چۆن لە ڕێگای پەنجەمۆرەوە ناسنامەی کەسی تاوانبار دیاریدەکرێت؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-30-19:27:00 - کۆدی بابەت: 11670
چۆن لە ڕێگای پەنجەمۆرەوە ناسنامەی کەسی تاوانبار دیاریدەکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن لە ڕێگای پەنجەمۆرەوە ناسنامەی کەسی تاوانبار دیاریدەکرێت؟ (بە عەرەبی: كيف يتم تحديد هوية المجرم عن طريق بصمات الأصابع؟، بە ئینگلیزی: ?How fingerprints are used to identify a criminal)، هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە، مرۆڤ ئاشنای تاوان بووە، یان ڕوونتر لە دوای هابیل و قابیلەوە بووە، یەکەم کوشتنبووە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوویدابێت. لەگەڵ زیادبوونی ئامراز و شێوازی تاوانەکان، وەک کوشتن، دزی، ساختەکاری، چەکداری، یان تیرۆر ئامرازەکانی ئاشکراکردنیان زیاتر  پەرەدەسێنن.

شێوازی ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانبار لە ڕێگەی بەڵگەکانەوە دەکرێت، بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکە و ناسنامەی تاوانباران لە ڕێگەی زنجیرەیەک بەڵگەوە، سەرەتا بە پەنجەمۆر، ئارەقە و قژەوە دەست پێدەکات، بەڵام دەنگ، DNAـى و بەڵگەکانی تر، دوای ماوەیەک دیاریدەکرێن.

پەنجەمۆر

پەنجەمۆر بە تاکایەتی یان تایبەتمەندی ناسراوە، هەموو مرۆڤێک پەنجەمۆری خۆی هەیە و هێشتا نەسەلمێنراوە کە دوو پەنجەمۆر وەکوو یەک بن یان بە تەواوی لەگەڵ پەنجەمۆری کەسانی تر لە یەک بچن. پەنجەمۆر لێواری هەموو پەنجەکان دەگرێتەوە، چی دەست بێت یان پێیەکان، هەروەها بەري پێ، لەپی دەست. پێکهاتووە لە چەندین کونیلە لەگەڵ هێڵ یان (لە شێوەی هێڵی هەڵکۆڵراو یان چرچولۆچی) کە بە شێوەیەکی گونجاو ریزبوون، ئەم هێڵ و کونیلانە ئارەقە دەردەدەن، ئارەقیش شێوەی کونیلەکان لەسەر تەنی دیکە بەجێدەهێڵێت، بەتایبەتی، کاتێک بەرکەوتنیان لەگەڵ ڕوویەکی سافدا دەبێت.

ناسینەوەی پەنجەمۆر

گرنگی پەنجەمۆر لە ڕوانگەی دادوەرییەوە لەوەدایە کە کلیلی ئاشکراکردنی نهێنی زۆرێک لە کەیس و تاوانەکانە،  لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پەنجەمۆر شاراوەیە یان داپۆشراوە، بەڵام ڕەنگە دەربکەوێت ئەگەر بە تەپوتۆز، چەوری، یان بۆیاخ پیس بووبێت. گرنگی پەنجەمۆری دیار هیچی کەمتر نییە لە پەنجەمۆری شاراوە، چونکە هەردووکیان دەبنە هۆی پیشاندانی پەنجەمۆرێکی ڕوون، ئەمەش یارمەتیدەرە لە ئاشکراکردنی خاوەنی پەنجەمۆرەکە یان ناسنامەکەی.

گەڕان بەدوای پەنجەمۆردا

پرۆسەی گەڕان بەدوای پەنجەمۆردا دەبێت بە شێوەیەکی لۆژیکی و زانستی لە ڕێگەی ئەو شوێنانە ئەنجام بدرێت کە پێشبینی دەکرێت خاوەنەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بووبێت، وەک شوێنی چوونە دەرەوە و هاتنە ژوورەوە و دەسکی دەرگا یان چەکمەج و ... چەندانی تر کە گومان دەکرێت دەستکاری کرابن. یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەیە کە تیمی تەکنیکی کارکردن پێویستە لە شوێنی ڕوودانی تاوانەکە دەستکێشیان لە دەستدا بێت بۆ ئەوەی پەنجەمۆرەکانیان لەگەڵ پەنجەمۆری داواکراو تێکەڵ نەبێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نەبێت.

شارەزایانی پەنجەمۆر دەبێت سەرەتا بە سەیرکردن و  وردبینی لە شوێنی تاوانەکە دەستپێبکەن. دوای ئەوەی وێنەگرەکە کارەکانی تەواو کرد، ڕاستەوخۆ دەتوانرێت دەست لە هەر ئاسەوارێک بدرێت لە شوێنی تاوانەکە، دۆزینەوەی پەنجەمۆریش بەندە بەکارهێنانی هەندێک تەکنیک، وەک درەوشاندنەوەی هەندێک جۆری تیشک لەسەر دیوار و ڕووکارەکان، بەهۆیەوە شوێنەواری پەنجەمۆرەکان دەردەکەوێت کە دەبێت بەپەلە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بەپێی ڕێگا زانستییە دروستەکان هەڵبگیرێن. بەهۆی بەردەستبوونی ناوەندێکی باشتری کارکردن لە تاقیگەکاندا بە بەراورد بە شوێنی ڕوودانی تاوانەکە، زۆرجار پسپۆڕان ناچارن تەواوی ئەو شتانەی کە پەنجەمۆرەکانیان لەسەرە بگوازنەوە بۆ تاقیگە، بۆ نموونە: چەک، کەرەستە و ئاسەوارەکانی دیکە.

دەبێت کەرەستەکان بخرێنە ناو پاکەتێکی تایبەت بۆ ئەوەی بەر یەکتر یان کەسانی تر نەکەون، چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەو پەنجەمۆرانەی کە هەڵیان گرتووە. لەو حاڵەتانەی کە پەنجەمۆرەکە دیارە، باشتر وایە بە وردی وێنەی بگیرێت پێش ئەوەی دەستبکرێت بە هەڵگرتنەوەی، بە تایبەت ئەگەر خوێناوی بێت یان تۆزی لەسەر بێت، چونکە زۆرجار بەهۆی بەکارهێنانی فڵچەوە لەناو دەچن، بەڵام پەنجەمۆرە شاراوەکان لە ڕێگەی دانانی پاودەرێک (تۆزێک) لەسەر فڵچەی موگناتیسی کە تایبەتە بە هەڵگرتنەوەی پەنجەمۆر هەڵدەگیرێن. هەر کە کونیلەکان و هێڵەکان دەرکەوتن، دەبێت فڵچەکە بە ئاراستەی هێڵەکان بجوڵێنرێت بۆ ئەوەی تێکنەچن.

دوای دەرکەوتنی هێڵەکان و کونیلەکان، دوای وێنەگرتنیان، بە بەکارهێنانی لەزگەیەکی ڕوون پەنجەمۆرەکان هەڵدەگیرێنەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ پەنجەمۆر لەسەر ڕووکارێکی ساف قورس نییە بۆ شارەزایان، بەڵام کێشەکە لە هەڵگرتنی پەنجەمۆرە لەسەر ڕووکاری ناڕێک، زبر، یان ئەو شتانەی کە لە ئاودا نوقم بوون. لەم حاڵەتانەدا پێویستەلە ڕێگەی (گەشەپێدانی کیمیایی پەنجەمۆر) پەنجەمۆرەکان هەڵبگیرێن، بە بەکارهێنانی هەندێک کەرەستەی کیمیایی کە یارمەتیدەرن لە دەرخستن و هەڵگرتنەوەی پەنجەمۆر ئەمەش ئەرکی توێژەرانی پسپۆڕە، زۆرجار ئەم کارە لەناو تاقیگەکاندا ئەنجام دەدرێت.

تەمەنی پەنجەمۆر

تەمەنی پەنجەمۆر پەیوەستە بە شوێنەکەی و شێوازی پاراستنیان، چونکە یەکەمین دوژمنی پەنجەمۆر پیسی و شێیە. پەنجەمۆر لە ئەنجامی پیسبوونی دەستەکان بە ترشە ئەمینیەکانەوە ڕوودەدات کە لەلایەن ئارەقە ڕژێنەکانی جەستەوە دەردرێت، لەکاتی بەرکەوتن لەگەڵ ڕووکارە سافەکاندا (نەک ڕووکارە زبرەکان) دەبێتە هۆی دەرکەوتنی هێڵەکانی سەر پەنجەکان یان (پێ، گوێ، دەست، مەچەک) لەسەر ڕووکارەکە. ئەگەر ڕووکارەکە بە هۆی بەرکەوتنی هەوا، تۆز، شەونم، یان شێ سڕایەوە یان پەنجەمۆرێک لەسەر پەنجەمۆرێکی تر دانرا، ئەوا پەنجەمۆرە بنەڕەتییەکە دەگۆڕێت یان دەشێوێت، بەڵام ئەگەر لەناو شوێنێکی داخراودا بێت و تۆزی بەرنەکەوێت یان لە شوێنێکدا بێت کە هیچ دەستێک پێی نەگەشتبێت، بۆ ماوەی دوو سێ مانگ دەمێنێتەوە، ڕەنگە زیاتریش، تەنانەت پەنجەمۆری گۆڕی یەکێک لە فیرعەونەکان دۆزراوەتەوە  کە هەتا سەردەی هاوچەرخیش وەکوو خۆی ماوەتەوە.


سەرچاوەکان



298 بینین