چۆن زاڵبین بەسەر ئیرەییمان لە کاتی سەرکەوتنی کەسانی تر؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-10-18-15:42:00 - کۆدی بابەت: 11466
چۆن زاڵبین بەسەر ئیرەییمان لە کاتی سەرکەوتنی کەسانی تر؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن زاڵبین بەسەر ئیرەییمان لە کاتی سەرکەوتنی کەسانی تر؟ (بە عەرەبی: كيف نتغلب على غيرتنا عندما ينجح الآخرون؟، بە ئینگلیزی: ?How do we overcome our jealousy when others succeed)، ڕەنگە ڕۆژێک ڕووبەڕووی ئەم هەستە بووبیت کاتێک هاوڕێکەت یان هاوکارەکەت لە شوێنی کارەکەی پلەکەی بەرزکراوەتەوە، یان لە بوارێکدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ڕەنگە خانوویەکی گەورەتری کڕیبێت، یان پارەی زیاتری دەستبکەوێت، لەبری ئەوەی هەست بە دڵخۆشی بکەیت، هەست بە بێزاریی خەمباری دەکەیت و تەنانەت هەندێکجار تووڕەش دەبیت، ڕەنگە لە ناخەوە حەز بکەی شکست بهێنێت. ڕەنگە بەهۆی ئەم هەست و بیرکردنەوانە هەست بە شەرمەزاری بکەیت، نەتوانیت لەبەرانبەر هاوڕێکانی تردا دانی پێدا بنێیت، هەروەها مەحاڵە هەستەکانت بەو کەسە بڵێیت کە ئیرەیی پێدەبەی. ئەم هەستانە نابێت لە دڵتدا بمێنن، لەگەڵ کاتدا کۆنتڕۆڵت دەکەن و هەندێکجار دەبنە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسانی دەرووبەر.

سەرەتا بیر لەمانە دەکەیتەوە

  • ئەوان شایەنی ئەوە نین.
  • ئەوان پێیان وایە ئەوان لە من باڵاترن.
  • هەر بە ڕاستی ئەوان پلەیان لە من بەرزترە.
  • بەرگەی بینینی ئەو جۆرە کەسانە ناگرم.
  • خۆزگە شکستیان دەهێنا.

وردە وردە بیرکردنەوەکان گەشە دەکەن و دەبنە بیرکردنەوەیەکی نەرێنی دەربارەی خۆت، وەک

  • ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە لێهاتوویی من چەندە نزمە بە بەراورد لەگەڵ ئەوان.
  • بەردەوام شکست دەهێنم و هەمیشە لە دواوە دەمێنمەوە.
  • خەڵکی وەکوو کەسێکی شکستخواردوو سەیرم دەکەن.
  • منیش دەمتوانی ئەوە بکەم.
  • لە کۆتاییدا بیر لەوە دەکەیتەوە و دەڵێیت: “من چی جۆرە کەسێکم، کە ناڕەزاییم لە سەرکەوتنی کەسانی تردا هەیە؟” نیگەران مەبە تۆ کەسێکی ئاساییت، چونکە ئیرەیی هەستێکی زگماکییە کە لە زۆر کەسدا هەیە. ئێمە جیهان لە ڕووی (zero-sum game) دەبینین، واتە ئەگەر یەکێک براوە بێت، ئەوانی تر هەموویان دۆڕاون، ئەمەش هەمیشە ڕاست نییە.

جۆرەکانی ئیرەیی و چۆنییەتی زاڵبوون بەسەریان

ئیرەیی خەمۆکی

ئەم ئیرەییە کاتێک دەردەکەوێت کە کەسانی تر سەردەکەون، وادەکات هەست بە شکستخواردوویی بکەیت یان هەست بکەی کە پلەت لە ئەوانی تر نزمترە.

ئیرەیی شەڕەنگێزی

ئەم جۆرە ئیرەییە دەبێتە هۆی هەستکردن بە توڕەییەکی زۆر هەروەها ئارەزووی بینینی شکستی کەسە سەرکەوتووەکان دەکەن. ئەو کەسانەی بە دەست ئیرەیی شەڕەنگێزی دەناڵێن، بەبینینی شکستی کەسە سەرکەوتووەکان دڵخۆش دەبن کاتێک تووشی ڕووداوی ناخۆش دەبن وەک مایەپووچبوون، جیابوونەوە لە هاوبەشەکانیان، یان دەستگیرکردن، چونکە لەم حاڵەتەدا هەست دەکەن کە تاکە کەسی دۆڕاو نین.

ئیرەیی بێ زیان

ئیرەییەکی بێلایەنە، لەم ماوەیەدا چاودێری کەسە سەرکەوتووەکان دەکەیت و دەستکەوتەکانیان بەرز دەنرخێنیت. هەروەها ئەم جۆرە ئیرەییە ​​هانت دەدات بیر لەوە بکەیتەوە کە بەرانبەرەکەت چی دەکات و هەوڵدەدەیت ئەو شتانەی لێوە فێرببی کە بووەتە هۆی سەرکەوتنی. زۆرجار هەست بە ئیرەیی دەکەین بەرانبەر ئەو کەسانەی کە خوومان گرتووە بە بەراوردکردنی خۆمان لەگەڵیان. بەو کەسانە دەوترێت "گرووپی بەراوردکاری کۆمەڵایەتی"، ئەو کۆمەڵە کەسانە دەگرێتەوە کە خۆتیان لەگەڵدا بەراورد دەکەیت!

لەوانەیە ئیرەیی بە براکەت، هاوکارەکەت لە شوێنی کار، هاوڕێ یان یەکێک لە خزمەکانت ببەیت. بە واتایەکی تر ئێمە ئیرەیی بەو دەستکەوتانە دەبەین کە پێمان وایە دەتوانین بەدەستی بهێنین، بەڵام ئەوەندە متمانەمان بە خۆمان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. بۆ نموونە تۆ ئیرەیی بە کەسێک نابەیت کە خەڵاتی نۆبڵی بەدەست هێناوە، چونکە لە ڕوانگەی تۆوە ئەوەی بەدەستی هێناوە زۆر دوورە لە توانا و ئامانجەکانت. بەڵام لەگەڵ بەرزکردنەوەی پلەی هاوکارەکەت، بۆت دەردەکەوێت کە هەستەکانی ئیرەیی بە توندی کۆنتڕۆڵت دەکەن. ئێمە هەستی ئیرەییمان لا دروست دەبێت کاتێک پێمان وایە دەستکەوتەکانیان لە ڕاستیدا شایەنی پێزانین نین و زۆرجار ئیرەیی هەستی نادادپەروەری لەگەڵدایە.

کاریگەری نەرێنی ئیرەیی

زۆرجار ئیرەیی وامان لێدەکات هەست بە بێزاری و دڵەڕاوکێ و تەنانەت هەست بە توڕەیی بکەین. هەروەها وامان لێدەکات بەردەوام لە بیرکردنەوەیەکی قوڵدابین، دەست دەکەین بە دوورکەوتنەوە لەو کەسەی کە ئیرەییان پێدەبەین، چونکە شکستمان بیردەخەنەوە، وامان لێدێت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەمان هەستی ئێمەیان هەیە کۆببینەوە  و کاتەکانمان بە گلەیی و قسەی خراپ لەسەر کەسە سەرکەتووەکان بەسەر ببەین.

ڕەنگە لە کۆتاییدا دەستبەرداری هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بین، باوەڕمان وابێت کە هەرچەندە هەوڵ بدەین، "نادادپەروەری" دەوروبەرمان لە ڕێگاکەدا دەوەستێت و ڕێگریمان لێدەکات لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان. ناتوانین کاریگەری ئیرەیی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان پشتگوێ بخەین، چونکە هێزێکی ژەهراویە کە پەیوەندیەکان و ڕێگای سەرکەوتن لەناو دەبات. لەسەردەمی هاوچەرخدا ڕزگاربوون لە ئیرەیی قورسترە. بە تەنها چەند خولەکێک لە بینینی ژیانی خەڵکی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەست دەکەیت خەڵکی ژیانێکی باشتر لە تۆ دەژین.

چۆن زاڵبین بەسەر ئیرەییمان لە کاتی سەرکەوتنی کەسانی تر؟

زۆرێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئیرەیی بە هاوڕێیانی فەیسبووک 1.17% بەشدارە لە تووشبوون بە خەمۆکی، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی دەیبینین لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، کەواتە چۆن بەسەر ئەم هەستە ناڕەزاییەدا زاڵ بین بەرانبەر بە سەرکەوتنی ئەوانی تر؟

شەش  ڕێگەی سادە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئیرەیی

خۆت بە کەسانی تر بەراورد مەکە 

ڕستەی وەک: "خانووەکەی ئەو لە خانووەکەی من خۆشترە!" یان "ئەو لە من دەوڵەمەندترە!" نە ڕێگەیەکی تەندروستە و نە ڕێگەیەکی دروستە بۆ پێوانەکردنی بەهای خۆت. تەنانەت دادپەروەریش نییە، وەک ئەوە وایە سێو لەگەڵ پرتەقاڵ بەراورد بکەیت. هەر مرۆڤێک خاوەنی خاڵی بەهێز و تایبەتی خۆیەتی، کارامەیی و ئەزموونی ناوازەی هەیە کە جیاوازە لە کەسانی تر. بێگومان کەسێک هەیە کە لە تۆ دەوڵەمەندتر بێت، یان لە تۆ باشتر بێت لە لایەنێکەوە، بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری ژیانت بکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە لە لایەنەکانی تردا تۆ زۆر لە ئەو باشتریت، بۆیە کاتەکانت لە هەستکردن ئیرەیی و بێزاربوون لە بینینی ئەم کەسانە بەفیڕۆ مەدە. هەمیشە لەبیرت بێت تاکە کەسێک کە پێویستە خۆتی لەگەڵدا بەراورد بکەیت ئەویش بەراوردکردنی خۆتە بە دوێنێ.

سەرکەوتنی کەسانی تر بە کەم مەزانە

دوور بکەوە لە هەندێ بیرکردنەوە وەک: "لەبەر ئەوە پلەی بەرز کراوە، چونکە زۆر وەسفی بەڕێوبەرەکەی دەکات!” یان "خێزانەکەی زۆر دەوڵەمەندن بۆیە خەڵاتەکەی پێدراوە!" ئەم بیرکردنەوانە هیچ سوودێکت پێ ناگەیەنن جگە لەوەی هەستی بێزاری، ڕق و کینە دروست دەکەن. کەمکردنەوەی سەرکەوتنی کەسانی تر نابێتە هۆی سەرکەوتنی تۆ. کەواتە لەبری ئەوەی ئەو کارە بکەیت، خۆت ڕابهێنە لە قبووڵکردنی دەستکەوتەکانی ئەوانی تر  و دان پێدانانیان بەبێ حوکمدان.

زیاتر ئاگاداری بیرکردنەوە چەق بەستووەکانت بە

ئاسانە گریمانە لەسەر کەسانی سەرکەوتوو دابنێیت، بەڵام مەرج نییە هەمیشە گریمانەکان ڕاست بن. تەنها لەبەر ئەوەی کەسێک دەوڵەمەندە یان بازرگانێکی بەناوبانگە، مەرج نییە بە واتای ئەوە بێت کە بە ڕێگەی چەواشەکاری گەیشتووەتە ئەو شوێنە. زیاتر ئاگاداری گریمانە و بیرۆکەکانت بە سەبارەت بە کەسانی سەرکەوتوو و لەبری ئەوەی حوکمێکی گشتی لەسەریان بدەیت، هەوڵبدە  لە نزیکەوە بیانناسیت و زیاتر دەربارەیان بزانیت.

سەرنج مەخەرە سەر خاڵە لاوازەکانت

زۆر ئاسانە سەرنجمان لەسەر خاڵە لاوازەکانی خۆمان و خاڵە بەهێزەکانی ئەوانی تر بێت، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئیرەیی و بێزاریی. لە کاتێکدا کە سەرنجت لەسەر خاڵە لاوازەکانت بێت بە مەبەستی باشترکردنیان هیچ زیانێکی نییە، بەڵام دوور بکەوەرەوە لە گەورەکردنیان، هەوڵبدە زۆر کاربکەیت بۆ تێپەڕاندنیان.

هەوڵ مەدە دادوەری ژیان بیت

سەرنجدانی دادپەروەری و ستەم، یان لەسەر ئەوەی کێ بەڕاستی شایەنی سەرکەوتنە، ڕێگەیەکی کاریگەر نییە بۆ بەسەربردنی کاتەکانت، هەروەها ئەوە کاری تۆش نییە! لەبری ئەوەی ئەم بیرۆکانە سوودت پێ بگەیەنن، زۆرجار وا دەکەن هەست بە بێزاری بکەیت، دەبنە هۆی دروستکردنی بەربەستێک کە ڕێگریت لێدەکەن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنەی کە بەدوایدا دەگەڕێیت. کاری دروستکردن  بۆ دروستکار جێبهێڵە و تەنها سەرنجت لەسەر خۆت بێت!

بەهاکانت دیاری بکە

هەمیشە لەبیرت بێت بە دەستهێنانی شتێک لە لایەن کەسێکی ترەوە کە تۆ ئاواتی بۆ دەخوازی، بە واتای ئەوە نایەت کە ناتوانیت ئەم شتە بەدەست بهێنیت، گەردوون پڕە لە بوار و دەرفەتەکان لە هەموو شوێنێک بەردەستن و هەمیشە نوێ دەبنەوە. تەنها پێویستە هەوڵی زۆری بۆ بدەیت، بەڵام دڵنیابە لەوەی بەدوای خەون و ئامانجەکانی ئەوانی تردا ناڕۆیت. بزانە چی بە واتای سەرکەوتن و بەختەوەری و ئامانجی  تۆ دێت. ڕەنگە بەختەوەری لای تۆ لە پێکهێنانی خێزاندا بێت، بۆ کەسێکی تر ڕەنگە پارە بێت، بۆ یەکێکی تر ڕەنگە گەشتکردن بێت بە جیهاندا... چەندانی تر. سەرنجت لەسەر ئامانجی خۆت بێت، هەر خولەکێک کە بە بیرکردنەوە لە سەرکەوتنەکانی ئەوانی تردا بەسەری دەبەیت، خولەکێکە کە نەتوانیوە لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆت سوودی لێوەربگریت.

کەواتە ئیرەیی و ناڕەزایی لە سەرکەوتنی کەسانی تر سروشتییە و زۆر باوە لە سەردەمی هاوچەرخدا، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە کارێکی ڕاست و دروستە، بە پێچەوانەوە کاتێکی زۆرمان بەفیڕۆ دەدات. بۆیە پێویستە هەمیشە سەرنجمان لەسەر ئامانج و ڕێبازەکەمان بێت، لەبری ئەوەی کاتەکانمان لە سەیرکردنی دەستکەوتەکانی ئەوانی تردا بەسەر ببەین. با تاکە بەراوردێک کە لە ژیانماندا ئەنجامی دەدەین، بەراوردکردنی خۆمان بێت بە دوێنێ.


سەرچاوەکان



218 بینین