چۆن ڕزگارمان بێت لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-22-15:40:00 - کۆدی بابەت: 12632
چۆن ڕزگارمان بێت لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن ڕزگارمان بێت لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان (بە ئینگلیزی: How to get rid of negative thoughts، بە عەرەبی: كيف تتخلص من الأفكار السلبية) هەمیشە ڕێگایەک هەیە بۆ بەرەوپێشچوون و ڕزگاربوون لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان. سەرەتا و پێش هەموو شتێک باشترە لەوە تێبگەین بیرکردنەوەی نەرێنی چییە؟ چۆن دروست دەبێت و هۆکارەکانی چین؟ هەروەها باشترە بزانین چی کاتێک دەکەوینە ژێر پۆلێنی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەوە تا بەزوویی چارەسەری بکەین بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر دەروون و جەستە و ژیانمان نەمێنێت.

بیرکردنەوەی نەرێنی چییە؟

بیرکردنەوەی نەرێنی (بە ئینگلیزی: the negative thinking، بەعەرەبی: التفكير السلبي) مرۆڤ لە ژیانیدا بە چەندین بارودۆخی ژیان و بڕیاردا تێدەپەڕێت، کە بیری لێدەکاتەوە و شیکاری و لێکدانەوەیان بۆ دەکات بە ئامانجی تێگەیشتن لێیان و بڕیاردان لەسەریان. لەوانەیە مرۆڤ دووچاری کێشەی بیرکردنەوە نەرێنییەکان ببێتەوە و بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەستی بەسەردابگرێت کاتێک بە دۆخێکی ژیانیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادەڕەوی لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکاندا، هەروەها وادەکات بە شێوەیەکی ڕەشبینانە سەیری بارودۆخەکانی ژیان و ئەنجامەکانیان بکات، بەم شێوەیە کەسەکە لەو ڕووداوانەدا گیردەخوات کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، ئەمەش وای لێدەکات دڵەڕاوکێ و ترسی لە داهاتوو هەبێت، هەروەها لە ئێستادا بە هەستێکی نەرێنی و مەزاجێکی تێکچووەوە بژیت. دەکرێت بیرکردنەوە نەرێنییەکان زیاد بکەن بەهۆی نەبوونی متمانە بەخۆبوون و کاتێک کە توانای بڕیاردانی نییە و لە ترسی لێکەوتەکانی دوودڵ دەبێت. ئەم بیرکردنەوە نەرێنییە مرۆڤ تووشی کێشەیەکی زۆر دەکات لە ژیانیدا، وای لێدەکات لە حاڵەتی خەمۆکی و ناڕازیی و نیگەرانیدا بژی، هەروەها لە چێژوەرگرتن لە ژیان بێبەشی دەکات، چونکە لە هەموو بارودۆخێکدا شتێکی نەرێنی دەدۆزێتەوە ئەگەر ئەرێنیش بێت.

ڕزگاربوون لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان

تاکە نەرێییەکان زۆر لە ناو مێشکیاندا دەژین، هەروەها زۆر بیر لە ژیان دەکەنەوە هەروەها بیر لەوە دەکەنەوە کە لە داهاتوودا ڕەنگە چی ڕووبدات، ئەم جۆرە کەسانە لە بیرکردنەوە نەرێنییەکاندا گیریان خواردووە بە جۆرێک کە ئێستای خۆیان سەرقاڵ دەکەن بەو بیرکردنەوانە. بۆیە پێویستە ئەم بیرۆکە نەرێییانە کۆنتڕۆڵ بکرێن، نەهێڵدرێت کاریگەری لەسەر ژیانی ئێستای هەبێت و خراپییەکانی سنووردار بکرێت. هەندێک شێواز هەن کە یارمەتیدەرن بۆ ئەم دۆخە، لەوانە:

واز لە سەرکوتکردنی خۆت بهێنە: بەرپرسیارکردنی خۆت لە هەر دۆخێک کە بە هەڵە ڕوویدا، ڕەفتارێکی هەڵەیە و ئەگەرەکانی دیکەش بۆ ئەوەی ڕوویداوە دەبێت بیری لێبکرێتەوە، واتا مەرج نییە هەمیشە ئەوەی بە هەڵە ڕوویداوە بە هۆی تۆوە بووبێت، چونکە دەکرێت هۆکارەکەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی کەسەکە بێت.

گەشبینی: نابێت مرۆڤ لە هەموو بارودۆخێک یان پەیوەندییەکدا خراپترین گریمانە بکات، هەروەها نابێت ژیان تەنها بە ڕەش و سپی ببینێت، گرنگە گەشبین بیت، گەشبینی بەرەو چاکە دەتبات.

بینینی نیوە پڕ: گرنگیدان بە لایەنی ئەرێنی هەموو بیرکردنەوەیەک یان بارودۆخێک یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی بیرکردنەوە نەرێنییەکان بۆ لایەنی تاریک.

بەرهەڵستیکردنی بیرکردنەوە نەرێنییەکان: ئەمە بە وەستان دەبێت کاتێک بیرکردنەوەیەکی نەرێنی دێتە پێشەوە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی واقیعی و وردبینییەکەی.

بەراورد نەکردن لەگەڵ ئەوانی تر: کاتێک تاک سەیری ژیانی ئەوانی تر دەکات، دەست دەکات بە بەراوردکردن و ژماردنی ئەوەی ئەوانی تر هەیانە هەروەها ئەو شتانەی کە کەمی تیا هەیە، بەم شێوەیە هەست بە وزەی نەرێنی دەکات بەرامبەر بە ژیانی خۆی.

وەستان لە شیکردنەوەی بارودۆخەکان: تاکەکان بە شیکردنەوەی بارودۆخەکان و چاودێریکردنی کاردانەوەکانی ئەوانی تر و دانانی لۆمە و حوکمدان لە ئەستۆی خۆیان بارودۆخی ژیانیان قورستر دەکەن و هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی زیادبوونی شێوازی ژیانی نەرێنی. لابردنی بارودۆخەکان و پێنەدانی زیاتر لەوەی کە شایەنیەتی بیرکردنەوەی نەرێنی کەم دەکاتەوە. واتا هەوڵبدە لە کاتی خۆی و بە ئەندازەی خۆی گرنگی بە بابەتەکە بدە و دواتریش وەک ئەوەی ڕووینەدابێ هەڵسوکەوت بکە.

سوپاسگوزاری: ئەمەش بە دۆزینەوەی شتە جوانەکانی ژیان دەبێت تەنانەت ئەگەر بچوکیش بن، وەک دەربڕینی دڵخۆشی و سوپاسگوزاری بۆ بوونیان، ڕەنگە نووسینی ئەم شتانە یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی تەرکیز لەسەریان و بیرهێنانەوەیان کاتێک دووچاری بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەبیتەوە.

نزیکبوونەوە لە کەسانی ئەرێنی: بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە هۆکارێک دەدات بۆ گەشبینبوون و ئەرێنی بوون، لەکاتێکدا کەسانی نەرێنی هەستی گرژی و بێزاری زیاد دەکەن.

لەگەڵ خۆ قسەکردن بە ئەرێنی: ئەرێنی لە ناو خودی کەسەکەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە دەبێت لە ڕێگەی خۆ قسەکردنی ئەرێنیەوە بەردەوام هانی خۆت بدەیت و پشتگیری دەروونی خۆت بکەیت.

ڕاهێنانی تێڕامانی قووڵ: بە تەرخانکردنی کات بۆ ڕزگارکردنی دەروون لە بیرکردنەوەی نەرێنی، لە ڕێگەی ڕاهێنانی تێڕامانی قووڵەوە جەستە لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان و ترسەکانی داهاتوو دوور دەکەوێتەوە، هەروەها ئەم چالاکییە تەنها پێویستی بە ئارەزووی ڕاهێنانکردنی هەیە بۆ ئەوەی تاک زاڵ بێت بەسەریدا.

هۆکارەکانی دروستبوونی بیرکردنەوەی نەرێنی

زانینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت بیرکردنەوەی نەرێنی یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لێی و دیاریکردنی ئەو سەرچاوەیەی کە هۆکارە سەرەکییەکەیە، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ بنبڕکردن و ڕزگاربوون لێی. لە گرنگترین هۆکارەکان کە بیرکردنەوە نەرێنییەکان لە تاکێکدا دروست دەکەن بریتین لە:

بەرنامەسازی پێشوو: تاکەکەس بیرۆکە و کەسایەتی و شێوازی ژیانی خۆی لەو ژینگەیەدا بەدەست دەهێنێت کە تێیدا گەورە بووە، لەوانەیە هەر لە منداڵییەوە بە نەرێنی گۆش بکرێت، بۆیە دەکرێت ئەو کەسە بەرەنگاری هەر گۆڕانکارییەک ببێتەوە لە ژیانیدا چونکە لە شکست لە داهاتوو دەترسێت.

نەبوونی ئامانجی تایبەت: نەبوونی ئامانج بۆ مرۆڤ وا دەکات مرۆڤ لە لەدەستدان و دڵەڕاوکێدا بژی سەبارەت بە داهاتوو، هەروەها دەبێتە هۆی لاوازی کەسایەتی و بێتوانایی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیان.

خووی ڕۆژانەی نەرێنی: هەموو مرۆڤێک لە ژیانیدا ناوچەیەکی ئاسوودەیی هەیە، واتە لەگەڵ خێزانەکەی و کارەکەی و چالاکییە ئاساییەکانیدا بە سەقامگیری دەژی، بەڵام ڕەنگە ڕۆتینەکە یان خووی ڕۆژانەکەی بگۆڕێت بۆ توخمێکی نەرێنی لە ژیاندا، لەمەشەوە ژیانی تاک بگۆڕێت بۆ خەمۆکی، نەخشەی دووبارەبووەوەی خاڵی لە گۆڕانکاری و گەشەکردن، لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی خەمۆکی دەبێت و بیرکردنەوەکانی دەگۆڕێت بۆ بیرکردنەوەی نەرێنی.

قبوڵنەکردنی خود: ئەمە یەکێکە لە کاریگەرییە بەهێزەکانی ژیانی تاک، بەو پێیە دڵخۆشی یان ناخۆشییەکەی دیاری دەکات. چونکە وێنەی خود و متمانە بەخۆبوون و خود خۆشەویستی بیرکردنەوەی نەرێنی لە ژیان دەردەکەن و پڕی دەکەن لە ڕازیبوون و بەختەوەری.

کاریگەرییە دەرەکییەکان: بوونی هەندێک کەسی نەرێنی ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ویست و بیرکردنەوەی ئەرێنی مرۆڤ دەبێت.

ژیانکردن لە ڕابردوودا: مرۆڤ خۆی لە ڕابردوو و ڕووداوەکانیدا زیندانی دەکات، بە خەمباری ڕابردووەوە دەژی و وای لێدەکات هەمیشە بە شێوەیەکی نەرێنی بیر لە ئێستا و داهاتووی بکاتەوە.

سەرنج خستنە سەر نەرێنییەکان: ڕەنگە مرۆڤ بەرکەوتەی خەسارەیەک، نائومێدییەک، یان دۆخێکی سەخت بووبێت، بۆیە هەموو ئەرێنییەکانی ژیانی لەبیر دەکات و سەرنجی لەسەر ئەم نەرێنییە دەبێت، ئەمەش دەبێتە شێوازی ژیانی لە هەموو بارودۆخێکدا کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەمەش کەسەکە لەگەڵ بیرکردنەوەی نەرێنیدا دەژی کە دەکرێت ژیانی لەناو ببات.

دوورکەوتنەوە لە خودا: ژیانی ماددیخوازانە و کێبڕکێکارانە، و سەرقاڵبوون بەوەوە بەبێ پشت بەستن بە خودا و سوپاسکردنی لە کاتی خۆش و ناخۆشدا، مرۆڤێک دروست دەکات کە بەردەوام دڵەڕاوکێ و ترسی هەبێت.

کاریگەری بیرکردنەوە نەرێنییەکان لەسەر مرۆڤ

بیرکردنەوە نەرێنییەکان لە مرۆڤدا کۆدەبنەوە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی هەیە لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانەوە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەسییەوە، هەروەها دەیکەنە کەسێکی نەرێنی، هەمیشە گلەیی و لۆمە و ڕەخنە لە خۆ و لە دەوروبەریش دەگرێت، بەمەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تێکدەدات. بیرکردنەوەی نەرێنی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ متمانەی بەخۆی لاواز بێت، هەروەها هەستی ڕق و کینە و ناڕەزایی بەرامبەر مرۆڤەکان دروست دەکات، چونکە هەست دەکات ئەوان لە خۆی باشترن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرەنگاری هەر گۆڕانکارییەک بێتەوە لە ژیانیدا و بێزار ببێت پێی، دواجار ئارەزووی گەشەکردن و پێشکەوتن لەدەست دەدات و دەبێتە کەسێکی بێ دەستکەوت لە ژیاندا. لە ڕوانگەی تەندروستییەوە، بیرکردنەوەی نەرێنی ئەگەری بەرکەوتنی مرۆڤ بە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان زیاد دەکات، وەک شێرپەنجە و بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کە پێویستی بە پزیشکی دەروونی هەیە بۆ چارەسەرکردن. هەموو ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە عەقڵ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە تەندروستی جەستەدا.


سەرچاوەکان



1105 بینین