مشار ١٠ (٢٠٢٣)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-11-17-19:58:00 - کۆدی بابەت: 11639
مشار ١٠ (٢٠٢٣)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مشار ١٠ (بە عەرەبی: منشار ١٠، بە ئینگلیزی: Saw X) فیلمێکی نوێی ترس ئامێزە لە دەرهێنانی کێڤن گروتێرت و نووسین جۆش ستۆلبێرگ و پیتەر گۆڵدفینگەر، فیلمەکە بەشی دەیەمە لە زنجیرە فیلمەکە. کە لە ساتی پەخشکردنی لە سینەماکانی جیهاندا لەبەر بوونی ناوەڕۆکی قێزەون هۆشداری درابوو بە بینەران ئەگەر فۆبیایان بە خوێن و دیمەنی قێزەون هەیە بینەری نەبن. 

چیرۆک

چیرۆکی فیلمەکە لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە "جۆن کرامەر" پێی دەگوترێت تەنها چەند مانگێکی ماوە لە ژیاندا، بەهۆی ئەوەی لە قۆناغی کۆتایی شێرپەنجەی مێشکدایە. بۆ ئەمەش بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی پشتگیری کردن لە تووشبووانی شێرپەنجە دەکات و لەوێ چاوی دەکەوێت بە "هێنری کێسلەر" کە تووشبوویەکی شێرپەنجە بووە لەلایەن پزیشکێک بەناوی  "پێدرسن" چارەسەر کراوە، کە چارەسەرەکە بە چارەسەری نەرویجی ناسراوە. 

جۆن، پەیوەندی دەکات بە کچی پزیشکەکەوە کە ناوی "سێسیلیا"یە و ئەویش بەرواری چاوپێکەوتنی بۆ دادەنێت لە نۆرینگەکەیان وڵاتی مەکسیک

جۆن، کاتێک دەگاتە شاری مەکسیکۆ، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو دەبردرێتە نۆرینگەیەکی نهێنی، کە وادانراوە لەوێ نەشتەرکاری بۆ بکرێت. لەوێ چاوی دەکەوێت بە دەستەی نەشتەرکاران کە (سێسیلیا، ماتیۆ، ڤالێنتینا، و پریشکی نشتەرکار کۆرتێز) لە کاتی نەشتەرکارییەکەدا هێشتا جۆن تەواو سڕ نەبووە و ئاگایی ماوە کە دەبینێت ئەو شاشەیەی بۆ بینینی ناوەوەی مێشکی دانراوە ئاڕاستەکەی دەجووڵێنن و بڕێکی زیاتر ماددەی سڕکەری پێدەدەن تا بەتەواوی بێ هۆش ببێت. 

دوای ئەم نەشتەرکارییە، جۆن بۆی دەردەکەوێت هەڵخەڵەتێنراوە و نەشتەرکاری بۆ ئەنجام نەدراوە، بۆیە وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی لەلایەن "ئەمەندا"ی یاریدەدەری ئە کەسانە دەست بەسەر دەکات کە هەڵیان خەڵەتاند بوو کە هەریەک لە (پزیشکەکە، ماتیۆ، گابرێلا، ڤالێنتینا) بوون و دەیان خاتە یارییەکەی خۆی کەتیایدا دەبێت بە ژیانی خۆیان یاری بکەن تا فێری ئەوە بن ژیان نرخی هەیە و نابێت بۆ مەبەستی خودی فێڵ لە کەسانی تر بکرێت. 

ئەکتەرەکان

  • تۆبین بێڵ لە ڕۆڵی کەسایەتی جۆن کرامەر.
  • شاونی سمیز لە ڕۆڵی کەسایەتی  ئامەندا یۆنگ.
  • سینۆڤ ماکۆدی لوند لە ڕۆڵی کەسایەتی سێسیلیا.
  • ستێڤن بڕاند لە ڕۆڵی کەسایەتی پارکەر سیرس.
  • ڕێناتا ڤاکا لە ڕۆڵی کەسایەتی گابرێلا.
  • جۆشوا ئۆکامۆتۆ لە ڕۆڵی کەسایەتی دیێگۆ.
  • ئۆکتاڤۆ هینۆجۆسا لە ڕۆڵی کەسایەتی ماتیۆ.
  • پاولێت هێرناندز لە ڕۆڵی کەسایەتی ڤالێنتینا.
  • جۆرج بریسێنۆ لەڕۆڵی کەسایەتی کارلۆس.
  • کۆستاس ماندیلۆر لە ڕۆڵی کەسایەتی هوڤمان.
  • مایکڵ بێچ لە ڕۆڵی کەسایەتی هێنری کیسلەر.
  • ئیسن بۆمیون لی لە ڕۆڵی کەسایەتی ئەمیندار.
  • دەیڤد ئەلفانۆ لەڕۆڵی کەسایەتی پزیشک.
  • کەیتی باربێری لە ڕۆڵی کەسایەتی پشتیوانی شێرپەنجە
  • لوشیا گۆمێز ڕۆبلێدۆ لە ڕۆڵی تەکنیککاری MRI.
  • دۆنا گۆردۆن لە ڕۆڵی کەسایەتی دکتۆر فین پێدرسۆن. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی فیلم Saw X
ژانەر ترسناک
دەرهێنەر کێڤن گروتێرت
نووسەران پیتەر گۆڵدفینگەر و جۆش ستۆڵبێرگ.
بەرهەمهێنەران مارک بەرگ و ئۆرێن کۆولێس. 
ئەکتەران تۆبین بێڵ، شاونی سمیز، ماکۆدی لوند، ستێڤن براند، ڕێناتا ڤاکا، مایکڵ بێچ، سینۆڤ. 
سینەماتۆگرافی نیک ماتیۆس
چاککردن کێڤن گروتێرت
موزیک چارلی کڵۆوسەر
کۆمپانیای بەرهەمهێنەر Twisted pictures
دابەشکار Lionsgate
بەرواری پەخش ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
کات ١١٨ خولەک
وڵات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمانی فیلم ئینگلیزی
بودجەی بەرهەمهێنان ١٣ ملیۆن دۆلار
داهاتی لە بۆکس ئۆفیس ١٠٤٫٩ ملیۆن دۆلار

پێداچوونەوەکان لەلایەن ڕەخنەگران 

بە گشتی فیلمەکە پێشنیار کراوە بۆ بینین و بە شێوەی ئەرێنی لێی دواون، بە تایبەتی بۆ ڕۆڵی جۆن کرامەر و پلانەکانی بۆ یاریکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی خراپەیان کردووە و لە ڕێگەی ساختەکاری و فێڵکردنەوە بوونەتە خاوەن سامانی زۆر، بەتایبەتیش کۆتا دیمەنەکانی فیلمەکە شۆکهێنەر بووە بە بڕوای ڕەخنەگران و بینەران لەکاتی بینینیدا. 

پەیامی زنجیرە فیلمی Saw چییە؟ 

زۆرێک لە بینەران درک بەو ڕاستییە دەکەن کەوا زنجیرە فیلمی مشار یان Saw ترس ئامێز نییە بەڵکو هەڵگری ناوەڕۆکی قێزەونە کە تیایدا ئازاردان و سزادانی دڵڕەقانە لە خۆ دەگرێت، پەیامی زنجیرە فیلمەکە ئەوەیە کە مرۆڤ نرخی ژیان بزانێت، هەرگیز بێ ئومێد و ناڕازی نەبێت لەو شتانەی پێی دراوە، گرنگترین شت لە ژیاندا لەشساغییە ئەگەر تۆ لەشساغبیت ئەوا خاوەنی هەموو شتێکیت، بیهێنە بەرچاوت کەوا تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووبیت بە تایبەتی شێرپەنجە و پزیشک بڵێت ماوەیەکی کەمت ماوە! کەواتە مرۆڤ دەبێت نرخ و بەهای خۆی و دەوروبەری بزانێت لە گشت کاتێکدا.


سەرچاوەکان



345 بینین