بیرەوەری بینراو

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-17-20:05:00 - کۆدی بابەت: 11640
بیرەوەری بینراو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بیرەوەری بینراو (بە عەرەبی: الذاكرة البصرية، بە ئینگلیزی: Visual memory)، یەکێکە لە جۆرەکانی بیرەوەری و ئەگەر زیاتر لێی وردبینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بیرەوەری تەنها یەک فۆرم نییە، بەڵکو زنجیرەیەکە پێکهاتووە لە چەند جۆرێکی جیاواز.

بیرەوەری بینراو چییە؟

زاراوەی بیرەوەری بینراو ڕوون و ئاسانە بۆ تێگەیشتن، ئێمە دەتوانین هەر شتێک کە دەبینین بە بیرمان بێتەوە. یەکێکە لە سادەترین ڕێگاکانی فێربوون، ئەگەر کێشەت هەبێت لە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە دەیبینیت، ئەوا کێشەت دەبێت لە فێربوون.

جۆرەکانی بیرەوەری بینراو

بیرەوەری کورتخایەن

واتە توانای بیرهێنانەوەی شتێک کە ماوەیەکی زۆری بەسەردا نەرۆشتووە، ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا  یادەوەری کورتخایەن بەکاردەهێنین. بۆ نموونە هونەرمەند دەتوانێت هەر شتێک کە دەیبینێت ڕاستەوخۆ وێنەی بکێشێت، دەتوانین ئەو نوسینەی دەیخوێنینەوە لەبەری بکەین، یان وشەی تێپەڕ بخوێنینەوە و لەبەری بکەین دواتر بینووسینەوە. ئێمە زۆر شت لە ژیانماندا دەبینین، زۆربەمان لە یادەوەری کورتخایەنماندا هەڵیان دەگرین. ئەگەر یادەوەرییەکە هیچ سوودێکی نەبێت بۆمان دوای ماوەیەک لە بیرمان دەچێت. بەڵام ئەگەر یادەوەری کورتخایەن بەردەوام بێت و چەند جارێک دووبارە ببێتەوە، یان بیرەوەرییەکە پەیوەندی بە هەستەوە هەبێت، ئەوا دەبێتە درێژخایەن.

بیرەوەری درێژخایەن

توانای بیرهێنانەوەی یادەوەری کۆنە، یان یادەوەرییەک کە پەیوەندی بە سۆزدارییەوە هەیە بۆ نموونە هەندێک یادگاری منداڵی هەن کە بە ڕوونی بە بیرت دێت. یان شتێک کە پەیوەندی بە هەستی سۆزدارییەوە هەبێت، یادەوەری درێژخایەن بەهۆی زۆر دووبارەبوونەوەی شتێکەوە ڕوودەدات. بۆ نموونە کاتێک بۆماوەیەکی زۆر بەردەوام دێیت و دەچیت بۆ شوێنێک، دواتر دەتوانیت فێر بیت چۆن بەبێ GPS یان هاوکارییەکی تر ئەنجامی بدەیت. بیرەوەری بینراو لە جیهانی فێرکردن و فێربووندا گرنگییەکی زۆری هەیە. تەنانەت ٨٠٪ی  ئەو شتانەی فێری دەبین لە ڕێگەی بینینەوەیە. 

چەند نموونەیەک دەربارەی چۆنیەتی فێربوون

خوێندنەوە و نووسین

لە کاتی خوێندنەوەدا سەیری وشەکان دەکەین و دەیانبەستینەوە بە واتاکانیانەوە. کاتێک بابەتێک دەخوێنینەوە وێنەیەکی ئەم وشەیەمان بە بیردا دێتەوە. بۆ نموونە لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانێکت و لە مێشکتدا وێنای ڕووداواکانی ناو ڕۆمانەکە دەکەیت. سەبارەت بە نووسین، لەکاتی نووسیندا بیر لە شێوەی پیتەکان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی  وشەیک بنووسیت. ئەگەر لەسەر کیبۆردێک دەنووسیت، دەکرێت سەرەتا سەیری کیبۆردەکە بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت پیتەکان چۆنن و لە کوێن. بەڵام کاتێک فێری بەکارهێنانی کیبۆرد بوویت، بەبێ سەیرکردن شوێنی هەموو پیتەکان دەزانیت.

ڕێنووس 

کاتێک هەوڵی ڕێنووسی وشەیەک دەدەین، دەتوانین لە مێشکماندا وێنای وشەکە بکەین و بزانین چۆن نووسراوە.

چۆن بزانین یادەوەری بینینراوما لاوازە یان نا؟

ئەو کەسانەی کە کێشەی بیرەوەری بینراویان هەیە، بەتایبەتی لە منداڵان، لەوانەیە تووشی ئەم گرفتانە ببن:

  • لە کاتی خوێندنەوەی بابەتێک توانای تێگەیشتنیان لاوزە، لەوانەیە ناچاربن هەموو جارێک وشەکە دووبارە بکەنەوە، زۆرجار لەبیریان دەچێت چۆن وشەکە بنووسن.
  • توانای بیرکارییان لاوازە، ناتوانن بەباشی هاوکێشەیەکی بیرکاری شیکار بکەن، ڕەنگە بەکارهێنانی حاسیبەشیان بەلاوە قورس بێت.
  • توانای لەبەرکردنیان لاوازە.
  • بە ئاستەم ژمارە یان پیت دەناسنەوە.
  • بە هێواشی دەنووسن لە کاتی نووسین پیتەکانیان لێ تێکەڵ دەبێ و کاتێکی زیاتریان دەوێت و ڕەنگە مامۆستاکانیان وا بیربکەنەوە کە تەمبەڵن.

ئەگەر کەسێک بیرەوەری بینینی لاواز بێت، ئەوا ڕەنگە ڕێگایەکی تر بەکاربهێنێت بۆ بیرهێنانەوەی یادەوەرییەکە، ڕەنگە هەندێک کەس بیرەوەری بیستن بەکاربهێنن، بۆ نموونە کاتێک هەوڵی ڕێنووسی شتێک دەدەیت، لەوانەیە گوێت لە دەنگی پیتەکان بێت لە مێشکتدا. بەڵام بیرەوەری بیستن هێندەی بیرەوەری بینراو بەهێز نییە، هەر بۆیە کاتێک کەسێک کە بیرەوەری بینراوی لاوازە بیرەوەری بیستنی ناتوانێت بە تەواوی جێگەی بگرێتەوە. بەڵام ئەگەر کەسێک بیرەوەری بیستنی لاواز بێت، ئەوا بە توانای بینینی زۆر باشتر قەرەبوو دەکرێتەوە. مێشکمان هەمیشە هەوڵدەدات باشترین ڕێگاکانی فێربوون بدۆزێتەوە، هەر بۆیە پێویست دەکات کۆمەڵێک کارامەیی جیاوازمان هەبێت بۆ ئەوەی بەباشی فێربین.

ڕاستییەکان دەربارەی بیرەوەری بینراو

١- ڕەنگە کەسێک بە بەکارهێنانی بیرەوەری بینراو هەوڵی بە بیرهێنانەوەی شتێک بدات بە سەیرکردنی سەرەوە و پاشان سەیرکردنی لای چەپ. بەم شێوەیە کەسێک لە بیرەوەری بینراوی درێژخایەن بە بیری خۆی دەهێنێتەوە. بەڵام لە یادەوەری کورتخایەن کەسەکە سەیری سەرەوە دواتر لای ڕاست دەکات. بەڵام ڕەنگە هەندێک کەس بە پێچەوانەوەی ئەمەوە بیریان بکەوێتەوە، یان بە هیچ شێوەیەک بیریان ناکەوێتەوە. بەڵام بوونی هەر یەک لەمانە نابێتە هۆی دروستبوونی هیچ گرفتێک.

٢- بیرەوەری بینراو هاوشێوەی یادەوەری شوێنەوارناسییە کە بریتییە لە تۆمارکردنی ئەوەی لە دەوروبەرماندا دەیبینین. بەڵام بیرەوەری بینراو بە واتای سەیرکردنی شتەکان دێت نەک ڕووبەڕێکی دیاریکراو، هەروەها پەیوەندی بە دروستکردنی وێنەی سێ دوورییەوە هەیە کە وێنەیەک دروست دەکرێت و دەستکاری دەکرێت دەتوانین بیانبینین و بیانسوڕێنینەوە. بیرەوەری بینراو یەکدەنگی شوێن و بینین تێکەڵ دەکات بۆ وەبیرهێنانەوەی زانیاری، هەموو ئەمانە بەندە بەوەوە کە هەوڵدەدەیت چیت بە بیردا بێت یان هەر شتێکی تر کە بە مێشکتدا دێت.

چۆن بیرەوەری بینراو بەهێز بکەین؟

ئەگەر کێشەت هەیە لە بەکارهێنانی بیرەوەری بینراو یان دەتەوێت باشتری بکەیت، دەتوانیت سوود لە جۆرە جیاوازەکانی ڕاهێنان وەربگری. باشترکردنی یادەوەری بینراو هەمیشە شتێکی باشە، تەنانەت ئەگەر بیرەوەری بینراویشت لاواز نەبێت.

چەند ڕاهێنانێک بۆ باشتر کردنی بیرەوەری بینراو

یاری ئاماژەکردن

ڕێگەیەکی باشە بۆ بەهێزکردنی بیرەوەری بینراو لەگەڵ ئەوەشدا یارییەکی زۆر خۆشە. سەیری ژینگەی دەوروبەرت بکە و شتێک هەڵبژێرە، پاشان وەسفی بکە. پێویستە کەسی بەرانبەر بیر لە هەموو شتەکانی دەوروبەری بکاتەوە و بەدوای هەر شتێکدا بگەڕێت کە لەگەڵ وەسفی ئەو شتەدا دەگونجێت. هەتا وەسفەکە ناڕوونتر بێت، یارییەکە خۆشتر دەبێت.

یاری دۆزینەوەی جیاوازیەکان

ئەم یارییە دەتوانرێت بە شێوازی جیاواز ئەنجام بدرێت، چی لە ڕێگای کتێب بێت یان مۆبایل کە دوو وێنەی هاوشێوەت پیشان دەدرێت. بەڵام ئەم وێنانە جیاوازییەکی کەمیان هەیە کە پێویستە بیدۆزیتەوە. بۆ نموونە ئەگەر وێنەی دوو درەخت بێت لەوانەیە بڕی جیاوازی لق و پۆپیان هەبێت. بیرۆکەی ئەم یارییە بریتییە لە دۆزینەوەی ژمارەیەکی دیاریکراو لە جیاوازییەکان، ئەمەش وا دەکات دەستنیشنکردنیان ئاسان بێت. هەروەها دەتوانیت هەندێک شت دابنێیت، پاشان وا لە منداڵەکەت یان کەسێکی تر بکەیت سەرنجیان بدات دواتر چاوەکانی دابخات. تۆش شوێنی شتەکان بگۆڕیت یان دووبارە ڕێکیان بخەیتەوە، پێویستە منداڵەکەت گۆرنکارییەکان دەستنیشان بکات و بزانێت جیاوازییان چییە.

یاری کارتە لێکچووەکان

یارییەکی سادە وەکوو کارتە لێکچووەکان دەتوانێت بیرەوەری بینراو باشتر بکات. یارییەکە پێکهاتووە لە چەند کارتێک هەر دوو کارتێک ڕووی پێشەوەیان لەیەک دەچێت بەڵام پشتەوەی هەموو کارتەکان وەکوو یەکن، پێویستە سەرەتا سەیری هەموو کارتەکان بکەیت پاشان کارتەکان بە هەڵگەراوەیی دادەنرێن. دواتر دەبێت بزانیت کام لەم دوو کارتە لێکدەچن لەگەڵ دیاریکردنی دووکارتە لێکچووەکە دووکارتەکە لادەبرێن یارییەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت هەتا هەموو کارتە لێکچووەکان دەسنیشان دەکەیت.

پرسیار بکە

ئەگەر کەسێک بیەوێت یادەوەرییەکەی باشتر بکات، دەتوانیت یارمەتی بدەیت بە پرسیارکردن لێی بە درێژایی ڕۆژ. لێی بپرسە نیوەڕۆ چیت خواردووە، دوای خوێندن چی کردووە و ….چەندانی تر. ئەمەش دەتوانێت کەمێک بیرەوەری بینراوی باشتر بکات.

بە سەرنجەوە بنووسە

کاتێک منداڵەکەت دەیەوێت بابەتێک بنووسێت، نابێت تەنها گرنگی بە دەستنووسەکە بدات بەڵکوو دەبێت بە سەرنجەوە بابەتەکە بنووسێت، هەروەها گرنگی بە تێبینییەکان بدات. دەکرێت هەندێک جار تێبینییەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز نووسرابن، بەڵام ئەمەیان  پەیوەستە بە خوودی کەسەکەوە کە بتوانێت بابەتەکە بە شێوەیەک بنوسێت کە ئاسان بێت بۆ تێگەشتن.

بەکارهێنانی هەردوو جۆری یادەوەری بینراو و بیستراو

کاتێک منداڵەکەت زانیاری نووسراوی پێدەدرێت، ڕێنمایی زارەکیشی پێبدە. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ فێربوون لە ڕێگای بیستنەوە و هەروەها یارمەتی بەستنەوەی نێوان بیرەوەری بیستراو و بینراو دەدات. کاتێک منداڵەکەت زانییارییەکی نووسراوی هەیە، بیرەوەرییەکی بیستراویشی بۆ زیاد بکە. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی بیرەوەری بینراو.

ئەم ئامۆژگاریانە تەنها چەند ڕێگەیەکی کەمن بۆ یارمەتیدانی بەهێزکردنی بیرەوەری بینراو. هەبوونی یادەوەرییەکی بینراوی بەهێز کارامەییەکی زۆر پێویستی ژیانە، بۆیە هەمیشە هەوڵبدە باشتری بکەیت، بەتایبەتی لە منداڵاندا.


سەرچاوەکان



246 بینین