دەستنیشانکردنی دەردە کۆپان و چارەسەرکردنی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-19-22:07:00 - کۆدی بابەت: 11474
دەستنیشانکردنی دەردە کۆپان و چارەسەرکردنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستنیشانکردنی دەردە کۆپان و چارەسەرکردنی (بە ئینگلیزی: Diagnosis of Croup and it's treatment، بە عەرەبی: التشخيص الخانوق و العلاج) نەخۆشی دەردە کۆپان ئاماژە بە هەوکردنی ڕێڕەوی سەرەوەی هەوا دەکات، کە تەسک دەبێت و هەناسەدان قورستر دەکات. هەروەها کۆکە دروستدەکات کە دەنگێکی جیاواز لە کۆکەی ئاسایی هەیە. زۆربەی جار لە منداڵی بچووکدا ڕوودەدات، بەڵام دوور نییە دەردە کۆپان ڕوو لە کەسانی پێگەشتووش بکات. بە گشتی توند نییە. هەر بۆیەش زۆربەی تووشبووانی دەتوانن لە ماڵەوە چارەسەری دەردە کۆپان وەربگرن و پێویست بە مانەوەیان لە نەخۆشخانە ناکات.

دەستنیشانکردن

بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن چاودێری تەندروستییەوە دەردە کۆپان دەستنیشان دەکرێت. چاودێرەکە:

  • ئاگاداری هەناسەدانی تووشبووەکە دەبێت.
  • گوێ لە سنگی تووشبووەکە دەگرێت بە سێزۆسکۆپ.
  • ئەنجامدانی پشکنینی قوڕگ بۆ تووشبووەکە دەکات.
  • هەندێک جار تیشکی ئێکس یان تاقیکردنەوەی تر بەکاردێنێت بۆ ڕەتکردنەوەی نەخۆشییەکانی تر.

چارەسەرکردن

زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەردە کۆپانیان هەیە دەتوانرێت لە ماڵەوە چارەسەر بکرێن. بەڵام دەشکرێت دەردە کۆپان ترسناک بێت، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکان یاخود منداڵ پێویستی بە سەردانی نوسینگەی دابینکەری چاودێری تەندروستی، ژووری فریاکەوتن یان نەخۆشخانە هەبێت. چارەسەر بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای ئەوەیە کە نیشانەکان چەندە توندن.

دابینکردنی ئاسوودەیی

گرنگە کە کەسی تووشبوو ئارام بکرێتەوە بە تایبەت ئەگەر منداڵ بوو، چونکە گریان و دڵەڕاوکێ لەوانەیە هەوکردنی ڕێڕەوی هەوا خراپتر بکەن و هەناسەدان قورستر بکەن. منداڵەکەت ڕابگرە، گۆرانی بۆ بڵێ یان چیرۆکی ئارامی بۆ بخوێنەوە. هەروەها پێشکەشکردنی قەڵەمێکی دڵخواز یان یارییەک دەکرێت هۆکار بن تا منداڵ کەمتر دوودڵ و نیگەران بێ بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە. هەروەها دڵنیابە لەوەی کە منداڵەکەت شلەیەکی زۆر دەخواتەوە بۆ ئەوەی لەشی بە شێداری بمێنێتەوە.

دەرمان

چاودێری تەندروستی منداڵ ئەم دەرمانانە دەنووسێت:

  • کۆرتیکۆستیرۆید  A

کۆرتیکۆستیرۆید A وەک دێکسامێثاسۆن لەوانەیە بنووسرێ بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی ڕێڕەوی هەوا. دوای بەکارهێنانی نیشانەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا باشتر دەبن. منداڵەکەت لەوانەیە چەند ڕۆژێک حەب بخوات. یان لەوانەیە یەک ژەمی دێکسامێثاسۆن وەربگیرێت وەک لێدانێک بەهۆی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی.

  • ئیپینفرین 

ئێپینفرین کاریگەرە لە کەمکردنەوەی هەوکردنی ڕێڕەوی هەوا لەگەڵ نیشانە توندەکانی. دەرمانەکە دەتوانرێت بە شێوەی هەڵمژین بدرێت بە بەکارهێنانی پرژێنەر. بە خێرایی کار دەکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کاریگەرییەکانی بە خێرایی کەم دەبێتەوە. پێویستە تووشبوو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ژووری فریاکەوتن چاودێری بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ژەمی دووەم پێویستە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ماڵەوە یاخود نا.

مانەوە لە نەخۆشخانە

لەوانەیە کەسی تووشبوو پێویستی بە کات بەسەربردنی هەبێت لە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چاودێری بکرێت و چارەسەری زیاتر وەربگرێت.

چاودێری خۆیی

زۆر جار لە ماوەی سێ بۆ پێنج ڕۆژدا نەخۆشییەکە سووڕەکەی تەواو دەکات. لەم کاتانەدا بە تایبەت بۆ منداڵان دەتوانیت بە چەند ڕێگایەکی ئاسان بیپارێزیت:

  • دابینکردنی ئارامی 

بە ئاسودەکردنی یان سەرقاڵکردنی منداڵ، هەروەها باوەشی بکە، کتێبێکی لەگەڵ بخوێنەوە یان یارییەکی ئارام بکەن بەیەکەوە. چونکە بە گریان و نائارامی هەناسەدان قورستر دەبێت.

  • دابینکردنی هەوای شێدار یان سارد

هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر سوود وەرگرتن لەم کردارانە، بەڵام زۆرێک لە دایک و باوکان پێیان وایە هەوای شێ یان هەوای سارد یارمەتی هەناسەدانی منداڵ دەدات. بۆ هەوای شێدار، دەتوانیت شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت. هەروەها دەتوانیت لەگەڵ منداڵەکەدا دانیشیت لە گەرماوێکی پڕ لە هەڵم کە بەهۆی ئاوی گەرمەوە لە ژوورەکەوە دروستکراوە. ئەگەر لە دەرەوە هەوا سارد بوو، دەتوانیت پەنجەرە بکەیتەوە بۆ منداڵەکەت تا هەوای سارد هەڵمژێت.

  • ڕاوەستانی تووشبوو لە شوێنێکی جێگیردا

منداڵەکەت لە باوەشت دانێ، یان منداڵەکەت لەسەر کورسییەکی دڵخواز یان کورسییەکی ساوا دابنێ، ئەگەر ساوا بوو. چونکە دانیشتن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەناسەدان ئاسانتر دەکات.

  • پێدانی شلە بە منداڵ

شیری دایک یان شیری وشک بژاردەیەکی باشە. بۆ منداڵانی گەورەتر، سووپ یان میوەی بەستوو دەکرێت باش و بەسوود بێت. هانی پشوو بدە چونکە پشودان و خەوتن یارمەتی منداڵەکەت دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن.

  • هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی تا 

بۆ چارەسەرکردنی تا یان ئازار، بیر لەوە بکەرەوە کە تا و دەرمانی ئازار بە منداڵەکەت بدەیت وەک ئەسیتامینۆفین (تایلینۆڵ و ئەوانی تر) یان ئیبۆپرۆفین (ئەدڤیل، مۆترین، ئەوانی تر) وەک جێگرەوەیەکی سەلامەتتر بۆ ئەسپرین. بە وریاییەوە ڕێنماییەکان بخوێنەوە پرسیار لە کارمەندی تەندروستی بکە دەربارەی ژەمی گونجاو ئەگەر دڵنیا نەبوویت لێی.

بەکارهێنانی وریاییانەی ئەسپرین لە کاتی پێدانی بە منداڵان یان هەرزەکاران. هەرچەندە ئەسپرین پەسەندکراوە بۆ بەکارهێنانی لە منداڵانی سەروو تەمەن سێ ساڵ، بەڵام ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی کە پاش دڕکەومێکوتە یان نیشانەکانی ئەنفلۆنزاوە چاک دەبنەوە نابێت هەرگیز ئەسپرین بەکاربهێنن. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەسپرین پەیوەندی بە کۆنیشانەی ڕێیەوە (Reye's syndrome) هەیە، کە حاڵەتێکی دەگمەنە بەڵام لەوانەیە مەترسی لەسەر ژیانی ئەو منداڵانە دروست بکات.

  • تێبپەڕاندنی دەرمانە ساردەکان

دەرمانە ئامادەکراوە ساردەکان بەبێ ڕەچەتە بۆ منداڵان لە هیچ تەمەنێکدا پێشنیار ناکرێت. چونکە زیان بە منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ دەگەیەنێت. هەروەها دەرمانی کۆکەی بێ ڕەچەتە یارمەتیدەر نابێت لە چارەسەر کردنی دەردە کۆپان.

لەوانەیە کۆکەی منداڵ لە ڕۆژدا باشتر بێت، بەڵام سەرسام مەبە ئەگەر لە شەودا بگەڕێتەوە. لەوانەیە پێویست بکات لە نزیک منداڵ یان تەنانەت لە هەمان ژوور بخەویت بۆ ئەوەی بتوانیت هەنگاوی خێرا وەربگریت ئەگەر نیشانەکان خراپتر بوون.

ئامادەکاری بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی

لە زۆربەی حاڵەتەکانی دەردە کۆپاندا، منداڵ و پێگەشتووان پێویستییان بە چاودێری تەندروستی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر نیشانەکان توند بوون یان وەڵامی چارەسەری ماڵەوەی نەدایەوە، پێویستە پەیوەندی بە دابینکەرەوە بکرێت.

تۆ دەتوانی چی بکەیت؟

پێش چاوپێکەوتنی پزیشکی لیستێک دابنێ لە:

  • نیشانەکانی تووشبوو، وەک ئەوەی چەند ڕوودەدات و چۆن ڕوودەدات، ئەگەر شتێک هەیە وایان لێبکات باشتر یان خراپتر بن.
  • هەر دەرمانێک کە وەریدەگرێت، لەوانە دەرمانی سەرووی کۆنترۆڵ، ڤیتامین، ڕووەکە ئازار لابەرەکان و تەواوکەری تر و ژەمەکانیان.

چەند پرسیارێک بۆ تەندروستی تووشبوو

چاودێری تەندروستی کەسی تووشبوو لەوانەیە چەند پرسیارێک بکات بۆ یارمەتیدان لە دیاریکردنی باشترین چارەسەر، لەوانە:

  • نیشانەکانی تووشبووەکە چین؟
  • ئایا تووشبووەکە تای هەبووە یان کێشەی هەیە لە خواردن؟
  • بۆ ماوەی چەند تووشبووەکە نیشانەکانی هەیە؟
  • ئایا کۆکەی تووشبووەکە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر بووە؟ ئەگەر وایە، چەند بە خێرایی؟
  • ئایا شێوازی کۆکەی تووشبووەکەت بینی؟ بۆ نموونە لە شەودا خراپتر دەبێت؟
  • ئایا تووشبووەکە لە پێشتر دەردە کۆپانی هەبووە؟
  • ئایا تووشبووەکە بەم دواییانە تووشی نەخۆشی تر بووە؟
  • ئایا تووشبووەکە هیچ نەخۆشییەکی دیکەی هەیە؟
  • ئایا ڤاکسینی تووشبووەکە تا ئێستا بەردەوام وەردەگیرێت؟

هەروەها چاودێری تەندروستی پرسیاری تر دەکات لەسەر بنەمای وەڵامەکان و نیشانەکان و پێداویستییەکانی تووشبووەکە. ئامادەکردن و پێشبینیکردنی پرسیارەکان یارمەتیت دەدات باشترین وڵامەکان بدەیتەوە بە چاودێرەکە.


سەرچاوەکان



386 بینین