سوودەکانی هەنجیری وشک

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2023-11-29-18:58:00 - کۆدی بابەت: 11666
سوودەکانی هەنجیری وشک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوودەکانی هەنجیری وشک (بە عەرەبی: فوائد تین المجفف، بە ئینگلیزی: Benefits of dried figs)، هەنجیری وشک لەگەڵ زۆربەی جۆرەکانی چەرەسدا دەخورێت و پێشکەشی میوان دەکرێت، هەروەها هەنجیری وشک سوود و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

هەنجیری وشک چییە؟

هەنجیری وشک باری وشککراوی میوەی هەنجیرە. ئەم میوەیە ساڵانە بە تازەیی لە وەرزی پێگەیشتنیدا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە بازاڕدا بەردەست دەبێت، بەڵام وشککراوەکەی خاوەنی تایبەتمەندییەکە کە دەگونجێت بە درێژایی ساڵەکە بەردەست بێت بۆ خواردن و ماوەیەکی زۆرتر دەمێنێتەوە. دوو لە ڕێگاکانی وشککردنی هەنجیر بریتیین لە وشککردن لەژێر تیشکی خۆردا یان لە ڕێی ئامێری وشککەرەوەی میوە.

ماددە خۆراکییەکانی ناوهەنجیری وشک

هەنجیری وشک دەوڵەمەندە بە ماددەی خۆراکیی جۆراوجۆر هاوشێوەی پرۆتین، کاربۆهیدرات، کالیسیۆم، ڤیتامین K، پۆتاسیۆم، ئاسن و مەگنیسیۆم. ڕێژەی ڕیشاڵی خۆراکیی لە هەنجیری وشکدا بە بەراورد لەگەڵ میوەکانی تر بەرزترە. نیو کوپ کە دەکاتە نۆ دانە هەنجیری وشک کەمتر لە ٢٠٠ کالۆری تێدایە و بە نزیکەیی هیچ چەورییەک لە پێکهاتەکەیدا نییە. هەروەها دژە ئۆکسانی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت.

سوودەکانی هەنجیری وشک

گرنگترین سوودە تەندروستییەکانی هەنجیری وشککراوە بریتین لە توانای بەهێزکردنی ئێسکەکان و دابەزاندنی پەستانی خوێن و باشکردنی کرداری هەرس و یارمەتیدانی دابەزاندنی کێش و ڕێکخستنی نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە و چەندانی تر.

بایه‌خدان به‌ پێست

بە بڕێکی باش لە ڤیتامین E، ڤیتامین C و کالیسیۆم ئەم میوە وشککراوە دەتوانێت گەشەیەکی زۆر پێویست بە پێستت بدات. ئەم پێکهاتە چالاکانە وەک دژە ئۆکسان کاردەکەن و ڕێگری لە چرچبوون، پەڵەی تەمەن و پەڵەی تر دەکەن. هەروەها دەتوانێت توندی پێست باشتر بکات، بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆرتر بە گەنجی بمێنێتەوە.

چڕی ئێسک

کۆمەڵێک کانزای هەمەچەشن لەم میوە وشککراوەدا هەیە، کە هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت چڕی ئێسکەکانیان بپارێزن. لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا جەستەت کانزاکان لە ئێسکەکانەوە ڕادەکێشێت و لە ئەنجامدا جومگەکان لاواز دەبن و ئەگەری تووشبوونت بە پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات. میوەی وەک ئەمانە دەتوانن ئەو کردارە خاو بکەنەوە.

پەستانی خوێن

بە هەبوونی بڕێکی بەرچاو لە پۆتاسیۆم، ئەم میوە وشککراوە زۆر کاریگەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن. ئەرکی پۆتاسیۆم فراوانکردنی خوێنبەرەکانە، واتە دەتوانێت فشاری سەر بۆری خوێن و خوێنبەرەکان کەم بکاتەوە، بەمەش دڵە لوولە کۆئەندام لە جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان دەپارێزێت. هاوکات مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەری تاجی کەمدەکاتەوە.

کۆئەندامی بەرگری

ڤیتامین سی پێکهاتەیەکی سەرەکی کۆئەندامی بەرگرییە، چونکە هاندەری بەرهەمهێنانی خڕۆکە سپییەکانی خوێنە و بەرگری لەش لە بەرانبەر هەوکردنی جۆراوجۆر و هۆکاری نەخۆشی ناسراو بە (Pathogens) بەهێز دەکات. دژە ئۆکسانەکانی تری ناو ئەم میوەیە دەتوانن باری کارکردن لەسەر سیستەمی بەرگری لەش زیاتر کەم بکەنەوە.

نه‌خۆشی درێژخایه‌ن

نەخۆشی درێژخایەن و هەوکردن کێشەی باون کە زۆر کەس ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام بە زیادکردنی ژمارەی کانزا و ڤیتامینەکان بەتایبەت دژە ئۆکسانەکان، دەتوانیت فشاری ئۆکسجینی کەم بکەیتەوە و ڕێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ و هەوکردنی جومگەکان بکەیت.

کێش دابەزاندن

ئاستی بەرچاوی ڕیشاڵ لەم میوە وشککراوەدا یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی هەستکردن بە تێری، بەم شێوەیە ڕێگری دەکات لە زیادەڕۆیی لە خواردن، بەڵام پێویستە ئاستی بەرزی کالۆری و شەکر لەبەرچاو بگیرێت و ئەم میوەیە تەنها بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت.

شەکرە

ڕێژەی ڕیشاڵی ئەم میوانە توانای ڕێکخستنی دەردانی گلوکۆز و ئەنسۆلینی هەیە لە جەستەدا بۆیە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە ێگەپێدراون لە خواردنی ئەم میوەیەدا، بەڵام دەبێت چڕیی بەرزی شەکرە سروشتییەکان لەبەرچاو بگیرێن و بە هیچ شێوەیەک زیادەڕۆیی لە خواردنی هەنجیری وشکدا نەکەن.

کۆلیسترۆڵ

سەلمێنراوە کە ڕیشاڵی خۆراکیی کۆلیسترۆڵی زیادە لە دڵە لوولە کۆئەندام لادەبات، بەمەش جەستە لە نەخۆشییەکانی دڵ دەپارێزێت.


سەرچاوەکان



371 بینین