پەیوەندی جێگرەوەی دوای جیابوونەوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-21-15:40:00 - کۆدی بابەت: 12600
پەیوەندی جێگرەوەی دوای جیابوونەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیوەندی جێگرەوە یان پەیوەندی دوای جیابوونەوە (بە عەرەبی: العلاقة التعويضية بعد الانفصال، بە ئینگلیزی: Compensatory relationship) بریتییە لەو جۆرە پەیوەندییەی کە ڕاستەوخۆ دوای جیابوونەوە لە کەسێک و کۆتایی هێنان بە پەیوەندییەک ڕوودەدات، دوای ئەوەی کەسەکە لە پەیوەندییەک شکست دەهێنێت و کۆتایی پێ دەهێنێت، بەهۆی ئەو بۆشاییەی کە هەیەتی و تووشی دەبێت ڕاستەوخۆ دەچێتەوە پەیوەندییەکی جێگرەوەی کاتی تری هاوشێوەی ئەوەی پێشوو. ئەم حاڵەتە بە تایبەت و زیاتر لە پیاواندا هەیە و ئەوان بەراورد بە ژنان زیاتر خولیای ئەم جۆرە پەیوەندییەن و تووشی دەبن.

دوای جیابوونەوە و کۆتایی هاتنی هەر پەیوەندییەک، نموونەی پەیوەندی هاوسەری یان هاوڕێیەتی یان ئەوینداری بە هەر هۆکارێک بێت، کەسەکان کاتیان پێویستە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچنەوە نێو پەیوەندییەکی تر یان پەیوەندییەکی تری هاوشێوە دروست بکەنەوە، بەڵام هەندێک کەس بەهۆی ئەوەی بۆشایی لەلا دروست دەبێت و ناتوانێت بە ئاسانی تێیپەڕێنێت و لە تەنیایی دەترسێت بۆیە بەدوای پەیوەندی کاتی و جێگرەوە و هەڵە دەگەڕێت، بۆ ئەوەی شکستی پەیوەندییەکەی یەکەمی بیر بچێتەوە ناچار دەچێتە پەیوەندییەکی تری هەڵەوە، بەم جۆرە زیان بە لایەنی سۆزداری خودی خۆی و کەسی بەرانبەریشی دەگەیەنێت و شکستی زیاتری تووش دەبێت.

ئەم جۆرە پەیوەندی دروستکردنە هەندێک کات بە ئەنقەست دەبێت و کەسەکە لە دەستی خۆیەتی و تەنیا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کەسی پێشوو دەچێتە پەیوەندییەکی نوێوە، یان بەبێ مەبەست و ویستی خۆی کارەکە دەکات چونکە لایەنی دەروونی شڵەژاوە و بەبێ ویست و ئاگایی خۆی بۆ ئەوەی بۆشایی ناخی خۆی پڕبکاتەوە دەچێتە پەیوەندییەکی نوێوە.

هۆکاری چوونە پەیوەندی جێگرەوە چییە؟

چەند هۆکارێک هەیە بۆ ئەم دۆخە، هەندێک کەس دوای جیابوونەوە ئامادەیی ئەوەیان تێدانییە کە مامەڵە لەگەڵ هەستە نەرێنییەکانی دوای جیابوونەو بکەن و ناچارن کە لێی هەڵبێن، نموونەی هەستەکانی پەشیمانی، تووڕەیی، هەستی بۆشایی لە ناخدا، بێزاری، هەستی شەرم، هەستکردن بە تاوان، هەستی تەنیایی، بۆیە بۆ ئەوەی ئەو هەستانە لەبیربکەن یان لێی هەڵبێن و ڕووبەڕووی نەبنەوە ناچارن دەچنە پەیوەندییەکی نوێی هەڵەوە بەبێ ئەوە چارەسەری هەستە نەرێنییەکانیان بکەن.

ئەو نیشانانەی دەریدەخەن کەسەکە لە پەیوەندی جێگرەوەدایە

دوای جیابوونەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە پەیوەندییەکی تری نوێوە

گرنگترین نیشانەی پەیوەندی جێگرەوە بریتییە لەوەی کە دوای جیابوونەوە یان کۆتایی هاتنی پەیوەندییەک ڕاستەوخۆ بە دوای دروستکردنی پەیوەندییەکی جێگرەوە دەگەڕێیت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکێکی نوێ پەیوەندی دروست دەکەیتەوە، بەبێ ئەوەی کات بە خۆت بدەیت و هەستە نەرێنییەکانی دوای جیابوونەوەت چارەسەر بکەیت.

بەراوردکردن لە نێوان هاوبەشی ئێستای و هاوبەشی ڕابردووی

بە بەردەوامی بەراورد لە نێوان هەموو وردەکارییەکانی پەیوەندییە نوێیەکەت و پەیوەندییە کۆنەکەت دەکەیت، بەرواردی کەسەکە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەراوردی یادگارییەکانت، شوێن و کاتەکان و هەموو وردەکارییەکانی تریش دەکەیت.

پەیوەندییە نوێیەکە بۆ ماوەیەکی کورتە

ئەو کەسەی دوای جیابوونەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە پەیوەندییەکی نوێوە، مەبەستی ئەم کارەی زۆرجار تەنها کات بەسەربردنە بۆ ماوەیەکی کەم و ئامانجی پەیوەندییە نوێیەکەی ناڕوون و کورتە.

هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی هاوبەشی پێشوو

هەندێک کەس کە پەیوەندی نوێیان دروست کردووە مەبەستیان تەنها ڕاکێشانی سەرنجی هاوڕێ یان هاوبەشی پێشووە، تەنها بۆ ئەوەیانە هەستی ئیرەیی یان تووڕەیی لە هاوبەشی پێشوویان دروست بکەن، بایەخ بە هەستی هاوبەشی نوێ نادەن و بۆیان گرنگ نییە.

گەڕانەوە بۆ پەیوەندی پێشوو سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکی ناتەندروست هەڵە بووە

زۆرێک لەو کەسانەی جیابوونەتەوە لە کاتێکدا لە پەیوەندییەکی نوێدایە، لە پڕا دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە کۆنەکە و دووبارە پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە کۆنەکەی دەکاتەوە و هەستی دووبارە گەڕانەوەی هەیە و ئەیەوێت دووبارە بگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر.

دووبارەکردنەوەی پەیوەندی پێشوو

لە پەیوەندییە نوێیەکەدا هەست بەوە دەکرێت کە کەسەکە دەیەوێت هەمان تایبەتمەندی و وردەکارییەکانی پەیوەندی پیشوو بۆ پەیوەندییە نوێیەکەی بەکار بهێنێت.

وابەستەبوونی سۆزداری لەڕادەبەدەر

لە سەرەتای پەیوەندییە نوێیەکە کەسەکە لە زۆر ڕووەوە وابەستەی هاوبەشە نوێیەکەی دەبێت بە تایبەت لەڕووی لایەنی سۆزدارییەوە، ئەمەش لاوازی و بێدەسەڵاتی کەسەکە زیاتر دەردەخات.

چارەسەر

  • دوای کۆتایی هاتنی هەر پەیوەندییەک پێویستە مرۆڤ کات بە خۆی بدات و بزانێت هۆکاری کۆتایی هاتن و لایەنە نەرێنییەکانی پەیوەندی پێشووی چی بوو.
  • پێویستە مرۆڤ لەگەڵ خۆی ڕاستگۆ بێت و دڵنیابێت و بزانێت چی دەوێت پاشان پەیوەندێ نوێ دروست بکاتەوە.
  • هۆکاری شکست و لایەنە نەرێنییەکانی پەیوەندییەکەی پێشووت دیاری بکە و بزانە کە تۆ تاکوو چەند بەرپرسیار بوویت لە شکستی پەیوەندییەکەت و لە هەڵەکانتەوە فێر ببە.
  • هەوڵبدە لە هەستە نەرێنییەکانت قبوڵ بکە و ڕووبەڕوویان ببەرەوە و بە ڕێگەی هەڵە چارەسەریان مەکە.
  • ئەگەر بڕیارت دا پەیوەندی نوێ دروست بکەیتەوە بەهیچ جۆرێک بەراوردی نەرێنی و سەرنجڕاکێشانی هاوبەشی پێشووت مەکە، بەهیچ شێوەیەک ئەگەری گەڕانەوە بۆ پەیوەندی پێشووت دامەنێ.
  • بزانە خاڵی لاوازییت چییە و لەو کاتانەی لاوازیت یان هەست بە تەنهایی و بۆشایی دەکەیت لە ژیاتا هەرگیز هەوڵی گەڕانەوە بۆ پەیوەندییەک مەدە کە هەڵەبووە، هەوڵمەدە جێگرەوەی هەڵەش بدۆزیتەوە.


سەرچاوەکان



80 بینین