گوێی مرۆڤ چۆن کاردەکات؟

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-11-17-20:16:00 - کۆدی بابەت: 11641
گوێی مرۆڤ چۆن کاردەکات؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوێی مرۆڤ چۆن کاردەکات؟ (بە ئینگلیزی: ?how human ear works، بە عەرەبی: كيف تعمل الأذن البشرية؟گوێ ئەو ئەندامەیە کە ئێمەی بە جیهانی دەنگ ئاشنا کردووە، گوێی مرۆڤ دەتوانیت دەنگ بە لەرەی (٢٠-٢٠٠٠٠) هێرتز ببیستێت، بەشێوەیەکی گشتی گوێ فرمانی بیستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەش جێبەجێ دەکات.

بەشەکانی گوێ

بە گشتی گوێ لە سێ بەش پێکهاتووە: (گوێی دەرەوە، ناوەڕاست، ناوەوە):

  • پەڕەی گوێ شەپۆلەکانی دەنگ کۆ دەکاتەوە و ڕەوانەی جۆگەی بیستنیان دەکات، کە پێکەوە لەگەڵ پەردەی گوێدا (تەپڵە پەردە) گوێی دەرەوە پێک دەهێنن.
  • ئێسکۆڵەکانی گوێش گوێی ناوەوە پێکدەهێنن.
  • لولپێچی گوێ و کەوانە جۆگەکانیش گوێی ناوەوە پێک دەهێنن.

چۆن دەنگەکان دەبیستین؟

١- شێوەی پەڕەی گوێ یارمەتیدەرە بۆ کۆکردنەوەی شەپۆلەکانی دەنگ و ڕەوانەکردنیان بۆ جۆگەی بیستن، کاتێک شەپۆلە دەنگییەکان بەر پەردەی گوێ (تەپڵە پەردە) دەکەون دەبنە هۆی لەرینەوەی پەردەکە و بەم هۆیەشەوە شەپۆلە دەنگییەکان دەگەن بە ئێسکۆڵەکانی گوێی ناوەڕاست.

٢-لە گوێی ناوەڕاستدا سێ ئێسکۆڵە هەن و ناوەکانیان لە شێوەکانیانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوانیش: ئێسکی چەکوش، ئێسکە دەزگای گوێ و ئێسکە ئاوزەنگی گوێ، کاتێک لەرەلەری تەپڵە پەردە کار لە ئیسکی چەکوش دەکەن، لەرەلەری دەنگەکە دەگوێزرێتەوە بۆ ئیسکە دەزگای گوێ و لەوێوەشەوە ئێسکە ئاوزەنگی گوێ و لەرینەوەکە دەگەیەننە گوێی ناوەوە. لەپێناو پاراستنی گوێ لە زیانە چاوەڕوان نەکراوەکان، جۆگەی ئۆستاکی گوێی ناوەڕاست بە گەرووەوە دەبەستێتەوە بۆ یەکسانکردنی پەستانی هەوا لە نێوان بەرگەهەوا و گوێی ناوەڕاست.

٣- لە گوێی ناوەوەدا لولپێچی گوێ هەیە کە شێوەی لولپێچییە و شلە ماددەیەکی تێدایە و دەمارەکانی بیستنی پێوە لکاوە، لەرەلەرەکەی لە ئێسکە ئاوزەنگی گوێوە دێت بۆ لولپێچی گوێ دەگوێزرێتەوە و لەوێشەوە لەلایەن دەمارە خانە هەستیارەکانەوە ڕەوانەی مێشک دەکرێن، بەم شێوەیە کرداری بیستن ڕوودەدات.

چۆن گوێ بەژدارە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەش؟

پاراستنی هاوسەنگی وەک کردارەکانی: ڕێک ڕاگرتنی سەر، لەسەر پێ وەستان، دانیشتن و بەڕێگادا ڕۆشتن پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی درەستی گوێی ناوەوە. لەگوێی ناوەوەدا سێ کەناڵی شێوە کەوانەیی هەن کە بە لولپێچی گوێوە بەستراون، ئەم کەناڵە شێوە کەوانەییانە پڕن لە شلە، کە شلەیەکی بنەڕەتییە لە گوێچکەدا و فەرمانی هاوسەنگی جەستەیە. کەناڵە کەوانەییەکان دیوارەکانیان بە مووی بچووک داپۆشراون، کاتێک سەرمان دەجوڵێنین، شلەی ناو کەناڵەکە بە دەوریاندا دەجوڵێت و بە مووەکان دەکەوێت، مووەکان زانیارییەکانی شێوازی وەستانی لەشمان دەگۆڕێت بۆ ئاگادارکردنەوە و لە ڕێگەی دەمارەکانەوە دەیانێرێت بۆ مێشک، مێشک ئەو ئاگادارکردنەوە و پەیامانە لێکدەداتەوە و ئاگاداری بۆ ماسولکەکانمان دەنێرێت و یارمەتیمان دەدات هاوسەنگ بمێنینەوە.


سەرچاوەکان



598 بینین