ئابووریی چین

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-02-24-14:22:00 - کۆدی بابەت: 7885
ئابووریی چین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چین وڵاتێکی کیشورەی ئاسیاییە بە فەرمی بە کۆماری گەلی چین ناسراوە، له ڕووی چڕی دانیشتوانەوە گەورەترین وڵاتە لە کیشوەرەکەدا، پێگەی جوگرافییەکەی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەگرێتەوە، چین 33 ناوچەی کارگێڕی هەیە کە لەلایەن حکوومەتی چینەوە بەڕێوەدەبرێن، هەروەها کۆمەڵێک ناوچەی تایبەتی بە حکوومەت هەیە ئەوانیش هۆنگ کۆنگ، ماکاو، تایوان و پەکین پایتەختی سیاسی و فەرمی چینە، بارەگای حکوومەت و سەرجەم دامەزراوە گشتییەکانی تێدایە.
لە باوترین ئایینەکان کۆنفوشیۆسی، بودایین و موسڵمانەکان نزیکەی 2.4% پێکدەهێنن، زمانی چینی کە بە هانیو ناسراوە یەکێکە لە قورسترین زمانەکانی جیهان.

دراویی چین

یوان دراوی فەرمی کۆماری گەلی چینە بە CNY هێما دەکرێت، لەناو گەلی چیندا بە ڕینمینبی ناسراوە، دراوی یوان یارمەتی وڵاتەکەیداوە لە پاراستنی هاوسەنگی ئابووری بۆ ئەوەی بتوانێت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا کێبڕکێ لە کەرتی وەبەرهێنانی و پیشەسازی جۆراوجۆردا بکات، هەر لە مێژە یوان پەیوەندی بە دۆلاری ئەمریکیەوە هەبووە، ئەمەش بەشداری کردووە لە پاراستنی بەهای دراوەکە، بە تایبەتی لە بازاڕی بازرگانی دراو، 6,25 یوان یەکسانە بە یەک دۆلار.
لە ساڵی 2015دا، حکوومەتی چین سیاسەتی دارایی خۆی هەموار کردەوە، رێگەی بە دراوی یواندا خۆی لەگەڵ بەرزی و نزمییەکانی ئابووریدا بگونجێت، بەتایبەتی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دەرەکی، بانکی ناوەندیی چین کە ناسراوا بە "بانکی گەلی چینی" بەرپرسە لە دەرکردنی یوان.

ئابووریی چین

ئابووریی چین یەکێکە لە بەهێزترین و ئاڵۆزترین سیستمە ئابوورییەکانی جیهان، دوای دامەزراندنی کۆماری گەلی چین لە ساڵی 1949دا چین سیستمێکی بازرگانی و ئابووری و پیشەسازی لە شوێنکەوتنی سۆسیالیستدا دامەزراند، لە ساڵی 1978ـەوە چین هەنگاوی بەرەو کرانەوەی ئابووری ناوە، بە تێکڕا گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی 10٪ بووە، و نزیکەی 800 ملیۆن کەسی لە هەژاری ڕزگار کرد، لە ساڵانی دواتردا چین گەشەسەندنێکی ڕوونی لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و خزمەتگوزرییەکانی تری بەخۆیەوە بینیوە، چین لە ئەمڕۆدا وڵاتێکی داهات مامناوەندە و بەپێی پێوانەی وڵاتانی داهات مامناوەند هێشتا زۆر کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدان، بەمەش هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو لاوازیە دەدرێن، بە تایبەتی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە  ناوچە شارستانییەکان دەژین.
چین دووەم بەهێزترین ئابووری جیهانی هەیە لە ڕووی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەوە، لە ساڵی 2019دا بە نزیکەیی 14.3 تریلیۆن دۆلار هەژماردەکرێت، ئەم وڵاتە بەردەوامە لە کرانەوە بەڕووی جیهانی دەرەوەدا، کاڵاکانی چین زیاتر هەمەجۆرن و کێبڕکێ لەگەڵ هەناردەکارە زلهێزەکانی جیهاندا دەکات، لە ڕووی گەشەکردن و پێشکەوتنەوە یەکێکە لە خێراترین وڵاتەکان لە جیهاندا، لە ساڵی 2014دا بە دووەم گەورەترین ئابووری جیهان و گەورەترینیش لە ڕووی هێزی کڕینەوە هەژماکراوە، جگە لەوەی دەوڵەتێکە چەکی ناوەکی هەیە دووەم گەورەترین بودجەی بەرگری و گەورەترین سوپای لە جیهاندا هەیە.
گەشەی بەرزی ئابووری چین پشت دەبەستێت بە کارکەری کەم داهات و بەرزی ئاستی هەناردەکردنی پیشەسازی، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەم بەرزبوونەوەیە لە گەشەی ئابووری چیندا بووە هۆی دروستبوونی ناهاوسەنگی ژینگەی کۆمەڵایەتی، ئەمەش وایکرد چین کار بۆ کەمکردنەوەی ئەو ناهاوسەنگییە بکات، بە گۆڕینی نزمی ئاستی  بەرهەمهێنان بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بەرز، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا (2019-2020)ـدا قازانجی دەستکەوتی وەبەرهێنان و ڕێژەی هێزی کار کەم بووەتەوە و بەرهەمهێنانیش هێواش بووە.

گرنگترین ئەو پیشەسازیانەیکە بوونە هۆی هەستانەوەی چین

- کڕین لە ڕێگای ئۆنلاینەوە: ناوبانگی بازرگانی چین بەرزبوویەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی و پەتای کۆرۆنا کاریگەری ئەرێنی هەبوو لە ڕووی پێشوازیکردن لە بازاڕکردنی ئۆنلاین.

- گەشەسەندنی خانووبەرە: داهاتی چین بە تەنها لەم کەرتەدا گەیشتووەتە نزیکەی (1096) تریلیۆن دۆلار کە بە بڕێکی خەیاڵی دادەنرێت و پێشبینی دەکرێت ئەم بڕە لە ساڵانی داهاتوودا دوو هێندە ببێت.

- کەرتی بیناسازی: کۆمپانیاکانی دروستکردن له چین توانیویانە نرخەکان کەم بکەنەوە و سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی جێگیر بکەن و بپارێزن، ئەمەش بە کارکردن لە زۆربەی کەرتەکاندا.

- کەرتی کانزا: چین گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕی جیهانە لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی گەورەترین کانی خەڵوزە لە جیهاندا.

- کەرتی وزە: چین پێشەنگی بەرهەمهێنانی کارەبایە و چوارەمین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە لە جیهاندا، چەندین سەرچاوەی نەوت و سەرچاوەی گازی سروشتی هەیە.

- کەرتی کشتوکاڵ: سەرەڕای چڕی دانیشتوانی، چین گەورەترین بەکاربەر و بەرهەمهێنەری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جیهانە.

- پیشەسازی ئۆتۆمبێل: چین ئەڵمانیا و ئەمریکای لە ڕکابەریی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل دوورخستەوە و خۆی بووە پێشەنگ.

چین چۆن خۆی ڕزگار کرد و جیهانی گرتەوە؟

چین پێویستی بە 70 ساڵ بوو بۆ ئەوەی خۆی لە دابڕان و گۆشەگیری دەرباز بکات، شوێنی خۆی لە بەرامبەر گەورەترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی بازرگانی و ئابووری و پیشەسازییەوە بکاتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا کریس لیونگ کە ئابووریناسێکی پایەبەرزە لە بانکی سەنگاپوورە، باسی ئەوەی دەکرد، لە نێوان ساڵانی 1949 بۆ 1978دا ئابووری چین پاشەکشەی کرد و وڵات زۆر هەژار بوو، سیستمێکی پیشەسازی ئابووری یەکخراوی نەبوو، بەڵام دواتر خۆی لە لاوازی دەرباز کرد و کورسییەکی ستراتیجی و گرنگی لە نێو زلهێزەکانی جیهان بەدەسهێنا، چین و ئەمریکا پەیوەندیان هەبووە بەمەش کورسییەکیان لە ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەسهێنا، ئەمەش بووە سەرەتای دامەزراندنی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ  یەکێتی ئەورووپا.

چین چۆن بە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکانی هەموو ماڵ و وڵاتێکی داگیر دەکات؟

هۆکارەکەی بریتییە لە بەرهەمهێنانی کاڵا جۆراوجۆرەکان لە چیندا، ئەمەش بەهۆی هەرزانی دەستی کاری چینیەوەیە کە بە 40 سەنت بۆ هەر کەسێک خەمڵێنراوە، ئەمە بڕێکی زۆر کەمە بە بەراورد بە کرێی کرێکاران لە هەموو جیهاندا، چین بووە زەبەلاح و کارگە جیهانییەکەی بە ملیۆنان بەرهەم و کاڵا بەرهەم دەهێنێت و بۆ هەموو وڵاتێک هەناردەیان دەکات، لە جیهاندا ئەستەمە ماڵێک یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتەی تێدا نەبێت.

پاشەکشەکردنی ئابووریی چین

لە سێ مانگی ساڵی 2019دا ئابووریی چین 3.2٪ـی تۆمار کرد، ئەمەش خراپترین سێ مانگی تۆمارکراو بوو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابروودا، ڕەنگە چین کەمێک گەشەی ئابووری دابەزیبێت، دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و لە کۆتای ساڵی 2021دا بەهۆی پەتاکەوە بەکاربردنی بەرهەمی ناوخۆیی چین پاشەکشەی کرد ئەمەش بووە هۆی بەردەوامیدان بە هەڕەشەکردن لە ئابووری جیهانی، هەرچەندە چین یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتەکان کە لە نەخۆشی کۆرۆنا چاک بوویەوە و بوژایەوە، بەڵام  بە وتەی شیکەرەوەکانی ئابووری گەشەی نایەکسانی هەیە، هەرچۆنێک بێت چین بە تەواوی چاک نەبووەتەوە و کۆی بەرهەمەکەی بە بەراورد لەگەڵ هەموو زلهێزەکان کەمی کردووە.

بەڵام لە داهاتوودا ئابووری چین چاوەرێی چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەکات، دیارە گەشەی ئابووری گەورە و خێرا چەند کەلێنێک لە پەرەسەندنی دامەزراوەییدا بەرهەم دەهێنێت، و هەوڵدەدرێت چارەسەر بکرێن کە گرنگترینیان دروستکردنی هاندەرێکی نوێی گەشەی ئابوورییە، ئەمە جگە لەوەی کە چارەسەری ڕەوشی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی سیستمی پێشوتر دەکات.


سەرچاوەکان



1419 بینین