نەخۆشی ئەسپێرجیلۆسیس

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-10-27-13:50:00 - کۆدی بابەت: 11535
نەخۆشی ئەسپێرجیلۆسیس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی ئەسپێرجیلۆسیس (بە ئینگلیزی: Aspergillosis، بە عەرەبی: داء الرشاشيات)، نەخۆشیەکە بەهۆی هەڵمژینی سپۆڕی کەڕووی ئەسپەرجیلس (Aspergillus)ەوە توشی ئەو کەسانە دەبێت کە سیستەمی بەرگری لەشیان لاوازە یان خۆیان نەخۆشییەکی کۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە، سپۆڕی کەڕووی ئەسپەرجیلەس لە هەموو شوێنک هەیە وەک خۆڵ، ماددە ئۆرگانیکەکان و سەوزەواتە گەنیوەکان، ڕۆژانە زۆربەمان سپۆڕی ئەسپەرجیلەس هەڵەمژین بەڵام خڕۆکە سپیەکانی لەشمان تێکیان ئەشکێنن و نابنە نەخۆشی لە لەشماندا.

ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی کەڕووی ئەسپەرجیلسەوە ڕودەدەن

دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر، هەندێک جۆری نەخۆشییەکان سووکن، بەڵام هەندێکیان زۆر جددین، بەپێی شوێن و توانای سیستەمی بەرگری نەخۆشەکە دەگۆڕدرێت وەک:

  • Chronic pulmonary aspergillosis (CPA): دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی و لەناوبردنی شانەی سییەکان، دەکرێت حاڵەتێکە درێژخایەنبێت (٣ مانگ یان زیاتر) بخایەنێت، هەروەها ڕەنگە یەک یان چەند تۆپێکی کەڕووەکە (ئاسپێرجیلۆما) لە سییەکاندا هەبن.
  • Allergic bronchopulmonary aspergillosis (ABPA): کاتێک ڕوودەدات کە ئەسپێرجیلۆس دەبێتە هۆی هەوکردن لە سییەکان و نیشانەکانی هەستیاری وەک کۆکە، زیاتر لەو کەسانەدا ڕودەدات کە خۆیان نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە.
  • Invasive aspergillosis: کاتێک ڕوودەدات کە ئەسپێرجیلۆس دەبێتە هۆی هەوکردنێکی سەخت، بەزۆری لەو کەسانەدا ڕودەدات کە سیستەمی بەرگری لەشیان لاواز بووە، وەک ئەو کەسانەی کە چاندنی ئەندامەکانی جەستە، چاندنی خانە بنەڕەتییەکانیان کردووە یاخود چارەسەری کیمیایی وەردەگەرن، ئەم جۆرە نەخۆشییەیان بەزۆری کاریگەری لەسەر سییەکان دەبێت، بەڵام دەتوانێت بۆ بەشەکانی تری جەستەش بڵاوبێتەوە.
  • Cutaneous (skin) aspergillosis: ڕودەدات ماتێک ئەسپێرجیلۆس لە ڕێگەی برینێکی پێستەوە (بۆ نموونە دوای نەشتەرگەری یان برینێکی سووتان) دەچێتە ناو جەستە و دەبێتە هۆی هەوکردن، بەزۆری لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە سیستەمی بەرگریان لاواز بووە، هەروەها دەکرێت ئاسپێرجیلۆزی پێست ڕووبدات ئەگەر جۆری Invasive aspergillosis لە شوێنێکی دیکەی جەستەوە بۆ پێست بڵاوبێتەوە، وەک سییەکان.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەگشتی

  • کۆکەی  بەردەوام
  • هەناسە توندی
  • ئازاری سنگ
  • تا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش
  • هەناسە کورتی
  • ماندویی لەش بەبەردەوامی

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە

  • پشکنینی خوێن
  • پشکنینی بەلغەم
  • گرتنی تیشکی سنگ
  • سیتی سکان
  • وەرگرتنی شانەی زیندوو لە سییەکان

چۆن خۆمان بپارێزین لە جۆرەکانی ئەم نەخۆشییە؟

زەحمەتە خۆت لە هەناسەدان بە سپۆرەکانی ئاسپێرجیلۆس بەدوور بگرێت چونکە کەڕووەکە لە ژینگەی باو و ئاسایدا هەیە، بۆ ئەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگریان لاوازە، هەندێک ڕێگە هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون لەوانە:
١- هەوڵبدە خۆت لەو شوێنانە بەدوور بگریت کە تۆز و خۆڵیان زۆرە وەک شوێنە بیناسازییەکان یان ئەو شوێنانەی کە هەڵکەندراون، ئەگەر ناتوانیت لەم شوێنانە دوور بکەویتەوە ئەوا ئەمێری هەناسەدانی N95 (جۆرێک لە ماسکی دەموچاو) بەکاربهێنە لەکاتێکدا لەوێیت.
٢- برینەکانی پێستت بەجوانی پاک بکرەوە بەتایبەت گەر بەر خۆڵ و تەپوتۆز کەوتبێت.
٣- دژە کەڕووەکان بەکار بهێنە: ئەگەر لەو کەسانەیت کە مەترسییەکی زۆرت لەسەرە بۆ تووشبوون (بۆ نموونە ئەگەر چاندنی ئەندامەکانت یان چاندنی خانە بنەڕەتییەکانت بۆ کراوە)، پزیشکەکەت لەوانەیە پێویست بکات دەرمانت بۆ بنووسێت بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکە.
٤- پشکنین بۆ زووتر دیاریکردنی حاڵەتی تووشبوون: ئەو کەسانەی کە مەترسی توشبوونیان زۆر زیاترە لە کەسی ئاسای پێویست دەکات زوو زوو پشکنین بکەن تاکو بەزووترین کات حاڵەتەکە دیاری بکرێت و دەست بە چارەسەر بکرێت.

چارەسەر

چارەسەری نەخۆشییەکە پەیوەستە بەوەی تاکو چەند نەخۆشییەکە زوو دەستنیشانکراوە و پەرەی سەندووە یاخود نا، لەگەڵ وەرگرتنی دەرمانی دژەکەڕوو هەروەها کۆرتیکۆ ستیرۆید چونکە دژەکەڕووەکان بەتەنها ناتوانن کەڕووەکە لەناوببەن، لەهەندێک حاڵەتیشدا لەوانەیە پێویست بە نەشتەرگەری بکات.


سەرچاوەکان



467 بینین