گەنە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-17-18:03:00 - کۆدی بابەت: 9436
گەنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەنە یان زچ یاخود لچ (بە ئینگلیزی: Tick)، گیانەوەرێکی مشەخۆری کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە و جۆرێکی مێروو نییە، بەڵکو لە تیرەی بوونەوەرە جاڵجاڵۆکەییەکانە و پەیوەندی و پەیوەستی بە دووپشک و جاڵجاڵۆکەکانەوە هەیە، نشینگەکەی هەموو وڵاتەکانی کیشوەرە جیاوازەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی درەخت و تەختەکانە لەگەڵ جەستەی گیانەوەر و مرۆڤەکان، نزیکەی ١٠٠٠ جۆری جیاوازی هەیە کە ڕێژەیەکی باشیان هەیە، واتە مەترسی و هەڕەشەی گەورەی لەناوچوونیان لەسەر نییە، هەندێک لە جۆرە بەناوبانگەکانی دەبنە هۆی خوران و هەستیاری پێست یاخود چەندین نەخۆشی جیاواز، هەروەها لەبەر ئەوەی لە ماڵ و دەرەوەشدا بوونیان هەیە پێویستە مرۆڤەکان ئاگاداربن و تووشیان نەبن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە ئاژەڵی ماڵی وەک پشیلە یاخود سەگیان هەیە دەکرێت لە هەر کاتێکدا تووشببن.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی گەنە بە پێستێک داپۆشراوە کە ڕەنگەکەی دەکرێت قاوەیی یاخود ڕەش بێت، ئەم مشەخۆرە قەبارەیەکی بچووکی هەیە و درێژییەکەی دەگاتە ٣ میلیمەتر یاخود زیاتر، شێوەی دەرەوەی ساکارە لە سەر و سنگ پێکهاتووە لەگەڵ چوار جووت قاچ، بەڵام لە قۆناغی کرمۆکەیدا ژمارەی قاچەکانی سێ جووتن، هەروەها لە هیچ قۆناغێکی ژیانیدا شاخ و قۆچی هەستیاری نییە لەسەر سەریدا، جگە لە ئەمانەش لەناو دەمیدا ددانی هەیە و لە هەندێک لە تەنیشتەکانیشیدا پێکهاتەی درێژبووی وەک دڕکی پێوەیە، شێوازی گواستنەوەی گەنە لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی تر بە فڕین و بازدان نییە، بەڵکو بە خشان و خلیسکان دەجووڵێت یاخود هەندێکجار لە جێگەکەیەوە بەردەبێتەوە، ئاسانترین شێواز بۆ ناسینەوەی گەنەکان لە ڕێگەی ڕەنگی قەڵغانەکەیانەوەیە، بۆ نموونەی گەنەی ئاسک هەموویان یەک ڕەنگ قەڵغانیان هەیە لەکاتێکدا جۆرەکانی تر ڕەنگی جیاوازیان هەیە، یاخود هەندێکیان خاڵ و نیشانەی تایبەتیان هەیە کە بە چاویش دەبینرێن و دەناسرێنەوە.  

خۆراک

گەنە بوونەوەرێکی هەموو شتخۆرە دەتوانێت هەریەک لە مەمکدار، باڵندە، خشۆک یاخود وشکاوەکیش بکات بە خانە خوێی خۆی و خوێنیان بمژێت، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری ئەوەیە کە کاتێک لەسەر جەستەی نێچیرەکەیەتی ماددەیەکی کیمیایی دەردات، ئەم ماددەیە دەبێتە هۆی سڕکردنی ناوچەکە و لە ئەنجامدا نێچیرەکە هەست بە ئازاری پێوەدانەکەی ناکات، تەنها کاتێک هەست بە گۆڕان دەکات کە جێگەکەی هەڵدەئاوسێت یاخود ئازاری دەبێت و دەخورێت، مژین و خواردنی خوێن لەلایەن گەنەوە بۆ بەردەوامبوونی لە ژیان پێویستە، بەڵام ماوەی مژینی خوێنەکە زۆر دەخایەنێت و هەندێکجار دەگاتە چەند ڕۆژێک، دوای خواردنەکەی قەبارەی بە ڕادەیەکی زۆر گەورە دەبێت کە دەگاتە ٢٠٠-٦٠٠ جار گەورەتر لە قەبارەی ئاسایی خۆی، واتە شێوازێکی خواردنی چڵێسانەی هەیە، بەڵام ئەم مشەخۆرە خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی گیانەوەری تری وەک باڵندە و پەلەوەر یاخود بۆقەکان و جۆری تری بوونەوەرەکان.

زۆربوون

شێوازی زۆربوون بە دانانی هێلکەیە، کاتی هەڵهاتنی بێچووەکانیش دەکرێت ڕاوستەوخۆ بێت یاخود نزیکەی سێ مانگ بخایەنێت، بەگوێرەی جۆرەکەی ماوەکەش دەگۆڕێت، هەروەها مێینەکانی گەنە لە هەر جارێکدا ٢-١٨ هەزار هێلکە دەکەن، هەر تاکێکی گەنە بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێت کە بریتین لە هێلکە، کرمۆکە، پێکزڕە لەگەڵ قۆناغی پێگەیشتوو، دوای هەڵهاتنی بێچووەکان لە هێلکە پێویستە خۆراک بەدەستبێنن و گەشەی خۆیان تەواو بکەن، هەر قۆناغێکیش ماوەیەکی کورت خایەنە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەروەها سوڕی ژیانی هەر تاکێکی گەنە لە نێوان ٢-٤ ساڵ دەبێت واتە تەمەنێکی زۆر درێژیان نییە.  

باوترین جۆرەکان

ڕێگریکردن لە تووشبوون

سێ هەنگاوی سەرەکی هەیە کە کورتکراوەی شێوازی ڕێگریکردنە لە تووشبوون بە ئەم جۆرە مشەخۆرە، هەر هەنگاوێکیش بە گوێرەی ئەوەی گەنە لە ماڵ یاخود لەسەر جەستەی ئاژەڵ و مرۆڤ هەیە دەگۆڕێت، هەنگاوەکان بریتین لە ئەمانە:

پاککردنەوە

بۆ نموونە ئەگەر گەنە لە باخچەدا هەبێت پێویستە جێگەکە گژوگیا و گەڵای هەڵوەریو و تەختەکانی لاببرێت هەروەها زبڵ و خاشاکەکەشی دەربکرێت، بەڵام ئەگەر تووشی مرۆڤ ببێت پیویستە بە پارچە قوماشی تایبەت تاکەکانی گەنەکە هەڵبگیرێن و بۆ دوورترین مەودا لە جەستە دووربخرێنەوە، هەروەها ئەگەر ئاژەڵی ماڵی بێت ئەوا پێویستی بە پاککردنەوە و لابردنی مشەخۆرەکەیە.

چارەسەرکردن

بەکارهێنانی ماددەی خاوێنکەرەوە بۆ تەواوی جەستە، یاخود ماددەی کوژەر بۆ جێگەکانی ناوماڵ، هەروەها لە دۆخی نائاساییدا پێویستە گەنەیەک هەڵبگیرێت و ببرێت بۆ پزیشک هەتاکوو پزیشکەکە دەرمانی گونجاوی بۆ پێشنیار بکات، کاتێکیش ئاژەڵی ماڵی هەبێت پێویستە بەگوێرەی پێویستی مانگەکان دەرمان و چارەسەر لە دژی مشەخۆرەکە وەربگیردرێت.

ڕێگریکردن

ئەگەر بۆ باخچە بێت پێویستە کەلوپەل و ئامێرەکان لە درەخت و تەختەکان دوور بخرێنەوە، هەروەها پەرژینێک دروستبکرێت کە ڕێگریبکات لە هاتنی گیانەوەرەکان، چونکە ئەگەری هەیە کە گیانەوەرەکانی دەرەوە هەڵگری گەنە بن، ئەگەر مرۆڤیش بێت پێویستە هەرکاتێک کە لە دەرەوە دێتەوە لە ماوەی دوو کاتژمێردا خۆی بشوات و خاوێن ببێتەوە، جلوبەرگ و کەلوپەلەکانیشی بشۆردێن بەڵام بۆ ئەوەی بەتەواوی دڵنیابیتەوە لە نەمانی پێویستە بدرێتە بەر گەرمی بەرز بۆ ماوەی ١٠ خولەک، چونکە ئەگەر مشەخۆرەکەی پێوەمابێت ئەوا بەم ڕێگایە دەمرێت و لەناودەچێت.


سەرچاوەکان



1255 بینین