جۆرەکانی کەمخوێنی

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-06-12:35:00 - کۆدی بابەت: 11689
جۆرەکانی کەمخوێنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆرەکانی کەمخوێنی (بە عەرەبی: أنواع فقر الدم، بە ئینگلیزی: types of anemia), کەمخوێنی حاڵەتێکی تەندروستییە کاتێک ڕوودەدات کە خڕۆکەی سووری پێویست نەبێت لە لەشدا یان خڕۆکەکان ناتوانن بە باشی کاربکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتی، سەرگێژخواردن و هەناسەتەنگی. چەندین جۆری هەیە، هەندێکیان بە ئاسانی و بە خێرایی چارەسەر دەکرێن. هەندێکی تریان توندترن ڕەنگە بە درێژایی ژیان پێویستیان بە چارەسەر هەبێت.

جۆرەکانی کەمخوێنی

کەمخوێنی چەندین جۆری هەیە. هەرچەندە هەموو جۆرەکانی کەمخوێنی بە کەمی ئاستی خڕۆکە سوورەکانی خوێن یان باش کارنەکردنیان دەناسرێنەوە، بەڵام چەند جیاوازییەکی گرنگ هەیە لە هۆکارەکان، توندی و جۆری چارەسەرکردن لە نێوان هەر جۆرێکیاندا. بە شێوەیەکی گشتی کەمخوێنی بە پشکنینی خوێن دەستنیشان دەکرێت کە سەیری ژمارە، شێوە و تەندروستی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەکرێت. ئەگەر حاڵەتەکە وەک کەمخوێنی دەستنیشانکرا، ئەوا چارەسەرکردنەکەی بەندە بە جۆرەکەی. بە شێوەیەکی گشتی کەمخوێنی دابەش دەکرێت بەسەر سێ جۆری سەرەکیدا، کە دەکرێت هەریەکەیان هۆکاری جیاوازیان هەبێت:

  • مایکرۆسایتیک: لەم جۆرەیاندا خڕۆکە سوورەکانی خوێن بری پێویستی هیمۆگلۆبینیان نییە. لە ئەنجامدا خڕۆکە سوورەکانی خوێن قەبارەیان بچووکترە لە قەبارەی ئاسایی.
  • نۆرمۆسایتیک: لە کەمخوێنی نۆرمۆسایتیکدا، ژمارەی خڕۆکە سوورەکان بەپێی پێویست نین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جەستە. ئەم جۆرەیان زۆرجار هاودەمە لەگەڵ هەندێک نەخۆشی درێژخایەن.
  • ماکرۆسایتیک: لەم جۆرەیاندا مۆخی سووری ئێسک هەڵدەستێت بە دروستکردنی خڕۆکەی سووری گەورەتر لە قەبارەی ئاسایی خۆی.

کەمخوێنی مایکرۆسایتی

لە کەمخوێنی مایکرۆسایتیکدا، خڕۆکە سوورەکانی خوێن بچووکترن لە قەبارەی ئاسایی خۆیان. چونکە بەشی پێویست هیمۆگلۆبینیان نییە (هیمۆگڵۆبین: پرۆتینێکە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندایە کە یارمەتی گواستنەوەی ئۆکسجین دەدات بە ناو لەشدا). ئەو حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی کەمخوێنی مایکرۆسایتیک بریتین لە:

١- کەمخوێنی بەهۆی کەمی ئاسن: باوترین هۆکارە بۆ کەمخوێنی مایکرۆسایتی، بەهۆی نەبوونی ئاسنی پێویستی بۆ دروستکردنی هیمۆگلۆبین ڕوودەدات. لە کاتی کەمی هیمۆگلۆبیندا خڕۆکە سوورەکانی خوێن ناتوانن بە باشی ئۆکسجین بگەیەنن بە هەموو بەشەکانی لەش. لە ئەنجامدا لەوانەیە هەست بە ماندوێتی و هەناسەبڕکێ بکەیت. هۆکارە باوەکانی کەمخوێنی بەهۆی کەمی ئاسن بریتین لە:

  • لەدەستدانی خوێن بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەکی، سوڕی مانگانەی سەخت، یان نەشتەرگەری.
  • نەبوونی ئاسنی پێویست لە خۆراکەکەتدا.
  • کێشە لە هەڵمژینی ئاسن
  • دووگیانی
  • منداڵبوون

٢- کەمخوێنی سایدەرۆبلاستیک: لەم جۆرەیاندا مۆخی ئێسک ناتوانێت بەپێی پێویست خڕۆکەی سووری تەندروست دروست بکات. بەپێی هۆکارەکەی، کەمخوێنی سیدەرۆبلاستیک دەکرێت مایکرۆسایتیک (خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆر بچووکن) یان ماکرۆسایتیک (خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆر گەورەن)، بۆماوەیی، هەندێک دەرمان، بەرکەوتن بە هەندێک جۆری ژەهر و ماددە کیمیاییەکانەوە بێت.

٣- تالاسیمیا: تالاسیمیا نەخۆشییەکی پەیوەندیدارە بە خوێنەوە کە بەهۆی جینە بۆماوەییەکانەوە دروست دەبێت. لە کاتی توشبوون بە تالاسیمیادا جەستە هەڵدەستێت بە دروستکردنی هیمۆگڵۆبینی نائاسایی، چەند جۆرێکی جیاوازی تالاسیمیا هەیە، هەر جۆرێکیان کاریگەری جیاواز لەسەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن دروستدەکەن.

٤- ژەهراویبوون بە lead: بەرکەوتنی زۆر بە lead دەبێتە  هۆی تێکچوونی چۆنیەتی بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبین و خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە جەستەدا.

چارەسەری کەمخوێنی مایکرۆسایتیک بەندە بە هۆکارە بنەڕەتییەوە

  • لە کەمی ئاسندا، بە وەرگرتنی تەواوکەری ئاسن، خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ئاسن، یان ڤیتامین سی (کە یارمەتی مژینی ئاسن دەدات) چارەسەر دەکرێت.
  •  کەمخوێنی سایدەرۆبلاستیکی کەمتر توند، بە وەرگرتنی ڤیتامین B6 (پایریدۆکسین) چارەسەر دەکرێت.
  • بۆ کەمخوێنی توندتری سایدەرۆبلاستیک یان تالاسیمیایەکی توند، ڕەنگە پێوستی بە چاندنی مۆخی ئێسک یان گواستنەوەی خوێن ببێت.

کەمخوێنی نۆرمۆسایتیک

لە کەمخوێنی نۆرمۆسایتیکدا قەبارەی هەموو خڕۆکە سوورەکانی خوێن وەکوو یەکن، بەڵام ڕێژەیان کەمە کە ناتوانن پێداویستییەکانی جەستە دابین بکەن. زۆرجار نۆرمۆسایتیک سەرچاوەکەی بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوەیە. دەکرێت زگماکی بێت (بە ئەگەرێکی کەمتر)، یان کاریگەری لاوەکی دەرمانێک بێت.

باوترین ئەو حاڵەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەیە و دەبنە هۆی کەمخوێنی نۆرمۆسایتیک 

١- کەمخوێنی بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن (ACD): ئەو نەخۆشیانەی کە دەبنە هۆی هەوکردن هۆکاری سەرەکی ACDـن. هەوکردن بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کەم دەکاتەوە یان دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی خڕۆکەی سووری لاوازتر کە زووتر لەناودەچن. زۆربەی ئەو نەخۆشییە درێژخایەنانەی کە دەبنە هۆی هەوکردن دەکرێت ببنە هۆی ACD، لەوانەش:

٢- کەمخوێنی هیمۆلایتیک: لە کەمخوێنی هیمۆلایتیکدا خڕۆکە سوورەکانی خوێن تێکدەشکێن و زۆر بەخێرایی لەناودەچن. هەندێک جار حاڵەتەکە سووکە و پێویستی بە چارەسەر نییە. بەڵام ئەگەر هۆکارەکەی دیاریبکرێت دەتوانرێت بە سەرکەوتوویی چارەسەر بکرێت. چەندین هۆکاری کەمخوێنی هیمۆلایتیک هەیە، لەوانە:

  • حاڵەتە بۆماوەییەکان وەک کەمخوێنی خانەی داسکی، تالاسیمیا یان (G6PD).
  • هەوکردنەکان
  • کاریگەری لاوەکی دەرمان

٣- کەمخوێنی ئەپلاستیک: کاتێک ڕوودەدات کە خانەکانی مۆخی ئێسک (stem cell) ناتوانن بەپێی پێویست خڕۆکەی سوور دروست بکەن. ئەم جۆرەیان زۆرجار لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر stem cellـەکانی مۆخی ئێسک لەلایەن سیستەمی بەرگری لەشەوە دروست دەبێت، هەروەها دەکرێت دوای:

  • هەوکردنێکی توندی ڤایرۆسی
  • چارەسەرکردن بە تیشک
  • بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان

٤- Bone marrow infiltrative disorders: خرۆکە سورەکانی خوێن بە نزیکەی ١٢٠ ڕۆژ دەژین کاتێک خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە ناودەچن، مۆخی ئێسک خڕۆکەی سووری نوێ دروستدەکات و جێگەیان دەگرێتەوە. بەڵام هەندێک جۆری نەخۆشی کار لە مۆخی ئێسک دەکەن و بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکان خوێن قورستر دەکەن. هەندێک لە حاڵەتەکان وەک:

  • Myelofibrosis (جۆرێکە لە شێرپەنجەی مۆخی ئێسک).
  • Leukemia (شێرپەنجەی خوێن).
  • شێرپەنجەی Metastasis (شێرپەنجەکە لە شوێنێکی تری جەستە سەرهەڵدەدات و بەناو ئێسکدا بڵاودەبێتەوە).

چارەسەری کەمخوێنی نۆرمۆسایتیک بەندە بە هۆکارە بنەڕەتییەکەیەوە.

کەمخوێنی ماکرۆسایتیک

لە کەمخوێنی ماکرۆسایتیکدا مۆخی ئێسک خڕۆکەی سووری قەبارە گەورە دروست دەکات. ئەم جۆرە کەمخوێنییە ڕوودەدات ئەگەر هەندێک جۆری ماددە خۆراکییەکان کەم بێت لە لەشدا.

کەمخوێنی ماکرۆسایتی دوو جۆری هەیە

کەمخوێنی مێگالۆبلاستیک

ئەم جۆرەیان بەهۆی کەمی ڤیتامین B12 یان فۆلەیتەوە ڕوودەدات. ئەگەر جەستەت بڕی پێویستی ئەم ماددە خۆراکیانەی تێدا نەبێت، ئەوا مۆخی ئێسک ناتوانێت بەباشی خڕۆکەی سووری تەندروست بەرهەمبهێنێت. کەمخوێنی مێگالۆبلاستیک لە ڕێگەی خواردنی تەواوکەرەکانی ڤیتامین B12 و فۆلەیتەوە چارەسەر دەکرێت لەگەڵ خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بەم جۆرە ڤیتامینانە. هەروەها (pernicious anemia) کە هۆکارەکەی بەرگرییە خۆکارەکانە، ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی ڤیتامین B12 لەلایەن جەستەوە. کە دەتوانێت زیان بە سیستەمی دەمار و هەرس بگەیەنێت. زۆرجار لە ڕێگای دەرزی ڤیتامین B12ـەوە چارەسەردەکرێت، کە ڕۆژانە یان هەفتانە دەدرێت لە نەخۆش هەتا ئاستی B12 ئاسایی دەبێتەوە.

کەمخوێنی نامێگالۆبلاستیک (nonmegaloblastic)

 لەم جۆرەیاندا  هەندێک نەخۆشی کاردەکەنە سەر توانای جەستە بۆ هەڵمژینی ئەو خۆراکە ماددانەی کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بە شێوەیەکی تەندروست. باوترین حاڵەتەکان کە دەبنە هۆی کەمخوێنی بریتین لە:

  • Hypothyroidism (کەم دەردانی هۆرمۆنی تایرۆید).
  • بەکارهێنانی کحول
  • نەخۆشى جگەر
  • بۆماوەیی زۆربوونی خانەی گۆیی لە خوێندا (spherocytosis) کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن شێوە گۆیین نەک خەپلەیی.
  • myelodysplastic syndrome کاریگەری لەسەر توانای جەستە هەیە بۆ دروستکردنی خانەکانی خوێنی بە تەندروستی.

ئەگەر کەمخوێنی nonmegaloblastic بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە بێت، بۆ چارەسەرکردنی تیشک دەخرێتە سەر  نەخۆشییە بنەڕەتییەکە کە بۆتە هۆکاری کەمخوێنی.

نیشانەکانی کەم خوێنی

نیشانەکانی کەمخوێنی دەکرێت جیاواز بن بەپێی جۆر و توندی حاڵەتەکە:

  • ماندوێتی
  • هەناسەتەنگی
  • گێژی
  • سەرئێشە
  • دەست و قاچی سارد
  •  سپیبوونی پێست
  • ناڕێکی لێدانی دڵ
  • ئازاری سنگ
  • لاوازی
  • دابەزینی کێش

ئایا دەتوانرێت ڕێگری لە کەمخوێنی بکرێت؟

ئەگەر هۆکاری کەمخوێنییەکە بۆ ماوەیی بێت ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت. بەڵام دەتوانرێت  مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری تری کەمخوێنی کەمبکرێتەوە، لەوانە:

  • خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ئاسن وەکوو پەلەوەر و گۆشتی مانگا.
  • خواردنی سەوزە یارمەتی هەڵمژینی ئاسن دەدات لە جەستەدا.
  • وەرگرتنی فۆلەیت و B12ی پێویست لە ڕێگەی خۆراک یان خواردنی تەواوکەرەکان.
  • ئەگەر لە کاتی سوڕی مانگانە خوێنبەربوونی زۆرت هەبوو، ڕەنگە کێشەی هۆرمۆنت هەبێ و پێویستە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی پسپۆر بکەیت.

کەواتە: کەمخوێنی حاڵەتێکی تەندروستییە و کاتێک ڕوودەدات کە بری پێویست لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە لەشدا نەبێت، هەروەها دەبێتە هۆی سەرگێژبوون، ماندوێتی، لاوازی و هەناسە تەنگی. چەند جۆرێکی جیاوازی کەمخوێنی هەیە، لە هەندێ نیشانەدا لەیەک دەچن بەڵام هۆکاری جیاواز، مەترسی و چارەسەری جیاوازیان هەیە. هەندێک جۆری کەمخوێنی وەک مێگالۆبلاستیک دەتوانرێت بە گۆڕینی جۆری خۆراک چارەسەر بکرێن. بەڵام کەمخوێنییەکانی تر وەک کەمخوێنی خانەی داسی (sickle cell anemia) بۆماوەیی و درێژخایەنن. ناتوانرێت ڕێگری لە جۆرە بۆماوەییەکانی کەمخوێنی بکرێت، بەڵام دەتوانیت ڕێگری لە جۆرەکانی تری کەمخوێنی بکەیت لە ڕێگەی خواردنی ئەو خۆراکە ماددانەی کە دەوڵەمەندن بە ئاسن، ڤیتامین B12، یان فۆلەیت.


سەرچاوەکان



488 بینین