چۆن وا لە کەسێک دەکەیت دووبارە متمانەت پێبکاتەوە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-29-18:40:00 - کۆدی بابەت: 11665
چۆن وا لە کەسێک دەکەیت دووبارە متمانەت پێبکاتەوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن وا لە کەسێک دەکەیت دووبارە متمانەت پێبکاتەوە؟ (بە عەرەبی: كيفية إقناع شخص أن يثق بك مجددًا، بە ئینگلیزی: How to convince  someone to trust you again)، ئەگەر متمانەی کەسێکت لە دەستدا و ویستت ئەو متمانەیە بەدەست بهێنیتەوە، ڕەنگە بیر لەوە بکەیتەوە کە چۆن چارەسەری ئەم کێشەیە بکەیت. جا چی پەیوەندی سۆزداری، هاوڕێیەتی، یان پەیوەندی کار و بازرگانی بێت. متمانە بە یەکێک لە بناغە گرنگەکانی دروستکردنی پەیوەندی دادەنرێت.

بەڵام خۆشبەختانە دەتوانیت وا لە کەسێک بکەیت کە جارێکی تر متمانەت پێ بکاتەوە. چەندین ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی بە کردەیی داوای لێبوردن بکەیت، هەروەها بە کردەوەکانت نیشانی بدەیت کە کەسێکی متمانەپێکراویت. لە ڕاستیدا دەتوانیت ڕووداوەکان لە قازانجی خۆت بەکاری بهێنیت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ و بەهێزتر. کات و ماندووبوونی دەوێت، بەڵام چەند هەنگاوێک هەن کە دەتوانیت لەڕێگەیەوە وا لە کەسی بەرانبەر بکەیت دووبارە متمانەت پێبکەنەوە.

ئەو کارانە بکە کە دەبنە هۆی گەڕانەوەی متمانە

١- کاتی پێویست بدە بە کەسی بەرانبەر: کاتێک متمانەی کەسێک لە دەست دەدەیت، دەبێتە هۆی ئەوەی هەریەک لە ئێوە لە ڕووی سۆزدارییەوە زیاتر بروخێن، لەوانەیە هەست بە تاوانباری بکەیت و ئەویش هەست بە دڵتەنگی یان توڕەیی بکات، بۆیە ئاساییە ئەگەر کەسی بەرانبەر بیەوێت لێت داببرێت هەتا دێتەوە سەر خۆی.

  • ئاشکرایە کە دەتەوێت دۆخەکە بە خێرایی چارەسەر بکەیت، بەڵام ڕێز لە هەستی بەرامبەرەکەت بگرە و کاتی بدەرێ.
  • دەتوانیت بڵێیت "ئیمان، بەڕاستی دەمەوێت کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام ڕەنگە پێویستت بە هەندێک کات بێت ئەمەش مافی خۆتە".
  • ڕێز لە سنوورەکان بگرە، ئەگەر کەسێک داوای لێکردیت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک پەیوەندی پێوە نەکەیت، ئەوا کاتی پێویستی پێبدە.

٢- کەسێکی متمانەپێکراو بە: ڕاستە قسەکانت زۆر گرنگن لە کاتی دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەدا، بەڵام کردارەکان گرنگترن. دەتوانیت نیشانی بدەیت کە شایەنی متمانەپێکردنیت بە نیشاندانی ئەوەی کە دەتوانرێت پشتت پێ ببەسترێت.

  • هەرچییەکت وت ئەنجامی دەدەم ئەنجامی بدە: ئەگەر بەڵێنت بە کەسێک دا واز لە دواکەوتن بهێنیت، گۆڕانکاری نیشان بدە بە ئامادەبوون لە کاتی خۆیدا.
  • کاتێک دەڵێیت پەیوەندیت پێوە دەکەم بیکە: ئەگەر هەوڵ دەدەیت متمانە دروست بکەیتەوە. دڵنیابە لەوەی پابەند دەبیت بە هەموو ئەو کارانەی کە دەڵێیت ئەنجامیان دەدەم، تەنانەت ئەگەر تەنها پەیوەندییەکی تەلەفۆنیش بێت.
  • نیشانی بدە کە دەتوانرێت پشتت پێ ببەسترێت: ئەگەر بەڕێوبەرەکەت داوای لێکردیت داتا گرنگەگانی بۆ بنێریت، ئەوا ئەرکەکەت بە دروستی و لە کاتی خۆیدا ئەنجامی بدە.

٣- ڕووبەڕووی ئەم سێ هەستە ببەرەوە: ئەگەر هەوڵدەدەیت پەیوەندییەکی سۆزداری چاک بکەیتەوە، دەتوانیت چەند هەنگاوێکی زیاتر بنێیت بۆ ئەوەی نیشانی هاوبەشەکەت بدەیت کە چەندە گرنگی پێدەدەیت. سێ هەستەکە بریتین لە: نەرمونیانی و گرنگیپێدان و پێزانین. ڕۆژانە ڕێگایەک بدۆزەرەوە بۆ تیشک خستنە سەر ئەم هەستانە.

  • زۆر ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی بە نەرم و نیان بیت: بۆ نموونە دوای گەرانەوەت لە کارەکەت باوەشێک بە هاوسەرەکەتدا بکە.
  • دەتوانیت گرنگی پێدانی خۆت نیشان بدەی بە سەرنجدانی شتە بچووکەکان: ئەگەر هەستت کرد هاوسەرەکەت پێویستی بە قاوەیەکی ترە، بێ ئەوەی داوای بکات بۆی ئامادە بکە.
  • پێزانینی خۆت دەرببڕە: دەتوانیت بڵێیت: “گرنگی پێدانەکەت بەرز دەنرخێنم”.

٤- بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆ بگرە: یەکێک لە ڕێگاکان بۆ ئەوەی نیشانی بدەی کە شایەنی متمانەپێکردنی ئەوەیە بەرپرسیارێتییەکی زیاتر لە ئەستۆ بگری. جا ئەگەر بتەوێت لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا متمانە دروست بکەیت یان لە پەیوەندییەکی بازرگانیدا، وەرگرتنی بەرپرسیارێتی زیادە ڕێگەیەکی سەنج ڕاکێشە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئامادەی زیاتر کار بکەیت بۆ بەدەستهێنانەوەی پەیوەندییەکە.

  • لەوانەیە هەوڵ بدەیت بەڕێوبەرەکەت ڕازی بکەیت جارێکی تر متمانەت پێ بکاتەوە: خۆبەخشانە بۆ ماوەیەکی زیاتر لە شوێنی کارەکەت بمێنەرەوە نەوەک پێویستی بە یارمەتی هەبێت لە ڕاپۆرتەکانی سەری مانگ.
  • ئەگەر هەوڵدەدەیت متمانەی هاوڕێکەت بەدەستبهێنیتەوە، پێویستە هەوڵێکی زیاتر بدەیت بۆ ئەوەی شتێکی سەرنج ڕاکێشی بۆ بکەیت: بۆ نموونە ئەگەر زانیت ڕۆژێکی سەرقاڵی بەرێکردووە لە کارەکەیدا، دەتوانیت خواردنی نیوەڕۆی بۆ ئامادە بکەی.
  • ئەگەر کار لەسەر پەیوەندی نێوان خۆت و هاوسەرەکەت دەکەیت، هەوڵبدە قاپەکان بشۆیت یان خۆڵ و خاشاکەکان فڕێبدەیت بەبێ ئەوەی داوات لێبکات.

٥- خۆت بە: کاتێک کار بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە دەکەیت، پێویستە نیشانی بدەیت کە ئامادەی گۆڕانکاریت. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە نیشانی بدەیت کە ڕاستگۆیت. هەوڵ مەدە بە تەواوی کەسایەتیت  بگۆڕیت.

  • بە گۆرانی زۆر ڕاستگۆ دەرناکەوێت: بۆ نموونە ئەگەر هەوڵی گەرانەوەی متمانەی دایک و باوکت دەدەیت، لەناکاو وەک منداڵێکی جیاواز مامەڵە مەکە.
  • بۆ نموونە، لەوانەیە دایک و باوکت ئارەزوو بکەن زیاتر هاوکاریان بکەیت لە ئەرکەکانی ماڵەوە. ئەمەش بەو واتایە نایەت کە بە تەواوی واز لە چوونە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانت بهێنیت. هەوڵبدە هاوسەنگی ڕابگریت.
  • هەوڵ مەدە کەسایەتی خۆت بگۆڕیت: ئەگەر لای هاوڕێکانت هەمیشە خەریکی گاڵتە و نوکتە گێڕانەوەی، لەپڕ خۆت زۆر جددی نیشان مەدە چونکە ئەمە نابێتە جێی متمانە.

داوای لێبووردن بکە

١- بیرکردنەوەکانت کۆبکەرەوە: لەوانەیە بۆت ناخۆش بێت دوای دۆخێکی سەختی نێوان خۆت و لایەنی بەرانبەر داوای لێبوردن بکەیت. ئاساییە هەست بە دەمارگیری بکەیت. کاتێک بۆ پلاندانان تەرخان بکە و بزانە دەتەوێت چی بڵێیت.

  • لیستێک لە خاڵە سەرەکییەکان دروست بکە: ئەم لیستە دەبێت هەر یەک لەمانە لە خۆبگرێت داوای لێبوردن، قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی و ڕاستگۆبوون لە پلانەکەت کە دەبێت بە مەبەستی چاکسازی ئەنجامی بدەیت.
  • مەشق بکە لەسەر ئەوەی دەتەوێت بیڵێیت: دەتوانیت سەیری ئاوێنە بکەیت و بە دەنگی بەرز داوای لێبوردن بکەیت.
  • داوای کات بکە بۆ گفتوگۆکردن: دەتوانیت بڵێیت "لینا دەزانم لێم توڕەیت، کاتت هەیە لەم هەفتەیەدا دابنیشین و قسە بکەین؟"

٢- هەستەکانت دەرببڕە: ئەگەر دەتەوێت متمانەی کەسێک بەدەست بهێنیتەوە، دەبێت جددی بیت لە قسەکردن لەگەڵیدا. ئەگەر هەڵەت بەرانبەر بە کەسێک ئەنجامدا، پێویستە داوای لێبوردنی لێبکەیت. سەرەتا بە باسکردنی هەستەکانت دەست پێ بکە.

  • ئەگەر ویستت دووبارە پەیوەندی هاوڕێیەتی بنیاد بنێیتەوە، بە هاوڕێکەت بڵێ هەست بە چی دەکەیت. دەتوانیت بڵێیت "لەیلا، هەستێکی خراپم هەیە کە متمانەی تۆم لە دەست دا. دەزانم کارەکە قورسە، بەڵام دەمەوێت پێکەوە کاربکەین بۆ چاککردنەوەی پەیوەندی هاوڕێیەتیمان".
  • مەبەستەکانت ڕوونبکەرەوە: ئەگەر لە پەیوەندیەکی سۆزداریدا بوویت هەوڵبدە بڵێیت "پێم خۆشە متمانە بە یەکتر بکەینەوە، بۆ ڕوودانی ئەمە هەرچییەک پێویست بێت دەیکەم”.
  • ڕاستگۆبە: کاتێک داوای لێبووردن دەکەیت هەمیشە ڕاستییەکام بڵێ،. چونکە ئەگەر درۆ بکەیت کەسی بەرانبەر پێت دەزانێت، ئەمەش زیانێکی زیاتر بە پەیوەندییەکە دەگەیەنێت.

٣- بەرپرسیارێتی قبوڵ بکە: ئەگەر داوای لێبوردنت کرد، بێگومان هۆکارێک هەیە کە لێی پەشیمانیت. بۆ ئەوەی متمانەی کەسێک بەدەست بهێنیتەوە، پێویستە نیشانی بدەیت کە دان بە هەڵەکەتدا دەنێیت.

  •  ڕاستگۆبە: ئەگەر هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە دەدەیت، دەبێت کەسی بەرامبەر تێبگەیەنیت کە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە دەدەیت لەگەڵیدا، پێویستە بزانێت کە ڕاستگۆیت بەرانبەر بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە.
  • نیشانی بدە کە ئاگاداری ئەوەیت لە چیدا هەڵەت کردووە: ئەگەر هەوڵدەدەیت لە پەیوەندییەکی بازرگانیدا متمانە بەدەستبهێنیتەوە، پێویستە نموونەیەکی دیاریکراو بەکاربهێنیت. 
  •  دەتوانیت بڵێیت "من هەڵە بووم، بە ڕاستنەکردنەوەی هەڵەکانی (هه‌ڵه‌گریی) ئەم فایلانە. کە بوو بەهۆی لە دەستدانی پارەیەکی زۆری کۆمپانیاکە". ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە دەرئەنجامی کارەکانت تێدەگەیت.
  • هەروەها پێویستە لە کاتی قسەکردن لەگەڵ هاوڕێیەکت نموونەی ڕوون و ئاشکرا بەکاربهێنیت. بۆ نموونە لەوانەیە بڵێیت: "ماجید، من هەڵەبووم کە درۆم لەگەڵ کردیت و پێم وتی هەتا درەنگانێک لە کار دەبم، ئەگەر جارێکی تر لەگەڵ هاوڕێکانی ترم چوومە دەرەوە، پێویستە ڕاستگۆ بم و پێت بڵێم".

٤- گوێگرێکی باش بە: دوای وتنی ئەوەی کە دەتویست بیڵێیت، دەرفەت بە کەسی بەرانبەر بدە. بە شێوەیەک مامەڵە بکە نیشانی بدەیت کە بە وردی گوێی لێدەگریت. گفتوگۆی بنیاتنەر ئەوەیە کە چەند خاسیەتێکی تێدا بێت، وەک:

  • بەکارهێنانی زمانی جەستە: سەرت بجوڵێنە و سەیری چاوەکانی ئەو کەسە بکە کە قسەت لەگەڵ دەکات.
  • خاڵە سەرەکییەکان دووبارە بکەرەوە: ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تۆ گوێی لێدەگریت و تێدەگەیت لەوەی کە دەیڵێیت.
  • بۆ نموونە دەتوانیت بڵێیت: "تێدەگەم کە متمانەت بە من نەماوە، ئەمەش ماوەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە بنیات بنێنەوە."

٥- پەیامێک بنووسە: داوای لێبوردنی ڕووبەڕوو هەمیشە باشترین بژاردەیە. بەڵام هەمیشە بەردەست نییە. لەوانەیە لە هەمان شوێن نەژین، یان ڕەنگە نەیەوێت قسەت لەگەڵ بکات. لەم حاڵەتەدا، دەتوانیت بە نامە داوای لێبوردنی لێبکەیت.

  • نامەیەکی دەستنووس بنووسە: نامەی دەستنووس لە نامەی ئەلیکترۆنی کاراترە. واباشترە لە ڕێگەی کورتە نامەوە داوای لێبوردن نەکەیت.
  • پێداچوونەوە و دەستکاری پەیامەکەت بکە: دەکرێت چەند لاپەڕەیەکت پێویست بێت بۆ ئەوەی زمانەوانی و ناوەڕۆکێکی باشی بۆ بنووسیت.
  • پەیامەکەت پێویستە دیاریکراو بێت و با ناوەڕۆکی بابەتەکە لە خۆ بگرێت: دەتوانیت بەسەر سێ بڕگەدا دابەشی بکەیت؛ بڕگەی یەکەم دەتوانێت داوای لێبوردن بکەیت، بڕگەی دووەم دان بە بەرپرسیارێتیدا دابنێ، بڕگەی سێیەم باس لەوە بکە کە بەنیازی چۆن کێشەکە چارەسەر بکەیت.

هەنگاونان بەرەو پێشەوە

١- ئارامگر بە: کاتێک دەستت بەم پەیوەندییە کرد، ڕاستەوخۆ متمانە دروست نەبوو. متمانە دەبێت بە تێپەڕبوونی کات بەدەست بهێنرێت. بە شێوەیەکی سروشتی کاتێک متمانە لەدەستدەدرێت، هەندێ کاتی دەوێت بۆ بنیاتنانەوەی.

  • هەوڵبدە پەلە لە پرۆسەکە نەکەیت: ئاگاداربە ڕەنگە لایەنی بەرانبەر کاتێکی زۆری بوێت تا دووبارە متمانەت پێبکاتەوە.
  • بۆچوونەکەت ڕوون بکەرەوە: بۆ نموونە دەتوانیت بڵێیت: “تێدەگەم، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە کاتە، کاتی خۆت وەرگرە”.
  • هەوڵبدە پشت بە دۆخەکە نەبەستیت: ڕاستە دۆخەکە گرنگە، بەڵام کاتێک داوای لێبوردن دەکەیت و دەست دەکەیت بە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانە، پێویست ناکات بەردەوام لەسەر ڕووداوەکە بڕۆیت.

٢- تێبگە لە هەستە جیاوازەکان: ئەگەر هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکی کەسی دەدەیت، لەوانەیە وەک پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز دەربکەوێت. پێدەچێت ئەزموونی هەست و سۆزێکی بەرفراوان بکەیت. لەبیرت بێت کە کەسی بەرانبەریش ڕەنگە هەستەکانی بەسەریدا زاڵ بێت.

  • ئاساییە هەست بە پەشیمانی، خەم، دڵتەنگی و بێزاری بکەیت. ڕێگە بە خۆت بدە هەست بە مەودای بەرفراوانی هەستەکان بکەیت بەبێ ئەوەی ڕێگری لە خۆت  بکەیت.
  • دان بە هەستەکانتدا دابنێ و دۆخەکە تێپەڕێنە: لە دڵی خۆتدا بڵێ: "ئەمڕۆ هەست بە تاوان دەکەم. بەڵام دەزانم هەنگاو دەنێم بۆ چاککردنەوەیان، بۆیە پێویست ناکات ئەوەندە توند بم بەرانبەر بە خۆم".
  • دەکرێت هاورێکەت هەستی جیاوازی هەبێت: لەوانەیە هەست بە ئازار، توڕەیی و دڵتەنگی بکات. کە ئه‌مه‌ش شتێکی ئاساییه‌.

٣- پەیوەندییەکەتان نوێ بکەرەوە: کاتێک بابەتی متمانە یەکلایی بووەوە، دەکرێت پەیوەندییەکە دووبارە بنیات بنرێتەوە. بەڵام گرنگە لەوە تێبگەین کە دەکرێت ئەمجارەیان جیاواز بێت. ئامادەی پەیوەندییەکی جیاوازتر بە لە ڕابردوو.

  • لەوانەیە متمانەی بەڕێوبەرەکەت لە دەست دابێت. هەتا ماوەیەک ئامادەبە بۆ وەرگرتنی ئاستێکی نزمتری بەرپرسیارێتی لە شوێنی کارەکەت.
  • لە پەیوەندی سۆزداریدا، ڕەنگە وەک جاران لێت نزیک نەبیتەوە. لەوانەیە هاوبەشی ژیانت بۆ ماوەیەک متمانەی پێت نەمێنێ.
  • لەوانەیە مامەڵە لەگەڵ هاوڕێیەتییەکی شکستخواردوودا بکەیت: دەبێت قبووڵی ئەو ڕاستییە بکەیت کە هاوڕێیەتیەکەت ڕووکەشترە لە جاران.

٤- ئامادەی دەرئەنجامە جیاوازەکان بە: ئەگەر متمانەی کەسێک لە دەستبدەیت، ئەگەرێکی زۆر هەیە بەدەستی بهێنیتەوە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانیت کە ڕەنگە پەیوەندییەکە بە ڕادەیەک تێکچووبێ کە چاک نەکرێتەوە. هەوڵبدە لە ڕووی دەروونییەوە خۆت بۆ زۆرێک لە دەرەنجامەکان ئامادە بکەیت.

  • ئەو ڕاستییە قبوڵ بکە کە پێویستە دۆخەکە تێپەڕێنی: ئەگەر کەسێک چیتر تۆی نەیویست، ناتوانیت ناچاری بکەیت.
  • هەوڵبدە شتێکی ئەرێنی لە ژیانتدا بدۆزیتەوە کە بتوانیت سەرنجی بخەیتە سەر: لیستێک بۆ هەموو ئەو شتە گرنگانە دروست بکە کە لە ژیانتدا ڕوودەدەن.
  • کات لەگەڵ کەسانی تر بەسەر ببە: سەرنجت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی ئێستات بێت و زیاتر گەشەیان پێبدە.

چەند بیرۆکەیەکی بەسوود

  • پەلە لە ڕووداوەکان مەکە، بزانە دروستکردنی متمانە کاتی دەوێت.
  • زۆر توند مەبە بەرانبەر بە خۆت، هەنگاوی گونجاو بنێ بۆ باشترکردنی دۆخەکە.
  • هەمیشە ڕاستگۆبە، ئەمە کاریگەرترین ڕێگایە بۆ دروستکردنی متمانە.


سەرچاوەکان



512 بینین