هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی بواری توێژینەوە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-12-08-14:20:00 - کۆدی بابەت: 11694
هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی بواری توێژینەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی بواری توێژینەوە (بە ئینگلیزی: selection of research، بە عەرەبی: أختيار البحوث)، لێرەدا کۆمەڵێک پێشەکی هەن، کە پێویستە قوتابی دەستپێشخەر بێت و ئامادەکارییان بۆ بکات، بۆ ئەوەی بچێتە ناو قۆناغی نووسینی توێژینەوەکە، لە ڕاستییدا قوتابی ئەگەر پشتگوێیان بخات و یان پەلە پەلی تێدا بکات ئەوا دەبێتە هۆکاری کەوتن و شکستهێنان، یان دەبێتە هۆی وەستاندنی پڕۆژەکە.

ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکە بۆ بواری توێژینەوە

دەستنیشانکردنی بواری توێژینەوە 

هەموو قوتابیەک توانای تایبەتی خۆی هەیە، لە لەوانی دیکەی جیا دەکاتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە قوتابی لە سەرەتای توێژینەوەکەیدا ئەو بوارە دەستنیشان بکات، کە پڕۆژەی نووسینەکەی تێدا ئەنجام دەدات، تاوەکو بە حەز و پەرۆشییەوە کاری بۆ بکات، چونکە لەوانەیە قوتابی حەز بەوە بکات، توێژینەوەیەکی باش ئەنجام بدات، یان ئارەزووی لە توێژینەوەیەکی بواری قورئانی یان فەلسەفی یان پەروەردەیی یان پزیشکی یان کۆمەڵایەتی بێت. هەر قوتابییەک ئەگەر پێشکییەکی زانستی تایبەتی نەبێت، ئەوا ناتوانێت دەربارەی بابەتێکی گرنگی وەکو فەلسەفە بنوسێت، کەواتە پێویستە بواری توێژینەوەکە دیاریبکرێت، کە ئەمەش پڕۆسەیەکە لە ژێر ڕووناکی ئەم خاڵانەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت: 

  • پێویستە قوتابی ئەو بابەتە هەڵبژێرێت، کە لەگەڵ توانا زانستی و زمانەوانییەکاندا دەنگونجێن. 
  • پێویستە بواری توێژینەوەکە پاڵنەر و هاندەر بێت بۆ قوتابییە توێژەرەکە. 
  • پێویستە هیچ ڕێگرییەکی زانستی لە ئارادا نەبێت، بۆ نموونە دەستنەکەوتنی سەرچاوەی پێویست دەربارەی بابەتی توێژینەوەکە. 

دەستنیشانکردنی بابەتی توێژینەوە 

پاش دەستنیشانکردنی بواری یەکەمی توێژینەوەکە، پێویستە جەخت لەسەر بوارێکی تەسکتر بکەیتەوە، ئەویش لە ڕێگای دەستنیشانکردنی بابەتی توێژینەوەکە، بۆ نموونە دەکرێت بەشی فیقهی دەستنیشان بکەین کە باسی نوێژ و بازرگانی و دادوەری بکەین، یان باس لە زانستی قورئان بکەین زانستەکانی قورئان، شرۆڤەکردنی قورئان، سەرسوڕهێنەرەکانی قورئان، یان جۆری ئەو بیرە فەلسەفەییە دەستنیشان بکەین، کە کاری لەسەر دەکەین فەلسەفەی یۆنانی، فەلسەفەی هاوچەرخ، فەلسەفەی ئیسلامی، یان ئەو مەیدانە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییە دەستنیشان بکەین، کە دەبێتە بابەتی توێژینەوەکەمان، بەم شێوەیە ئێمە چوارچێوەی بواری توێژینەوەکە تەسک دەکەینەوە، تا دەگەینە تەسکترین چوارچێوە یاخود بچوکترین بواری توێژینەوە. 

دەستنیشانکردنی ناونیشانی توێژینەوە 

ناونیشانی توێژینەوەکە هەنگاوی کۆتاییە و بنەمایەکە بۆ دەستنیشانکردنی بواری توێژینەوەکە و سەرکەوتنی پڕۆژەکە بەوەوە بەندە، جگە لەوەش ڕانەوەستان و بەردەوامبوون بۆ سەرکەوتنی ناونیشانەکە دەگەڕێتەوە، گرنگترین ئەو مەرجانەی کە لە ناونیشانەکەدا دەبێت ڕەچاو بکرێن، ئەوەیە نابێت ناونیشان فراوان و گشتگیر بێت، بەڵکو دەبێت تەسک و دیاری کراو و چڕ بێت و بە ئاڕاستەیەکی وەهادا بڕوات کە قوتابی بەرەو بابەتی دیکە و زانیاریی بە دەر لە بابەتەکە پەلکێش نەکات تا تواناکانی خوێندکار لاواز نەبێت. لە ڕووی هونەریشەوە ناونیشانەکە دەبێت کۆمەڵە شتێک بگرێتەوە: 

  • پێویستە ناونیشانەکە گوزارشت لە بابەتی توێژینەوەکە بکات و بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئاماژە بە ناوەڕۆکەکە بکات. 
  • پێویستە ناونیشانەکە سەرنج ڕاکێش و ڕوون بێت. 
  • نابێت ناونیشانەکە گشتگیر بێت، بەڵکو دەبێت بە شتێکەوە تایبەت بکرێت. 


سەرچاوەکان



288 بینین