ئاوزێڵی ڕووبار

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-12-26-15:35:00 - کۆدی بابەت: 11770
ئاوزێڵی ڕووبار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

ئاوزێڵی ڕووبار (بە عەرەبی: الاحواض النهري، بە ئینگلیزی: river basinبریتییە لە ڕووبەرێکی زەوی کە ئاوی بارانی تیادا کۆ دەبێتەوە تاکوو لە یەک ڕێڕەوی ڕووبار یەک دەگرن یان ئەو ڕووبەرەیە کە ھەموو ئاوڕێژگە و جۆگە و ئەو ئاوەی بەھۆی بەفر و بارانەوە دروست دەبێت سەرەنجام ھەموویان لە یەک ڕووباردا کۆدەبنەوە و یەک دەرچەیان ھەیە. شێوەکانی ئاوزێڵی ڕووبار ڕەنگدانەوەی جیۆلۆجی و ژینگەیین کە گرنگی زۆری ھەیە لە بواری لێکۆڵینەوە بۆ زانینی ماوەی گەیشتنی لافاو و ئەو لیتەی کە ڕووبارەکان لەگەڵ خۆیان ھەڵیانگرتووە. شێوەکانی ئاوزێڵی ڕووبار جیاواز و جۆراوجۆرن کە دەتوانرێت لە ڕێگای کۆمەڵێک ھاوکێشەی بیرکاری شێوە و چێوە و ڕووبەری ئاوزێڵەکە بەدیار بخرێت کە شێوەکەی لاکێشەییە یان بازنەییە یان سێکۆشەییە.

ئاوزێڵی ڕووبارەکان لە ڕووی ڕووبەرەوە دابەش دەبن بۆ

حەوزی ڕووبارە گەورەکان

ئەو حەوزانە دەگرێتەوە کە ڕووبەرەکەیان زیاترە لە (٥٠,٠٠٠) کیلۆمەتر دووجا.

حەوزی ڕووبارە مامناوەندییەکان

ئەو حەوزانە دەگرێتەوە کە ڕووبەرەکەیان لە (٣٠,٠٠٠) کیلۆمەتر دووجا زیاترە.

حەوزی ڕووبارە بچووکەکان 

ئەو حەوزانە دەگرێتەوە کە ڕووبەرەکەیان  لە نێوان (٥ بۆ ٣٠,٠٠٠) کیلۆمەتر دووجا دایە.

ئاوزێڵی ڕووبارەکان لە ڕووی پێکهاتەوە دابەش دەبن بۆ چەند بەشێک

١- ناوچەی هەڵقوڵان
بە خاڵی سەرەتایی لەبەر ڕۆیشتنی ڕاستەقینەی ئاوی ڕووبارەکان دادەنرێت، ڕووبارەکەش دروست دەبێت لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو لق یان زیاتر سەرچاوە دەگرێت، ڕەنگە سەرچاوەی هەڵقوڵانی ڕووبارەکە دەریاچەیەک بێت یان زۆنگاوێک بێت یان سەرچاوەی هەڵقوڵانەکە لە ناوچەی شاخاوی بێت بەفری تواوەی ناوچە سەهۆڵییە چیاییەکان بێن.

٢- ئاوزێڵی سەرەوەی ڕووبارەکان
ئاوزێڵی سەرەوە زۆربەی کات دەکەوێتە ناوچەی چیایی لە ڕووبارەکە، گرنگترین تایبەتمەندییەکانیشی بەرزی و نزمی و سەختی و لێژی و تەوژمی ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی زۆر خێرایە، بەم جۆرەش پڕۆسەی داماڵینی ستوونی بەهێز دەبێت دواتر ڕێڕەوی ڕووبارەکە قوڵ دەبێت تاکوو شێوەی پیتی (V) وەردەگرێت، جۆگەی ئاوی تاڤگەکان لەو ناوچانەدا زیاد دەکات.

٣- ئاوزێڵی ناوەڕاست
ڕێڕەوی ئاوی ئاوزێڵی ڕووبارەکان لە ئاوزێڵی ناوەڕاست هاوسەنگترە، بە جۆرێک داماڵینی ستوونی کەمتر دەبێت لەگەڵ پڕۆسەی نیشتن، دوواتر داماڵینی لاپاڵی چاڵاک دەبێت تەوژمی خێرایی لەبەر ڕۆیشتنی ئاوی ڕووبارەکە کەمتر دەبێتەوە. 

٤- ئاوزێڵی خواروو
لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بریتین لە لێژی ئاوزێڵەکە کەم دەبێتەوە تاکوو وا بەدیار دەکەوێت کە ڕووبارەکە لێژی نییە، دوواتر ڕووبارەکە دەست دەکات بە دروستکردنی (پێچ) کە زۆربەی کات دەبێتە هۆی دروستبوونی دەریاچەی (هیلالی) لەم ناوچانەدا داماڵینی ستوونی نامێنێت هەمیشە ئەم ناوچانە دەکەونە دەشتە کەم لێژەکان.

٥- ڕێژگە
دووای ئەوەی ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەکە دەگاتە کۆتایی ئاوزێڵی خواروو کۆتایی دێت بە دەریا یان دەریاچە یان زۆنگاو. زۆر جار دەکرێت بەهۆکاری دەستکاریکردنی مرۆڤ ئەو تۆڕە سروشتییە شێوەکەی بگۆڕدرێت، بە تایبەتی بەهۆی دروستکردنی بەست و بەنداوەکان بە مەبەستی (بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا یان ئاودێری کشتوکاڵی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو یان بە مەبەستی گرنگیدان بە سامانی ماسی و پیشەسازی گەشت و گوزار).

پێکهاتەی تۆڕە ئاوییەکان لە چاخەکانی جیۆلۆجی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، کاتێک لەسەر زەوی بەرزی و نزمی و وشکانی دروستبووە کە لە سەرەتای چاخە جیۆلۆجیەکانەوە تاکوو ماوەی کۆتایی چاخی جیۆلۆجی چوارەم پڕۆسەکانی بەرزبوونەوە و داکەوتنی توێکڵی زەوی ڕۆڵی سەرەکیان بینیووە لە پێکهێنانی سەرجەم تۆڕە ئاوییە هەنوکەییەکان، دوواتر چەند گۆڕانکارییەک ڕوویانداوە بەهۆی تێکهەڵکەوتنی ڕووبەری وشکانی و ئاوی.


سەرچاوەکان



241 بینین