نۆ ڕێگای بەسوود بۆ ڕێگریکردن لە سەرقاڵبوون لە کاتی خوێندن یان کارکردندا

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-24-20:06:00 - کۆدی بابەت: 11653
نۆ ڕێگای بەسوود بۆ ڕێگریکردن لە سەرقاڵبوون لە کاتی خوێندن یان کارکردندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نۆ ڕێگای بەسوود بۆ ڕێگریکردن لە سەرقاڵبوون لە کاتی خوێندن یان کارکردندا (بە عەرەبی: تسع طرق مفيدة لتبعد الشرود عن عقلك أثناء الدراسة أو العمل، بە ئینگلیزی: Nine useful ways to keep distractions out of your mind while studying or workingئاسان نییە ڕێگری لە سەرقاڵبوونی مێشکت بکەیت، بەتایبەت کاتێک پێویستت بە زۆرترین سەرنجە، ڕێگریکردنیش لەم سەرقاڵییە ویستێکی زۆری دەوێت. کاتێک مێشکمان بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ دەبێت وامان لێدەکات نەتوانین سەرنجمان لەسەر ئەو ئەرکە یان پڕۆژەیە بێت کە لەبەردەستماندایە، توانای وەبەرهەمهێنانمان کەم دەبێتەوە و ئاستی فشارەکانمان زیاد دەکات.

مێشکی مرۆڤ لە ملیارەها دەمار پێکدێت کە بەردەوام پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​سروشتی ئەقڵ وایە کە تێبفکرێت، نیگەرانبێت، پرسیاربکات، وەڵامبداتەوە و پلاندابنێت، تەنانەت ئەگەر بە مەبەستی هێورکردنەوەی مێشکیش بێت لێشاوێک لە پرسیار بەمێشکتدا دێت سەرقاڵت دەکەن. توێژینەوەیەک کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی هارڤاردەوە لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە ٤٧٪ی پێگەیشتووانی توێژینەوەکە سەرنجیان لەسەر ئەو ئەرکە نەبووە کە ئەنجامی دەدەن، واتە  بە نزیکەیی نیوەی مرۆڤایەتی بەدەست دیاردەی سەرقاڵبوونی مێشکەوە دەناڵێنێت. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک شکستهێنان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی کاریگەر و لاوازی توانای سەرنجدان لەسەر یەک ئەرک هەروەها ماندوێتی و بەفیڕۆدانی کات و وزە.

چی بکەین بۆ ئەوەی سەرنجمان باش بێت؟

سەرەڕای بێزاری دەتوانرێت بە تەواوی کێشەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، گۆڕانکاری سادەی شێوازی ژیان و ستراتیژییە ئاسانەکانی تر یارمەتیدەرە بۆ دووبارە سەرنجدانی مێشکێکی پەرتەوازە بوو.

پشوودان

هیچ کێشەیەک لەوەرگرتنی پشوودا نییە بۆ دوورخستنەوەی مێشکت لە سەرقاڵی، لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتی دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات. بەڵام بەکارهێنانی ئەم پشووە بۆ سەیرکردنی ئیمەیڵ یان فەیسبووک ڕەنگە گەڕانەوە بۆ ئەو ئەرکەی کە لەبەردەستدایە قورستر بکات. ئەگەر پێویستت بە پشوودانە، باشترین ڕێگە ئەوەیە پشووی "زیرەک" وەربگریت و بەشداری ئەو چالاکییانە بکەیت کە نابنە هۆی سەرقاڵکەرێکی بەردەوام، وەک دانیشتن بە چاوی داخراوەوە، یان چوون بۆ پیاسەیەکی ١٠ خولەکی. هەندێک ڕاهێنان، وەک شناو یان خواردنەوەی پەرداخێک ئاو. بیرۆکەکە لێرەدا ئەوەیە کە پشوویەکی ئاسوودە وەربگریت و نەک بیکەیتە سەرچاوەی سەرقاڵکردن.

مۆبایل

مێشک تواناییەکی سنوورداری هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە پێویستیان بە سەرنجدان هەیە. سەرنجدانی شتێک واتە پشتگوێخستنی شتێکی تر، هەر بۆیە پێویستمان بە ئامرازێکە کە ساردمان بکاتەوە لە بەکارهێنانی چالاکییە نا پێویستەکان. بەڵام ئەوەی ڕووبەڕووی زۆربەی خەڵکی دەبێتەوە ئەوەیە کاتێک ناچارین بخوێنین، مێشکمان زیاتر چێژ لە ڤیدیۆکانی تیک تۆک دەبینێ نەک خوێندنەوە. هەر بۆیە مۆبایل بە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنەوەی هەوڵدان دادەنرێت لە کاتی ئەنجامدانی کارێکی جددیدا بۆنموونە خوێندن. دابینکردنی شوێنێکی گونجاو  بۆ خوێندن، قورسکردنی گەشتن بەم ئامرازانە وەکوو مۆبایل یان هەر شتێکیتر کە لەکاتی خوێندندا دەبێتە هۆی سەرقاڵبوونت.

ئەرکەکەت بگۆرە

یەکێک لەو ڕێگایانەی کە بە شێوەیەکی تر دەتوانیت سوودی لێببینیت ئەوەیە کاتێک کە تووشی کۆسپێک دەبیت لە تەواوکردنی ئەرکەکەت ئەوا ئەرکەکەت بگۆرە بۆ یەکێکی تر، کە لە ڕێگەیەوە بتوانیت هۆکاری گرفتەکەت دیاری بکەیت. گریمان تۆ وتارێک دەنووسیت، کاتژمێرێکە چاوت لە لاپەڕەیەکی سپییە و یەک وشەت نەنووسیووە. گۆڕین لێرەدا واتە گۆڕین لە نووسینی بابەتەکەوە بۆ نووسینی ئەو هۆکارانەی کە ڕێگرن لە نووسینی وتارەکە.

ئەم ڕاهێنانە یارمەتیدەرە لە ڕوونکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەکەت. بۆ نموونە کێشەکەت ئەوەیە کە بە باشی نانووسیت. بەڵام کاتێک هۆکارەکان دەنووسیت بۆت دەردەکەوێت کە دەتوانیت بە هەر شێوەیەک بینووسیت و دواتر دەستکاری بکەیت، یان لەوانەیە بۆت دەربکەوێت ئەم وەستانەت هۆکاری ئەوەیە بەدوای پێشەکییەکی باشدا دەگەڕێیت، لێرەش دەتوانیت لەبری ئەوە، دەست بکەیت بە نووسینی بەشەکانی تری بابەتەکە، لە کۆتاییدا بەبێ کێشە پێشەکیەکی گونجاویشی بۆ بنووسی.

ئامانجێکی دیاریکراوی کورت مەودا دابنێ کە لە تواناتدا هەبێ بە دەستی بهێنی

ئێدوین لۆک دەروونناسێکی ئەمریکییە و پێشەنگ بووە لە توێژینەوەکانی دانانی ئامانج. لێکۆڵینەوەکانی دەریانخستووە کە ئامانجە دیاریکراو و قورسەکان دەبنە هۆی باشترکردنی توانای ئەنجامدان، دەبێت ئامانجەکان سوودبەخش بن  نابێت ئامانجی نا ڕاستەقینە و بەدەستنەهێنراو دابنێین. کەواتە، پێش ئەوەی هەر کارێک بکەیت کە پێویستی بە سەرنجدان بێت، باشتر وایە بە ڕوونی پێناسەی ئەوە بکەیت کە دەتەوێت بەدەستی بهێنیت. دانانی ئامانجێکی مامناوەند کە لە تواناتدا بێت بە دەستی بهێنیت، یارمەتیدەرە بۆ سەرنجدان سەرقاڵ نەبوونی مێشکت بە شتی لاوەکی.

ژینگەیەکی گونجاو

چۆن دەتوانیت سەرنجت لەسەر شتێک بێت لە کاتێکدا بەردەوام ئیمەیڵەت پێدەگات و وەڵامیان دەدەیتەوە یان کاتێک منداڵەکەت هەر نیو کاتژمێر جارێک خۆی دەکاتە ژوورەکەت بۆ ئەوەی پرسیارێکی خێرات لێ بکات؟ کلیلی باشترکردنی سەرنج ئەوەیە کە ژینگەکەت ئامادە بکەیت پێش ئەوەی دەست بە کارکردن بکەیت، هاوکارەکانت لە شوێنی کارەکەت یان منداڵان لە ماڵەوە پێویستە ڕێز لە بڕیارەکەت بگرن ئەگەر دەرگاکەت داخست، تێبگەن کە بە چڕی کار دەکەیت و پێویستە سەرنجت لەسەر ئەرکەکەت بێت.

سارد مەبەرەوە

شتێکی سەرەکی کە پێویستە ئاگاداری بیت ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی خەڵکی لە کاتی دەستکردن بە کارێکی جددی کە پێویستی بە سەرنج و ورد بوونەوەیە ئارەزووی وازهێنان دەکەن، بەڵام لەبری واهێنان یاسایەک بۆ خۆت دابنێ وەک "هەر کاتێک بەشێکی کارەکەم تەواو کرد ئەتوانم پشوو وەربگرم". دەکرێت بیرۆکەی ٢٠ خولەک یارمەتیدەر بێت، کە تێیدا ٢٠ خولەک کاربکەیت و پاشان پشوو وەربگری، ئەمە هاوکاریت دەکات بۆ ئەوەی بە پێی پێویست لە شوێنی کارەکەتدا بمێنیتەوە. پابەندبوون بە کارکردن بۆ ماوەی ٢٠ زۆر ئاسانترە بە بەراورد بە پابەندبوون بە کارکردن بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەسەر یەک.

سەرخەو شکاندن 

کەمخەوی توانای دەروونیمان تێکدەدات هەروەها هیچ شتێک نییە قەرەبووی نەخەوتنی شەوانە بکاتەوە، سەرخەو شکاندن لە ڕۆژدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام پێویستە دوور بکەویتەوە لە خەوی قووڵ چونکە دواتر دەبێتە هۆی ماندوێتی. نزیکەی ٢٠ خولەک کاتێکی باشە بۆ خەوتنێکی گونجاو.

بیروڕاکانت لەسەر کاغەز بنووسە

گرنگی بدە بە نووسینی پلان و کاروباری ژیانی ڕۆژانەت، خووگرتن بە نووسینی بیرۆکەکانت بە بەردەوامی ڕێگە چارەیەکی زۆر باشی چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت وات لێدەکات هەست بە بەرپرسیارێتی بکەی، نوسینەوە بەرپرسیارێتی زیاد دەکات و لەبیرچوونەوە کەمدەکات.

یاری تەرکیزکردن (سەرنجدان) لەگەڵ خۆت مەکە

خۆت ناچار مەکە کە لەسەر سەرنجدان چونکە ئەوە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە، هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی بیرۆکەیەک هەمیشە ئەنجامێکی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە. زۆرجار کە هەوڵی ئەنجامدانی ئەرکێک دەدەین، هەست  دەکەین کە مێشکمان سەرقاڵە، بەخۆمان دەڵێین "پێویستە واز لە خەیاڵکردن بێنم و دەست بە کار بکەم"، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەرنجدانت قورستر بێت.


سەرچاوەکان



311 بینین