چۆن سەوزە لەناو گوڵداندا لە ماڵەوە بچێنم؟

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-12-08-15:00:00 - کۆدی بابەت: 11697
چۆن سەوزە لەناو گوڵداندا لە ماڵەوە بچێنم؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن سەوزە لەناو گوڵداندا لە ماڵەوە بچێنم؟ (بە ئینگلیزی: How to plant vegetables in containers?، بە عەرەبی: کیفیة زراعة الخضراوت في الاواني؟)، چاندنی سەوزەوات لەناو گۆزە و گوڵداندا دەبێتە هۆی پێدانی خۆشی و لەهەمان کاتدا ئەنجامەکەشی وەک دیارییەکە، بە گشتی هەموو جۆرە سەوزەکان لەناو گوڵداندا دەچێنرێن و گەشە و بەرهەمیشیان دەبێت، ئەنجامدانی ئەم کردارەش دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆر لە پارە، چونکە کاتێک بەرهەمی سەوزەواتەکان پێدەگات پێویست ناکات لە بازاڕەکانەوە بهێنرێتەوە.

بەڵام چاندنی سەوزە لەناو گۆزەدا پێویستی بە دابینکردنی کەش و گوڵدانی گونجاوە، ئەگەر وانەبێت ڕووەکەکە بەرگەناگرێت و بەرناگرێت، بۆ نموونە ئەو جۆرە سەوزەواتانەی کە ڕەگێکی درێژیان هەیە یاخود قەبارەیان گەورەیە دەبێت گۆزەکەشیان گەورەبێت، بەڵام ئەوانەی کە ڕەگەکەیان ناچێتە قوڵایی زۆرەوە وەک کاهو ئەوا ئاساییە کە گۆزەکەی زۆر گەورە نەبێت.

 چەند هەنگاوێکی سەرەکی بۆ چاندنی سەوزەی ناو گوڵدان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو

دابینکردنی ڕووناکی و پلەی گەرمی گونجاو

زۆرینەی سەوزە بەردارەکان وەک تەماتە و بیبەر پێویستی بە بڕی خۆری تەواوە، واتە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە شەش کاتژمێر ڕووناکی پێویستە، هەندێک لە باخەوانەکان بە تەواوەتی دڵنیا نین لە ئەوەی کە ئاخۆ جێگەکە ڕۆژانە چەنێک ڕووناکی بەردەکەوێت، باشتر وایە لەم کاتانەدا ڕۆژێک چاودێری جێگەکە بکرێت بە جۆرێک کە باخەوانەکە هەموو نیو کاتژمێر جارێک سەردانی جێگەکە بکات و تێبینی خۆرەکەی بکات.

ئەو ناوچانەی کە زۆر گەرمن باشتر وایە کە سەوزەکان لە خۆری نیوەڕۆ بپاریزرێن هەروەها لە گۆزەی کانزایی و ڕەنگ تێردا سەوزە نەچێنرێت چونکە ئەو جۆرانە ڕووناکی و گەرمی خۆری زیاتر ڕادەکێشن.

ئاودانی سەوزەکان

زۆرینەی سەوزەکان وەک تەماتە پێویستیان بە ڕێژەیەکی زۆری ئاودان هەیە، بەڵام نەک نوقمبکرێن لە ئاودا و بگەنێت، بەڵکو ئامانجەکە هێشتنەوەی خاکەکەیە بە شێداری، بۆ زانینی ئەوەی کە ئاخۆ خاکەکە پێویستی بە ئاودان هەیە یان نا ئەوا دەکرێت پەنجەیەک بخرێتە قوڵایی چەند سانتیمەترێکەوە، ئەگەر ناوەوەی خاکەکە وشکبوو ئەوا دەکرێت ئاوبدرێت، بەڵام ئەگەر تەڕی و شێداری تێدابوو ئەوا ئاودانی ناوێت، لە چلەی هاویندا دەبێت هەموو ڕۆژێک ئاوبدرێت یاخود هەندێکجار ڕۆژانە دوو جار ئاودانی دەوێت.

بەکارهێنانی خۆڵێک کە جۆرییەتییەکی باشی هەبێت:

بەکارهێنانی خۆڵی ناو باخچەکەت لەوانەیە هۆکارێکبێت بۆ سەوزبوونی گژوگیای زیانبەخش یاخود وشکنەبوونەوەی گۆزەکە، لەبەر ئەمانە و چەند هۆکارێکی تریش باشترە کە ئەو خۆڵەی بۆ چاندنی سەوزە بەکاردێت جۆرییەتییەکەی بەرزبێت بۆ ئەوەی سەوزەکەش گەشەبکات و بەرهەمی هەبێت.

بەپیتکردنی گوڵدانەکان:

ڕووەک و سەوزەکان بۆ ئەوەی بەرگەبگرن پێویستیان بە خۆراک و بەپیتکردنە، ئەگەر خۆڵەکە هەر لە سەرەتاوە بەپیتنەکرابێت بە ماددەی خۆراکی، ئەوا دەبێت بە درێژایی گەورەبوونی و لەماوەی جیاوازدا بەپیتبکرێت، بە گوێرەی ڕێنماییەکان زۆرینەی باخەوانەکان هەر لەسەرەتاوە و پێش چاندن خۆڵەکانیان بەپیتدەکەن، پاشان دوای چەندین هەفتە ماددەی خۆراکی شلیان پێدەدەن، یاخود دەکرێت سەماد بکرێتە بنجی ڕووەکەکان کە ئەویش ڕۆڵی هەیە لە پێدانی خۆراک.

دروستکردنی وشکبوونەوە و ئاو ڕۆشتنی نایاب

وشکبوونەوە خاک و تێپەڕبوونی ئاو بە ناویدا کلیلی سەرکەوتنە بەسەر نوقمبوونی سەوزەکاندا، دەبێت گوڵدانەکان لە بنەوە ڕێگەی تێپەڕبوونی ئاویان هەبێت، ئەگەرنا ڕەگی سەوزەکان بە بەردەوامی لەناو قوڕاودا دەبێت و بەم شێوەیەش ڕەگەکەی تووشی نەخۆشی دەبێت، لەبەر ئەمە دەبێت یان کونێکی گەورە یاخود چەند کونێکی بچووک لە بنەوەی گۆزەکان هەبێت.

ئەگەر دەرچوونی ئاو بە گوێرەی پێویست نەبوو ئەوا دەکرێت کونی زیاتر بکرێتە گۆزەکە، یاخود ئەگەر گۆزەکان لە سەرەتاوە کونەکانیان زۆر گەورەبوو ئەوا دەکرێت بچووکبکرێتەوە پێش چاندن تیایدا.

هەڵبژداردنی گوڵدانی گونجاو

چاندنی سەوزەوات لە هەموو گوڵدانێکدا دەکرێت تەنها بە مەرجێک کە گوڵدانەکە زۆر بچووک نەبێت، هەروەها ڕێگەی دەرچوونی ئاوی باشی هەبێت، بەڵام ئەگەر گوڵدانەکە بچووکبێت و فراوانییەکەی کەمتربێت لە ٣٠ سانتیمەتر ئەوا باشتر وایە کە بەکارنەهێنرێت، چونکە هەرچەند گەورەتربێت ئەوا ئەگەری سەوزبوون و چەکەرەکردن تیایدا گەورەترە، چونکە گوڵدانی گەورە خۆڵی زیاتر دەگرێت و بەهۆی ئەوەشەوە ڕێژەی شێی زیاترە.

هەڵبژاردنی تۆو

چاندن دەکرێت بە تۆو یان بە شەتڵ ئەنجامبدرێت، هەردوو ڕێگاکە سوود و زیانی خۆیانیان هەیە، بۆ نموونە چاندنی تۆو هەرزانترە لە ڕووی نرخەوە هەروەها چاندنەکە لە بنەڕەتەوە دەبێت و جۆرە جیاوازەکانیش دەکرێت بەدەستبهێنرێت، بەڵام چاندن بە تۆو زەحمەتی خۆی هەیە وەک ئەوەی کە پێویستی بە کاتژمێری زۆر لە رووناکی خۆر هەیە لەگەڵ هەواگۆڕکێی باش، چەندین خاڵی تری وەک ئاودانی ڕێکخراو و شێی بەردەوام، چونکە بەهیچ جۆرێک نابێت تۆوەکە وشبێتەوە.

هەندێک لەو سەوزەواتانەی کە بەئاسانی لە گوڵداندا سەوزدەبن

کاتێک سەوزەیەک هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی لە گوڵداندا بچێنرێت، ئەوا پێویستە جۆرێکی بچووکبێت و بۆ ناو گۆزە گونجاوبێت، هەروەها لەگەڵ کەشوهەوای جێگەکەدا بگونجێت و شیاوی ناو گوڵدانبێت، ئەمانەی خوارەوەش نموونەی هەندێک لەو سەوزانەیە کە بە گشتی و بەئاسانی بۆناو گوڵدان گونجاون:

هەندێک لەو سەوزانەی کە چاندنیان لەناو گوڵدان گونجاو نییە


سەرچاوەکان



430 بینین