شەش تەکنیک بۆ تێرخەوبوون لە کەمترین کاتدا

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-29-19:12:00 - کۆدی بابەت: 11667
شەش تەکنیک بۆ تێرخەوبوون لە کەمترین کاتدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەش تەکنیک بۆ تێرخەوبوون لە کەمترین کاتدا (بە عەرەبی: ستة تقنيات لنوم جيد في ساعات قليلة جداً، بە ئینگلیزی: Six techniques for a good sleep in few hours)، خەوزران و کەمخەوی کێشیەکە کە زۆر کەس بەدەستیەوە دەناڵێنێت، جا بە هۆی گەرما، سەرقاڵبوون، یان تەکنەلۆژیاوە بێت. زۆر کەس لە کاتی خەوتندا هەست بە ئاسوودەیی ناکەن، بەڵام چەند تەکنیکێکی بەسوود هەن کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانیت سوود وەربگریت لە کاتژمێرەکانی خەوتن و هەستان لەخەو بە جەستەیەکی پڕ وزەوە، بەڵام بۆ ئەوەی خشتەی خەوتنت ڕێکبخەیت، پێویستە سەرەتا بزانیت ئەو شتانە چین کە کار لە خەوتنت دەکەن.

قۆناغەکانی خەوتن

خەوتن پێکهاتووە لە چوار قۆناغ: خەوی سووک، نیوە خەو، خەوی قووڵ، خەوی خێرا. هەموو قۆناغێک پرۆسەیەکی زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت. بەڵام ئەو قۆناغەی کە بەرپرسیارترینیانە لە چۆنیەتی هەستکردنمان لە بەیانیاندا قۆناغی سێیەمە. لەم قۆناغەدا چەندین فەرمان لە جەستە ئەنجام دەدرێت، تا قۆناغی سێیەم درێژتر بێت، خەوەکەش قووڵتر دەبێت؛ بەیانیان هەست بە باشتر بوون دەکەین.

دوو شت گرنگن بۆ خەوێکی باش

پلەی گەرمی نزم

تا پلەی گەرمی بەرزتر بێت، چالاکییەکانی جەستەت بەرزتر دەبنەوە. بۆیە لە ڕۆژدا باشتر وایە پلەی گەرمی جەستە بەرز بێت بۆ ئەوەی بە باشی کاربکات. بەڵام لە شەواندا پێویستە نزم بێت بۆ ئەوەی مێشک بۆ ماوەیەکی زیاتر لە قۆناغی خەوێکی قووڵدا بێت.

میلاتۆنین، هۆرمۆنی خەو

میلاتۆنین لە تاریکیدا بەرهەم دەهێنرێت. بەڵام ڕووناکی ڕێگری لە دەردانی میلاتۆنین دەکات. ئەم هۆرمۆنە لە کاتژمێر ١١ی شەو تا ٤:٠٠ی بەیانی بە باشترین شێوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە زۆر گرنگە لەم کاتەدا بخەویت. بەڵام سەرەرای ئەوەش بەشێک لە زانایان تەکنیکی جیاوازی خەوتنیان پەیرەو کردووە و سودێکی زۆریان لێ بینیووە.

تەکنیکەکانی تێرخەوبوون لە کەمترین کاتدا

١- تەکنیکی باوباپیران

پێکهاتووە لە دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەم خەوتن بۆ ماوەی چوار کاتژمێر، قۆناغی دووەمیش خەوتن بۆ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، کە ماوەی خەوتنێکی نموونەیت پێدەبەخشێت و دەگاتە شەش کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. ئەمە شێوازی خەوتنی باوباپیران بووە لە هەندێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان جێبەجێ کراوە، کە لە دوو قۆناغدا دەخەوتن بە قۆناغێکی بەئاگابوون جیاکراونەتەوە کە تەرخانیان کردووە بۆ تێڕامان و خوێندنەوە. دوای ڕاهاتن لەگەڵ ئەم شێوازەدا، دەتوانیت نیو کاتژمێری تری بۆ زیاد بکەیت.

٢- تەکنیکی فۆلەر

داهێنەر، ئەندازیار و نووسەر ڕیچارد بۆکمینستەر فۆلەر ڕێگایەکی کاریگەرتری بۆ خەوتن هێنایە ئاراوە: ئەویش ئەوەیە هەر شەش کاتژمێر جارێک پێویستە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بخەویت، کۆی گشتی دەکاتە دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. هەرچەندە ئەمە توندترین تەکنیکی خەوتن بوو، بەڵام پزیشکەکان پشکنینیان بۆ کرد و بۆیان دەرکەوت کە تەندروستی باشە، هەروەها خۆی دەڵێت ئەوە بەهێزترین ڕێگا بووە کە لە ڕێگەیەوە هەستی بە زۆرترین وزە کردووە.

٣- تەکنیکی داڤینچی

خەوتن بۆ ماوەی ٢٠ خولەک لە هەر چوار کاتژمێرێکدا، کە بە گشتی لە ڕۆژێکدا دوو کاتژمێر تێپەڕ ناکات، بەڵام ئەم شێوازە نهێنی داهێنەری لیۆناردۆ داڤینچی و سەلڤادۆر دالی بوو. دالی سندوقێکی کانزایی لە نزیک جێگاکەی دانابوو لەو شوێنە دادەنیشت و کەوچکێکی بە دەستەوە دەگرت، بە کەوتنە خوارەوەی کەوچکەکە خەبەری دەبووەوە، ئەم حاڵەتەی کە لە نێوان خەو و بەئاگابوونەوەدابوو بیرۆکەی نوێی پێدەبەخشی.

٤- تەکنیکی چەرچڵ

پێنج کاتژمێرخەوتن لە شەودا، لەگەڵ کاتژمێر و نیوێک خەو لە ڕۆژدا، کە دەکاتە شەش کاتژمێر و نیو لە ڕۆژێکدا. ئەمەش شێوازێکە کە زۆرێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی وەک وینستن چەرچڵ بەکاریان هێناوە، کاتژمێر سێی شەو دەخەوت و کاتژمێر هەشتی بەیانی لە خەو هەڵدەستا، پاشان دوانیوەڕۆ دەخەوتەوە.

٥- تەکنیکی تێسلا

ئەم تەکنیکەیان بریتییە لە خەوتن بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە شەودا لەگەڵ ٢٠ خولەک لە ڕۆژدا. زانای فیزیا و داهێنەر دیار نیکۆلا تێسلا لە ڕۆژێکدا تەنها دوو بۆ سێ کاتژمێر دەخەوت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە تەکنیکەکە بە ناوی خۆیەوە ناونراوە.

٦- تەکنیکی فیل

زانایان لێکۆڵینەوەیان لە شێوازی خەوتنی منداڵان و بەساڵاچووان و ئاژەڵەکانیشدا کردووە، و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە فیلەکان خشتەی خەوتنی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەپێی ئەو خشتەیە ڕۆژانە دوو کاتژمێر دەخەون: یەک کاتژمێر لە شەودا، کاتژمێرەکەی تریش لە ڕۆژدا کە بەسەر چوار بەشدا دابەشکراوە، بە گشتی هەر سێ بۆ چوار کاتژمێر جارێک چارەکێک دەخەوێت. بەڵام ماوەی نێوانیان دەبێت یەکسان بێت. بەگوێرەی ماڵپەڕی برایت ساید، ئەم خشتەیە بە سەلامەترین و ئاسانترین خشتە دادەنرێت بۆ ڕاهاتن لەسەر کەم خەوی، بەگوێرەی ئەم خشتەیەش دەتوانرێت ماوەیەکی کەم بخەویت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە تەندروستیت بگەیەنێت.


سەرچاوەکان



593 بینین