات و جیاواز لەوەی کە ڕاهاتوویت، یان ئەگەر هەستت کرد کە ئەو کەسە وەکوو سروشتی ئاسایی خۆی هەڵسووکەوتت  لەگەڵ ناکات، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ئەمە ڕاستی بێت هیچ بیانوویەکی لە پشتەوە نەبێت. بێ دوودڵی ڕاشکاوانە پرسیاری ئەوەی لێبکە کە چی بە مێشکیدا دێت و بیر لە چی دەکاتەوە پێش ئەوەی گومانی لێبکەیت و تۆمەتی درۆکردنی بخەیتە پاڵ، هەروەها گرنگییەکی وردیش بە کاردانەوەکانی بدە.


سەرچاوەکان



252 بینین