پیسبوونی ئاو

له‌لایه‌ن: - بەهار محمد بەهار محمد - به‌روار: 2024-02-23-21:36:00 - کۆدی بابەت: 12012
پیسبوونی ئاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پیسبوونی ئاو (بە ئینگلیزی: Water pollution، بە عەرەبی: تلوث المياه) بریتییە لە گۆڕانی فیزیایی، کیمیایی یان بایەلۆجی تایبەت بە گەردیلەکانی ئاو یان فڕێدانی پاشماوە بۆ ناو ئاوەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ بێت، کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی دەکات. ئاوی ناپارێزراو ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤ، لەم نێوەندەدا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەمان سنووردارە و کەمتر لە سەدا یەک دەستمان دەگات بە ئاوی شیرینی زەوی.

ئاو بە شێوەیەکی ناوازە ڕووبەڕووی پیسبوون دەبێتەوە ئاو توانای تواندنەوەی ماددەی زیاتری هەیە لە هەموو شلەیەکی تری سەر زەوی، بۆیە ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئاو بە ئاسانی پیس دەبێت ماددە ژەهراوییەکانی کێڵگە و شارۆچکە و کارگەکان بە ئاسانی دەتوێنەوە و تێکەڵیان دەبێت و دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو.

سەرچاوەی سەرەکی پیسبوونی ئاو

  • کەرتی کشتوکاڵ نەک هەر گەورەترین بەکارهێنەری سەرچاوەکانی ئاوی شیرینی جیهانییە بەڵکو پیسکەرێکی سەرەکی ئاوە، لە سەرانسەری جیهاندا کشتوکاڵ هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ئاوە. لە ئەمریکا پیسبوونی کشتوکاڵی سەرەکیترین سەرچاوەی پیسبوونە لە ڕووبار و چەمەکاندا هەروەها دووەم سەرچاوەی سەرەکییە لە دەریاچەکاندا. 
  • پاشماوەی ماڵ و خانووبەرە و شوێنە گشتییەکان کە بە شێوەی شل لەلایەن مرۆڤەوە فڕێدەدرێت، پیسبوونەکانیش بریتیین لە چەوری و جۆرەکانی خوێ، تایت، سابوون و شامپۆ کە تێکەڵ بە ئاو دەبن ودەبنە هۆی پیسبوونی.
  • بەکارهێنانی ماددە قڕکەر و مێرووکوژەکان کە بەکاردەهێنرێت بۆ نەخۆشییەکانی ڕووەک و ئاژەڵ دوای باران بارین تێکەڵ بە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی دەبێت دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو.
  • پاشماوەی خوڵ و خاشاک و ماددەی ڕەق کە دەڕژێتە ناو چەم و ڕووبارەکان دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو. 
  • پاشماوەی تیشکدەر بریتییە لە هەر پیسبوونێک کە تیشک دەربکات لە ڕێگەی کانگەکانی یۆرانیۆم و وێستگەکانی کارەبای ئەتۆمی و بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی چەکی سەربازییەوە بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها لەلایەن زانکۆ و نەخۆشخانەکانەوە کە ماددە تیشکدەرەکان بۆ لێکۆڵینەوە و پزیشکی بەکاردەهێنن هۆکاری پیسبوونی ئاون. پاشماوەی تیشکدەر دەتوانێت بۆ هەزاران ساڵ لە ژینگەدا بمێنێتەوە.
  • پیسبوونی گەرمی بە هۆی ئاوی گەرمەوە بەرهەم دێت کاتێک فڕێ دەدرێتە ناو ئاوی ڕووبارەکانەوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ کاروباری ساردکردنەوە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی گەرمی و دامەزراوە پیشەسازییەکاندا، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی ئاو ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی ڕيژەی ئۆکسجین و مردنی هەندێک ماسییەکان.
  • پاشماوەی پیشەسازی زۆربەی کارگەکان ئاوی پیس و پاشماوەکان و ماددەی کیمیاییەکان بە بێ چارەسەرکردن و پاککردنەوە فڕێدەدرێتە ناو ڕووبارەکان.
  • گواستنەوە بە ڕێگای ئاوی وەک پاپۆڕ، نەوت‌ گوێزەرەوە گەورەکان کە بەناو زەریا و دەریاکان دەڕۆن دەبنە هۆی پیسبوونی دەریاکان.

چارەسەرکردنی پیسبوونی ئاو

  • هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ماددە تیشکدەرەکان لە ناوچەی بیابان چونکە ئەو ماددانە دەبنە سەرچاوەی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی.
  • سەپاندنی رێوشوێنی یاسایی توند لە پێناو پاراستنی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی.
  • هەوڵدان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددە بەکارهاتووەکان و بەرهەمی پیشەسازی ڕێگرتن لە فڕێدانی بۆ ناو ئاو و خاک.
  • ڕێگرتن لە پیسبوونی هەوا بە مەبەستی ڕوونەدانی دیاردەی تەم، دووکەڵ و ترشەباران کە سەرچاوەیەکی مەترسیدارە بۆ پیسبوونی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی.
  • پاککەرەوەکان و ڕۆن بە شێوەیەکی دروست فڕێ بدرێت بۆ ئەوەی نەچێتە ئاوەڕۆوە.


سەرچاوەکان



300 بینین