ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی زستاندا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-19-14:40:00 - کۆدی بابەت: 11468
ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی زستاندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی زستاندا (بە ئینگلیزی: The  difficulties of working in the winter، بە عەرەبی: صعوبات العمل في فصل الشتاء) بێگومان وەرزی زستان وەک هەر وەرزێکی تر لەگەڵ کۆمەڵێ گۆڕانکاری کەشوهەوایی دێت. ئەم گۆڕانکارییانە کاردەکەنە سەر تەندروستیمان بە پلەی یەکەم و پاشان دەتوانن کاربکەنە سەر توانا و میزاجی کارکردنمان.

دیارترین کاریگەرییەکانی وەرزی زستان لەسەر کارکردن

گۆڕانی کەشوهەوا

گۆڕانی کەشوهەوا و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی بە شێوەیەکی بەرچاو، هەروەها دابارینی باران و بەفر و تەرزە لەگەڵ بوونی لافاو و زریان و تۆفان لە وەرزی زستاندا کاریگەری لە سەر شێوازی کارکردن دروست دەکەن دەبنە هۆکارێک تا کارکردن زەحمەتتربێت لە وەرزی زستاندا. هەرورها نزمی پلەی گەرمی دەتوانێت کاریگەری لەسەر چالاکی کارکەران دروستبکەت. لە کەشوهەوای ساردتردا خەڵکی کەمتر ئارەزووی کارکردن دەکەن و بەمەش چالاکییان بۆ کارکردن کەم دەکات.

گرنگە لە شوێنی کارەکان گەرمکەرەوەی پێویست هەبێت، هەروەها بە لەبەرکردنی جلی ئەستوورتر و جلی بەر باران لە کەشە سارد و باراناوییەکان خۆت لە گۆڕانی کەشوهەوا بپارێزیت

سەختی هاتووچۆ

لە وەرزی زستاندا لەبەر باران و بەفر بارین ڕێگاکان سەخت دەبن و گرفت بۆ هاتووچۆ دروست دەکەن. بە تایبەت ئەو شار و شارۆچکەی ڕێگاوبانی باش و فراوانیان نییە گرفتی زیاتریان بۆ دروستدەبێت و ناتوانن بە ئاسانی بەهۆی باران و بەفرەوە و لە ئەنجامدا گیرانی ڕێگاوبانەکان هاتووچۆ بکەن. ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر کارکردن هەیە، زۆرجار دەبینین و دەبیسین لە وەرزی زستاندا و لە کاتی بەفر یاخود تێکچوونی کەشوهەوا پشووی فەرمی ڕادەگەیەنرێت لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان.

گرنگە لەو کاتانەی کەشوهەوا گونجاو و لەبار نییە بۆ هاتووچۆ مۆڵەتی کارکردن وەرگریت و لە ماڵ نەچیتە دەرەوە لە پێناو سەلامەتیدا. هەروەها هەوڵبدە بە شێوەیەکی گشتی هۆکاری باشی گواستنەوە دابین بکەیت و ڕێگایەکی باشیش بدۆزیتەوە بۆ گەشتن بە شوێنی کارەکەت تا خۆت لە خراپی هاتووچۆ و ڕێگاوبانەکان بپارێزیت

تاریکداهاتنی ڕۆژ

لە وەرزی زستاندا بەهۆی کەشوهەواوە ڕۆژاگار تاریک دەبێت و ئەمەش جۆرێک لە سەختی دروستدەکات لەبەردەم کارکردندا. بە تایبەت ئەو کەسانەی لە دەرەوە یاخود لە شوێنە کراوەکان کاردەکەن.

هەوڵبدە ڕووناکی زیاتر بەکاربهێنیت و سوود لە ڕووناکییە دەستکردەکان ببینیت لە شوێن و نووسینگەی کارەکەت. تا تاریک داهاتنی ڕۆژ نەتوانێت کاریگەری لەسەر چالاکی کارکردنت دروست بکات.

کورتبوونی ڕۆژ

کورتبوونی ڕۆژ بەهەمان شێوەی تاریک داهاتنی ڕۆژ هۆکارێکی ترە بۆ سەختی کارکردن لە وەرزی زستاندا. لە ڕۆژگاری کورتدا لەوانەیە کارکەران فریای بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان نەکەون. هەروەها لە هەندێک دەزگای کارکردن لەوانەیە بەهۆی کەمبوونەوەی کاتی ڕۆژ بڕی مووچەی کارمەندان کەمبکەنەوە ئەمەش هۆکارێک دەبێت تا کاریگەری لەسەر کاری کارمەندان دروست بکات. هەوڵبدە گەر توانیت کاتێکی زیاتر بۆ کارکردن وەربگریت، هەروەها لە کاتی کارکردنت پلانێکی باشتری کار ئامادە بکە کە لەگەڵ کاتی کارکردنەکەت بگونجێت.

پەتاکانی وەرزی زستان

زۆرجار هاووڵاتیان لە ئەنجامی ئەو پلە گەرمییە نزمەی وەرزی زستان سەرمایان دەبێت و دووچاری نەخۆشی دەبن. هەروەها لە ئەنجامی سەرماوە دەکرێت مرۆڤەکان زیاتر بەرگرییان لاوازبێت و زووتر تووشی نەخۆشییە ڤایرۆسی و بەکترییەکان ببن.

هەوڵبدە خۆت لە پەتا گوازراوەکان بە دووربگریت بە گرتنەبەری ڕێنماییە تەندروستییەکانی وەک زوو دەست شوشتن و نزیک نەبوونەوە لەو کەسانەی تووشبووی پەتان. هەروەها دڵنیابەرەوە لەوەی لە ڕێی ئەو جل و بەرگەی لەبەری دەکەیت خۆت لە سەرمای زستان دەپارێزیت لە کاتی چوونە دەرەوەدا. ئامێرە گەرمکەرەوەکانیش بە وریاییەوە بەکاربهێنە و سوودیان لێ ببینە بۆ زاڵبوونی بەسەر سەرمای زستاندا.

زیادبوونی ئارەزووی خەوتن

لە وەرزی زستاندا هاوشێوەی وەرزی پاییز بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و تاریک داهاتنی ڕۆژ مرۆڤ زیاتر ئارەزووی خەوتن دەکات. ئەمە بەشێکی سروشتی جەستەیە کە بە گۆڕان لەگەڵ سروشتی ژینگەدا دەگۆڕێت. زیادبوونی ئارەزووی خەوتنیش وادەکات لە کارەکانمان دوابکەوین و نەتوانین بە چوست و چالاکییەوە کارەکانمان ئەنجام بدەین و ڕایانبپەڕێنین.

هەرچەندە ئارەزووی خەوتنی زیاتر لەوانەیە هیچی لەگەڵدا نەکرێت بەڵام سوود وەرگرتن لە خواردنەوەی قاوە دەکرێت یارمەتیدەربێت. هەروەها ئەگەر بتوانین سوود لە درێژی شەوگار وەربگرین و خۆمان ڕابهێنین لەسەر زوو خەوتن لەم وەرزەدا ئەوە زۆر باشدەبێت. بەم شێوەیە هەم خەوێکی باشمان دەبێت هەم توانایەکی باشی کارکردنمان دەبێت.

نەخۆشی کاریگەری وەرزی

گۆڕانی کەش و هەوا لە پاییزەوە بۆ زستان لەوانەیە کاریگەری لەسەر دەروون و خۆشگوزەرانیمان هەبێت، ئەمە پێی دەوترێت نەخۆشی کاریگەری وەرزی (SAD). لە زستاندا، لەوانەیە دڵەڕاوکێ زیاد بکات بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی سەرما و سۆڵە و سەختبوونی کەشوهەواوە. هەموو ئەمانە وادەکەن فشاری کەسەکە زیاد بکات و دووچاری دوودڵی و سترێس ببێت لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا. گومانی تیا نییە بوونی دوودڵی و خەمۆکی وەرزیش دەتوانیت کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کارکردنمان جێبهێڵێت. گرنگە هەوڵبدەین خۆمان لەگەڵ سروشتی وەرزی زستان بگوجێنین تا کەمتر نیگەرانی هاتنی وەرزەکە و گۆڕانکارییەکان ببین. هەروەها گەر بەڕاستی کەسێک تووشبوونی نەخۆشی کاریگەری وەرزی بوو باشترە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی چارەسەر وەربگرێت، وەک دەرمانەکانی دژە خەمۆکی و چارەسەرەکانی زاڵبوون بەسەر ترس و سترێس. بۆئەوەی کاریگەری دوودڵی و خەمۆکی لەسەر کارکردنی نەمێنێت یاخود کەمببنەوە.


سەرچاوەکان



370 بینین