بەشە ناوخۆیی کچان لە هەرێمی کوردستان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-23-17:02:00 - کۆدی بابەت: 11520
بەشە ناوخۆیی کچان لە هەرێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەشە ناوخۆیی کچان (بە عەرەبی: اقسام الداخلية للبنات، بە ئینگلیزی: Girls dorm’s)، بەشە ناوخۆیی چەند بینایەک لە خۆ دەگرێت کە ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی شارەکەی خۆیان وەرگیراون تیایدا دەمێننەوە. یەکەم شت کە خۆت ڕادەهێنیت لەگەڵیدا دوور بوونە لە ماڵەوە هەموو ئەو ئەرکانەی کە پێشووتر لەسەر ماڵەوەت بوون دەکەوێتە سەر خۆت کە ئەنجامیان بدەیت، ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات.

چەند خاڵێکی گرنگ لە سەرەتادا

١- خۆت ڕابهێنە لە دووری ماڵەوە و ژیانکردن لە بەشە ناوخۆیی، خۆت ڕابهێنە لەسەر تەنهایی چونکە ئەگەر زاڵ نەبیت بەسەر تەنهایدا ئەوە تەنهای بەسەردا زاڵ دەبێت.

٢- کەسێکی تێکەڵ و قسەزان و بوێربە، هەرگیز شەرمن مەبە بەڵام ڕەوشت بەرزبە، هەوڵبدە چاوکراوە و لێزان بیت.

٣- پێشتر خۆت فێربکە کە چۆن بەو بڕە پارەیەی کە لە دەستدایە، یەگەر کەمیش بێت بتوانیت ژیان بکەیت و خۆت بەڕێوەببەیت، دەست بڵاو مەبە و پارەکانت سەرف مەکە، هەرگیز بارگرانی لەسەر ماڵەوەت دروست مەکە، هەموو پارەکانت بەش بەش بکە  وبزانە چی پێ دەکڕیت و چۆن پارەکەت خەرج دەکەیت.

٤- زوو بڕیار لەسەر هاوژوورەکەت مەدە.

٥- خۆت بە دوور بگرە لە باسکردنی بابەتە سیاسییەکان.

٦- خۆت ڕابهێنە لەسەر خوێندن لە هەر جێگایەک بێت سەربان یاخود ژێر باران و تەپ و تۆز، ژێر خۆری بە تین، ڕاڕاوەکان.

ئەو شتانەی لەسەر پێویستە بیکەیت هەفتەیەک پێش چووە بەشە ناوخۆیی

١- دوای تۆمارکردنی ناوت لە زانکۆ، پرسیاری ئەوەت لێ دەکرێت کە خوێندکاری دەرەوەی شاریت یاخود ناو شار، کە وەڵامت بەڵێ بوو بۆ خوێندکاری دەرەوەی شار، ڕێنماییت دەکەن بڕۆیت بۆ ژوورێکی تر، لەوێ ئەو کەسەی بەرپرسە لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان خۆیت پێدەناسێنێت، بە کورتی باسی بەشە ناوخۆییەکەت بۆ دەکات، کە دابەشبوونی ژوورەکان چۆنە و خزمەتگوزارییەکان چین، ئەوەی لێرەدا گرنگە ژمارەی ئەو کەسانەت پێدەدات کە چاودێری خوێندکارن یاخود چاودێری بیناکەن.

٢- هەرگیز بینای بەشە ناوخۆییەکە بەراورد مەکە بە شوێنی دیکە یاخود ماڵەوە لەبەر ئەوەی بیناکە کۆنە و پێویستی بە پاکردنەوە هەیە لەگەڵ هاوڕێکانتدا.

٣- کە گەڕایتەوە ماڵەوە، دەست بکە بە ئامادەکردنی شتەکانی خۆت وەک: جل و بەرگ، پاککردنەوەی جل و بەرگ، کەلوپەلی جوانکاری، پێڵاو، بەڵام شتی زیادە لە خۆت کۆمەکەرەوە، تەنها پێویستی و گرنگییەکان ببە،  زۆر باشە ئەگەر لە پێشوتردا خزمەکانت یاخود زیکەکان خوێندکاری بەشە ناوخۆیی بوبێتن، پرسیاریان لێ بکەیت پێداویستییەکانی بەشە ناوخۆیی چین، هەتا ئەگەر کەسەکە زۆر لە تۆشەوە نزیک نەبوو هەر لێی بپرسە، چونکە ئەو کەسانە ئەزموونی ژیانیان کردووە و لە تۆ باشتر دەزانن.

٤- لە بابەتی هەڵبژاردنی هاوژووردا، بە دوای کەسێکدا بگەڕێ کە سیفاتی باشی هەبێت، پێویستە سەرەتا سیفاتەکان لە تۆدا هەبن، هەوڵمدە بە دوای کەسێکدا بگەڕێیت کە هەمان سیفات و خوی تۆی هەبێت زۆر لەگەڵ یەک بگونجێن، بەڵکو هەر کەسێک بوو دەتوانن خۆتان بگونجێنن لەگەڵیدا و ببنە خێزان بۆ یەکتری. پێوەری هاوڕێ و هاوژووری باش لە بەشە ناوخۆیی  وزانکۆدا، پەیوەندی کەسەکەیە لەگەڵ خودا، هەبوونی ئامانج و هەوڵدان بۆی، هەرکمیان نەبێت زیانت لێدەدات.

ئاگاداری ئەمانە ببە

  • لە هەڵبژاردنی ژووردا ژووی بچوک و سێ کەسی هەڵبژێرە.
  • پێداگیری مەکە لەسەر ئەوەی هەر دەبێت لەگەڵ ئەو کەسەدا بیت کە خۆت دەتەوێت خزم بێت یاخود هاوڕێ، یەکێک لە جوانییەکانی بەشە ناوخۆیی ناسینی کەسانی نوێن.
  • ئەوەت بیر بێت کە بەشە ناوخۆیی بەرپرسیارێتییە، دوای چەند ڕۆژێک کارەکان لە بەشە ناوخۆیی دابەش دەکرێن، ئەگەر خواردن لێنان  نازانیت ئەوە دەتوانیت قاپەکان بشۆیت، ئەوەشت نەزانی دەتوانیت ژوورەکە پاک بکەیتەوە.
  • ئەگەر کەسێکی کۆمەڵایەتی نیت و شەرمنیت، ئەوە پێویستە بگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرەتای چوونە ژوورەکەتدا هەموو نهێنییەکی خۆت بۆ کەسەکانی دەورووبەرت مەدرکێنە تەنها باسی چەند سیفات  وئارەزووی خۆت بکە، نە کەسێکی داخراو بە نە کەسێکی کراوە، دواتر بەپێی تێپەڕبوونی کات دەڕۆنە دەرەوە و تێکەڵ دەبن  وخێزانی یەکتر دەناسن.
  • کاتێک لەلایەن هاوڕێکانت داوای چوونەدەرەوەت لێ دەکرێت یەکسەر ڕازی مەبە، بیر لە خێزانەکەت و باری دارایی خێزانەکەت بکەرەوە و بیر لەو بڕە پارەیەوە بکەرەوە کە لاتە، چونکە تۆ خوێندکاری بەشە ناوخۆییت و باری لە ناکاو دروست دەبێت وەکو نەخۆشی.
  • سەبارەت بە خەو ئەگەر تۆ کەسێکی هەستیاریی و ناتوانیت لە شوێنێک بخەویت کە دەنگە دەنگ و ژاوەژاوی لێیە ئەوە بەشە ناوخۆیی بۆ تۆ قورس دەبێت  و دەبێت زوو خۆت لەگەڵ بارودۆخەکەدا ڕابهێنیت.

سوودەکانی بەشە ناوخۆیی

١- گرنگترین سوودی بەشە ناوخۆیی ئەوەیە کە فێرت دەکات لە هەموو بارودۆخێکدا خۆت بگونجێنیت.

٢- فێرت دەکات بەرگەی دووری ئازیزانت  وخێزانەکەت بگریت.

٣- فێرت دەکات بەرامبەرەکەت قبوڵ بکەیت بە خوی جیاواز و ئارەزووی جیاواز.

٤- دەتوانیت فێری چێشتلێنان و هەندێک کاری تر ببیت کە لە پێشووتردا نەتکردووە.

٥- فێری شێوەزرەکانی تر دەبیت و وات لێ دەکات کە ڕێزی هەموو شێوەزارەکانی تر بگریت.

٦- فێری ئارامگرتنت دەکات، فێرت دەکات خۆت لە ئارەزووەکانت بگریتەوە و دەست بەو بڕە پارەیەوە بگریت کە هەتە.

هەندێک ئامۆژگاری

  • ئەو کاتەی دەگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە، لەگەڵ هاتنەوەت بۆ بەشە ناوخۆیی، جگە لە پێویستییە تایبەتییەکانی خۆت، کەمێک خواردن لەگەڵ خۆت ببە، لە برنج ، فاسۆلیا، مریشک، زەیت و شەکر، ئەوە زۆر یارمەتیدەر دەبێت و ئەرکەکانت کەم دەبێتەوە.
  • نەبوونی ئاو و کارەبا کێشەن لە بەشە ناوخۆییەکاندا بەردەوام مۆبایلەکەت بارگاوی بکەرەوە و ئاو زۆر بە فیڕۆ مەدە.
  • ڕێز لەکەرەستە و شتە و مەکی ناو ژوورەکەت بگرە و بیان پارێزە.
  • هەوڵبدە پێویستییەکانت لە کاتی هاتنەوەت لە زانکۆ بکڕیت، ڕەچاوی کات بکە، نەک لە کاتی داخستنی دەرگای بەشە ناوخۆیی بچیت بۆ شت کڕین.
  • کاتێک بانگێشتکراوی بۆ ژوورێکی تر بۆ نانخواردن لە دوای نانخواردن سفرەکە کۆ بکەرەوە و قاپەکان بشۆ و یارمەتی هاوڕێکانت بدە.

خراپی و ناشرینییەکانی بەشە ناوخۆیی

  • بوونی هاوڕێی سیفەت خراپ کە کاریگەری خراپ لەسەر تۆش دروست دەکەن.
  • ئەگەر کەسەکە هاوژوورت بوو و هاوژووری دیکەت هەبوو دەتوانیت زۆر تێکەڵ نەبیت لەگەڵ ئەو کەسە.
  • ژاوەژاو و دەنگە دەنگی بەردەوام.
  • ڕەخنەی زۆرت لێ دەگیرێت لە هەموو ڕوویەکەوە.

پەیوەندیکردن بە ماڵەوە

١- لە سەرەتای چوونە بەشە ناوخۆییەکان هێندە پەیوەندیان پێوە مەکە بە گریانەوە و خەمباریان مەکە.

٢- لەگەڵ هاوڕێکەت یان هاوژوورەکەت ناگونجێیت هەوڵبدە خۆت چارەسەریان بکەیت و پەیوەندی مەکە بە ماڵەوە.

٣- کە کەمێک نەخۆش کەوتیت یەکسەر پەیوەندی بە ماڵەوەتان مەکە و ئەوەنەی دیکە خەمباریان مەکە. دەتوانیت لەگەڵ نوێنەرەکەتاندا بچیتە نۆرینگە و چارەسەر وەربگریت ئەو بەشی خۆی ئاگادارت دەبێت.

٤- لە هەندێک شتدا پێویستە پرس و ڕاوێژ بە ماڵەوە بکەیت.

کاتە لەبیرنەکراوەکانی بەشە ناوخۆییەکان

  • بوونی گەشتی کچانە، کە کاتێکی خۆش و کۆمەڵێک یادگاری جوانە.
  • کاتێک بە کۆمەڵ دەچن بۆ بازاڕیکردن.
  • مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە کاتی دەوام، یان کاتی تاقیکردنەوە، ڕاستە ماندووبوونی یەکجار زۆرە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هەموو شتە بە یەکەوە قورسە، بەڵام کاتی خۆشن کاتێک پەرستشەکان بە کۆمەڵ  پێکەوە دەکەن.
  • ئەو کاتانەی کە دەوامم نییە، پێکەوە کۆ دەبنەوە و باسی بابەتی تر دەکەن، شتی جیاواز و نوێ دەبیستیت.


سەرچاوەکان



328 بینین