پلانی توێژینەوە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-12-08-14:33:00 - کۆدی بابەت: 11695
پلانی توێژینەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پلانی توێژینەوە (بە ئینگلیزی: Research plan، بە عەرەبی: خطة البحث)، پاش دەستنیشانکردنی بابەتی توێژینەوەکە، لێرەدا پێویستە توێژەر دەست بکات بە ئامادەکردنی پلانێکی درێژ بۆ پڕۆژەکەی، پلان وەکو ئەو ڕێگایە وایە، پێویستە پەیڕەو بکرێت تا دەگەیتە دەرئەنجام، پلان وەکو ڕێبەرێک وایە بە ڕێک و پێکی کارەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکەوە بەڕێوە دەبات و توێژەرەکە لە هەموو شپرزییەک دووردەخاتەوە. پلانی توێژینەوە ئەو کاغەزەیە، کە پێویستە قوتابی پێشکەش بەو مامۆستایەی بکات، کە سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکات، یان دەبێت پێشکەشی لیژنەیەکی تایبەتی بکات، بۆ ئەوەی ئەوانیش ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕن.

ئەم پلانە چوار ڕەگەز لە خۆ دەگرێت

بەرگ

ئەم ڕەگەزەش ئەم شتانە لە خۆ دەگرێت: 

  • ناوی دەزگاکە زانکۆ، پەیمانگا کە تیایدا توێژینەوەکە ئەنجام دەدات لە گۆشەی ڕاستی سەرەوەی لاپەڕەکەدا شت دەنووسرێت. 
  • ناونیشانی توێژینەوەکە لە ناوەڕاستی لاپەڕەکەدا دەنووسرێت. 
  • ناوی ئەو قوتابییەی کە توێژینەوەکەی ئامادەکردووە لە ناوەڕاستی لاپەڕەکەدا، دوای ناونیشانی کتێبەکە دەنووسرێت. 
  • ناوی ئەو مامۆستایەی، کە سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکات ئەم ناوە لە ناوەڕاستی لاپەڕەکەدا، دوای ناوی قوتابییەکە دەنووسرێت. 
  • شوێن و مێژووی ئامادەکردنی توێژینەوەکە لە ناوەڕاستی خوارەوەی لاپەڕەکەدا دەنووسرێت. 

پێشەکی

پێشەکی دەبێت لە دووتوێی پڕۆژەکەدا بێت و پێویستە جەخت لەسەر پاساوە زانستییەکانی هەڵبژاردنی بابەتی توێژینەوەکە بکات، هەروەها پێشەکییەکە ئەم شتانە لە خۆ بگرێت: 

  • پێشکەشکردنێکی مێژوویی بۆ بابەتی توێژینەوەکە. 
  • گرنگی ئەو بابەتەی کە لە توێژینەوەکەدا باس دەکرێت. 
  • گرنگترین ئەو هۆکارانەی، کە قوتابیەکەی هانداوە بۆ ئەوەی بابەتی توێژینەوەکە هەڵبژێرێت. 
  • ئەو ئەنجام و ئامانجانەی کە مەبەستێتی لەم توێژینەوەدا. 
  • ئەو سەختی و دژوارییانەی لە کاتی ئامادەکردن یان لە کاتی نووسینی توێژینەوەدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

ناوەڕۆکی توێژینەوە پێشنیازکراوە

ئەم ڕەگەزە بە بڕبڕەی پشتی پلانی توێژینەوەکە هەژماردەکرێت، چونکە گوزارشت لەو ناوەڕۆکە گشتییە دەکات، کە قوتابی توێژینەوەکەی لەسەر بونیاد دەنێت، یاخود ئەو ناوەڕۆکەیە کە ئەو جومگانە لە دووتوێی دەگرێت، قوتابی لە توێژینەوەکەیدا خوازیاری باسکردنیانە، ئەمەش بێگومان لە خوێندنەوە و ناسینی ورد و درشتی بابەتەکەوە پەیدا دەبێت، بەڵام لە ڕووی هونەری یان لە ڕووی فۆڕمەوە، ناوەڕۆکی توێژینەوەکە هەمیشە بۆ چەند بەشێک یان چەند بەندێک یان چەند لایەنێک پۆلێن دەکرێت، جا هەندێک شت هەن، پێویستە لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی ئەو بەشانەدا ڕەچاوبکرێن، کە لەم خاڵانەی خوارەوە بەرجەستە دەبن: 

  • پێویستە هەموو بەندێک و هەموو بەشێک ناونیشانێکی دیاریکراو هەڵبگرێت. 
  • ناونیشانی بەندەکان یان بەشەکان دەبێت گوزارشتێکی تەواو لەو بابەتە بکەن، کە ناونیشانی توێژینەوەکە ئاماژەی پێکردووە. 
  • ناونیشانی بەندەکان و بەشەکان دەبێت زنجیرە بەند کرابێت و تەواوکەری یەکدی بن، بەشێوەیەک هەر یەکەی ڕێخۆشکەربن بۆ بەشەکانی دوایی خۆیان. 
  • پێویستە دابەشکردنی بەشەکان لە ڕووی بارستاییەوە لەگەڵ یەکدیدا گونجاو بن و دەبێت قوتابی وا بکات هەموو بەشەکان لە ڕووی بارستایی و ژمارەی لاپەڕەکانەوە یەکسان بن، یان هەر هیچ نەبێت نزیک بن لە یەکترەوە.

ڕەگەزەکانی پلانەکە

ئەم ڕەگەزە کۆتایی ڕەگەزەکانی پلانەکەیە، دەبێت لیستێک ئامادە بکرێت، تیایدا گرنگترین ئەو سەرچاوانەی تیایدا بنووسرێت، کە قوتابییەکە لە توێژینەوەکەیدا سوودی لێیان وەرگرتووە، دیسانەوە بەو مەرجەی ئەو لیستە لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا تۆمار بکات. لەم لیستەدا هەموو ئەو زانیاریانە تۆمار دەکرێن، کە لە بارەی سەرچاوەکانەوە لە بەردەستدان، کە لەم زانیاریانە پێکدێن: 

  • ناوی نووسەرەکە، ناونیشانی پەرتووکەکە، ژمارەی چاپەکە، ناوی وەرگێڕەکە ئەگەر هەبوو، شوێنی بڵاوکردنەوەکە، چاپخانەکە، مێژووی چاپ و بڵاوکردنەوە. وەک لەم نموونەیەدا دەردەکەوێت:  (فضل الله، من هو الله، ط١، بيروت، دار الولاء، ٢٠٠٤.) یان (مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، دەزگای ئاراس، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠١). 


سەرچاوەکان



868 بینین