چیرۆکی سەرکەوتنی ڕۆکستار گەیمس

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-12-04-14:12:00 - کۆدی بابەت: 11674
چیرۆکی سەرکەوتنی ڕۆکستار گەیمس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چیرۆکی سەرکەوتنی ڕۆکستار گەیمس (بە عەرەبی: قصة نجاح روك ستار، بە ئینگلیزی: Rockstar games story of successڕۆکستار گەیمس، ئەو ناوەی لای یاریکەرانی دونیای یاری ڤیدیۆیی ناوێکی دیار و ئاشکرایە، بە یەکێک لە دیارترین پەرەپێدەر و بڵاوکەرەوەکانی یاری ڤیدیۆیی دادەنرێت لە جیهاندا. ئەم کۆمپانیایە نازناوی (ئەپڵ)ی یاری ڤیدیۆیی لێ نراوە، مەبەست لەمەش ئەوەیە ئەم بڵاوکەرەوەیە لە ڕووی سەرمایە خاوەنی ملیاران دۆلارە و لە ڕووی کوالێتی بەرهەمەکانیشی خاوەن ئاستێکی بەرزی تەکنەلۆجییە هەروەکو کۆمپانیای ئەپڵ کە خاوەن کوالێتی بەرزی تەکنەلۆجییە لە بازاڕی مۆبایلی زیرەکدا. 

کورتە مێژووییەک لەسەر دامەزراندنی ڕۆکستار

ڕۆکستار گەیمس، سەرەتا دامەزراوەیەکی تر بووە بەناوی BMG Games Studio کە لە شاری لەندەنی پایتەختی شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانی دامەزرابوو، ٤٥ بەرهەمی جیاوازی بڵاوکردەوە بەڵام جێگەی تێڕامان و سەرنجی هیچ یاریکەرێک نەبوون. لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن کۆمپانیای T2 بە بڕی ٥ ملیۆن دۆلار کڕدرایەوە و ناوی گۆڕدرا بە ڕۆکستار گەیمس، لێرەوە چیرۆکەکەی ڕۆکستار دەست پێ دەکات.

چیرۆکی سەرکەوتنی ڕۆکستار گەیمس

هەموو کۆمپانیایەک دەشێت چیرۆکی خۆی هەبێت کە چۆن گەیشتووە بە ترۆپکی سەرکەوتن و بە دەستهێنانی ناو و ناوبانگ و پێگەیەکی گرنگ لەناو جەماوەردا. بەڵام ڕۆکستار گەیمس خاوەنی چیۆکێکی سەرنجڕاکێشە.

یەکەم: هەست کردن بە ژیان

ڕۆکستار، لە سەرەتای دامەزراندنیدا ئەم وێنایەی لە هزری بەکاربەرەکانیدا دروست کرد کە پێی دەوترێت brand image کە کاتێک یارییەکی ڕۆکستار دەکەن، هەست بە ژیانکردن بکەن، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئەم یارییە لە خەیاڵ و هزریاندا بمێنێتەوە، ساتێکی جوان و پڕ لە یادگاری لەگەڵدا تۆمار بکەن. بۆ نموونە GTA SAN ANDREAS کە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاو کراوەتەوە، یاریکەر نییە بڵێ چێژم لێ نەبینیوە، هەیە تا ئەم ساتەش دووبارەی دەکاتەوە و لەسەر مۆبایل دەیکەن. ئەمەش واتای ئەوەیە لەگەڵ یارییەکاندا وێنای ژیانکردن دروست بووە.

دووەم: ببە بە باشترین بەکاربەری خۆت

ڕۆکستار، جیاواز لەهەر براندێک یاری بۆ خەڵک دروست ناکات!!! بەڵکو بۆ خودی خۆیانی دروست دەکەن. بەڵگەشمان بۆ ئەوە (دان هاوسەر) ساڵی ٢٠١١ لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی Famitsu گوتی: "ئەگەر ئێمە یاری بەو جۆرە دروست بکەین کە دەمانەوێت یاری پێ بکەین، ئەوا پێمان وایە خەڵکی ئامادەن لێمانی بکڕن". هەر پەرەپێدەرێکی ڕۆکستار وا کار لەسەر یارییەکە دەکەن کەوا بۆ خودی خۆیانە نەوەکو بۆ کەسێک لە شوێنێکی دووری ئەم جیهانە کە هیچ بەرکەوتنێک لە نێوانیاندا نییە. ئەم خاڵە وای کردووە ڕۆکستار بە جیاواز ببینرێت وەک لە کۆمپانیاکانی تر.

سێیەم: سەرنج خستنە سەر وردەکاری "وردەکارییەکان"

یەکێک لەو جیاکارییانەی ڕۆکستار کردوویەتی، وردەکاری بووە لە جیهانی یاری ڤیدیۆییدا. ئەوان دەڵێن داهێنانمان لە ژانەری جیهان کراوە و سەرنج خستنە سەر وردەکاری و بابەتی بێسوود لەناو یارییەکان کردووە تاوەکو یارییەکی زیندوو پەرەپێبدەین. ڕۆکستار، کاری پەرەپێدان، بازاڕگەری، بڵاوکردنەوە، هەموو شتێک خۆی دەیکات و کارەکانی بە هیچ دامەزراوەیەکی لایەنی سێیەم نابەستێت. بۆیە لە یارییەکاندا سەرنجێکی ورد دەخەنە سەر وردەکارییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە.

چوارەم: هەرگیز قبووڵکراو قبووڵ مەکە!

دان هاوسەر دەڵێت: لە پێشینەی ئێمەدا نییە کەوا ئەو شتانە ئەنجام بدەین کەوا کۆمپانیاکانی تر ئەنجامی دەدەن، پێویستە ڕەسەنایەتی هەبێت لە یارییەکاندا، پێویستە پەیامێکی سەرنجڕاکێشت هەبێت، دەتوانیت بڵێی ئامانجی ڕۆکستارە کە دەمانەوێت جیاواز بین لەوانەی تر، هەروەکو داهێنان کردن لە ژانەردا و دروستکردنی زنجیرەی GTA کە وەک ژانەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئێمە لە کتێبەکان و سەرچاوەکانی ئینتەرنێت ناگەڕێین کەوا ڕێنیشاندەرێک بدۆزینەوە بۆ بەرهەم هێنانی یارییەکانمان.

پێنجەم: پێشکەشکردن هەموو شتێکە

کاتێک یارییەک بەرهەم دەهێنن، ڕۆکستار لە ساتی ڕاگەیاندن تاوەکو بڵاوکردنەوە و گەیشتنی بەدەست بەکاربەران ڕێگە و تەکنیکی جیاوازی هەیە کە دەچنه قاڵبی "کەمپینی بازاڕگەری یان بەبازاڕکردن" ئەویش بە پۆستەرێک کە مەتەڵ لە خۆ بگرێت ناوی یارییەکە ئاشکرا دەکەن یان ئاماژە بە یاری نوێ دەکەن، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی ئێجگار گەورە دروست دەکات، لەناو کۆمەڵگەی یاری کردندا، دواتر تیزەر یاخود ترەیلەر بڵاودەکەنەوە بە چەند هەنگاوێک پاشان یارییەکە بڵاو دەکەنەوە. ئەم پڕۆسەیە وادەکات پەرۆشی یاریکەران زیاتر و زیاتر بێت، تاوەکو لە کاتی بڵاوکردنەوە لە یەکەم تا سێیەم ڕۆژ ڕاستەوخۆ پێوانەکان بشکێنێت.

شەشەم: هێشتنەوەی ناوی براندەکەت بە زیندوویی

کاتێک پرسیار لە یاریکەرێک دەکەیت نیشانی بازرگانی ڕۆکستار چییە، دەڵێت پیتی R و ئەستێرەیەک، کاتێک دەڵێیت باشترین یاری جیهان کراوەی ئەم چەند ساڵە چییە بێ دوودڵی دەڵێت هەر یارییەک ڕۆکستار بەرهەمی بهێنێت باشترینە. ئەمەش ئەو بابەتەیە کەوا ڕۆکستار ناوی براندەکەی بە زیندوویی هێشتۆتەوە، یاریکەر هەیە لە ١٩٩٩ـەوە یارییەکانی ڕۆکستار دەکات کە ٢٤ ساڵ دەکات.

حەوتەم: هێزی پەیوەندییە گشتییەکان (PR)

پەیوەندییە گشتییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگ دەینێت لە دامەزراوەی ڕۆکستاردا، کە ئەویش بە یەکتر بەستنەوەی جەماوەر و براندەکەیە لە ڕێگەی چەناڵە میدیاییەکانی خۆیان. ڕۆکستار لەم سەردەمەدا پشت بە هیچ پلاتفۆرمێکی تر نابەستێت کە یارییەکانی لێ بناسێنێت بەڵکو لە پەڕە فەرمییەکانی خۆی لە (تۆڕی ئێکس، یوتیوب، فەیسبووک، ئینستاگرام) ناساندەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن. ئەمەش بۆ ئەوەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەکاربەرەکانیدا مامەڵە بکەن. بە پێچەوانەی کۆمپانیاکانی تر کە پەنادەبەنە بەر ئاهەنگ و بۆنە تایبەتەکانی یاری ڤیدیۆیی بۆ ناساندنی یارییەکانیان. 

هەشتەم: بە نیشتمانیانە بیربکەرە، بە جیهانیانە ڕەفتار بکە

گەر سەنجی یارییەکانیان بدەیت بە زەقی دیارە کە وێنای کۆمەڵگەی ئەمریکی دەکات کە وێنایەکی ڕاست و دروستە و دوورە لە سیناریۆی نووسەران. ئەم جۆرە ژیانکردنە بە ناڕاستەوخۆ خولیای زۆرێک کەسە کە ئازادی تەواوی هەبێت و کاری تێکدەرانە بکات بەجۆرێک کە لێپرسینەوەی  لێ نەکرێت، کەواتە ئەم ژیانە ناوخۆییەی ئەمریکییەکان دەکرێت لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت، ئەوەش وا دەکات هەموو تەمەنێک حەز بەو جۆرە یارییانە بکەن. 

نۆیەم: وابکە هەموو بەرهەمێک پڕ فرۆش بێت

پڕفرۆشترین یاری ڕۆکستار، GTA 5 ـە کە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە و ١٩٥ ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە. دامەزراوەی ڕۆکستار بەدەر لەم پێوانەیە خاوەنی براوەی خەڵاتی یاری ساڵن لە ئاهەنگە جیاوازەکان کەوا ٧ یارییان توانیویانە خەڵاتەکە ببەنەوە، GTA 5 لە یەکەم ڕۆژدا ١ ملیار دۆلار داهاتی بوو. دوای ئەو Red dead redemption 2 لە ٣ ڕۆژی یەکەم ٧٢٥ ملیۆن دۆلار داهاتی بوو. جگە لەوە لە ڕووی نمرە پێدانیشەوە زۆربەی یارییەکانیان سەروو ٩٠/١٠٠ن. ئەم خاڵانەش هۆکاری پڕفرۆشی یارییەکانن. 

شکستەکانی ڕۆکستار

هەموو کۆمپانیایەک دەبێت تاڵی بچێژێت، تا بگات بە سەرکەوتن، ڕۆکستار گەیمس تاوەکو ٢٠١٣ دوو ساڵ یان سێ ساڵ جارێک یاری نوێی هەبوو، بەڵام کاتێ GTA 5 بڵاوکردەوە تا ٢٠٢٣ تەنها یەک یاری تری بڵاوکردووەتەوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی GTA 5 ساڵانێکە لە لیستی پڕفرۆشیدایە و دەیانویست زیاتر داهاتی پێ کۆبکەنەوە لێرەشدا دوورکەوتنەوە لە چالاکی و بەرهەمهێنانی یاری نوێ.

ڕۆکستار لەم سەردەمەدا وەکو کۆمپانیاکانی EA و Activision سەیر دەکرێت لە ڕوانگەی پارە پەرستدا، شارەزایان پێیان وایە ئەو ڕەفتارەی ڕۆکستار وایکردووە لە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی دوور بکەوێتەوە و بڵاوکردنەوەی یارییەکانی دواخستووە لە پێناو مانەوەی GTA 5 بە زیندوویی لەماوەی ئەم ١٠ساڵەدا، چونکە Red dead redemption 2 کە کۆمەڵگەی ئۆنڵاینی هەبوو پشت گوێ خرا لە پێناو GTA 5دا. 


سەرچاوەکان



227 بینین