کاریگەری هەنگوین لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-04-19:40:00 - کۆدی بابەت: 11802
کاریگەری هەنگوین لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری هەنگوین لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ (بە ئینگلیزی: The effects of natural honey on heart disease، بە عەرەبی: آثار العسل الطبيعي على أمراض القلب) ڕۆڵی هەنگوینی سروشتی لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان و سوودە پزیشکییەکانی جێگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانایان بووە لە دەیەکانی ڕابردوودا. لە میانەی توێژینەوەکانیان توێژەران بۆیان دەرکەوتووە هەنگوینی سروشتی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.

کاریگەرییەکانی هەنگوین لەسەر خوێن و دڵ

نەخۆشی دڵ بەهۆی نەچوونی خوێنەوە (IHD) دەبێتە هۆی مردن و کەمئەندامبوون و تێچووی ئابووری زیاترە لە هەر نەخۆشییەکی تر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان. Arrhythmias و Myocardial infarction (MI) دەرکەوتنی جدین بۆ IHD. لە کاتی نەشتەرگەری دڵ و گیرانی دڵە ماسولکەکان، ناڕێک لێدانی سکۆڵەیی وەک خێرا لێدانی دڵی سکۆڵەیی گرنگترین هۆکارن بۆ مردن. لە بەڕێوەبردنی ئەم حاڵەتانەدا، چارەسەری دەرمان (بە تایبەتی دەرمانەکانی دژە ناڕێک لێدانی دڵ) لەوانەیە ژیان ڕزگار بکات. لە لایەکی ترەوە، مەترسییەکانی دەرمانەکانی دژە ناڕێک لێدانی دڵ (وەک ناڕێک لێدانی دڵی کوشندە لە هەندێک نەخۆشدا) بوونەتە هۆی سنووردارکردنی بەکارهێنانی دەرمانی دژە ناڕێک لێدانی دڵ.

لەبەر ئەوە، مەیلی بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە زیاترە کە کاریگەری نەرێنی کەمتر و کاریگەری ئەرێنی زیاتریان هەیە. هەنگوینی سروشتی لە سەردەمی کۆنەوە بۆ مەبەستی پزیشکی بەکارهاتووە، بەڵام لە حاڵەتی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێندا زۆربەی توێژینەوەکانی پێشوو لەسەر ئاژەڵان ئەنجام دراون و بە شێوەیەکی سەرەکی تیشکیان خستە سەر کاریگەرییەکانی هەنگوین دژی هۆکارەکانی مەترسی دڵ و خوێن وەک زیادبوونی چەوری خوێن و بەرهەمهێنانی تەنۆلکەی سەربەست.

کاریگەری دژە ئۆکسانی هەنگوین لەسەر دڵ

دژە ئۆکسان کە لە هەنگویندا هەیە ڤیتامین C، مۆنۆفینۆلیک، فلاڤۆنۆید و پۆلیفینۆلیک دەگرێتەوە. خواردنەوەی فلاڤۆنۆید بە شێوەیەکی بەردەوام پەیوەندی هەیە بە کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ. کۆمەڵێک پێکهاتەی فینۆلیک لە هەنگویندا هەیە کە کاریگەری بەهێزی هەیە لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ. لە نەخۆشی گیرانی خوێنبەری کۆرۆنەری (CHD) کاریگەرییە پارێزەرەکانی ئاوێتەکانی فینۆلیک بە شێوەیەکی سەرەکی دژە خوێنمەیین، دژە نەڕۆشتنی خوێن، دژە ئۆکساندن و فراوانکەری موولوولەکان دەگرێتەوە.

پێشنیار دەکرێت کە فلاڤۆنۆیدەکان مەترسی تووشبوون بە CHD کەم بکەنەوە بە سێ کرداری سەرەکی:

  • باشترکردنی خوێنبەرەکانی کۆرۆنەری و فراوانبوونیان.
  • کەمکردنەوەی توانای پەڕەکانی خوێن لە خوێندا بۆ مەیین.
  • ڕێگریکردن لە ئۆکساندنی LDL.

کاریگەری هەنگوین لەسەر چەورییەکانی خوێن

لە ٣٨ کەسی کێش زیاد، کاریگەری هەنگوینی سروشتی لەسەر کۆی کۆلیسترۆڵ، LDL-C، کۆلیسترۆڵی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز (HDL-C)، Triacylglycerole، C-reactive protein (CRP)، گلوکۆزی خوێن و کێشی لەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا. ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە وەرگرتنی حەفتا گرام هەنگوینی سروشتی بۆ ماوەی سی ڕۆژ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆی کۆلیسترۆڵ، LDL-C، Triacylglycerole و CRP (P<0.05). توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هەنگوینی سروشتی هۆکارەکانی مەترسی دڵ کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە هۆکاری مەترسی بەرزیان هەیە، هەروەها کێشی لەش زیاد ناکات لەو کەسانەی کێشیان زیادە یان قەڵەون. کاریگەری خواردنی ٧٥ گرام هەنگوینی سروشتی بەراورد بە هەمان بڕی هەنگوینی دەستکرد (فلوکتۆز و گلوکۆز) لەسەر مرۆڤ لێکۆڵینەوەی لەسەرکرا. بەرزبوونەوەی ئەنسۆلین و CRP بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر بوو دوای خواردنەوەی گلوکۆز لە دوای بەکارهێنانی هەنگوین.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەنگوین کۆلیسترۆڵ و LDL-C و TG کەم دەکاتەوە و کەمێک HDL-C بەرز دەکاتەوە. لەو نەخۆشانەی کە هایپەرتریگلیسیرایدیمیایان (بەرزی ترایگلایسیراید لە خوێندا) هەیە، هەنگوینی دەستکرد TG زیاد دەکات، لە کاتێکدا هەنگوینی سروشتی TG کەم دەکاتەوە. لەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی هایپەرلیپیدیمیایان هەیە، هەنگوینی دەستکرد LDL-C زیاد دەکات، لە کاتێکدا هەنگوینی سرووشتی LDL-C کەم دەکاتەوە. لە نەخۆشەکانی شەکرە، هەنگوین بە بەراورد لەگەڵ دێکسترۆز دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی گلوکۆزی پلازما. هەنگوینی سروشتی دەکرێت زیندەچالاکییەکانی ئۆکسیدی نایترۆجینی تێدابێت و بەرزبوونەوەی ئاستی NO لە هەنگوین دەتوانێت کرداری پاراستنی هەبێت لە نەخۆشییەکانی دڵدا.


سەرچاوەکان



269 بینین